عەرەب و کەمینەکان؛ کورد وەک نموونەیەک

2016-09-08

عەرەب و کەمینەکان؛ کورد وەک نموونەیەک                

 

عیماد شقور *

هەروەکو زۆربەى وڵاتانى جیهان، لە وڵاتە عەرەبییەکانیش کەمینەکان هه‌ن، کە ئەوه‌یش لە بنەڕەتدا یەکێکە لە هۆکارەکانى هێز و تواناى ئەو وڵاتانە.  ئەوه‌یش لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە پێکەوەژیان و پێكه‌وه‌هەڵکردن لە نێوان زۆرینە و کەمینە لە نێو کۆمەڵگەى عەرەبیدا، ئەگەر ناکۆکى و ململانێى تایەفى و نەتەوەییش لە نێوانیاندا هەبێت کەچى بەیەکەوە ژیان و بە درێژایى مێژوو تەبایى لە نێوانیاندا هەبووە ، ئەمڕۆ بەڕوونى لە جیهانى عەرەبیدا دەبینرێت کە چ ناکۆکى و تەقینەوەى خوێناوى، بوونى هەیە، کە هەموو لایەک به‌ زۆرینە و کەمینە تێیدا دۆڕاون. بەڵام دۆڕاوى سەرەکى،  زۆرینەى عەرەبى سوننەیە. چونکە جگە لە ماڵ و خوێن، عەرەبى سوننە ئەو باڵادەستییه‌یش دەدۆڕێنێت کە ساڵانێکى زۆرە شانازیى پێوە دەکات  و کەمینەکانیش ڕاهاتبوون و قبووڵیشیان بوو.

هۆکارى سەرەکیى ئەو دۆڕانەى وڵاتانى عەرەبیش، ئەو سیاسەتە ناحەکیمانە و ناعادیلانەیه‌یە  کە لە بەرامبەر کەمینەکاندا پیادەى دەکەن. ئەو سیاسەتە چەوتانه‌یش وای کرد کە چینایەتى و ناعەداڵەتییەکى زۆر لە نێوان پێکهاتەکان دروست ببێت و، لە ئەنجامدا لە لایەن کەمینەکانه‌وه‌ هەست بە زوڵم و زۆردارى و زەوتکردنى مافەکانیان بکرێت، کە بووەتە مایەى ئەوەى ئەمڕوکە کۆمەڵگەى عەرەبى بتەقێتەوە و ڕۆژانە خوێن بڕژێت، کە ڕۆژانە لە کەناڵە ئاسمانییەکان دیمەنەکان دەبینین .

 لێرەدا، کاتى ئەوە نییە بەقووڵایى و بەوردى بچمە نێو ئەو پەیوەندییانە و پرسى کەمینەکان لە جیهانى عەرەبیدا، بەڵکوو دەمەوێت لە پەیوەندیى عەرەب و کورد ورد ببمەوە و بیکەمە نموونە بۆ هەموو کەمینەکانى ترى وەکو  شیعە لە وڵاتانى عەرەبى و، ئەمازیغ لە وڵاتانى باکوورى ئەفریقا و تەوارق  و کەمینە ڕەشپێستەکان و  کەمینە ئایینى و ئیتنییەکانى وەکو  ئەرمەن و چەرکەس و ئەوانى تر، سەرەڕاى کەمینەى مەسیحى و جوولەکە؛ کە تاوەکو ئێستا لە هەندێک وڵاتى عەرەبیدا بە تەباییى لەگەڵ سوننە لە مەغریب و بەحرێن بەئاسوودەیى دەژین هەتاوەکو کار گەیشتە ئەوەى کە خانمێکى  جوولەکەى وەکو "هودا عەزرا نونو" ببێتە باڵیۆزى بەحرێن لە واشنتۆن و لە کۆشکى پاشایەتى مەغریبیش دەیان ڕاوێژکار و یاریدەدەرى پادشاى مەغریب دەبینرێن، کە جوولەکەن .

لێرەدا زۆر بەڕوونى گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەى کە سوننەى عەرەب، زۆر باش هەست بە زۆرینەى خۆیان دەکەن بەڵام نایانەوێت بزانن کە کەمینە لە نێویاندا هەن و هەستیان پێ بکەن. لێرەیشه‌وه‌ باش بۆم دەرکەوت کە لە نێوان زایۆنیزم و نەتەوەپەرستیى عەرەبی، لە بەرامبەر کەمینەکانى ناو وڵاتانى عەرەبیدا هیچ جیاوازییەک نابینم، کەچى ئێمەى عەرەب، هەردەم دژ و گلەیى لە زایۆنیزم دەکەین .

 هەر لەو کاتەوەى کە عەرەب ئاڵاى ئیسلامى هەڵکردووە، پێكه‌وه‌ژیان و تەبایی لە نێوان کورد و عەرەبدا هەبووە؛ تا ئەو کاتەى ئەو پێكه‌وه‌ژیانە، لە سەردەمى سەرکردەى کورد سەلاح الدین ئەیوبیدا گه‌ییشته‌ لووتكه‌. بەڵام دەبینین لە سەردەمى هاوچەرخدا، بەتایبەتى لە دواى دروستبوونى هەردوو وڵاتى عێراق و سووریا، ناخۆشى کەوتە نێوان زۆرینەى عەرەبى و کەمینەى زۆرى کورد لە سووریا و عێراقدا. ئەو ناخۆشییه‌یش لە پەیوەندیى کورد و عەرەب، له‌ دواى  گرتنه‌ده‌ستی جڵەوى دەسەڵات  لە ڕێگاى دوو کۆدەتاى سەربازییه‌وه‌ لە لایەن حزبی بەعس لەم دوو وڵاته‌‌دا، گەییشتە لووتکە و، بەرزکردنەوەى درووشمى "امة عربية واحدة ذات رسالة خالدة" لە لایەن بەعسییەکانه‌وه‌ و سەپاندنى ئەو درووشمە بەسەر ملیۆنان کورد، کە ئەوانیش پەیامى کوردایەتیى خۆیان هەیە وەکو نەتەوەیەک. ئەو سیاسەتى چەوتەى بەعسییەکان، کوردیان ناچار کرد کە لەگەڵ زایۆنیزم پەیوەندى دروست بکەن، ئەویش لە سەر حیسابى بەرژەوەندى و ئاسایشى عەرەبی، کە هەڵەى سیاسەتى بە عسییەکان بوو.

 هەرچەندە لێرەدا دەرفەتى ئەوە نییە، بەڵام تاوەکو ئێمەى عەرەب و فەڵەستینى، ئاشتبوونەوەى ئەردۆغان و پووتین، بە بادانەوە لە سیاسەت بزانین و ئاشتبوونەوەى لەگەڵ ئیسرائیلیش، لەسەر حیسابى فەلەستینى دابنێین، له‌ هه‌ڵه‌داین، لە کاتێکدا ئەردۆغان لە پێناو گەلەکەیدا ئەوەى کرد، کە ڕاستە. باشە چ ڕێگرییەک هەیە ئەگەر سیاسەتى عەرەبیش لە بەرامبەر کورد ئەوە بکات و بڵێت فەرموو کوردەکان، پشتیوانیتان لێ دەکەین ئەگەر بە فیدراڵى و کۆنفیدراڵى لە سووریا و عێراق ڕازی بن،  یان فەرموون پشتگیریتان لێ دەکەین ئەگەر دەوڵەتى نەتەوەیى یان نیشتمانیى خۆتان دروست دەکەن. بەم جۆرە، ئێمە دۆست و هاوپەیمانتان دەبین.  بەم سیاسەتە، ئێمە لە بەرامبەر کورد دادپه‌روه‌ر ده‌بین و، لەگەڵ ئەوه‌یشدا لە ئێران و تورکیایش ئاگرى گڕگرتووى کورد، بە قازانج دەشکێنینەوە .

بەم جۆرە، لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پێنچ پێکهاتە، کە چواریان له‌ناو ناچن کە فارس و تورک و کورد و عەرەبن و ئەوەى تریشیان پێکهاتەیەکى نویێە کە جوولەکەن لە ئیسرائیلدا کە لە کۆتاییدا دەبێت بەیەکەوە بژین و یەکتر قبووڵ بکەن.

 

 

* نووسەرى فەڵەستینى  

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کەیفی عەبدوڵڵا

سەرچاوە:

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples