چوونی سوپای تورکیا بۆ باکووری سووریا، وه‌رچه‌خانه‌ له ‌جه‌نگی دژ به‌‌ داعش

2016-09-03

چوونی سوپای تورکیا بۆ باکووری سووریا، وه‌رچه‌خانه‌ له ‌جه‌نگی دژ به‌‌ داعش

 

جنێڤه‌ر که‌فه‌رێلا- ئینستیتیوتی لێکۆڵینه‌وه‌ی شه‌ڕ

تورکیا هاوپه‌یمانێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایه‌ له جه‌نگی دژ به‌ داعش له‌ باکووری سووریا، تا له‌و نه‌خشه‌یه‌ی کە بۆ سووریا داڕێژراوه‌ شوێنی خۆی وه‌ک هێزی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بگرێ. ده‌ربازبوونی سوپای تورکیا بۆ باکووری سووریا له‌ ٢٤ی ئاب و به‌شداریکردن له‌ هێرشی قه‌ڵغانی فورات، وه‌رچه‌رخان بووه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و تورکیادا. ماوه‌یه‌ک بوو‌ ئه‌مریکا داوای له‌ تورکیا ده‌کرد له‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش، ڕوڵی زیاتر بگێڕێ. جگه‌ له‌وه‌، شه‌ڕی قه‌ڵغانی فورات، ڕاگرتنی فراوانبووونی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردیشه‌.

له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌مریکا داوای له‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ کردووه‌ که‌ بکشێنه‌وه‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر داوای تورکیا بووه‌. تورکیا پشتیوانیی ئه‌و گرووپانه‌ ده‌کات که‌ متمانه‌ی پێیانه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ په‌راوێز ده‌خات که‌ له‌ یه‌په‌گه‌وه نزیکن‌، ئه‌مه‌یش وای کردووه‌ شه‌ڕ له ‌نێوان ئه‌و گرووپانه‌دا‌ دروست ببێ که‌ له‌ لایه‌ن تورکیا و ئه‌مریکاوه‌ پشتیوانی ده‌کرێن.

ئه‌مه‌یش وای کرد سوپای سووریای دیموکراتی، که‌ یه‌په‌گه‌ سه‌رپه‌رشتیی ده‌کات، له‌گه‌ڵ تورکیا و ئه‌و گرووپانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا که‌ تورکیا پشتیوانییان ده‌کات بکه‌وێته ‌شه‌ڕه‌وه‌. له‌ هه‌مان کاتدا، نه‌یارانی یه‌په‌گه‌یش - ئه‌وانه‌ی دژی ده‌سه‌ڵاتی فراوانخوازیی یه‌په‌گه‌ن - به‌ هه‌لیان زانی و له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ که‌وتنه‌ شه‌ڕ، به‌تایبه‌تی له‌ شاری مه‌نبیج، عه‌ره‌به‌کان دژ به‌ یه‌په‌گه‌ وه‌ستانه‌وه‌. له‌ ڕۆژی ٣٠ ی ئاب باس له‌ ئاگربه‌ستێک له‌ نێوان هه‌ردوو لا کرا. له‌وانه‌یه‌ تورکیا ئه‌م به‌رگرییه‌ ناوخۆیییه‌ له‌ مه‌نبیج، که‌ له‌ باشووری جه‌رابلوس و باکووری ڕه‌ققه‌یه‌ بقۆزێته‌وه‌ و وا بکات له‌و شاره‌ جێی یه‌په‌گه‌، به‌ هێزی تری دژی یه‌په‌گه‌ پڕ بكرێته‌وه‌‌.

