باڵیۆزی داعش لە تورکیا

 

سازدانی دیمانە: 


       ئاردیان شایکۆڤچی                 ئانێ سپێک هارد

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

لە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان حکوومەتی تورکیا و داعشدا، ئەوەی ڕوون و ئاشکرا نییە ئەوەیە کە چەند لەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و فەرمی بوونە و چەندیش دژی ئەو پاڵپشتی و هاوکارییانە وەستاونەتەوە کە داعش لە کەس و لایەنەکانی ناو تورکیای وەرگرتووە یان لە بەرامبەردا، داعش ناچار بووە بڕە پارەیەکی زۆر خەرج بکات و بیدات بەو تۆڕەی کە لە تورکیادا پێشوازیی لە چەکدارەکان کردووە و چەک و تفاق و پێداویستیی پزیشکیی بۆ داعش ڕەوانە کردووە. بە هەر حاڵ، ڕوون و ئاشکرایە کە هەموو دەوڵەتێک پێویستی بە دیپلۆمات و دانوستانی سیاسی و ڕێککەوتنی سیاسییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نزیک لێیەوە. پێدەچێت داعشیش لەو ڕێسایە بەدەر نەبێت. توێژەرانی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی و توندوئاژۆیی، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر هەڤپەیڤینێکیان لەگەڵ ئەمیرێکی داعش کردووە بە ناوی "ئەبومەنسوور ئەل-مەغریبی" کە وەک باڵیۆزی داعش لە تورکیا ڕۆڵی بینیوە.
"کاری من لە ڕەققە مامەڵەکردن بوو لەگەڵ کەیسە نێودەوڵەتییەکان." ئەبو مەنسوور مەغریبی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنی لەگەڵ داعشدا. "ئەرکی من پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام/داعش بوو لەگەڵ دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیا. لە ڕاستیدا ئەم پەیوەندییە کاتێک دەستی پێ کرد، کە من لەسەر سنوور کارم دەکرد." مەنسوور زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "کارەکەی زۆر سەرنجی داعش ڕادەکێشێت و زۆر بەوردییەوە ئەنجامی دەدات، بەر لەوەی ببێت بە ئەمیری داعش یان ڕاستتر بڵێین ببێت بە باڵیۆزی داعش لە تورکیا."
ئەبو مەنسوور ئەندازیاری کارەبایە لە مەغریب، لە ٢٠١٣وە هاتووە بۆ سووریا. وەکوو زۆرێک لە داعشەکانی تر چاوپێکەوتنمان لەگەڵی ئەنجام دا و گوتی کە ئەو هاتووە بە ئومێدی ئەوەی موسڵمانان لە دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری سووریا ڕزگار بکات و خەلافەتی ئیسلامی لەژێر چەتر و حوكمی شەریعەتدا بونیاد بنێت. لە کازابلانکاوە سەفەری کردووە بۆ ئیستانبۆڵ و دواتر لە ڕێگەی سنوورەکانی باشووری تورکیاوە خۆی گەیاندۆتە سووریا. یەکەمین شوێن کە لێی گیرسابێتەوە لە سووریا، "ئیدلیب" بووە، لەو کاتەی کە ململانێ و پێکدادانی نێوان نوسرە و داعش دەستی پێ کردووە. ئەبومەنسوور کۆتاییی بەو ململانێ و دژایەتییە هێناوە لە بەری داعشدا و، بەمەیش وەک بەرپرسی وەرگرتن لە بەری سووریای نزیک لە سنووری تورکیا دیاری دەکرێت. کارەکەی بریتی بوو لە پێشوازیکردن لەو چەکدارە بیانییە بێشومارەی کە لە ڕێگەی تورکیاوە دەهاتنە نێو داعشەوە. زۆرینەی ئەو چەکدارانە هەمان خەونی ئەبومەنسووریان هەبوو.  
ئەبومەنسوور بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "کاری من ڕاستەوخۆ پێشوازیکردن بوو لەو چەکدارە بیانییانەی کە لە تورکیاوە دەهاتن." ئاماژە بەوەیش دەکات کە تۆڕێک لە خەڵکی داعش ئاسانکارییان بۆ چەکدارەکان دەکرد کە لە ئیستانبۆڵ سەفەریان دەکرد بۆ غازی عەنتاب، کە شارۆچکەیەکە دەکەوێتە سەر سنوور یان ئەنتاکیا، ئورفا و ...؛ زۆرینەیان داعش پشتیوانیی دەکردن، بەڵام لە نێوان ئەندامانی داعشدا، بە هۆی ویست و ئارەزووی نا- ئایدیۆلۆژییانەوە، جیاوازییش هەبوو. زۆرینەی ئەوانەی کە لە بەری سنووری تورکیاوە کاریان دەکرد، ئامانجیان تەنیا پارە پەیداکردن بوو. هەرچەند کاتێک داوای ڕێکخستن و چالاکیمان لێ دەکردن بۆ داعش لەناو تورکیادا، قبووڵیان دەکرد. زۆرینەیان لە تورکیا باوەڕیان بە داعش هەبوو و بەیعەتیان پێ دەدا. داعش هەبوو لە تورکیا دەژیا، هەم تاک و هەمیش گرووپ هەبوون، بەڵام هیچ گرووپێکی چەکدارمان لەناو خودی تورکیادا نەبوو. ئەبومەنسوور سەبارەت بە چەکدارە بیانییەکان دەڵێت: "ئەوان لە شوێنی جیاوازەوە هاتبوون؛ زۆرینەیان لە باکووری ئەفریقاوە هاتبوون. ژمارەی ئەوروپییەکان زۆر نەبوون، سەرجەمیان ٤٠٠٠ چەکدار بوون."

١٣ هەزار تونسی بوون، ٤ هەزار مەغریبی. چەکداری لیبیای کەم تێدا بوو و، کەمتر بوو لە ١٠٠٠ چەکدار، لەبەر ئەوەی خۆیان لە لیبیا بەرەیەکی شەڕیان هەبوو؛ من تەنیا باسی ساڵی ٢٠١٥ دەکەم. جێگەی سەرسوڕمان نییە کە داتاکانی ئەبومەنسوور، هاوتایە لەگەڵ داتا کۆکراوە ڕاست و دروست و ژمارەی چەکدارە بیانییەکان کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و زۆرینەیشیان لە تونسەوە هاتوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە، چۆن توانیویەتی وەک خۆی داتاکان بڵێت و هەڵەی تێدا نەکات.
ئێوە هەر بەتەنیا نووسەرێکی ئاسایی نەبوون کە لەناوەندێکی پێشوازیکردن و ناوتۆمارکردنی ناوی چەکدارە تازە هاتووەکانی داعشدا کار بکەن؟ گومان دەکەین زۆر لەوە گرنگتر بووبن، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لەبارەی داعشەوە باست کردوونە؟
کاری من لەسەر سنووری نێوان سووریا و تورکیا بوو و پێشوازیکردن بوو لە چەکدارەکان. [زەردەخەنەیەکی کرد بۆ پیشاندانی ئەوەی کە زۆر بەهێزترە لەوەی کە خۆی چاوەڕوانی دەکرد] من چاودێریی بەشی پێشوازیی تەل ئەبیەد، حەلەب، ئیدلیب و هەموو سنوورەکانیانم دەکرد.
کەواتە تۆ ئەمیری داعش بوویت؟ [پێدەچوو دڵخۆش بێت بە دەستگیرکردن و ناساندنی بەوەی کە پێشتر چ بووە] سەرەتا من ناوی خەڵکم تۆمار دەکرد، دواتر بوومە سەرپەرشتیار. بەڵێ من ئەمیر بووم.  

چەکدارە بیانییەکانی ناو داعش

گفتوگۆ لەبارەی ئەو ژنانەوە دەکەین کە لە ڕێگەی تورکیاوە هاتوونەتە سووریاوە. ئەبومەنسوور بەم شێوەیە دوا: "ئافرەتە بێهاوسەرەکان، ڕاستەوخۆ دەچوونە ڕەققە بۆ ناوەندی بێهاوسەران. ژنە هاوسەردارەکان لەگەڵ هاوسەرەکانیان دەڕۆیشتن. ژنەکان لە ماڵی هاوڕێ ژنەکانیان دەمانەوە. هەر کە هاوسەرگیرییشیان بکردبایە، شوێنی حەوانەوە و ماڵیان پێ دەدرا تاوەکوو هاوسەرەکانیان ڕاهێنانە سەربازییەکانیان تەواو دەکرد، چونکە ڕاهێنانی چەک و سەربازی لەناو داعش زۆرملێ بوو و ئەوانەی تازە ناویان تۆمار دەکرد، دەبوو فێری ئایدیۆلۆژیی تەفکیری داعش بکرێن؛ ئایدیۆلۆژییەک کە پاساوی بەکارهێنانی توندوتیژیی لە دژی هەموو ئەوانەدا هەبوو کە بە بێباوەڕ لە دژی موسڵمانەکان هەژمار دەکران."
ئەبومەنسوور لەبارەی شێوە و سروشتی فۆڕمی تۆمارکردنەکە کە لە ناوەندی پێشوازییەکە پڕ دەکرایەوە دەدوێت و دەڵێت: "فۆڕمێک بوو لەبارەی شارەزاییی ئەو وڵاتەی کە سەردانت کردووە و...؛ زۆر بەباشی بەبیرم نایەت بەڵام ناوەڕۆکەکەی زۆر بوو. خەڵکانێکی زۆر هەبوون کە هەڵگری بڕوانامەی باڵا بوون. ئێمە بواری خوێندن و پسپۆڕییەکەمان دەنووسی، زمانەکەی. ئەو زانیارییانە لە فۆڕمەکە تۆمار دەکران. لە دوای ڕاهێنان لە کەمپەکان، دواتر کار و ئەرکەکان بۆ چەکدارەکان دادەنران. خەڵکی زۆر جێگەی بڕوا و متمانە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندی ناوتۆمارکردنی داعش دادەنران، بۆیە ئەگەر بتگوتبا من ئەندازیارم، ئەوا تۆیان لە شوێنێکی نزیک لە پسپۆڕییەکەت دادەنا، چونکە ئۆفیسێک هەبوو بە ناوی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان. بەڵام جیاوازییش هەبوو و خەڵکی تریشیان لێ دادەنا، چونکە هەبوو دەیویست شەهید بێت.  

شەهیدەکان و ئەوانەی دەگەڕێنەوە و دەبن بە شانەی نووستوو

داوا لە ئەبومەنسوور کرا ئەوە ڕوون بکاتەوە، کە ئەوانەی دەڵێن دەمانەوێت شەهید بین چییان بەسەر دەهات؟ لە وەڵامدا دەڵێت: "چەندین ناوەندی تایبەت هەبوون کە گرنگییان بەم بوارە دەدا." بەر لە ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ژمارەیەکی زۆر هەبوون کە دەیانویست شەهید ببن. لە سەرەتادا ئەوانەی کە هاتبوون گیانی خۆیان لە پێناو خەلافەتی ئیسلامیدا بەخت بکەن، ژمارەیان ئێجگار زۆر بوو. ٥ هەزاریان شەهید بوون. من کەسم نەنارد بۆ ئەو ناوەندە کە کەسی خۆکوژی تایبەتی لێ بوو و گۆشەگیر و هان درابوو بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت. من تەنیا ناویانم تۆمار دەکرد و ڕەوانەی کەمپی ڕاهێنانم دەکردن. ناوەندێکیش هەبوو لە ڕەققە. بەڕێوەبردن و کارگێڕییەکە ناوەندی بوو و، ئەوان بڕیاریان دەدا کێ ناوی تۆمار بکرێت و لە کوێیش ڕاهێنان بکات. ئەوە کاری من نەبوو.
بەگوێرەی وتەکانی ئەبومەنسوور ژمارەی ئەوانەی کە دەیانویست شەهید بن لە سەرەتای دامەزراندنی خەلافەتدا، لە نزمبوونەوەدا بوو. ژمارەکە نزمتر بۆتەوە کاتێک ڕەققە سەقامگیر بوو و دواتر چەکدارەکان زۆرینەیان هاتوونە ژیانێکی سادە بژین نەک شەهید بن و، تەنیا ڕێژەیەکی زۆر بچووک هەبوو کە دەیانویست شەهید بن. بەر لە ٢٠١٤، %٥٠ی ئەوانەی دەهاتن، دەیانویست شەهید بن، دواتر بووە بە %٢٠. لە ماوەی نێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ نزیکەی ٣٥ هەزار چەکداری بیانیمان هەبوو و دوای ئەوە نازانم ژمارەکە بۆتە چەند، بەڵام ساڵ دوای ساڵ کەم بۆتەوە. ئەم ژمارەیەی ئەبومەنسوور، نزیکە لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەی کە شارەزایان کردوویانە کە بە لایەنی کەمەوە چەکدارانی داعشیان بە ٤٠ هەزار چەکدار داناوە و کە دواتر زۆرینەیان لەناو داعش لەناو چوون.  
سەبارەت بەوانەی کە لە لایەن خودی داعشەوە داوەت کرابوون و هێنرا بوون بۆ ڕاهێنان، دواتر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرش، هەروەک "هاری سارفۆ" ئاشكرای دەکات کە داعشێکی گەڕاوەی دەستبەسەرکراو لە وڵاتەکەی کە ئەڵمانیایە، لەگەڵ قاچاخچییەکی داعش چەند ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجام داوە، بەڵام ئەبومەنسوور دەڵێت: "ئێمە تەنیا لە خاڵی پێشوازی بووین و، کاری ئێمە نەبوو پرسیاری ئەوەیان لێ بکەین کە ئەوان دەگەڕێنەوه‌ بۆ هێرشکردن یان نا!"
هەرچەندە ئەبومەنسوور ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هەندێک جار ئەم حاڵەتی گەڕانەوە و هێرشکردنە ڕووی داوە و، ده‌بێژێت کە هەندێک کەس هەبوون کە خەڵکی تریان دەهێنا و دواتر ڕەوانەیان دەکردنەوە بۆ ئەنجامدانی کردەی خۆکوژی، بەڵام ئەوە کاری ئێمە نەبوو؛ ئێمە تەنیا بەشی پێشوازی بووین. ئەبومەنسوور دووبارەی دەکاتەوە کە ئەم حاڵەتانە هه‌بوون، بەڵام هەموو ئەوانەی کە دەگەڕانەوە، شانەی نووستووی ئێمە نەبوون. زۆرێک وازیان لە کارەکە دەهێنا و زۆرێکیش حەزیان لە بارودۆخەکە نەبوو و ڕۆیشتن. دانانی هەندێک ئەفسانە لە بڵاوکراوە و بەیاننامەیەک کە لە لایەن بەشێک لە داعشە گەڕاوەکانی ئەوڕوپا ئامادە کراوە، ڕەنگە بەشێک بێت لە خودی شانە خەوتووەکان. ئەبومەنسوور دەڵێت: "کارگێڕییەکی ناوەندی لە حەلەب و ڕەققە هەبوو و من پاسپۆرتەکانم دەگواستەوە و ئەوانیش ئەرشیفیان دەکرد."

بوون بە باڵیۆزی داعش

چوومە ڕەققە دوای ئەوەی هاوپەیمانان هێرشیان کردە سەر سنوور. ڕەققە سەقامگیر بوو؛ ئەمە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بوو. کاتێک پرسیار لە ئەبومەنسوور دەکەین کە ئەگەر چەکدارێکی برینداری داعش ڕێگەی پێ بدرابایە بۆ پەڕینەوە لە سنوور و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە تورکیا، شتەکان لەناکاو بەرەو ئاڕاستەیەکی تر دەڕوات و هەستمان بەوە کرد کە ئەبومەنسوور تەنیا ئەمیرێک نەبووە بەڵکوو دیپلۆماتێکی داعش بووە.
ئەبومەنسوور بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: "ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێمە و هەواڵگریی تورکیادا سەبارەت بە خاڵە سنوورییەکان و بۆ ئەو کەسانەی کە بریندار دەبوون، هەبوو. من چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆم لەگەڵ میت/دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیادا هەبووە. چەندین دیدارم لەگەڵ ئەواندا هەبووە."
کاتێک پرسیارمان لێ کرد کە کێ بەدیاریکراوی لە حکوومەتی تورکیا چاوی بە ئەندامانی داعش دەکەوت؟ ئەو بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: "تیمێک بوون، هەندێکیان نوێنەرایەتیی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەو وڵاتەیان دەکرد، هەندێکیان نوێنەرایەتیی سوپای تورکیا. تیمەکان لە ٣ تاوەکوو ٥ گرووپ پێک هاتبوون. زۆربەی چاوپێکەوتنەکان لە ئۆفیسی فەرماندە سەربازییە تورکەکان بوون و بەپێی پرسی گفتوگۆکەیش تیمەکان دەگۆڕدران. هەندێک جار هەموو هەفتەیەک یەکترمان دەدیت و دەکەوتە سەر ئەوەی کە چی لە سووریا ڕووی دەدا. زۆربەی چاوپێککەوتنەکان لە نزیک سنوور بوون؛ هەندێکیان لە ئانكارا و هەندێکی تریشیان لە غازی عەنتاب بوون.
کاتێک باسی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی تورکیای کرد لە ئانكارا کە پایتەختی تورکیایە. ئێمە لەناکاو ئەومان [ئەبومەنسوور] لە هزری خۆمان وەک باڵیۆزی داعش هاتە پێش چاو و بە باڵیۆزی داعشـمان دانا کە ئەرکەکانی خۆی لەو وڵاتەدا جێبەجێ دەکرد. ئەبومەنسوور دەڵێت: "سنوورم بڕی و ئەوانیش ڕێگەیان دام بپەڕمەوە بۆ تورکیا و تورکەکان هەمیشە ئۆتۆمبێڵیان بۆ دەناردم و هەمیشەیش پارێزراو بووم. دوو تاوەکوو سێ کەس لە تیمەکەی من لەگەڵم بوون. لە زۆربەی کاتەکاندا من بەرپرسی تیمەکە بووم."
پێدەچێت ئەبومەنسوور چاوی بە بەرپرسی پلە باڵای دەزگه‌ ئەمنییەکانی تورکیا کەوتبێت و دانوستانی لەگەڵیان کردبێت. ئەبومەنسوور بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "بابەتی بەرژەوەندیی هاوبەش، بابەتێکی گەورە بوو لە نێوانماندا"، "شتێکی گەورەیە کاتێک تۆ دەتەوێت دەوڵەتێک دروست بکەیت یان لە جیهانی دەرەوە جیای بکەیتەوە؛ دانوستانەکان ئاسان نەبوون. کاتی زۆری ویست. هەندێک جار سەخت بوو."
"من ئەو کەسە گرنگە نیم کە تۆ باسی دەکەیت. باڵیۆز دەستەواژەیەک نەبوو کە ئێمە لەناو دەوڵەتی خەلافەتدا بەکارمان هێنابێت." کاتێک ئەبومەنسوور لە قسەکانی بەردوام بوو، ئێمە هەستمان کرد کە دیپلۆماسییەتی داعش ئەوەندە درێژ بۆتەوە، خەریک بووە بگات بە خودی سەرۆکی تورکیا، بەتایبەت کاتێک ئەبومەنسوور گوتی: "خەریک بوو سەرۆکی تورکیا، ئەردۆغان ببینم بەڵام نەمدیت. یەکێک لە ئەفسەرەکانی دەزگه‌ی هەواڵگری گوتی، ئەردۆغان دەیەوێت بەتەنیا بتبینێت، بەڵام دواتر ئەوە ڕووی نەدا و نەمدیت."
"من فەرمانەکانم لە ئەنجومەنی شووراوە وەردەگرت؛ لە موحەمەد هوداد کە عێراقی بوو. ئەندامانی ئەم شوورایە گەورەترین دەسەڵاتیان هەبوو؛ ئەوان لیژنەی دانوستان و شاندەکانیان پێک دەهێنا. سەبارەت بە ئەبوبەکر بەغدادی جارێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر کەم بینیم."

سوودی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ تورکیا

پرسیاری ئەوەمان لە ئەبومەنسوور کرد کە پەیوەندیی دارایی لە نێوان داعش و تورکیادا هەبووە؟ ئەو لە وەڵامدا دەڵێت: "هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارە لە نێوانماندا نەبوو، تەنیا هەماهەنگی دیپلۆماسی هەبوو؛ بە جۆرێک کە هەر دوو لا لێی سوودمەند بوون." سوودی تورکیا ئەوە بوو کە ئێمە لەسەر سنوور بووین و تورکیایش دەیویست لە سنوورەکانی خۆیەوە تاکوو باکووری سووریا هەمووی کۆنتڕۆڵ بکات. لە ڕاستیدا ئەوان بەتەنیا خواستی کۆنتڕۆڵکردنی کوردەکانیان نەبوو بەڵکوو مەبەستیان بوو هەموو باکووری سووریا تا دەگاتە مووسڵ کۆنتڕۆڵ بکەن."
ئەبومەنسوور زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەمە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیستی ئەردۆغانە، ئەوان داوای هەموو باکووری سووریایان کرد؛ ئەمە لایەنی تورکی بوو کە دەیگوت هەموومان دەوێت بۆ ئەوەی باکووری سووریا کۆنتڕۆڵ بکەین، چونکە ئەوان خواستی ڕاستەقینەیان هەبوو. لە ڕاستیدا ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی ئەوە کرد کە ئەردۆغان بەئاشکرا داوای دەکرد. ئەم بەشەی سووریا بەشێکی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی بوو. بەر لە ڕێککەوتننامەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، حەلەب و مووسڵ بەشێک بوون لە ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی. لە ڕێککەوتننامەی "سایکس-پیکۆ"دا ئەوان ئەو هەرێمانەیان لەدەست دا کە سەد ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ ئەو ڕێککەوتننامەیە واژوو کرا. لە کۆبوونەوەکانی ئێمەدا باس لە دووبارە دامەزراندنەوەی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دەکرا؛ ئەمە زیاتر دیدگه‌ی تورکیا بوو.
ئەبومەنسوور باسی ئەوەیش دەکات کە ئەوەی لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ تورکەکاندا پێی دەگوترا، ڕاستەوخۆ دید و ڕوانینی ئەردۆغانیش بوو بەڵام پێویست نەبوو هەموو بیزانن و باسی بکەن. ناتوانم بڵێم کە ئەمە دیدی تەواوی حکوومەتی تورکیا بوو. زۆرێک دژی دەستوەردان و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە بوون. ئەوان دەیانگوت ئێمە هەوڵ دەدەین پەکەکە و کورد لەناو ببەین و ئێمە لە یەکگرتنی کوردەکان و دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەترسین، بەڵام لە ڕاستیدا تورکەکان دەیانویست تاکوو حەلەب دەسەڵات و هێزیان هەبێت.
ئەبومەنسوور بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "لەبەر ئەوەی تورکیا ئەندامی ناتۆیە، بۆیە ناتوانێت کارێک بکات ناتۆ تووڕە بکات؛ بۆیە ناتوانن ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن بەڵام دەیانویست نەتەوەی کورد تێک بشکێنن؛ بۆیە مامەڵەکردنیان لەگەڵ دۆخەکە لە ڕێگەی داعشەوە بوو و بەم ڕێگه‌یە سوودیان لە دەوڵەتی ئیسلامی دەبینی.لە بەرامبەریشدا سوودی بۆ داعشیش هەبوو و پاڵپشتیی ئێمەیان دەکرد. نزیکەی ٣٠٠ کم سنووری هاوبەشمان لەگەڵیاندا هەبوو. تورکیا دەرچە و ڕێگه‌ی خۆراک، کەرەستەی پزیشکی و چارەسەکردنی بریندارانی ئێمە بوو. چەندین شتی تر بە ناوی هاریکارییەوە بۆ ئێمە دەهات. دەرگه‌کە هەمیشە کراوە بوو.
هەرچەندە سەبارەت بە بابەتی بەدەستهێنانی چەک لە تورکیاوە ئەبومەنسوور دەڵێت: "هیچ کەس ناتوانێت حکوومەتی تورکیا بە پێدانی چەک بە ئێمە تاوانبار بکات، چونکە ئێمە چەکمان لە سەرچاوەی جیاوازەوە وەرگرتووە. لە ڕاستیدا پێویستمان بەوە نەبوو چەک لە تورکیا وەربگرین. سەربازانی هێزەکانی سووریای ئازاد بازرگانییان بە چەکەکانیان دەکرد لە بەرامبەر جگەرەدا. خەڵکی دژ بە حکوومەتی سووریا چەکی بە ئێمە دەدا. چەندین گرووپ و مافیا بازرگانیی چەکی لەگەڵ ئێمەدا دەکرد."
لە سووریا نەوت بەس بوو بۆ ئەوەی چەک و هەموو شتێکی پێویستت دەست کەوێت. ئەبومەنسوور دەڵێت: "داهاتی نەوتی ئێمە زیاتر لە ١٤ ملیۆن دۆلار بوو بۆ هەر مانگێک؛ نیوەی ئەو بڕە پارەیە بەشی کڕینی چەکی تەواوی ئێمەی دەکرد. کاتێک باسی ئەو بڕە پارە زۆرەم کرد کە ٧ ملیۆن دۆلار بوو بۆ کڕینی چەکی مانگانە، ئەبومەنسوور گوتی: "لە ڕاستیدا ئەو بڕە پارەیە کەم بوو. تورکیا هەندێک جار کە ئۆپەراسیۆنی ئەنجام دەدا، ١٠ ملیۆن دۆلار تێچووی بەڕێوەبردنی شەڕەکە بوو. کاتێک پرسیاری بوودجەی تەواوی داعشمان لە ئەبومەنسوور کرد، بەتەواوی لەبیری نەمابوو، چونکە ساڵ و نیوێک بوو دەستگیر کرابوو بەڵام پێدەچوو هێشتا بەتەواوی بەباشی بڕ و ناوەڕۆکی بوودجەکە بزانێت."

دانوستان بۆ پەڕینەوە لە سنوورەکانی تورکیاوە

دانوستانمان کرد بریندارەکانمان بنێرین بۆ نەخۆشخانەکانی تورکیا. ئاسانکارییەک هەبوو و ئەوان سەیری پاسەپۆڕت/تێپەڕنامەی ئەوانەیان نەدەکرد کە بۆ مەبەستی چارەسەر دەپەڕینەوە تورکیا. هەمیشە دەرگه‌کە کراوە بوو. ئەگەر ئەمبوڵانسمان پێ بوایە، ئەوا بەبێ پرسیار دەپەڕینەوە. لە کۆمەڵێک شوێنەوە دەمانتوانی بپەڕینەوە تورکیا. پرسیاریان لە ناسنامەی بەرپرسەکانمان نەدەکرد، تەنیا ئاگادارمان دەکردنەوە.
کاتێک پرسیاری ئەوەمان لە ئەبومەنسوور کرد کە ئەمە چۆن ڕووی دەدا؟ بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە: "کاتێک یەکێک بریندار دەبوو، نەخۆشخانە هەبوو لە سووریا و نەخۆشخانەکەیش بە ئۆتۆمبێڵ دەیناردە سنوور و ئەمبوڵانسیش لە بەری تورکیا هەبوو کە چاوەڕوانی بریندارەکەی دەکرد. دکتۆری لێ بوو کە ڕقیان لە بەشار ئەسەد بوو و ئێمەیان چارەسەر دەکرد. میت ئاگاداری هەموو دۆخێکی سەختی ئێمە بوو و ئەمبوڵانسی بۆمان دەناردە سەر سنوور. چەندین نەخۆشخانە لە نزیک سنوورەوە هەبوون. ئەوانەی کە چاودێریی چڕیان وەردەگرت هەر لەوێیش چارەسەر دەکران و، ئەوانی تریش ڕەوانەی شوێنەکانی تری تورکیا دەکران بەگوێرەی پێداویستییان. پزیشکی زۆر گرنگی لێ بوو؛ سووری و تورکی بوون و یارمەتیی ئێمەیان دەدا. بۆیە ئەگەر ئاسانکارییەکی ئەوتۆ لەسەر سنوور نەبوایە، ئەوا بۆ ناو تورکیایان دەناردن."
پرسیاری ئەوەمان کرد کە کێ پارەی چارەسەرییەکانی دەدا. ئەبومەنسوور دەڵێت: "دەوڵەتی ئیسلامی پارەی چارەسەرکردنەکانی دەدا، بەڵام هەندێک نەخۆشخانەی گشتیی تورکی، بەبێ بەرامبەر چارەسەرەکانیان پێشکەش دەکرد. نەک تەنیا بۆ چەکدارانی ئێمە بەڵکوو بۆ قوربانییەکانی تەقینەوەکانیش. نازانم چەند چەکدار لە تورکیا چارەسەر کراوە، بەڵام زۆر بوو و ببووە ڕۆتینی ڕۆژانە. تەنیا ئەوە دەزانم کە ڕێککەوتنی کردنەوەی دەروازەکان بۆ بریندارەکان و ئەمبوڵانس و ناردنیان بۆ شارەکان بوو. ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەت و دەوڵەت بوو لەبارەی بریندارەکان. من دانوستانی ئەو ڕێککەوتننامەیەم کرد بۆ بریندارەکان، چارەسەری پزیشکی و هەندێک کەرەستەی تر بۆ پەڕینەوە و دانوستان لەبارەی ئاوی فوڕاتەوەیش."

دانوستان لەبارەی ئاو

پرسی ئاو بە لای داعشەوە گرنگ بوو؛ لە ڕاستیدا داعش ڕێگەی پێ درابوو بۆ بەکارهێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ و کارەبا لە ڕێگەی بەنداوەکانییەوە. پێشتر ڕێککەوتنێک لە نێوان سووریا و تورکیا هەبوو کە ٤٠٠ مەتر سێجا ئاو لە هەر چرکەیەکدا بدات بە سووریا. لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، تورکیا ئەو بڕە ئاوەی کەم کردبووە بۆ ١٥٠ مەتر سێجا لە هەر چرکەیەکدا. لە دوای دانوستانی ئێمەوە لە ٢٠١٤، ئەم بڕە دووبارە بوو بە ٤٠٠ مەتر سێجا لە هەر چرکەیەکدا. ئێمە پێویستمان بەو بڕە ئاوە بوو بۆ وزەی کارەبا وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی ژیان. تەنانەت بەبێ ئاو نەماندەتوانی بەردەوام بین و ئاوەکە بۆ عێراقیش دەڕۆیشت. گرنگیی ئاو، ناکرێت بە بچووک و کەم ببینرێت. ئێمە پێویستمان بەوە نەبوو لە ڕێگەی بەنداوەوە کارەبا بەرهەم بێنین، بەڵکوو سەرچاوەی ترمان هەبوو و لە ڕێگەی نەوتەوە بەرهەممان دەهێنا، بەڵام ئاومان بۆ کشتوکاڵ پێویست بوو. بەنداوەکان زۆر بوون بەڵام لە هەموویان گەورەتر بەنداوی "تەبقە" بوو. لە ڕاستیدا کاتێک بڕی ئاوەکە ١٥٠ مەتر سێجا بوو کارەبامان لێ بەرهەم دەهێنا، بەڵام کە ئاستی ئاوی دەریاچەکە گەیشتە ٥ مەتر، نەماندەتوانی کارەبا بەرهەم بهێنین.
ئەبومەنسوور ئەوەیش ڕوون دەکاتەوە کە "دانوستانەکان کاتی زۆری ویستووە." کاتێک پرسیاری ئەوەمان لێ کرد کە داعش لە بەرامبەر ئەو بڕە ئاوەدا چیی بە لایەنی بەرامبەر بەخشی؟ بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "گرنگترین سوود بۆ وڵاتی بەرامبەر، ئارامی و سەقامگیری بوو." جارێکی تر پرسیارمان لێی کرد کە داعش ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیادا هەبوو کە هێرش نەکاتە سەر ناوخۆی تورکیا؟ ئەبومەنسوور دەڵێت: "لە دانوستانەکاندا نەمانگوت هێرش دەکەینە سەر تورکیا، ئەمە زمانی شەقاوەکانە، بەڵام گوتوومانە هەوڵ دەدەین تورکیا لە شەڕ و پێکدادان بپارێزین؛ ئێمە تورکیامان وەک دوژمن نەدەبینی. ئەوان تێ گەیشتن ئێمە گفتوگۆ لەبارەی چییەوە دەکەین. چەندین جار گوتوومانە ئێوە [تورکیا] نە دۆستمانن و نە دوژمنیشمانن."
ئەبومەنسوور باسی ئەوەیش دەکات کە ئەوان وەک داعش مامەڵەیان لەگەڵ هەر یەک لە ڕژێمی ئەسەد و تورکیا کردووە بۆ بەڕێوەبردنی بەنداوی "تەبقە" و سەرچاوەکانی تری ژێردەسەڵاتیان. لە کۆتاییدا له‌ کاتێکدا ڕەققە گەماڕۆ درابوو، هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵیان دا ده‌ست به‌سه‌ر ژوورەکانی بەنداوەکەدا بگرن. هیچ کۆنتڕۆڵێک نەمابوو، هەموو دەرگه‌کان داخرابوون و ئاستی ئاوەکەیش هەڵکشابوو. دەنگۆکان باسی تێکشکانی بەنداوەکەیان دەکرد بەڵام لە ڕووی تەکنیکییەوە ڕاست نەبوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیه‌، داعش تیمی خۆی نارد بۆ ئەندازیارەکانی ئەسەد، تاوەکوو بەدەست دەرگه‌کانی بەنداوەکە بکەنەوە. سەبارەت بە تیمی ئەندازیارییەکەیش، کۆمپانیایەکی سەر بە ڕژێمی ئەسەد بوو. کاتێک هەوڵیان دا دەرگه‌کانی بەنداوەکە بکەنەوە، لە لایەن هێزی هاوپەیمانانەوە هێرشیان کرایە سەر و هەر لە ڕەققە مردن.

فرۆشتنی نەوت

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت ئەبومەنسوور دان بەوەدا دەنێت کە زۆربەی نەوتی سووریا بۆ تورکیا دەڕۆیشت و بڕێکی کەمیش بۆ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەچوو. ئەوەیش ڕوون دەکاتەوە کە پێویستی نەکردووە ڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی تورکیادا بکەن بۆ فرۆشتنی نەوتەکە و ئەمە بەدەگمەن ڕووی داوە.
چەندین بازرگان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە هەبوون و تورکیایش تاکە بازاڕ بوو بۆ ساغکردنەوەی نەوتەکە. بازرگانە تورکەکان پارەی نەوتەکەیان پێ دەدان کاتێک دەچوونە تورکیا. ئەبومەنسوور ئەوەیش ئاشکرا دەکات کە کوڕەکەی ئەردۆغانیش لە ڕێگەی نەوتی داعشەوە دەوڵەمەند بوو و ئەو تێکەولێکەیەیش لە ڕێگەی دەڵالەکانەوە ئەنجام دەدران. ئەو نەوتەی کە بۆ سووریایش دەنێردرا، هەندێکی لە ڕێگەی بۆڕی و هەندێکی لە ڕێگەی تانکەرەوە بوو. ئەو نەوتەی کە لە لایەن داعشەوە بۆ تورکیا دەنێردرا، لە لایەن بازرگانانی تورکیاوە ڕێک دەخران کە بە مۆڵەتی ئێمە بۆ گواستنەوەی نەوتەکە دەهاتن. بازرگانەکان لە بەری ڕژێمەوەیش بە هەمان شێوە دەهاتن.

دانوستان بۆ ئازادکردنی دیپلۆماتە تورکییەکان، سەرباز و هاووڵاتیان

ئەبومەنسوور لە وەڵامی پرسیاری ئازادکردنی ئەو دیپلۆمات و کرێکارانەی کە لە دوای گرتنی مووسڵەوە دەستگیر کرابوون دەڵێت: "دانوستانەکان لە سووریا بەڕێوە چوون، لە ڕاستیدا چوونی داعش بۆ نێو مووسڵ سورپڕایز نەبوو و لە ڕۆژێکیشدا نەبوو، بەڵکوو چەندین ڕۆژی خایاند؛ بەڵام پێم وایە حکوومەتی تورکیا بە کونسوڵەکانی ڕاگەیاندبوو کە مووسڵ جێ نەهێڵن. زۆرێک لە شوفێری تانکەرە تورکییەکان هاوکات لە مووسڵ بوون. ئەوان ژیانیان لە مەترسیدا نەبوو بەڵام دانوستان هەبوو بۆ ئازادکردنیان. داعشیش داواکاریی خۆی هەبوو، بۆیە کاتی ویست و درێژەی خایاند."
ئێمە لە بەرامبەر ئازاکردنی کارمەندانی کونسوڵخانەدا داوای هیچ بڕە پارەیەکمان نەکرد، تەنیا داوای زیندانیانی خۆمانمان کرد کە لە لای تورکیا بوون و میت ناوەکانی دەزانین. لە بەرامبەر کارمەندانی کونسوڵخانەدا نزیکەی ٥٠٠ زیندانی لە تورکیا ئازاد کران و گەڕانەوە بۆ نێو داعش.
سەبارەت بەو سەربازانەی کە پاسەوانی مەزارگەی "شا سولەیمان"یان دەکرد کە سەربازی تورکی بوون و مۆڵەتیان هەبوو بۆ پاسەوانیکردن لە مەزارگەکە لە ناوخۆی سووریادا کە دواتر لە ٢٠١٤دا لە لایەن داعشەوە دەستگیر کران. ئەبومەنسوور دەڵێت: "سەربازەکانیان ئازاد نەکران. ئەوان ٤٥ سەربازیان هەبوو کە هەر شەش مانگ جارێک ستافەکە ئاڵوگۆڕ دەکرا. ئەوان لە سەردەمی "سوپای سووریای ئازاد" ستاف و ئەرکیان ئاڵوگۆڕ کرا و ٤٥ سەربازی تر شوێنیان گرتنەوە. تورکیا وای دادەنا کە سەربازەکانیان ئازاد کراون کاتێک داعش دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتبوو کە مەزارگەکەی لێ بوو، بەڵام ئەمە تەنیا گۆڕینی سەربازەکان بوو. بەپێچەوانەوە، لەو کاتدا نەماندەویست کێشەمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت چونکە بەربەستی بۆ کارەکەمان دروست دەکرد، بۆیە سەربازەکانمان بۆ ڕەوانە کردنەوە."

دووڕووییی تورکیا لە بەرامبەر ڕۆژاوادا

بەگوێرەی وتەکانی ئەبومەنسوور، تورکیا لە ٢٠١٤دا هەوڵی دەدا یارییەکی دووڕووانە لە بەرامبەر ڕۆژاوادا بکات بە کردنەوەی دەرگه‌ی وڵاتەکەی بەسەر چەکدارانی بیانی بۆ چوونە نێو سووریا، بەڵام وایان پیشان دەدا کە ڕێگری لە چەکدارانی بیانی دەکەن بۆ چوونە نێو خاکی سووریا. ئەبومەنسوور دەڵێت: "تورکیا دەیویست ئاسانکاری بۆ چەکدارە بیانییەکان بکات تاوەکوو سنوور ببڕن و بڕۆنە نێو خاکی سووریا." تورکیا تەنیا دەیویست سنوورەکە کۆنتڕۆڵ بکات، چەکدارەکانیش دەبوو بناسێنرابان و چۆنێتیی هاتنەژوورەوەیشیان بۆ ڕوون کرابایەوە، بۆیە پرسیاریان لە من دەکرد کە کێ هاتووە و لە کوێیشه‌وه‌ هاتووە. لە ڕاستیدا لە بەری تورکیاوە دەیانگوت دەبێت ڕێژەی هاتووەکان کەم بکەیتەوە، ڕێگه‌کە بگۆڕە؛ ئەو ڕێگه‌یەی کە تۆ پێی دێیتە ژوورەوە. بۆ نموونە دەیانگوت: لەگەڵ گرووپ مەیە بۆ دەربازبوون لە سنوور، چونکە ئاشكرا دەبێت و خەڵکانێکی زۆر لە ڕێگەی تورکیاوە دەچنە نێو سووریا. تەنیا لە دەرگه‌یەکی دیاریکراوەوە بۆ نێو خاکی سووریا تێ پەڕن. بەبێ چەک وەرە. بە ڕیشی درێژەوە مەیە. هاتنت لە باکوور بۆ باشوور، دەبێت زۆر بەنهێنی بێت."
بۆ نموونە: هاووڵاتیانی ئەوروپی بە ڕێگەی ڕیشەکانیانەوە زوو دەناسرانەوە، بۆیە دەبوو لە شەودا بڕۆنە نێو خاکی سووریاوە و دەبوو وەک جارانی پێشتر بە شێوەی گرووپ نەیەن و، دەبوو خۆیان بشارنەوە. هەرچەند بۆ ئەوروپییەکان، زیاتر دەگەڕایەوە سەر کەسەکە. ئەگەر خۆی لەگەڵ سوورییەکان تێکەڵاو بکردبایە، دەیتوانی بەبێ ئاگادارکردنەوە بچێتە سووریا؛ عەرەبەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەهاتنە نێو سووریا. ئێمە پرسیاری ئەوەمان لە ئەبومەنسوور نەکرد کە ئەو عەرەبانەی کە لە ئەوروپاوە هاتبوون و پاسەپۆڕتی سووریی ساختەیان پێ درابوو بۆ هاتنە نێو خاکی سووریا یان نا؟ بەڵام پێشتر لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی تری داعشەوە زانیبوومان، کە پاسەپۆرتی ساختەی سووری لە لایەن داعشەوە بۆ ئەوروپییەکان دابین کرابوو و، ئەوانەی کە ئێستایش لە ئیستانبۆڵ دەژیان.  ئەبومەنسوور سەبارەت بەو کەسانە دەڵێت، پێدەچێت ئەو کەسانە بووبن کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە توانیویانە لە تورکیاوە بێنە نێو خاکی سووریاوە.
لە ٢٠١٤دا هەندێک دەروازەی یاسایی لەژێر چاودێریی دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیا بۆ هاتووچۆی چەکدارانی ئێمە کرابووەوه‌، بەڵام هاتنە نێو خاکی سووریا، ئاسانتر بوو لە گەڕانەوە بۆ تورکیا. تورکیا جموجۆڵەکانی کۆنتڕۆڵ کردبوو.
بۆ ئەوانەی کە نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی ئاسایی بێنە نێو خاکی سووریاوە. ئەبومەنسوور دەڵێت:" لە ڕێگەی قاچاخچییەوە بە ڕێگه‌یەکی تایبەت و دیاریکراودا دەهاتن و بێ گومان داعش پاری پێ دەدان. قاچاخچییەکان چەندین ساڵ بوو ئەو کارەیان دەکرد و بێ گومان ناویان لە دەزگه ئەمنییەکانی تورکیا تۆمار کرابوو. ئەو کەسانە هەرگیز لە لایەن داعشەوە بەتەواوی متمانەیان پێ نەدەکرا و تەنیا بۆ پارە کارەکانی خۆیان دەکرد. قاچاخچی وەک بازرگان و تاکسی وایە؛ تۆ پارەی پێ دەدەی بەڵام متمانەی پێ ناکەیت، پێویستیش ناکات دڵسۆزت بێت و ڕەنگە تەنیا هەندێک سۆزیان بۆ سوورییەکان هەبووبێت و تەواو."  

باڵیۆزێکی داعش لە ئانكارا

دانوستانەکانمان جاری یەکەم لە سووریا بەڕێوە چوو، جاری دووەم لە تورکیا بوو و چەندین جاری تریشی خایاند. زۆربەی جار لە نزیک سنوور بوو، نزیک لە دەروازە فەرمییەکان. هەرچەند لە ٢٠١٦دا ئەبومەنسوور داوای لێ کرا کە لە ئانكارا ئامادە بێت و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکیش بمێنێتەوە. ئەبومەنسوور دان بەوەدا دەنێت کە داوایان لێ کردم بۆ ماوەیەک لە ئانكارا بمێنمەوە؛ پێدەچوو بۆ بینینی سەرۆک ئەردۆغان بووبێت. ئەوکات بەر لە هێرشی سەربازی بوو بۆ سەر مه‌نبج؛ لە نێوان مانگی حوزەیران بۆ ئەیلوول بوو؛ تورکیا هەوڵی دەدا لەنێو خاکی ئێمە بکشێتەوە، ئەوکات من چوومە تورکیا و لە ئانكارا مامەوە.
لەناکاو ترسێک ڕای چڵەکاندم و ئەوە هاتە مێشكم کە لە ماوەی ئەو هەموو سەردانەی من بۆ ئەو شارە، بۆ دەبوو ئێمە لە یەک هۆتێل بین لە ئانكارا. بە دەنگێکی پڕ لە ترسەوە پرسیارم کرد کە ئەو لە کوێ ماوەتەوە؟ ئەبومەنسوور بەم شێوەیە هاتە وەڵام: "هوتێلێکی تایبەت بوو بە میوانان؛ وەک خانووێکی دەزگه‌ی هەواڵگری وابوو. پێم وایە من لە شوێنێکی تایبەت بووم لە بارەگاکەیان، یان دەکرێت شوێنی نهێنیی ئەوان بووبێت. یەک هەفتە مامەوە، هێشتا سەرنجم لەسەر ئەو دەرفەتە بوو کە دەبوو بەبێ ویستی خۆم ئەو ڕێگه‌یە ببڕم و، لە ڕێگەی نوێنەرێکی داعشەوە لە تورکیا ئەو ئەرکە ئەنجام بدەم.

پرسیاری ئەوەیشم لێ کرد کە ئەگەر بە ڕۆژ یان بە شەو چووبایەتە دەرەوە، ڕێگەی پێ دەدرا؟

ئەبومەنسوور دەڵێت: "ئەوان ڕێگرییان نەدەکرد ئەگەر داوای چوونەدەرەوەم بکردبا. ئەوان منیان دەپاراست و پێشنیاری ئەوەیشیان بۆ کردم کە ئەگەر بمەوێت دەتوانم یەک هەفتە پشوو وەربگرم؛ لە ڕاستیدا ئێمە دەبوو ڕێگه‌کە ببڕین و دووبارە بپەڕینەوە بۆ سووریا."

دانوستان لەسەر ناوچەی پارێزراو (بەفە زۆن)

ئەبومەنسوور دەڵێت: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا لە هەڵبەز و دابەزدا بوو"، بە هەمان شێوە لە ناوخۆی داعشیشدا چەند باڵێک هەبوون کە لەگەڵ یەکتردا کۆک و تەبا نەبوون. لە دوای ڕووداوی مه‌نبجەوە چەندین گۆڕانکاری هەبوون و هەمیشەیش ململانێ لە ناوخۆی داعشیشدا هەبوو. تورکیا چەندین جار داوای لە ئێمە کرد بۆ دابڕین و جیاکردنەوەی ناوچەکان لە نێوان سووریا و تورکیا وەک ناوچەی ئارام. ئەوان ١٠ کیلۆمەتریان دەویست بۆ سوورییەکان تاکوو لەناویدا بژین، بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادا.
جێگەی سەرنجە باسی ئەوەیش بکرێت کە داعش وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ تورکەکان ڕەچاو دەکرا، هەروەک چۆن ئێستا کوردەکانی سووریا بە مەترسیدار بۆ سەر تورکەکان داده‌نرێن. تورکیا دەیویست ئێمە ١٠ کیلۆمەتر لە سنوور بکشێینەوە بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر تورکیا نەمنێنێت. ئەوان دەیانویست ناوچەکە لەژێر چاودێریی تورکیادا بێت و هیچ فڕۆکەیەکی لێ نەفڕێت. دەبوو ئەم ڕووبەرە ٦٠ کیلۆمەتر درێژی و ١٠ کیلۆمەتریش پانی بێت.

هێرشەکانی داعش لە تورکیا

پرسیاری ئەوەمان کرد کە چۆن نێوانیان لەگەڵ تورکیادا تێك چووە کاتێک داعش هێرشی کردۆتە سەر فڕۆکەخانە و یانەی شەوانەی "ڕێینا" و شەقامەکانی ئیستانبۆڵ و ئانكارا. ئەبومەنسوور لە وەڵامدا دەڵێت: "تەقینەوەکانی تورکیا سیاسی نەبوون. من لە تورکیا بووم و ئەوان وایان دادەنا کە من پەیوەندیم بەو بابەتانەوە هەبێت کە ڕوو دەدەن. لە غازی عەنتاب بووم کاتێک فڕۆکەخانەی ئیستانبۆڵ هێرشی کرایە سەر. کاتێک ئەم ڕووداوانە ڕوویان دا، تورکیا وا هەستی دەکرد کە ڕوودواوه‌کە لە لایەن باڵی سیاسیی داعشەوە ئامادەکاریی بۆ کراوە، بەڵام لۆژیکییش نییە کە ئێمە لەو وڵاتە بین و هێرشیشی بکەینە سەر!
ئەبومەنسوور ئەوەیش ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: "داعشەکانی دەرەوەی خەلافەت فەرمانیان کردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرش و، پێم وایە ئەندامی دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیشی لەناو ئەو گرووپە دەرەکییەی داعشدا بووه‌. گومانم هەبووە لەوەی کە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە بەرژەوەندیی داعشی تێدا بووبێت، بەڵام گرووپە تورکەکانی ناو داعش بوون، ویستیان هێرش بکەنە سەر تورکیا یان لە لایەن دەزگه‌ی ترەوە بەکار هێنراون، بەتایبەت ئەوانەی کە نەیاندەویست داعش و تورکیا پەیوەندییان هەبێت. ئەم هێرشە هیچ مانایەکی نەبوو چونکە زۆرینەی ئەندامانی ئێمە لە ڕێگەی ئەو فڕۆکەخانەوە دەهاتن. بۆیە فەرمانی ئەو جۆرە هێرشانە لە لایەن ئەندامانی دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیا/میتەوە بوو کە لەناو داعش بوون، بەڵام گوزارشتی لە سیاسەتی ئێمە وەک دەوڵەتی ئیسلامی/داعش نەدەکرد. ئەوان نەیانویست ئەردۆغان بڕووخێنن بەڵکوو تەنیا بۆ ئه‌وه‌ بوو، ڕێگه‌کەی خۆی لە بەرامبەر پرسی سووریادا بگۆڕێت. ئەوان دەیانویست ئەردۆغان سوپاکەی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر سووریا و دواتریش بۆ سەر داعش بەکار بهێنێت. هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە پاساوێکی باش بوو بۆ ئەردۆغان بۆ ئەوەی بێتە سووریاوە.
ئەبومەنسوور سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەمە "تیۆریی موئامەرە نییە" و پێمان دەڵێت کاتێک کە لە لایەن یەپەگەوە زیندانی بووە بەر لەوەی بگوازرێتەوە بۆ عێراق، گوێبیستی ئەوە بووە کە حکوومەتی تورکیا دوای ئەوەی لە ڕەققە بووە، ٤٠ کەسی ئازاد کردووە کە سەر بە دەزگه ئەمنییەکانی تورکیا بوونە.
دەکرێت ئەمەی ئەبومەنسوور گوێی لێ بووە ڕاست بێت و، مەرجیش نییە ئەم ئەکتەرانەی دەزگه‌ی هەواڵگری، لەگەڵ داعش کاریان کردبێت. لەوانەیە ئەمانە لە لایەن دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیاوە لەناو ڕێکخراوەکەدا دانرابووبن وەک چەکێک بۆ بەکارهێنانی لە کاتی تەنگانەدا. ئەگەرچی ئەبومەنسوور، سوورە لەسەر ئەوەی کە تورکیا و ئەردۆغان لەگەڵ دونیابینییە ئیسلامگەرایییەکەیدا پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ داعشدا هەبوو و ئەمەیش ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەردۆغان و بۆ ساڵانی نێوان ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٧ کە لە ئەفغانستان جەنگاوەر بووە، باشتر لە ئەردۆغان تێ دەگەین. [زۆر گه‌ڕام به‌ڵام زانیارییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌م نه‌دۆزییه‌وه‌. وەرگێڕ]

توانەوەی خەونەکانی داعش

گەشتەکەی ئەبومەنسوور لە مەغریبەوە دەستی پێ کرد، کاتێک کە گەنج بوو و بۆ یەکەمین جار لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکانی ١١ی سێپته‌مبەری کردووە و لەناکاو هەستی بەوە کردووە کە ئەو بەشێک نییە لە ڕۆژاوا، لەو کاتەی کە جۆرج بۆش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ڕای گەیاندووە کە ئێمە لە دژی تیرۆر و وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆرین. ئەبومەنسوور دەڵێت کاتێک موسڵمانان لە جیهان یەکیان گرتووە بۆ بەرگریکردن لە دیکتاتۆر و هێزە جیهانییەکانی وەکوو ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان کە وڵاتانی تریان داگیر کردووە و، دوای ئەوەی گوێم لە گوتەکانی جۆرج بۆش بوو کە دەیگوت ئەوەی لەگەڵمان بێت دۆستمانە و ئەوەیشی لەگەڵمان نەبێت دوژمنمانە و، کاتێک بینیم عێراقیان داگیر کرد ئه‌وجا تێ گەیشتم کێ لەگەڵ موسڵمانانە.
ئەبومەنسوور شوێنکەوتەی کردەوەکانی ئەبوموسعەب زەرقاوی، سەرکردەی قاعیدە بووە لە عێراق و، لە ڕێگەی ئینترنێتەوە خۆی فێری ڕاهێنانی جیهادی و چەکداری کردووە. ئەبومەنسوور دەڵێت: "داگیرکردنی عێراق قووڵتر کاریگەریی لەسەر دڵی موسڵمانان هەبوو، وەک لە ئەفغانستان. ئێمە لەو کاتەوە دەستمان کرد بە خۆبونیادنان. ئێمە دەمانزانی کە لەگەڵ خەڵکێکی زۆر زیرەک دەجەنگین و دەبێت خۆمان باش ئامادە بکەین. ئەو گرووپەی کە دەیانویست لە مەغریب جیهاد بکەن، دەبوو دەست پێ بکەن، بەڵام دواتر دەستگیر کران و کە ئەمەیش زەنگێکی مەترسیداری بۆ لێ دام و زۆر بەپەرۆش بووم بۆ دەستکردن بە جیهاد."
ئەبومەنسوور تاوەکوو ساڵی ٢٠١٣ چاوەڕێی کرد و دواتر هەستی بەوە کرد کە کاتی ئەوە هاتووە كه‌ دەبێت دەوڵەتێکی ئیسلامی لە سووریا دروست بکرێت و پێشتریش بەتەواوی پەرۆشی ئەوە بووە کە شتێک بکات تاوەکوو ئەو دەوڵەتە بێتە دی. بۆیە ئەبومەنسوور بەرده‌وام دەبێت و دەڵێت: "ئێمە بە دوای ناسنامەی موسڵمانان دەگەڕاین بۆ پاراستنی موسڵمانان و ئازادکردنیان بۆ ئەنجامدانی ئەرکە ئیسلامییەکانیان. ئێمە هیچ خواستێکی جەنگمان نەبوو، مەیلی کوشتن و تۆڵەکردنەوەمان نەبوو، تەنیا دەمانویست خۆمان لە دیکتاتۆرەکان ڕزگار بکەین. من چەکم بەکار دەهێنا بۆ ڕێگریکردن لە ئازاردانم لە لایەن ئەوانی ترەوە، کە زۆربەی کاتەکان ڕووبەڕووی هێز دەبووینەوە و دەبوو بە هێزیش ئەو ئازادییەی خۆمان بەدەست بهێنینەوە. هەموو ئەو ڕژێم و حکوومەتانە ناچاریان دەکردین بەدوایانەوە بکەوین؛ ئێمە ئەوانمان نەدەویست."
ئێستا ئەبومەنسوور زیندانییە و کاتی ئەوەی هەیە ڕەنگدانەوەی ئەوەی پێوە دیار بێت کە نەک تەنیا خەونی دادپەروەری و دەوڵەتێکی باشی ئیسلامی تاکە چارەسەرە، بەڵکوو داعش ئەگەر هەر دەرفەتێکی هەبێت ئەم خەونانە دەکات بە ڕاستی!
ئەبومەنسوور دانی پێدا دەنێت و دەڵێت: "ئەمڕۆ زۆر هەست بە ماندووبوون دەکەم. بابەتەکە ئەوە نییە کە تۆ دەیبینیت، زۆرینەی خەڵکی ناو داعش خوێندەوار نەبوون. زۆرینەیان هۆکارێکیان هەبوو بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە؛ چۆن ئەوانە کۆ دەکەیتەوە و دەوڵەتەکە دروست دەکەیت؟ کێ کۆیان دەکاتەوە؟ کێشەکە زۆر ئاڵۆز و نامۆیە." خەمباری لە چاوەکانی ئەبومەنسوور بەدی دەکرێت و دەڵێت: "ئێمە هاتبووین بۆ ڕزگارکردنی موسڵمانان لە چنگ ڕژێمی سووریای دەسەڵاتخواز و بونیادنانی ئەو شتانەی کە خەونی داعش بوون، بەڵام تووشی شۆک بووین کاتێک ڕووبەڕووی هەمان دۆخ بووینەوە. زۆرێک لەو خەڵکانەی کە دەسەڵاتیان لەناو دەوڵەتی ئیسلامی/داعشدا هەبوو، دیکتاتۆر بوون. هەندێک جار وام هەست دەکرد ئێمە تەنیا وەک کاغەزێکی سووتاو و دڕاو بەکار دەهێنرێین. ئێمە هەوڵمان دەدا ئەسەد لا بەرین و دیکتاتۆرێکی خراپتر لە ئەسەد لە شوێنیدا دابنێینەوە."
ئەوەی بەرامبەر سوورییەکان دەکرا، هەمووی توندوتیژی بوو. خەڵک لەژێر دەسەڵاتی داعشدا سیسته‌می پەروەردەیان بەلاوە گرنگ نەبوو. تەنیا دەیانویست نەوت دەربهێنن. گرنگی بە خەڵکی هەژار نەدەدرا بۆ بەرزکردنەوەی بژێوی ژیانیان. بە هەمان شێوەی دەسەڵاتی بەشار و ڕژێمی بەعس، داعش کە دەزگه‌یەکی گەورەی ئاسایشی هەبوو، بەڵام ئەوەی داعش زۆر خراپتر بوو. خەڵکیان لە نێوان چەکدار و ناچەکداردا دابەش کردبوو. چەکدارەکان سزا نەدەدران، وەک ئەو سزایانەی کە بەسەر ئەوانی تردا دەسەپێنران.
لە ڕەققە جەستە و لاشەی مرۆڤ لەسەر ڕێگه‌کان و لە شوێنی جیاوازدا کەوتبوون؛ لە ڕاستیدا کاتێک تۆ بە گۆڕەپانەکاندا تێپەڕ دەبوویت، جەستەی هەڵواسیوت دەبینی. چەندین جەستەی هەڵواسراو کە بە کارەباوە ئازار درابوون، دەبینران. ئەوان خەڵکی باش نەبوون. هەوڵیان دەدا سوود لە شوێن و پێگەکانیان وەربگرن. هەر یەک لەوانە خواستی دەسەڵاتی زیاتری هەبوو.
ئەبومەنسوور لە کۆتاییدا دەڵێت: "خواستی من بۆ هێز و دەسەڵات و فەرمانکردن نەبوو." ڕەنگە ئەبومەنسوور بەڕاستگۆیییەوە قسە بکات کاتێک کە نوێنەرایەتیی داعشی کردووە وەک باڵیۆزێک؛ نوێنەرایەتییەکی ماوەکورت بەڵام بۆ دەوڵەتێکی بەهێز. ئێستا ئەبومەنسوور بێدەسەڵاتە و لە زیندانێکی عێراقدا لەسەر کورسی دانیشتووە و ڕووبەڕووی سزای مردن دەبێتەوە و خەونەکانیشی هەمووی بەباچوونە و بوونە بە هەڵم.

 

* ئانێ سپێک هارد

هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و بەڕێوەبەری ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی و توندئاژۆیییە و پڕۆفیسۆری بواری دەروونشیکارییە لە زانکۆی جۆرج تاون/سکوڵی پزیشکی. ناوبراو چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە ٦٠٠ تیرۆریست و ئەندامانی خێزانەکانیان و پاڵپشتیکەرانیان لە چەندین شوێنی جۆراوجۆری جیهاندا لەوانە ڕۆژاوای ئەوروپا، بەڵکان، ئاسیای ناوەڕاست، یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام داوە. لە دوو ساڵی ڕابردوودا ناوبراو و ستافی ناوەندەکەی، ئەو چاوپێکەوتنانە کۆ دەکەنەوە کە لەگەڵ ئەندامانی داعش، ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان و ئەوانەی لە زیندانەکاندان، ئەنجام داوە و لە هۆکاری چوونە نێو ڕێکخراوەکە و هاتنەدەرەوەیان، ئەزموونیان لەناو داعش، گەشەپێدان و گەورەبوونی ڕێکخراوەکەیان کۆڵیوەتەوە. هەروەها "ئانێ سپێک هارد" ڕاهێنانی لە بوارەکانی جێبەجێکردنی یاسا، هەواڵگری، پەروەردە و چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندئاژۆیی بە هاوکاریی ناوەندەکەیەوە پێشکەش کردووە  و، سەرەڕای لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی منداڵ وەک ئەکتەرێکی توندوتیژ لە لایەن گرووپی وەک داعش و چۆنێتیی دووبارە شیاندنەوە و پەروەردەکردنەوەیان.
ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٧ دا بەرپرسی داڕشتنی بەرنامەی دەروونی و هەڕەشە ئیسلامییەکان بووە لە بەرنامەی تایبەت بە شیاندنەوەی ڕاگیراوەکان لە عێراقدا کە ٢٠ هەزار دەستبەسەر و ٨٠٠ هه‌رزه‌كار لێی سوودمەند بوون. ناوبراو وەک پسپۆڕێکی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ڕۆڵ دەبینێت و، ڕاوێژی پێشکەش بە ناتۆ، حکوومەتەکانی جیهان، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەرگری، داد، ئاسایشی نیشتمانی، تەندروستی و خزمەتگوزاریی مرۆیی لە ئەمریکا، دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا/سیا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست، لەندەن تایمز و چەندین بڵاوکراوەی تر کردووە. زۆر جاریش لەسەر بابەتی پەڕگیری و تیرۆریزم لە ڕووی دەروونییەوە قسە دەکات و بابەت بڵاو دەکاتەوە. نووسەری چەندین کتێبە، لەوانە: "گفتوگۆ لەگەڵ تیرۆریستان"، "بووکی داعش"، "ڕووماڵکردنی جیهادییەکان"، "تاوانبارانی داعش: چیڕۆکەکانی ناوەوەی خەلافەتی تیرۆر".

سەرچاوە:

https://www.hstoday.us

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples