نووسینی: حه‌مید مالك
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: ئێحسان نه‌زه‌ت مسته‌فا
پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، گرنگیی زیاتر به په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی نه‌جه‌ف بدات؛ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌وا گرووپه پشتیوانه‌كانی سیستانی به زه‌بری هێز له دژی ئێران ده‌وه‌ستن؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره باوه ده‌كرێنه‌وه كه ئایا كێ به‌رده‌وامی به په‌یامه‌كه‌ی ئه‌و ده‌دات.
له 13ی ئابدا، حه‌مید ئه‌لیاسری، سه‌رۆكی میلیشیا‌كانی عێراق ڕه‌خنه‌یه‌كی توندی جه‌ماوه‌ریی ئاراسته‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی سه‌ر به ئێران كرد كه‌وا چالاكی له عێراقدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن و، ئه‌وانی تۆمه‌تبار كرد به كوشتنی خۆپێشانده‌ره ئاشتیخوازه‌كان و دزینی سه‌روه‌تی میلله‌ت به ناوی ئیسلامی شیعه‌وه. تایبه‌تمه‌ندی و به‌هێزیی وتاره‌كه‌یش له‌وه‌دا بوو كه‌وا له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینیی خاوه‌ن پێگه‌وه درابوو، كه سه‌ر به ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی-كه‌سا‌یه‌تیی هه‌ره باڵای شیعه له عێراق- بوو. ئه‌م جۆره وتارانه نیشانه‌یه‌كی ڕوونی زیادبوونی بۆشایییه له نێوان میلشییاكانی سه‌ر به ئێران و ئه‌و لیوا پله‌دارانه‌ی له‌ناو حه‌شدی شه‌عبیدا كه سه‌ر به سیستانین؛ درزێك كه‌وا ده‌توانێت هێزی سیاسی و شه‌رعییه‌تی ناوخۆی لایه‌نگرانی تاران له‌ناو ببات. تێگه‌یشتن له‌م لاوازییه، كلیلێكه بۆ چاوپێخشاندنی هه‌ر ستراتیژییه‌ك كه ئامانجیان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی میلیشیا كێشه‌خوڵقێنه‌كانی عێراق بێت.
بۆچی وتاره‌كه‌ی یاسری، ڕه‌هه‌ندێكی فراوانتری هه‌یه
وتاره‌كه‌ی مانگی ئاب، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه هزرییه به‌رفراوانه‌یه كه ئێستا له‌ناو كۆمه‌ڵگه شیعییه‌كاندا له عێراق و شوێنه‌كانی تر به‌رپا ده‌كرێت. له لایه‌كه‌وه قوتابخانه‌ی میلیشیایی و سیاسیی شیعی له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن كه ئه‌و میلیشیایانه‌یش زیاتر مه‌یلیان بۆ پره‌نسیپه هزرییه‌كان و سنووربه‌زاندنی وڵاتانی تر هه‌یه نه‌ك سه‌روه‌رییه نیشتمانییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی تێیدا ده‌ژین. له لایه‌كی تریشه‌وه قوتابخانه‌ی شیعه‌ی ناسیاسی، كه‌وا له‌لایه‌ن سیستانییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و له شاری پیرۆزی نه‌جه‌ف وه‌ك مه‌رجه‌عی ئه‌علا (كه باڵاترین سه‌رچاوه‌یه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان) و، كاریگه‌ریی خۆیشی هه‌یه.
یاسری گوته‌بێژی سیستانی نییه، بۆیه كه‌سێك ناتوانێت ئه‌مه به لێدوانی ڕاسته‌وخۆی ئایه‌توڵڵا له قه‌ڵه‌م بدات؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌م كه‌سه كه‌سێكی باوه‌ڕپێكراو و گرنگی سیستانییه. سیستانی سه‌دان كه‌سی كاربه‌ده‌ستی باوه‌ڕپێكراوی هه‌یه كه‌وا به‌رپرسن له ئه‌ركه ناوخۆیییه‌كانی وه‌ك ته‌رخانكردن و كۆكردنه‌وه‌ی باجه ئیسلامییه‌كان. یاسری كه‌سێكی دیاره له‌نێو كه‌ساسه‌تییه‌كانی سه‌ر به سیستانی و وه‌ك فه‌رمانده‌ی ئه‌نسار ئه‌لمه‌رجه‌عییه خزمه‌ت ده‌كات و لیوای (44)ه‌میشه له حه‌شدی شه‌عبی، كه حه‌شدی شه‌عبی یه‌كێكه له چواره‌مین میلیشیا‌كانی سه‌ر به سیستانی. هه‌رچه‌نده ئه‌م "یه‌كه مه‌زارگه‌یییانه" (عه‌ته‌بات) به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌شێكن له حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه كه گوێڕایه‌ڵی ئه‌و فه‌رمانانه بن كه له‌لایه‌ن ئه‌و یه‌كه چه‌كدارانه‌ی ناو حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ده‌رده‌چن؛ ئه‌و یه‌كه چه‌كدارانه‌ی كه هه‌ر له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئێراندان و له ڕواڵه‌تیشدا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان به‌پێی ڕێنمایییه‌كانی سوپای عێراق ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، وه‌ك به‌شێك له بازنه‌ی سیستانی، كه‌سانی وه‌ك یاسری، هێڵی سووری خۆیان ده‌زانن و نایشیان به‌زێنن. له‌به‌ر ئه‌وه جێی خۆیه‌تی كه بڵێین ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یامه‌ی یاسری گه‌یاندی له دژی گرووپه میلیشیا‌كانی سه‌ر به ئێران، ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی لای ئایه‌توڵڵا په‌سه‌نده.
كار و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م دوایییانه‌ی میلشیا‌كانی سه‌ر به سیستانی به‌باشی ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه؛ بۆ نموونه كاتێك حه‌شدی شه‌عبی له مانگی حوزه‌یران له دیاله نمایشێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازیی ئه‌نجام دا، یه‌كه‌كانی مه‌زارگه ڕه‌تیان كرده‌وه به‌شداری له‌م نمایشه‌دا بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای داوه‌تكردنیان له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه.
شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌كه و تۆنی وتاری یاسری
به قسه‌كردن له به‌رده‌م سه‌دان شیعه‌ی ماته‌مگێڕ له باشووری شارۆچكه‌ی ڕومه‌یه به بۆنه‌ی مانگی پیرۆزی موحه‌ڕه‌م، یاسری زۆربه‌ی وتاره‌كه‌ی خۆی-مانگی ئاب- ته‌رخان كرد بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردنێكی توندئامێز دژی گرووپه میلیشیا‌كانی سه‌ر به ئێران. یه‌كێك له په‌یامه ناوه‌ندییه‌كانی، باسكردن بوو له گرنگیی وه‌فاداری بۆ عێراق و گوتی: "ئێمه له "ئیمام حوسێن"ه‌وه فێر بووین كه‌وا ببینه هاونیشتمانیی وڵاتێك، به‌ڵام وه‌فاداری بۆ وڵاتێكی تر خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه. ئه‌مه فیڵێكی گه‌وره و له‌خشته‌بردنێكی زه‌قه." ئه‌م بابه‌ته بابه‌تێكی هه‌ستیاره بۆ ئه‌ندامه عێراقییه‌كانی ناو گرووپه مه‌یلخوازه‌كانی سه‌ر به تاران، به‌و پێیه‌ی زۆرێك له هاووڵاتیانیان، ئه‌وان به خائین له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها یاسری به‌رده‌وام بوو و گوتی: "وه‌رگرتنی ڕێنمایی و ئامۆژگاری له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان، ئایدیۆلۆژیای ئیمام حوسێن نییه... ئێمه ئه‌م جۆره لایه‌نگیری و وه‌فادارییانه ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و به ده‌نگێكی به‌رزه‌وه و به‌بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ هاوار ده‌كه‌ین: ئه‌وه‌ی وه‌فاداریی بۆ وڵاتێكی تر هه‌بێت ئه‌وا خائینه."
له ڕاستیدا وتاره‌كه‌ی، زیاتر نیشاندانی تۆنی تووڕه‌ییی ئه‌و بوو وه‌ك له ده‌ربڕینی خودی ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه. ئه‌و به شێوازێك وه‌سفی گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێرانی كرد، كه‌وا پێشنیاری كرد ئه‌وان له ڕێبازی ڕاسته‌قینه‌ی شیعه وه‌لا بنرێن و له میراتی ئیسلامی شیعی بێبه‌ش بكرێن. ئه‌و گوتی: "ئایینه‌كه‌مان وه‌ك ئایینی ئه‌وان نییه، ئیسلامه‌كه‌یشمان وه‌ك ئیسلامی ئه‌وان نییه. ئه‌و حوسێنه‌ی ئێستا ئێمه به‌ره‌و گۆڕه‌كه‌ی ده‌چین، جیاوازه له‌و حوسێنه‌ی ئه‌وان باوه‌ڕیان پێ هێناوه. ئه‌و حوسێنه‌ی، ئێمه به دوای كه‌وتووین، كوڕی عه‌لی (ئیمامی یه‌كه‌می شیعه) و فاتیمه (كچی موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ر)ه، كه‌چی ئه‌و حوسێنه‌ی ئه‌وان به دوای كه‌وتوون كوڕی شیمر و جگه‌رخۆره (له مێژووناسیی شیعه‌دا، شیمر ئه‌و فه‌رمانده‌یه بوو كه‌وا له ساڵی 860ی پاش زایین ئیمام حوسێنی سه‌ر بڕی)؛ "جگه‌رخۆر"یش داپیری ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه بوو كه فه‌رمانی كوشتنی حوسێنی دا و ناویشی هیند كچی عوتبه بوو. له‌به‌ر ئه‌وه ناوی نرا جگه‌رخۆر، گوایه ئه‌و جگه‌ری حوسێن، مامه كوژراوه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر موحه‌مه‌دی ده‌رهێناوه و گه‌ز ی لێ داوه كه ئه‌م ڕووداوه‌یش دوای شه‌ڕی ئوحد بوو له ساڵی 625ی پاش زایین. به واتایه‌كی تر، یاسری میلیشیا‌كانی سه‌ر به ئێرانی به دوژمنی دێرینی ئیسلامی شیعه ناساند؛ ده‌كرێ ئه‌م په‌یامه‌یش بۆ شه‌رعییه‌تی ئایینی‌یان زۆر زیانبه‌خش بێت، كاتێك په‌یامه‌كه له كه‌سێكی نزیكی سیستانییه‌وه ئاراسته كرابێت.
كشاندنه‌دواوه‌ی تاران هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌لایه‌ن سیستانییه‌وه
بیروباوه‌ڕی شیعه‌كان به‌ته‌واوه‌تی به زه‌بری هێز له‌گه‌ڵ چه‌مكه مۆدێرنه‌كانی نه‌ته‌وه و سه‌روه‌ریدا ده‌گونجێت. وتاره‌كه‌ی یاسری په‌له‌كردنه له ئایدیۆلۆژیایه‌ك كه‌وا ئه‌وه سیستانی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه پڕۆپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كات. كاتێك نوێنه‌ری فه‌رمیی سیستانی، ئه‌حمه‌د ئه‌لسافی، له لێدوانێكی به‌ناوبانگی مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020دا ڕای گه‌یاند و گوتی: "ده‌بێت عێراق خۆی خاوه‌نی خۆی بێت و له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی خۆیه‌وه به‌ڕێوه ببردرێت؛ نابێت بێگانه‌كان هیچ ڕۆڵێكیان له بڕیاره‌كاندا هه‌بێت." خه‌بات بۆ پێشخستنی ئه‌م بۆچوونه‌یش هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی هه‌یه. هه‌رچه‌نده بۆ حاڵه‌تی سیستانی زۆر جار لایه‌نه ئایدیۆلۆژییه‌كه‌ی له‌پێش لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌یه، چونكه ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینییه و شه‌رعییه‌ته‌كه‌ی پشت به چاودێریكردنی ئه‌و كێشانه به ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی زاراوه هزرییه گه‌وره‌كان ده‌به‌ستێت.
ڕێگه‌یه‌كی تر كه سیستانی تێیدا دووپاتی گرنگیی ڕێزگرتنی سه‌روه‌ریی وڵات ده‌كاته‌وه، بریتییه له پاڵپێوه‌نانی شیعه بۆ یه‌كگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی پێی ده‌ڵێن نیشتمان؛ جا چ عێراق بێت یان وڵاتێكی تر. وه‌ك حه‌مید خه‌فافی، نوێنه‌ری سیستانی له لوبنان له ڤیدیۆیه‌كی خۆیدا له مانگی ئه‌یلوولی 2015دا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه سیستانی به‌پێویستی ده‌زانێت شیعه له‌گه‌ڵ یه‌كتر ئاوێته ببن، جا له هه‌ر وڵاتێك بن. ئه‌و خه‌ڵكی شیاوی بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری شیعه‌كان دانا‌وه؛ ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆیه به كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌و داموده‌زگه ئایینییانه‌ی له‌لایه‌ن سیستانییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، هه‌مان جۆره په‌یامیان هه‌یه. بۆ نموونه له مانگی ئاداری ساڵی 2019دا، دامه‌زراوه‌ی مه‌زارگه‌ی ئیمام حوسێن كۆنفڕانسێكی له‌ژێر ناونیشانی "دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی له ڕوانگه‌ی ئیسلامییه‌وه" كرد، كه ئه‌جێنداكه‌ی جه‌خت ده‌كاته سه‌ر تاوتوێكردنی سیسته‌مه سیاسییه عه‌لمانییه‌كان له دیدگه‌یه‌كی ئایینییه‌وه.
ئه‌م جۆره تێڕوانینانه به‌ته‌واوی دژی شۆڕشی جیهانبینیی شیعه‌یه كه له‌لایه‌ن ڕژێمی ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌كرێت؛ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یشی له "ویلایه‌تی فه‌قیھ"ه‌وه هاتووه، واته پارێزگاریكردنی فیقھ، كه ئه‌م شوێنه‌یش، شوێنی سه‌ركرده‌ی باڵا "عه‌لی خامه‌نه‌یی"یه و، خامه‌نه‌ییش له سه‌رووی گشت به‌رپرسه هه‌ڵبژێردراوه‌كانی تری ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه له ناوه و ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا. بۆیه كۆنترۆڵكردنی نه‌جه‌ف و قوتابخانه‌كانی یاخود به لایه‌نی كه‌م په‌راوێزخستنیان، مه‌رجێكه بۆ هه‌ر ئێرانییه‌ك كه‌وا ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی عێراقی پێ بسپێردرێت. هه‌تاكوو سیستانی مابێت و سه‌لامه‌ت بێت، ئه‌م سیناریۆیه ڕوو نادات. گه‌رچی سیستانی ته‌مه‌نی 91 ساڵه، به‌پێی نه‌ریته‌كانی نه‌جه‌ف هه‌ر له دوای مردنی جێگره‌وه‌ی بۆ داده‌نرێت، به‌ڵام ڕه‌نگه چه‌ند مانگێك یان ساڵێك بخایه‌نێت. بۆیه ڕه‌نگه ئێران و لایه‌نگرانی، ئه‌و ماوه‌یه وه‌ك ده‌رفه‌تێك یان بۆ دانانی ئه‌و مه‌رجه‌عه‌ی ئه‌وان پێیان باشه، یانیش بۆ دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی له نه‌جه‌ف، بقۆزنه‌وه، ئه‌ویش بۆ نه‌هێشتنی گه‌وره‌یی و كاریگه‌ریی شاره‌كه.
له كرداریترین ڕووه‌وه یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ریان له سه‌ركردایه‌تیی میلیشیا‌كانی عێراق شێواندووه؛ له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی میلیشیا‌كان له ساڵی 2003وه، زۆربه‌ی یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی لایه‌نگری ئێرانن كه به شێوه‌یه‌كی نابه‌جێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌كانی مه‌زارگه‌ی سه‌ر به سیستانی ده‌كه‌ن. به گاڵته‌كردن به ڕێنمایییه‌كانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و یه‌كخستنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌ی ناچنه ژێر ڕكێفی تارانه‌وه، وای كردووه كه قوتابخانه‌ی نه‌جه‌ف، سیستانی، سوپای نیشتمانی و یه‌كه‌كانی مه‌زارگه هه‌وڵ بده‌ن خۆیان له هه‌ر پلانێكی لایه‌نگرانی ئێران و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی عێراق لا بده‌ن؛ هه‌روه‌ك چۆن حزبوڵڵا ده‌ستی به‌سه‌ر لوبناندا گرتووه. به‌هۆی بوونی پێشڤه‌چوونی زیاتر، ئه‌م یه‌كانه و پێداگرانی تری سه‌روه‌ریی عێراق، نموونه‌یش وه‌ك یاسری، ده‌توانن ڕۆڵێكی گرنگ له پڕۆسه‌ی ئاشتییانه‌ی گواستنه‌وه و پارێزگاریكردنی فه‌رمانه‌كانی نه‌جه‌ف بگێڕن، له‌و كاته‌ی كه‌وا كاتی دانانی مه‌رجه‌ع هات.
ڕاسپارده سیاسییه‌كان
ده‌بێت واشنتن و یاریزانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تر له كاتی بوونی مشتومڕی ئایینی له نێوان یه‌كه جیاوازه‌كانی شیعه‌دا، خۆیان به‌دوور بگرن. هه‌رچه‌نده ده‌سته ده‌ره‌كییه‌كان پێیان وایه ئه‌وان له‌وێن و پێیان وایه ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی بێگانه‌یش ده‌بێته مایه‌ی تێكچوونی پێشكه‌وتنه ناوخۆیییه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هێشتا پشتیوانانی وڵات ده‌توانن پێوه‌ری ناڕاسته‌وخۆ بۆ به‌هێزكردنی هه‌و‌ڵه‌كانی شوێنكه‌وتووانی سیستانی دابنێن.
پشتگیریی ناڕاسته‌وخۆی یه‌كه‌كانی مه‌زارگه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگرییه‌وه: وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ كرا، ئێستا یه‌كه‌كانی مه‌زارگه له ڕووی كردارییه‌وه زیاتر به سوپای عێراقه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه نه‌ك به یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ر به ئێران. بۆ نموونه ئه‌م یه‌كانه ڕێنمایی له سوپا وه‌رده‌گرن و جارجاریش له‌گه‌ڵ سوپای عێراق له ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شدا به‌شدار ده‌بن. به‌و پێیه‌یش پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هانی هێزه ئه‌منییه‌كان و حكوومه‌تی عێراق بدات بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌كانی مه‌زارگه و یارمه‌تیدانیان، بۆ ئه‌وه‌ی توانا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان زیاد بكه‌ن.
گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مه‌ودای په‌خش و تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ربه‌لا: له مانگی ته‌مووزدا، وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا 33 شه‌پۆڵی ڕاگرت كه له‌لایه‌ن كه‌ناڵه‌كانی میدیاییی سه‌ر به یه‌كێتیی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی ئیسلامیی ئێران بوون و یه‌كێكیش له‌و ده‌رچه میدیایییانه ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ربه‌لا بوو كه ئه‌م كه‌ناڵه هی دامه‌زراوه‌ی مه‌زارگه‌ی ئیمام حوسێن و سه‌ر به سیستانیش بوو. ئه‌مه كارێكی ناپێویست بوو كه كرا، دژی ده‌رچه‌یه‌ك كه‌وا به هیچ جۆرێك دوژمنایه‌تیی به‌رامبه‌ر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان نیشان نه‌داوه.
زیاتر له نزیكه‌وه سیاسه‌ته‌كانی نه‌جه‌ف په‌یڕه‌و بكه‌ن: سه‌ره‌ڕای نه‌هێشتنی ئه‌و پێوه‌ره نادروستانه‌ی بوونه‌ته هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنی ناپێویست له‌گه‌ڵ نه‌جه‌ف، پێویسته ئیداره‌ی بایدن زۆر زیاتر له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی سه‌ر به سیستانی ئاشنا بێت؛ به لایه‌نی كه‌م به دوای پێشڤه‌چوونه سیاسی و ئایینییه‌كانی ناوخۆی شیعه‌دا بچێت كه ئه‌مه‌یش یارمه‌تیی واشنتن ده‌دات خۆی له‌و ناكۆكییانه له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكهاتانه لا بدات كه هه‌ڵگری هه‌مان ئامانجی ئه‌مریكان، ئه‌ویش به هێشتنه‌وه‌ی عێراقییه‌كان وه‌ك به‌رپرس له عێراقێكی سه‌قامگیر و خاوه‌ن سه‌روه‌ری.
سه‌رچاوه:
https://www.washingtoninstitute.org