کاتێک که‌ سوپای تورکیا به‌ هاوکاریی نزیکه‌ی ٥ هه‌زار چه‌کداری ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێرشی كرده‌ سه‌ر شاری جه‌رابلووس، چه‌کدارانی داعش به‌رگرییه‌کی زۆر که‌میان کرد. به‌ڵکو به‌ره‌و باشووری ڕۆژئاوای وڵاته‌که،‌ به‌ره‌و شاری "ئه‌لباب" کشانه‌وه‌. چه‌کدارانی یه‌په‌گه‌، وه‌ک داگیرکه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ سوپای تورکیا و گرووپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی سووریا، که‌ هاوکاری سوپای تورک بوون، کرد، به‌ڵام سوپای تورکیا زیاتر هانی ئه‌وه‌ی دا که‌ زۆر ڕاشکاوانه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌په‌گه‌ ببێته‌وه‌. ئۆپۆزسیۆنه‌ سوننه‌کان له‌ مه‌نبیج و ڕه‌ققه‌ به‌یاننه‌مه‌یان دژی یه‌په‌گه،‌ که‌ خۆی له‌ سوپای دیموکراتی سووریادا ده‌بینێته‌وه‌، ده‌رکرد. ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی شاری جه‌رابلوسیش له ‌ده‌ورووبه‌ری حه‌له‌ب، له‌ هێرشه‌کانی دژی تورکیا و دۆسته‌کانی به‌رده‌وام بوو. ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی سوپای سووریای دیموکرات-یه‌په‌گه، ‌پشتیوانیی خۆی بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی جه‌رابلووس،  دژی تورکیا و به‌ره‌که‌ی ڕاگه‌یاند.‌

له‌ ٢٧ی ئاب و له‌ ٨ی ئابیشدا ئه‌نجوومه‌نی هۆزه‌کان و پیاوماقووڵان له‌ مه‌نبیج، پشتیوانیی بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی جه‌رابلووس ڕاگه‌یاند. له‌و کاته‌دا که‌ ئه‌مریکا خه‌ریکی ئاماده‌کاری بوو بۆ شه‌ڕی ڕه‌ققه،‌ گرژیی نێوان سوپای سووریای دیموکرات و عه‌ره‌به‌ سووننه‌كان له‌ مه‌نبیج سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌. له‌و کاته‌دا سه‌رکرده‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی جه‌رابلووس، عه‌بدولستار ئه‌لجه‌دیر، تیرۆر کرا. ئه‌نجوومه‌نه‌که،‌ میتی تورکیای به‌وه‌ تۆمه‌تبار کرد و هێرشی کرده‌ سه‌ر سوپای تورکیا و هاوکاره‌ سوورییه‌کانی. فڕۆکه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیایش ئه‌نجوومه‌نی سوپای جه‌رابلووس و پێگه‌کانی یه‌په‌گه‌یان كرده‌ ئامانج. بوردۆمانێکی زۆر چڕیان کرد. دواتر هێزه‌کانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێرشه‌کانیان ده‌ست پێ کرد و ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ندین گونددا گرت.

هێرشه‌که‌ی تورکیا، به‌ ئامانجی لاوازکردنی یه‌په‌گه‌ بوو، هه‌روه‌ها له‌ سه‌ردانێکدا بۆ غازی ئه‌نتاب له‌ ڕۆژی ٢٨ی ئاب، ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆککۆماری تورکیا ڕای گه‌یاند که‌ به‌ هه‌مان تینی شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ داعش، شه‌ڕی یه‌په‌گه‌ ده‌کات. هه‌روه‌ها به‌ڵێنی به‌و سووریانه ‌دا، که‌ له‌ غازی ئه‌نتاب بوون و ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ جه‌رابلووس، هه‌موو هاوکارییه‌کیان پێشكه‌ش بکات. مه‌به‌ستی ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ بوو که‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان ده‌باته‌وه‌ جێی خۆیان، به‌مه‌یش ڕێ له‌ فراوانکاریی ده‌سه‌ڵاتی یه‌په‌گه‌ ده‌گرێ. تورکیا، کاتی خۆی له‌ مانگی نیساندا، مه‌رجی دانا كه‌ ئه‌گه‌ر هاوکاریی هێرشی سوپای سووریای دیموکرات و ئه‌مریکا بۆ مه‌نبیج بکات، ده‌بێ دوای گرتنه‌وه‌ی شاره‌که‌، هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاب شاره‌که‌ گیرایه‌وه‌، كه‌چی تا ڕۆژی ٢٤ی ئاب و ده‌ستپێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتی تورکیا، یه‌په‌گه‌ نه‌کشایه‌وه‌. جۆ بایدن له‌ ڕۆژی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا له‌ ئانكارا‌، پشتیوانیی خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ ده‌ربڕی و داوای له‌ یه‌په‌گه‌ کرد بکشێنه‌وه،‌ ئه‌گه‌ر نا، له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ هاوکاری ناکرێن. یه‌په‌گه‌یش کشانه‌وه‌ی پێ باشتر بوو له‌وه‌ی که‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ جه‌رابلووس له‌گه‌ڵ سوپای تورکیا بکه‌وێته‌ شه‌ڕ. ئه‌وه‌ بوو دواتر کشانه‌وه‌ی ته‌واوی یه‌په‌گه‌ ڕاگه‌یه‌نرا.

تورکیا به‌نیازه‌ له‌ داهاتوودا، له‌ شوێنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی مه‌نبیج، که ‌سه‌ر به‌ یه‌په‌گه‌یه‌ و‌ سوپای سووریای دیموکرات دای مه‌زراندووه‌، ئه‌نجوومه‌نه‌ کۆنه‌که‌‌، كه‌ سوپای ئازادی سووریا دای مه‌زراندبوو- ئه‌وانه‌ی له ‌به‌شار ئه‌سه‌د جیا بوونه‌ته‌وه‌، بگه‌ڕێنێته‌وه،‌ چونکه‌ له‌ ٢٠١٣ داعش ده‌ری په‌ڕاندن. ئه‌وه‌ بوو له‌ دوای هێرشه‌که‌ی تورکیا، ئه‌نجوومه‌نه‌ کۆنه‌که‌ ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ و دژایه‌تیی خۆیان بۆ یه‌په‌گه‌ ڕاگه‌یاند و ئه‌نجوومه‌نی هۆزه‌کانیش دژایه‌تیی خۆی بۆ یه‌په‌گه‌ ڕاگه‌یاند. له‌وانه‌یه‌ تورکیا، بۆ لاوازکردنی یه‌په‌گه ‌سوود له‌و دژایه‌تییانه‌ وه‌رگرێ. هه‌روه‌ها به‌رپرسانی تورکیا، ویستی خۆیان بۆ فراوانکردنی بوونی سه‌ربازیی تورکیا له‌ سووریا دووپات کرده‌وه‌.

له‌ ٣٠ی ئابدا، باسی ئه‌وه‌ کرا که ‌تورکیا و سوپای سووریای دیموکرات بۆ به‌هێزکردنی هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر داعش، گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێککه‌وتنێكی به‌ر‌فراوان. به‌ڵام تورکیا ڕه‌تی کرده‌وه‌ ڕێککه‌وتنی وا له ‌ئارادا بێ. کرده‌وه‌ی سه‌ربازیی تورکیا له‌ جه‌رابلووس، خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و تورکیادا له‌ جه‌نگی دژ به ‌داعش. کرده‌وه‌که‌ی توکیا وه‌ڵامێکیش بوو بۆ داخوازیی ئه‌مریکا له‌ تورکیا، تا به‌ هێزه‌وه‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش بکات. هه‌روه‌ها ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی جه‌رابلووس، ڕێگه‌ی خۆش کرد تا پلان بۆ ئازادیی ڕه‌ققه‌ دابنرێ و دوا پێگه‌ی داعش له‌ سووریا، که‌ به‌ سنووری تورکیاوه‌ گرێ درا بێ، له‌ داعش پاک بکرێته‌وه‌. یه‌په‌گه‌یش خۆی له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تورکیا لا داوه‌. له‌وانه‌یه‌ مانای وا بێ، ئه‌مریکا له‌ شه‌ڕی ئازادکردنی ڕه‌ققه‌ به‌شداریی پێ بکات و ئه‌مریکا پشتی به‌و عه‌ره‌به‌ سوننانه‌یش به‌ستووه‌ که‌ له‌ نێو سوپای دیموکراتی سووریادان، چونکه‌ به‌شداریی یه‌په‌گه به‌ته‌نیا، سوننه‌ عه‌ره‌به‌کان توڕه‌ ده‌کات. بۆیه‌، پێشبینی ده‌کرێ له‌ ئازادکردنی ڕه‌ققه‌دا ئۆپۆزسیۆنی سووریا، که‌ تورکیا پشتیوانییان ده‌کات، به‌ هاوکاریی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا و به‌شداریی سوپای تورکیا، ڕه‌ققه‌ ڕزگار بکه‌ن. به‌مه‌یش، تورکیا ده‌بێته‌‌ گه‌وره‌ترین یاریکه‌ری باکووری سووریا.

 

سەرچاوە

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples