ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ پلانى دابەشبوون

2016-09-04

ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ پلانى دابەشبوون

 

د. ئاندى کۆهێن

لەوە ڕاهاتووین کە لە نێوەندە عەرەبییەکاندا هەمیشە دەگوترێ زایۆنیزم بە هاوکاریى ئەمەریکا، بە مەبەستى دەستبەسەرداگرتنى سەروەت و سامانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خەریکى دابەشکردنى وڵاتە عەرەبییەکانە. ئەگەر ڕۆژنامە عەرەبییەکان ڕۆژانە بخوێنینەوە، ئێستایش بەڕوونى ئەوە دێتە بەرچاومان، واتە جارێکى تر دەیخەنەوە ئەستۆى ئیسرائیل و بە پیلانداڕێژەری دەزانن. بەڵام ئەمجارەیان گاڵتە و گەپى قەدەر وای کردووە کە عەرەبەکان خۆیان هۆکارن لە ململانێ و پارچەپارچەبوون و خراپیى ڕەوشەکەیان، کە دواجار دەبێتە هۆى دابەشبوونیان و لەدایکبوونى  چەند کیانێک لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، کە بۆ ماوەیەکى درێژى مێژوو لە داهاتوودا لە گەڵماندا دەبێت، ئەویش وەکو دەرەنجامى ئەو بارودۆخەى کە لە دروستبوونیدا، عەرەبەکان  خۆیان هۆکارن  .

یەکێک لە هۆکارەکانى بارودۆخى ئێستاى ناوچەکە، ئەو کەڵێنە گەورەیەیە کە لە ئاکامى بەهارى عەرەبى لەنێو کۆمەڵگاى عەرەبیدا، لە نێوان ئیسلامى و عەلمانییەکان، "سوننە"، حکوومەتەکان و نەتەوەپەرستەکان و ئەوانى تر دروست بوو، کە لە ئەنجامدا ناکۆکى و بەیەکدادان لە وڵاتانى عەرەبیدا بەردەوامه‌ و، بە هەموو بۆچوون و بیروِڕایەک لە نێوەندە عەرەبییەکان و جیهان و ئەوەى لە میدیاکانیشدا دەبینرێت، ناوچەکە بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێت. گەرچى ئەستەمە لەوە دڵنیا بین، چونکە پێشبینییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەکو مەتەڵى یاریى  لێ هاتووە، ئاسان نییە بزانیت بەرەو کوێ دەڕوا و ناوچەکە و ئایندەکەیشى بووەتە مەتەڵ و یاری .

با لە میسرەوە دەست پێ بکەین. بە لابردنى "موحه‌مه‌د مورسى" ڕژێمێکى دیکتاتۆرى هاتە ئاراوە، کە بووەتە مایەى بەریەکەوتنى ئیخوانەکان و دامودەزگاکانى وڵات و، دواجار ململانێکان بە زەرەرى کەمینەکان و هەژارانى وەکو قیبتییەکان و خەڵکى نەدار تەواو دەبێت، هەر ئەوانیش دواجار باجى ڕەگەزپەرستى و قین دەدەن. ئەوەى ئێستا دەبینرێت، میسر بەرەو گۆڕانکاریى گەورە دەبات. دەبینین لە سینا، ڕاگواستنێکى ڕوون و ئاشکرا، بە هاندانى دام و دەزگا شەرعییەکانى میسر لە ئارادایە. بە ڕۆژى ڕووناک، ئەوانەى میسریى ئەسڵى و ڕەسەنن، لە نیمچە دوورگەى سیناوه‌ بۆ ناو میسر ڕادەگوێزرێن. لە سینا، شتێک نابینرێت گوزارشت لە سەروەریى وڵات بکات. ئەوەى حوکم دەکات، تەنیا ئەو ناوچەیە بووەتە ناوچەیەکى سەربازى و، دوو کیان لەو ناوچەیە هەن ئەوانیش ویلایەتى سینا و لایەنگرانى ڕێکخراوى "بیت المقدس"ن. پێ دەچێت میسر لە پێناو فەلەستین، وازى لە نیمچە دوورگەى سینا هێنابێت و کۆچى قیبتییەکانیش بۆ ڕۆژئاواى میسر دەستى پێ کردووە؛ ئەویش بە کڕینى خانوو و زەوى و زار لە ناوچەى "مرسى متروح" لە ڕۆژئاواوە .

لیبیایش بۆ سێ کیان دابەش دەبێت: لە ڕۆژئاوا ئەوانەى شۆڕشى 17ى شوباتیان لە دژى قەزافى بەرپا کرد، کۆنترۆلى ئەو ناوچانەیان کردووە. لە ڕۆژهەڵاتى وڵاتیش ژەنەراڵ "خلیفە خفتر"، کە لە دژى ئیسلامییە توندڕۆکان دەجەنگێت حوکمى ئەو ناوچانە دەکات. لە باشووریش عەشیرەت و هۆزەکان باڵادەستن و، دەوڵەتى هۆز و عەشیرەت دروست دەبێت .

لوبنان، بەکردەوە دابەش بووە و ئیفلیج بووە و ئێران بە هاوکاریى حیزبوڵڵا ڕێگا نادات سەرۆکێکى مەسیحیى مارۆنى، کە جێگاى ڕەزامەندى و قبووڵى هەموو لایەک بێت هه‌ڵبژێردرێ، کەچى وا دخوازرێ باشوور بۆ حوکمى حیزبووڵڵا بێت و درووزییەکان لە چیاکان خۆیان حوکمى خۆیان بکەن، هەروەکو سەدان ساڵە بەم شێوەیەن. لە ڕۆژهەڵاتى بەیروت تا تەرابلووس مەسیحییەکان تێیدا باڵادەست بن. هەرچى تەرابلووس و بەشى زۆرى بەیروتى پایتەختە، لەژێر دەسەڵاتى سووننەدایە. لە سووریایش عەلەوییەکان و لایەنگرانیان لە شیعەکان، لە تەرسووس دەوڵەتى خۆیان دروست دەکەن و سوننەکانیش لە حه‌له‌ب وڵاتێک ڕادەگەیەنن و لە باکوورى قامشلۆیش کیانێکى کوردى دێتە ئاراوه‌، کە لە ڕووى سیاسى و جوگرافییەوە لەگەڵ کۆمارى کوردستان، بەیەکەوه‌ گرێ دەدرێن .

دوا بە دواى ڕووخانى ڕژێمى سەدام حوسێن و دەرچوونى ئەمەریکا لە عێراق، ململانێى سوننە و شیعە بەڕوونى دەرکەوت، به‌وه‌ی ئێرانییەکان پشتیوانییان لە شیعە کرد، لە باکوورى عێراقیش واتە هەرێمى کوردستان– هەولێر، "کۆمارى کوردستان" دادەمەزرێت، لە باشووریش لە شارى بەسرە دەوڵەتى شیعە پەیدا دەبێت، هەرچى سووننەیە، بەغداى پایتەخت و موسڵ و فەللوجە کیانەکەیان دەبێت .

سوودان و یەمەن دوو وڵاتی دێرینن و ئێستایش جارێکى تر دابەش دەبنەوە. لە باشوورى سوودان دەوڵەتى باشوورى سوودان دروست بوو، کە پایتەختەکەى جۆبایە و، باکووریش لەژێر دەسەڵاتی "عومه‌ر بەشیر" ماوەتەوە و پێشبینى دەکرێت دەوڵەتى سێیەمیش لە دارفۆر لەدایک ببێت .

هەرچى یەمەنە، دەیان ساڵ پێش ئێستا دابەش ببوو، کەچى لە 1990 جارێکى تر یەکی گرتەوە. ئێستا دواى سەرنەکەوتنى شۆڕشى یەمەن، حوسییەکان بە پشتیوانیى ئێران ئەوەیان قۆستەوە و لە هەوڵى دامەزراندنى دەوڵەتێکى شیعەن لە باشوور. هەرچى سووننەکانن لە باکوور، لە نزیک سعوودیه‌ کیانى خۆیان بەڕێوە دەبەن کە لە جه‌نگی حوسییەکاندا پشتیوانیى ئەوانن .ئەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەى کە بیست ساڵ بەر لە ئەمڕۆ پێشبینیمان دەکرد، ئەوە نییە ئەمڕۆ دەیبینین و، واقعیش سەلماندى کە سەقامگیرى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا مەحاڵە .

اسرائیل الیوم 31 / 8 / 2016

 

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کەفی عەبدوڵڵا

سەرچاوە:

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples