ستراتيژێكى نوێ به‌رانبه‌ر به‌ ئێران: قۆستنه‌وه‌ى ترسى ئێران

ديميترى شوفتينيسكى [ماسته‌ر له‌ بوارى ئاشتیى نێوده‌وڵه‌تى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌ زانكۆى ئه‌ركاديا‌]

26ى حوزه‌يران 2019

سه‌نته‌رى بيگن- سادات

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

 

پوخته‌ى وتار: "ترسى هه‌ره‌ خراپى ڕژێمى ئێرانى، له‌ هێرش و په‌لامارێكى ده‌ره‌كييه‌. بۆ ئه‌وه‌ى ئاخونده‌كان بهێنرێنه‌ سه‌ر مێزى دانوستاندن، ده‌بێ ئه‌مريكا گرووپه‌ ده‌ستنێژه‌كانى ڕژێم له‌ عێراقى سه‌ر به‌ ئێران و له‌ سوورياى " نزيكه‌-سنوور"  له‌ناو ببا و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌يه‌ به‌ته‌واوى نه‌هێڵێ."

بڕياره‌ پێكناكۆكه‌كه‌ى سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ به‌ تێنه‌سره‌واندنى زه‌برێكى سه‌ربازى له‌ ئێران، ديبه‌يت و گه‌نگه‌شه‌يه‌كى له ‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكادا ناوه‌ته‌‌وه‌. ئايا ترامپ له‌ دانايى و دڵۆڤانييه‌وه‌يه‌ كه‌ واز له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌يه‌كى نه‌گونجاوى خستنه‌خواره‌وه‌ى "درۆن" (فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وان)ه‌كه‌ ده‌هێنێ؟ يان ئه‌وه‌تا مه‌لاكان ئه‌و به‌لفه‌يه‌ى ترامپيان گوته‌وه‌ و هه‌ڵوێستى ئه‌مريكايان كز و لاواز كرد؟ هه‌ر دوو ئه‌رگيومێنت، ڕێيان تێده‌چێ و پاساوى خۆيان هه‌يه‌. لێ شتى هه‌ره‌ گرنگ به‌ نسبه‌ت بڕياربه‌ده‌ستان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێستاكه‌ بڕيار بده‌ن چۆن له‌ ئايينده‌دا جڵه‌وى تاران بگرن.

زۆر چاودێرى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست باوه‌ڕ به‌ ئايه‌توڵڵاكان ده‌كه‌ن كاتێ كه‌ ئه‌و ئاخوندانه‌ ده‌ڵێن پشتگيريى ناوچه‌يیى ئه‌وان بۆ سه‌ركار و وه‌كيل و ده‌ستنێژه‌كانيان،  له‌ حه‌ز و ويستى خۆيانه‌وه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى "شۆڕش"ه‌كه‌يان، هه‌ڵده‌قووڵێ، له‌ كاتێكدا ڕه‌نگه‌ نياز و مه‌به‌ستى ئه‌وان، ئه‌و موسڵمانه‌ سوننه‌مه‌زه‌بانه‌ بێ كه‌ زۆرينه‌ى هه‌ره‌ زۆرى دانيشتووانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست پێك ده‌هێنن و تا ڕادده‌يه‌كى زۆريش ده‌ستدرێژيى شيعه‌كانيان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانيان ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ته‌نێ هه‌ڵوێستى دژه‌ڕۆژاوايى و دژه‌زايۆنيى كۆمارى ئيسلامى به‌س نييه‌، كه‌ ئێران زۆر پشته‌وان و لايه‌نگر له‌ ناوچه‌كه‌دا، بێ له‌ حه‌ماس يان ميليشيا شيعه‌كان، په‌يدا بكا.

توركيا و قه‌ته‌ر له‌ ڕێگه‌ى ئيخوانه‌كانه‌وه‌ له‌ ساته‌وه‌ختى "به‌هارى عه‌ره‌بى"دا، پشتيوانى جۆرێ له‌ شۆڕشێكى سوننى بوون. ئه‌و بزاڤه‌ى ئيخوانه‌كان‌ هه‌مان هه‌ست و خوليا و ئامانجه‌كانى ئێرانيان هه‌بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ى بچێته‌ پاڵ كه‌مپێكى "دژه‌- ئيمپرياليست"ى شيعييه‌وه‌.

پشتگيريى ئێران بۆ وه‌كيل و سه‌ركاره‌كانى، بۆ تيرۆريستان و ميليشياكان له‌ سه‌رانسه‌رى ناوچه‌كه‌دا، ته‌نيا له‌ حه‌ز و ويستى ئێران بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى "ئينقيلاب" هه‌ڵناقووڵێ، به‌ڵكه‌ به ‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى له‌ ترسێكى مێژوويیى هه‌ره‌ خراپه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ: ترس له‌ داگيركاريى ده‌ره‌كى.

ترس له‌ غه‌زوو و په‌لامارێكى ده‌ره‌كى كه‌ ناسنامه‌ى ئێرانى كز بكا و له‌به‌ين ببا و بسڕێته‌وه‌، ته‌نيا په‌يوه‌ندیى به‌ ڕژێمه‌وه‌ نييه‌.  ئه‌و ترسه‌ له‌ناو هه‌موو فارساندا- له‌ناو زۆرينه‌ى كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌يه‌. له‌ سه‌رده‌مه‌ كه‌ونارا و دێرينه‌كاندا كه‌ له‌ ڕێگه‌ى فتوحاتى عه‌ره‌بييه‌وه‌، ئێران داگير كرا، ئه‌و وڵاته‌ هاته‌ سه‌ر زۆر داب و نه‌ريتى په‌لامارده‌ران- له‌وانه‌ ئيسلام- پاشان داگيركارى و حوكمڕانيى وڵاته‌كه‌، كه‌ عه‌ره‌ب بوونه‌ سه‌رتۆپى نيزام و ده‌سه‌ڵاتڕانى، زۆر كه‌لتوورى مێژوويیى فارسان له‌به‌ين چوون. وڵاتى فارس هه‌ندێ له‌و داب و نه‌ريتانه‌ى كه‌ په‌لامارده‌ران به‌سه‌رياندا سه‌پاندبوون، مشتوماڵ كرده‌وه‌‌ (له‌وانه‌ پێڕه‌ويكردن له‌ شيعه‌گه‌رى له ‌برى ئيسلامى سوننى). لێ تا به‌ ئه‌مڕۆیش ڕاده‌گا، زۆر له‌ ئێرانييه‌كان پێيان وايه‌ كه‌‌ فتوحاتى عه‌ره‌بى، سووكايه‌تيكردنێكى نه‌ته‌وه‌يى بووه‌ و وڵاته‌كه‌يانى به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانده‌وه‌. په‌لامار و هێرشى سه‌ددام حسێن بۆ سه‌ر ئێران له‌ 1980دا- كه‌ به‌ گوڕوتينێكى ناسيۆناليستانه‌ى عه‌ره‌بيى ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ و دژه‌-فارس به‌رپا كرا- ته‌نيا ئه‌و ترس و بيمه‌ى ئێرانى له‌ غه‌زووى بێگانه‌ (به‌تايبه‌تى عه‌ره‌بى) زێتر كرد.

پاش ئه‌وه‌ى ئه‌مريكا ڕژێمى سه‌ددام حسێنى ڕووخاند و نزيكترين مۆته‌كه‌ى ده‌سه‌ڵاتى تارانى له‌ناو برد، ئايه‌توڵڵا خامنه‌يى عێراقى كرده‌ جۆره‌ ده‌وڵه‌تێكى پاشكۆى ئێران. خامنه‌يى عێراقى تژى كرد له‌ ميليشياكانى شيعه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتيان به‌سه‌ر به‌غدادا ده‌ڕوا، خه‌ونه‌كانى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆيى پاش ده‌خه‌ن و ڕێكخراوه‌ ميليشيا سوننه‌كانيان تارومار ده‌كه‌ن. زۆر له‌و ميليشيا شيعييانه‌، په‌لامارى ده‌سته‌ سه‌ربازييه‌كانى ئه‌مريكايان دا- ئه‌مه‌ وه‌كوو ڕێوشوێنێكى له‌ده‌مدانه‌وه‌ى ئه‌مريكا بووه‌ له ‌به‌رانبه‌ر ئه‌گه‌رى تێسره‌واندنى هه‌ر زه‌برێك له‌ ئێران له‌ لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌.

ئێران مووشه‌كى‌ وه‌ساى به‌و ميليشيايانه‌ داوه‌ كه‌ بتوانن زه‌بريان پێ له‌ ئيسڕائيل بده‌ن. هه‌روا ڕێنوێنیيان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌ر پێشهاتێكى جه‌نگدا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى جووله‌كه، ياريده‌ى حزبوڵڵا بده‌ن‌. خامنه‌يى ئه‌م سياسه‌ته‌ى برده‌ ناو سووريایش و له‌وێ ئێران حزبوڵڵاى بۆ مه‌شقپێدانى ميليشيا شيعه‌كان و ياريده‌دانى حكوومه‌تى سوورى دژى گرووپه‌ جيهادى و ياخييه‌ سوننه‌كان به‌كار هێنا. ئێران ژماره‌يه‌كى به‌رچاو، خه‌ڵكى سه‌ربازى خۆى بۆ سه‌رپه‌رشتیى ئه‌و پرۆژه‌يه‌‌ نارده‌ ئه‌وێ. به‌شێكى ئامانجى ئێران له‌و هه‌وڵ و بزاڤانه‌يدا، پێكهێنانى ئيمپراتۆرييه‌تێكى به‌رفره‌ى شيعييه‌ كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ تا ده‌رياى ناوه‌ڕاست درێژ بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئيمپراتۆريیه‌تێكى له‌م بابه‌ته‌ جێ بگرێ و بێته‌ دى، ئه‌وده‌م  تاران ده‌توانێ، ئه‌گه‌ر جه‌نگ له‌گه‌ڵ حزبوڵڵادا به‌رپا ببێ، له‌ به‌ره‌يه‌كى دوورودرێژى باكووره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئيسڕائيل بكا. لێ ئه‌وه‌ كۆى ئاوات و ئامانجه‌كانى تاران نييه‌، به‌ڵكه‌ تاران ده‌يه‌وێ قه‌ڵغانێ بۆ پاراستنى ئێران له‌ هه‌ر هێرش و په‌لامارێكى ده‌ره‌كى، دروست بكا.

حاڵى حازر، ئه‌مريكا عاقڵانه‌ خۆى له‌ جه‌نگێكى ناپێويست له‌گه‌ڵ ئێراندا لا دا. به‌ڵام ئيسرائيل به‌ تێسره‌وانى زه‌برى هه‌وايى له‌ سووريا و غه‌ززه‌،‌ پرۆژه‌ى ئێرانيان [مه‌به‌ست پێكهێنانى ئيمپراتۆريايه‌كى شيعييه‌] له‌ ناوچه‌كه‌ لاواز كرد و، تونێله‌كانى حزبوڵڵاى به‌سه‌ريه‌كدا ڕماند كه‌ تا ناو باكوورى ئيسڕائيل هاتبوون. نوێكردنه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر تاراندا ئاخونده‌كانى ناچار كرد خه‌رجى سه‌ربازيى ئه‌و ميليشيايانه‌ ببڕن و هه‌روا پشتگيرى له‌ گرووپه‌ سه‌ركار و ده‌ستنێژه‌كانيان كه‌م بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ده‌كرێ و ده‌بێ شتى زۆرتر بكرێ بۆ ڕاگرتنى ئێران له‌ ڕادده‌ى خۆى و، ده‌بێ سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ، چیديكه‌ ڕێگه‌ به‌ عێراق نه‌دا، وزه‌ له‌ ئێران هاورده‌ بكا. هه‌روا ده‌بێ سزاكان به‌سه‌ر پيشه‌سازيى پترۆكيميايیى ئێرانيشدا بسه‌پێنرێن و سزاكان سوپاى پاسدارانيش بگرنه‌وه‌  و هيچ لێخۆشبوون و مۆڵه‌تێكيان پێ نه‌درێ و، له‌م ڕێگه‌یه‌یشه‌وه‌ به‌رده‌وام ئابووريى ئێران لاواز و كزتر ده‌بێ. له‌ هه‌مان كاتدا به‌كارهێنانى هێز پێويسته،‌ ئه‌گه‌ر ئێران به‌رده‌وام بێ له‌ په‌لاماردانى تانكه‌ره‌كانى نه‌وت يان ئه‌گه‌ر په‌لامارى درۆنه‌كانى ئه‌مريكا له‌ كه‌نداو بدا. له‌ جياتى لێدانى ڕاسته‌وخۆى ئێران، ئه‌مريكا ده‌بێ پێگه‌ سه‌ربازى و وه‌كيله‌كانى له‌ عێراق و سووريا له‌ناو ببا و ئه‌مريكا ده‌توانێ ئه‌مه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ جێبه‌جێ بكا؛ هه‌روا ئه‌گه‌ر پێويستيش بكا، هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌توانن له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ى كورد و زه‌بره‌ ئاسمانییه‌كانى ئيسڕائيلدا، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن.

 ڕێگه‌نه‌دان به‌ ئێران كه‌ قه‌ڵغانێك له‌ نزيكى سنووره‌كانى خۆى دروست بكا، بنكه‌كانى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانه‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌پارێزێ. لێ هه‌روا سه‌ركردايه‌تيى ئێرانيش ناچار ده‌كا دان به‌وه‌دا بنێ كه‌ هيچ ناوچه‌يه‌كى تامپۆن نييه‌ خۆى پێ له‌ هێرش و په‌لامارى ده‌ره‌كى بپارێزێ. ترس و تۆقين له‌ هێرش و په‌لامارێكى سوپاى زۆر باڵاده‌ستى ئه‌مريكى- له‌وانه‌يه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ديكه‌دا- له ‌ته‌ك ئابوورييه‌كى كز و لاواز [ى ئێرانى]، له‌وانه‌يه‌ به‌س بن كه‌ ئايه‌توڵڵا عه‌لى خامنه‌يى ناچار بكه‌ن وه‌كوو  "ئايه‌توڵلا خومه‌ينى"، "پياڵه‌ى ژه‌هر" بنۆشێ و بخواته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌مريكادا بۆ ڕێككه‌وتن و سه‌ودايه‌كى باشتر، بكه‌وێته‌ دانوستاندنه‌وه‌.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples