(وتارێکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە وانەی نیویۆرک تایمز)
نووسینی: تۆمس فریدمن[1]
وەرگێڕ (لە فارسییەوە): کیشوەر پیرۆتی
وەخت و بێوەخت لێم دەپرسن: "بێجگە لە وڵاتەکەی خۆم، کام وڵاتم پێ خۆشە؟" هەمیشە هەر یەک وەڵامم هەبووە: "تایوان". خەڵک دەپرسن: "تایوان؟ بۆچی تایوان؟" وەڵامەکە زۆر سادەیە، چونکە تایوان گاشەبەردێکی کڕاڵە لەناو دەریایەکی پڕ لە شەپۆلدا و هیچ سەرچاوەیەکی سروشتیی تێدا نییە کە بۆ ژیان بەکەڵک بێت، تەنانەت بۆ بیناسازییش دەبێ لە چینەوە خیز و لم بێنن و لەگەڵ ئەوەیشدا چوارەمین پاشەکەوتی گەورەی سامانی دنیایان لەبەردەستدایە. چونکە لە جیاتی هەڵکەندنی زەوی و دەرهێنانی ئەو شتانەی لە زەوی دێنە دەرێ، تایوان هۆش و زیرەکیی ٢٣ ملیۆن تایوانی دەپشکنێ و لە توانایی و وزە و هۆش و زیرەکیی ژن و پیاویان دەکۆڵێتەوە. هەمیشە بە هاوڕێکانم لە تایوان دەڵێم: ئێوە بەختەوەرترین خەڵکی دنیان. چۆن ئاوا بەختەوەر بوون؟ نە نەوتتان هەیە، نە بەردی ئاسن، نە دارستان، نە ئەڵماس، نە زێڕ. تەنیا کەمێکتان پاشەکەوتی بەردەخەڵووز و گازی سروشتی هەیە و هەر لەبەر ئەوەیشە کە پەرەتان بە فەرهەنگی بەهێزکردنی لێهاتوویییەکانتان داوە و، ئەمڕۆ سەلێمندراوە کە ئەوە بەبایەخترین کارە و تاکە سەرچاوەیشە لە جیهاندا کە بەڕاستی نوێ دەکرێتەوە. لانی کەم ئەمە تێگەیشتنی دیناویی[2] منە. بەڵام بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە کۆمەڵێک هۆکاریش هەن.
تیمێک لە لایەن "ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و پەرەپێدان"ەوە بەم دوایییانە سووکە خوێندنەوەیەکی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئەو بابەتە کردووە و لە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەدا بە ناوی "بەرنامەی نێونەتەوەییی هەڵسەنگاندنی قوتابیان"، یان PISA (کە بە دوو ساڵ جارێک لێهاتووییی بیرکاری و زانستی و ڕاددەی تێگەیشتن لە خوێندنەوەی لاوانی تەمەن ١٥ ساڵی ٦٥ وڵاتی دنیا تاقی دەکاتەوە) پێوەندیی نێوان کار و کردەوەی تاکەکان و داهاتی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکان، بە ناونیشانی G.D.P، یان "سەرجەمی بەرهەمی نێوخۆیی"ی[3] هەموو وڵاتانی بەشداربووی تاوتوێ کردووە. ئەگەر بمانەوێ زۆر بەکورتی ڕوونی بکەینەوە، بەوە دەگەین کە بیرکاریی قوتابیانی ئامادەییی وڵاتەکەتان بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی ئەو بەرمیلە نەوتانە، یان ئەو ئەڵماسانەی دەرتان هێناوە، تا چ ڕاددەیەک باشە؟
ئاندریاس شلایچر، کە لە لایەن ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەی ئابووری (O.E.C.D)یەوە بەسەر تاقیکردنەوەکانی PISA ڕادەگات، دەڵێ: ئەنجامەکان دەریان خست کە پێوەندییەکی لەڕاددەبەدەر نەرێنی لە نێوان ئەو پارەیەی وڵاتان لە سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیانەوە بەدەستی دێنن و زانست و لێهاتووییی قوتابیانی قۆناغی ئامادەییی ئەو وڵاتانەدا هەیە. ئەمە نموونەیەکی جیهانییە کە لە تەواوی ئەو ٦٥ وڵاتەی لە دوایین تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندنی PISAدا بەشدار بوونە، بەدی دەکرێت و، شتێک بە ناوی نەوت و PISA پێکەوە، یان لە پەنای یەکدا هەر نییە.
بە وتەی شلایچر، لە دوایین ئەنجامەکانی PISAدا وەدیار کەوت کە قوتابیانی وڵاتانی سینگاپۆر و فینلهند و کۆریای باشوور و هۆنگ کۆنگ و ژاپۆن سەرەڕای ئەوەی داهاتێکی کەمیان لە سەرچاوە سروشتییەکانیان دەست دەکەوێت، نمرەی PISAیان بەرزە. ئەوە لە کاتێکدایە کە وڵاتی قەتەر و قەزاقستان کە زۆرترین داهاتی نەوتیان هەیە، قوتابییەکانیان کەمترین نمرەیان لە PISAدا بەدەست هێناوە. عەرەبستانی سعوودی و کوێت و عەممان و ئەلجەزیرە و بەحرێن و سووریا نمرەی هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٧یان لە تاقیکردنەوەی نێونەتەوەییی بیرکاری و خوێندنەوە زانستییەکان بەدەست هێناوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە قوتابیانی لوبنان، ئوردن و تورکیا ــــ کە ئەوانەیش هەر بەشێکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام سەرچاوەی سروشتییان کەمترە ـــ نمرەی باشتریان بەدەست هێناوە.
قوتابیانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندن و سەرچاوەی سروشتییان زۆرە، وەکوو بڕازیل، مێكزیكۆ و ئارژانتین لە دوایین تاقیکردنەوەی PISAدا نمرەی لاوازیان بەدەست هێنا. وڵاتانی ئەفریقایش لەو تاقیکردنەوانەدا هەر بەشدار نەبوون. کەنەدا، ئوسترالیا و نۆروێژ لەو وڵاتانەن کە سەرچاوەی سروشتییان زۆرە و نمرەی باشیشیان لە PISAدا بەدەست هێنا. ئەوەیش بە وتەی شلایچر، دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئەو سێ وڵاتە کۆمەڵێک سیاسەتی بەبەرنامە و گونجاویان بۆ پاشەکەوت و سەرمایەگوزاریی داهاتی سەرچاوە سروشتییەکانیان داناوە.
ئەو تاوتوێ و ئەنجامانە بەئاشکرا پێمان دەڵێن کە ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێ بزانن کار و کردەوەی وڵاتیك لە سەدەی ٢١دا چۆن دەبێت، حیساب لەسەر سەرچاوە و کانگه زێڕەکانی مەکەن، بەڵکوو دەبێ مامۆستایانی کارتێکەر و دایک و باوکی هۆشیار و قوتابییە بەرپرسیارەکانی لەبەرچاو بگرن. شلایچر دەڵێ: ئەنجامەکانی فێربوون لە قوتابخانەکانی ئەمڕۆدا هێمای سامان و سوودە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە کە وڵاتان لە درێژخایەندا بەدەستی دێنن.
ئابووریناسان زۆر لەمێژە باس لە "نەخۆشیی هوڵەندی"[4] دەکەن. ئەو بابەتە کاتێک دەقەومێت کە وڵاتێک هێندە پشت بە هەناردەکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆی ببەستێ کە نرخی پارەکەی زۆر بەرز بێتەوە و لە ئەنجامدا بەرهەمی نێوخۆیی بە هۆی لێشاوی هاوردەکردنەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری و لەنێو دەچێت و لەو بارەیشدا نرخی ئەو کاڵایانەی هەناردە دەکرێن، بەردەوام بەرز دەبێتەوە. ئەو شتەی تیمی PISA پێشانی دەدا، نەخۆشییەکە پێوەندیی بەو بابەتەوە هەیە. ئەو کۆمەڵگهیانەی لەڕاددەبهدهر پشتیان بە سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیان بەستووە، ئەو دایک و باوک و لاوانە پەروەردە دەکەن کە بەشێک لەو غەریزە و خدە و پاڵنەرانەیان لەدەست داوە کە دەبێ بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بەهێزکردنی لێهاتوویییەکانیان بەکاریان بێنن.
لە بەراورد بە وتەکەی شلایچر: "لەو وڵاتانەی سەرچاوەی سروشتییان کەمە ــ وەکوو فینلهند و سینگاپۆر، یان ژاپۆن ـــ خوێندەواری، لانی کەم تا ڕاددەیەک ئەنجام و جێگە و پێگەیەکی بەرزتری هەیە. چونکە خەڵکەکەیان بەگشتی تێ گەیشتوون کە وڵات دەبێ بە زانست و لێهاتوویی بەرەو پێش بچێت و ئەو بابەتەیش پێوەندیی بە چۆنێتیی خوێندن و سیستەمی ڕاهێنانەوە هەیە. منداڵ و دایک و باوکی ئەو وڵاتانە دەزانن کە ئەوە لێهاتوویی و تواناییی منداڵەکانیانە شانسیان بۆ سەرکەوتن دەستنیشان دەکات و هیج شتێکی دیکە ناتوانێ ڕزگاریان بکات. کەواتە بناغەیەکی تۆکمە بۆ فەرهەنگ و سیستەمی ڕاهێنانیان دادەڕێژن." یان هەروەک هاوڕێ هیندی ــ ئەمریکییەکەم، کەی. ئار. سریدهار، دامەزرێنەری کۆمپانیای سووتەمەنیی باتریی "بلۆم وزە" دەڵێت: "کە سەرچاوەی سروشتیتان نەبێت، داهێنەر دەبن." لەبەر ئەوەیشە کە ئەو وڵاتانەی زیاترین کۆمپانیایان لە لیستی نەزدەکدا[5] هەیە بریتین لە چین، هۆنگ کۆنگ، تایوان، هیند، کۆریای باشوور و سینگاپۆر. ئەو وڵاتانە هیچیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانیان سوود لە سەرچاوەی سروشتی وەرناگرن. بەڵام ئەو لێکۆڵینەوانە پەیامێکی گرینگیان بۆ دنیای پیشەسازی پێیە. بەدڵنیایییەوە لە سستبوونێکی ئابووریی درێژخایەندا، "پاڵنەر" جێگە و پێگەی خۆی دەبێت. بەڵام شلایچر دەڵێ: "تاکە ڕێگهی هۆشپەسند ئەوەیە کە ڕێگهی خۆمان لە ڕێی دابینکردنی زانست و لێهاتوویی بۆ کەسانی زیاترەوە بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کێبەرکێ و هاوکاری و پێوەندیگرتن لە پێناو پێشکەوتنی وڵاتدا دیاری بکەین." بە وتەی شلایچر، بەکورتی لە ئابووریی سەدەی ٢١دا زانست و لێهاتوویی بووە بە پارەی باوی جیهانی، بەڵام هیچ بانکێکی ناوەندی نییە کە بتوانێ ئەو پارەیە چاپ بکات. هەموو کەسێک ناچارە بۆ خۆی بڕیار بدات کە چەندە پارە چاپ دەکات. بەدڵنیایییەوە ئەوە شتێکی زۆر باشە کە نەوت و گاز و ئەڵماست هەبێت، چونکە کە ئەوانەت هەبوو هەلی کار زیاتر دەبێت، بەڵام لە درێژخایەندا کۆمەڵگە لاواز دەکات، مەگین ئەوەی کە بۆ دروستکردنی قوتابخانە و دروستکردنی فەرهەنگی فێربوونی هەمیشەیی بەکار بهێنرێت.
شلایچر دەڵێ: "ئەو شتەی بەردەوام بەرەو پێشەوەتان دەبات و دەبێتە هۆی پێشکەوتنتان، ئەو شتەیە کە بۆ خۆتان دروستان کردووە."
[1] . تۆمس فریدمن (Thomas L. Friedman)، ڕۆژنامەنووس و ستووننووس و نووسەری ئەمریکییە کە لە ٢٠ی جوولای ١٩٥٣ لە ئەمریکا لەدایک بووە. فریدمن پسپۆڕی سیاسەتی دەرەکی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژینگەیە و تا ئێستا سێ جار خەڵاتی پۆلیتزەری پێ بڕاوە. فریدمن هەفتەی دوو جار بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەنووسێت. فریدمن ساڵی ٢٠١٦ کتێبێکی بە ناوی "سپاستان دەکەم کە درەنگ هاتن" لە لایەن دەزگهی بڵاوکردنەوەی Strauss Vergier لە ٤٩٦ لاپەڕەدا بڵاو کردەوە. ئەو کتێبە لەبارەی دنیای ئەمڕۆوەیە و دەیەوێ ئەو هێزە سەرەکییانەی دنیا دەگۆڕن بناسێت و پێناسەیان بکات و کاریگەریی ئەو هێزانە لەسەر خەڵک و فەرهەنگە جیاوازەکان ڕوون بکاتەوە و ئەو شتانەی بە بۆچوونی خۆی گونجاوترین بەها و پەرچەکردارن بۆ بەڕێوەبەربردنی ئەو هێزانە دەستنیشان بکات، تا بتوانین زیاترین سوود لەو هێزانە وەربگرین.
[2] . دیناوی: شهودی.
[3]. Gross Domestic Product.
[4] . نەخۆشیی هوڵەندی، زاراوەیەکی ئابوورییە، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە داهاتە نەوتییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی نادروست بەکار دێنن. مەبەست لە بەکارهێنانی نادروستی داهاتی نەوتی ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ خەرجییەکانی خۆی لە داهاتی نەوت کەڵک وەربگرێت. بۆ نموونە، مووچەی فەرمانبەرانی خۆی لە داهاتی نەوت بدات.
[5] . نەزدەک (NASDAQ) یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی بازرگانیی ئەلیکترۆنیی پشکەکانە، نزیکەی نیوسەدە لەمەوبەر لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی بازرگانانی قەواڵەکان (کاغەزە بەهادارەکان / NASD)ەوە لە هەشتی شوباتی ساڵی ١٩٧١دا دامەزرا. لەم بازاڕەدا لە هەموو بازاڕەکانی دیکەی بۆرسە، زیاتر کڕین و فرۆشتن بە پشکەکانەوە دەکرێت.
سەرچاوە: