سووريا و عێراق؛ دواى مووسڵ و ڕەققە چیتر؟

2016-09-08

سووريا و عێراق؛ دواى مووسڵ و ڕەققە چیتر؟

نووسەر: ئەنتۆنى کۆردسمان/ لە

 The Center for Strategic and International Studies (CSIS) in Washington, D.C

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

٦ى ئەیلوول ٢٠١٦

دەبوایە بە لاى سەرۆک ئۆباماوە وەک سوپرایزێکى دەگمەن نەبوایە کە نەشیا لە کۆبوونەوەى G20دا، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین لەبارەى سووریاوە، بگاتە ڕێککەوتنێک. سەرۆک و وەزیرى دەرەوە، کێرى، لە ماوەى نزیکەى ساڵێکدا وەڕس و شەکەت بوون بەدەست وتووێژ لەبارەى جۆرێکى ئاگربڕ و شەڕڕاگرتن، هەوڵ و تەقەڵاى بەجێ و ماقووڵى فریاکەوتن و بەهاناوەچوونى خەڵک، ڕێبازێکى هەماهەنگئامێز لە ئۆپەراسیۆنەکانى دژ بە داعش، پێکهێنانى حکوومەت بۆ سووریا.

ڕووسیا یەکەمین زەبرى هەواییى خۆى لە ١ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥دا وەشاند و بەردەوام ده‌ستێوه‌ردانی سەربازى بۆ قایمکردنى پێگە و بەرژەوەندییەکانى خۆى لە  سووریا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەکار هێناوە و پەلامارى یاخیبووە عەرەبەکانى داوە و پشتەوانى ڕژێمى ئەسەد بووە. هەروه‌ها، ڕووسیا ڕایەڵکەى نوێیشى لەگەڵ ئێراندا دامەزراندووە و ڕۆکێتى S300 زەمین- بە ئاسمانى بۆ ئێران شاندووە و هەوڵیشی داوە دەستى بە عەرەبستانى سعوودی ڕابگا، سەرباریش، بەجددى وتووێژ لەبارەى ڕێککەوتنێکى سنووردار لەبارەى بەرهەمهێنان و ناردنەدەره‌وەى نەوتى خۆیانەوە دەکەن.

ويلايەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لە بەرانبەردا، هەموو تەکەزى خۆى خستووەتە سەر بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنى داعش وەک خەلافەتێک- و تواناى کۆنترۆڵکردنى سەنتەرە سەرەکییە پڕدانیشتووانەکان لە ڕۆژهەڵاتى  سووریا و ڕۆژئاواى عێراقدا- بەبێ ڕاگەیاندنى ستراتیژییەکى ڕوون، کە دواى ئەوە چ  شتێک ڕوو دەدا. ئەمریکا بەڕوونى مەبەستەکانى خۆى دیارى نەکردووە، یان "سەرکەوتن"ێکى ئەوها، بەسەر داعشدا، چ مانا و مەغزایەکى هەیە.

وتەبێژى سەربازیى ئەمریکا، ئاگادارى  هەموو لایەکى کردووەتەوە کە "تێکشان"ێکى لەم بابەتەى داعش لە موسڵ و عێراقدا، ئەو دەرفەت و توانایە بە داعش دەدا کە جەنگاوەرەکانى خۆى بۆ چەند مانگێکى دیکە بەکار بهێنێ و لەوانەیشە زۆر لە شەڕکەرەکانیشى ڕا بکەن و خۆیان بدزنەوە و بشارنەوە. کەواتە ڕوون و خویایە کە "رزگارکردن"ى شارەکانى عێراق و  سووریا تا ئەمڕۆى پێوە بێ، بەگشتى بە ماناى لەناوبردن و کاوڵبوونى ئەو شارانە دێ- واتە زۆرینەى خەڵک و دانیشتووانەکانیان بێ هیچ سەرچاوەیەکى داهات، ماڵ و حاڵ، خزمەتگوزاریى بنەڕەتى دەمێننەوە. كاربگێڕیى [ئەمريكى] هیچ ئامانج و مەبەستێکى خویاى ستراتیژیى، نە بۆ  سووریا خستووەتە گۆڕێ نە بۆ عێراق.

ئەو کاربگێڕییە لەبارەى یاخیبووە عەرەبەکانەوە بە شێوەیەک دەدوێ وەک بڵێى ئەو یاخیبووانە جۆرێک لە یەکگرتوویى و یەکێتییان هەبێ. کارگێڕیى ئەمریکى باس لە "میانڕۆ"وەکان دەکا، وەک بڵێى هەندە توانا و هێز و ئەزموونیان هەیە کە دەکارن حوکمڕانیى تەواوى یان بەشێکى  سووریا بکەن، لە کاتێکدا کوردەکان کە زۆرینەى هەرە زۆرى شەڕکەرە ڕاستەقینەکانى  سووریا پێک دەهێنن، ئامانج و مەبەستگەلێکى جیاوازیان لە زۆربەى شەڕکەرە عەرەبەکان هەیە- جەنگاوەرە عەرەبەکان ڕژێمى ئەسەد وەکو هەڕەشەیەکى ڕاستەقینە بۆ خۆیان دەبینن و بەشێکى گەورەیان ئیسلامیستن و جۆرێ لە ڕایەڵکە و بەنددیوارییان لەگەڵ قاعیدەیشدا هەیە.

کاربگێریى ئەمریکى قسە لەبارەى هەماهەنگیى هەوڵ و تەقەللاکانى لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەکانى دەکا وەک ئەردەن، کوێت، قەتەر، عەرەبستانى سعوودى و میرنشینە یەکگرتووەکانى عەرەب، بەڵام هەرگیز ئەوەى نیشان نەداوە کە ئایا ئەو هەماهەنگییە تا چەند بەڕاستییە یان تا چەند جێگەى خۆیان دەگرن.

کاربگێریى ئەمریکى، تا ئێستە ڕوونى نەکردووتەوە ئەو چ جۆرە سووریایەکى دەوێ، دەبێ سووریا چۆن مامەڵە و ڕەفتار لەگەڵ گروپە تایەفى و ئیتنییەکانى خۆى بکات و کێ هاریکار دەبێ لە بنیاتنانەوەى نەتەوەیەکدا کە  زێتر لە نیوەى دانیشتووانەکەى لە ناوخۆى وڵاتدا ئاوارە بوون یان وەک پەناهەندە لە دەرێ دەژین. تا ئێستە بەڕاشکاوى هەوڵ نەدراوە لەوە بکۆڵدرێتەوە کە چۆن سووریایەک دەتوانێ هەستێتەوە سەر پێ، کە ئابوورییەکەى ئێستەى هەندەى یەک لەسەر پێنجى قەبارەى ساڵى ٢٠١١ەیە- واتە کاتێک کە نەیدەتوانى بەدەم پێداویستییەکانى خەڵکێکى زۆرى وڵاتەکەیەوە بێ. کاربگێریى ئەمریکى هەرگیز دیراسەى ئەوەى نەکردووە کە لە سەرووى ٦٠%ى دانیشتووان و ئابووریى  سووریا، دەکەونە بەشى ڕۆژاواى وڵاتەکە و داعش کۆنترۆڵى نەکردوون.

بەکورتى، کاربگێریى ئەمریکى لەو ڕاستییەى نەکۆڵیوەتەوە کە جه‌نگی ڕاستەقینە بۆ سووریا ئەودەمە دەست پێ دەکات کە داعش لە گۆڕێدا نامێنێ. کاربگێڕیى ئەمریکى، خۆى لە قەرەى ئەوەیش نەداوە کە پاش ئەوەى داعش هیچ سەنتەرێکى خەڵکنشینى بەدەستەوە نامێنێ، لێ حیزبوڵڵا، هێزەکانى ئێرانى، ڕووسەکان و ئێستەیش تورکەکان لەوێ وریون. هەروا ئیدارەى ئەمریکى لەوەى نەکۆڵیوه‌تەوە کە ئەگەرێکى بەهێز هەیە شەڕ لە نێوان کوردەکانى سووریا، تورکەکان، عەرەبەکانى  سووریادا بقەومێ کاتێ کە داعش دەڕوا و نامێنێ؛ تا ئێستەیش ئەمریکا سیاسەتێکى ڕوونى نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕاستییەى کە هەندێ لەو شەڕانە بەکردەوە دەستیان پێ کردووە. ئەمریکا هیچ پێشنیازێکى بۆ چارەسەرکردن نەخستووەتە ڕوو، نە بۆ پرس و دۆزى کورد- یان جۆرە ڕێگەیەک بۆ پاراستنى کەمینەکانى دیکە بدۆزێتەوە لە سووریاى دواى داعش کە چارەنووسى کریستیانەکان، شیعەکان، عەلەوییەکان لەوانەیە سەغڵەت ببێ.

هەرگیز کاربگێریى ئەمریکى ڕاستەوڕاست ڕووبەڕووى ئەو ڕاستییە نەبووەتەوە کە بگرە هەموو ئەو پرسانە، ڕەنگدانەوەیان لە عێراقدا هەیە. تەنانەت وتەبێژى سەربازیى ئەمریکا کە زۆر جاران وا ڕەفتار دەکا وەک بڵێى ئەوان بەگشتى ئاگایان لەوە نەبێ کە سووریا و عێراق سنوورێکى ٥٩٩ کیلۆمەترییان لە نێواندایە، یان ئەوەتا دەبێ داعش لە هەر دوو دیوى عێراق و  سووریا بێتە تێکشکاندن یان ئەوەتا داعش دەبێتە هەڕەشەیەکى کراوە- داخراو و دەتوانێ لە سنوورێک بپەڕێتەوە کە هیچ بەربەستێکى فیزیکى لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنى نانیزامییانەى جەنگدا نییە.

میناکى سووریا، عێراقیش چەند دابەشبەندییەکى ناوخۆییى گرنگى هەس، کە بارگرژى و هەست و تێڕوانینەکان بەو ئاراستەیەدا دەبەن کە داعش تاکە سەغڵەتى و نیگەرانییەکى تەناهى (ئەمنى) نییە لەناو خەڵکێکى زۆرى دانیشتووانى عێراقدا. ئەگەر سووریاى ڕاستەقینە لە ڕۆژئاوا بێ و لە دەرەوەى داگیرکارى و کۆنترۆڵى داعش بێ، ئەوا عێراقى ڕاستەقینە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتەوە و زۆر لەو ناوچانەى کە ئێستە داعش کۆنترۆڵى کردوون- یان لەدەستى داون و لێى سەندراوەتەوە- لە ڕاستیدا بریتییە لە بەڕیا و بیابانێکى چۆڵ و هۆڵ. هۆیەکە ئا لێرەدایە کە لەبەر چ، زۆر لە شارەزایان پێیان وایە کە «blob maps»ى هەرێمى داعش –یان داگیرکاریى تایەفى یان ئیتنى- لە شتێکى بێمانا و تڕوهاتى دیمۆگرافى، شتێکى دیکە نییە.

شیعە و سوننەکانى عێراق و- عەرەبەکان و کورد و کەمینەکانى دیکەیش- بەقووڵى دابەش بوون. لەوەیش زێتر، کوردەکانى عێراق ناوچەگەلێکى بەرچاویان داگیر کردووە کە هەرگیز پێشتر ناوچەى کوردنشین نەبوون [کورد کام ناوچەى داگیر کردووە کە کوردنشین نەبێ، ئەمە هیچ ڕاستییەکى تێدا نییە- ئاسۆ ] و کورد کۆنترۆڵێکى دیفاکتۆیان بەسەر کەرکووک و چاڵەکانى نەوت و گازدا هەیە. جارەکا دن، هەر پێکهاتەیەکى سەرەکى لەنێو خۆیدا دابەش بووە و هەندێ جار گەیشتووەتە خاڵى پێکدادانى چەکدارى لەنێو خۆیاندا.

دەق، وەک چۆن ڕزگارکردنى ڕەققە لەوانەیە کێشە و پێکدادانى نوێى لە سووریا لێ بکەوێتەوە، واتە کە داعش دەبەزێندرێ و تێک دەشکینرێ، ڕزگارکردنى موسڵیش لەوانەیە کۆتایى بە عێراقى دابەش-دابەش بهێنێ. جارەکى دى، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کوردەکانى وەک هێزێکى سەرەکیى دژى داعش دەبینێ، بەبێ ئەوەى بنەما و زەوینەیەکى خویا و ڕوونى بۆ ڕۆڵى کوردان و هەرێمەکەیان لەبەرچاو بێ، کاتێ کە جه‌نگی دژ بە داعش کۆتایى دێ. دووبارە، تورکیا و ئێران، هەر یەکەیان بە مەبەستى لێکجیا و دەکرێ ببنە سەرچاوەیەکى توندوتیژیى زێتر، یان دابەشبوون.

عێراق شتێکى نزیک لە حکوومەتێکى ناوەندیى هەیە، بەڵام یەک حکوومەت ناتوانێ بەکردەوە حوکمڕانى بکا. وێدەچێ عێراق سەرۆکوەزیرانێکى شارەزاى هەبێ، بەڵام فراکسیۆنەکانى ناو حکوومەت، لێى ناگەڕێن بە شێوەیەکى کارا حوکمڕانیى خۆى بکا یان چاکسازیى پێویست بکا. لەوەیش خراتر، هەر دوو حکوومەتى ناوەندیى عێراق و حکوومەتى هەرێمى کوردى [واى بەکارهێناوە- ئاسۆ ] دابەش دابەش، گەندەڵ و، کارێکى ڕاستەقینەیان لەدەست نایە [واتە کارى حکوومەتایەتیى خۆیان ناکەن- ئاسۆ ]. حکوومەتى عێراق دیسان هاوپەیمانگەلێکى هەرێمایەتیى ڕاستەقینەى نییە. ئەگەر کوێتى لێ دەرکەى، دەوڵەتە عەرەبەکانى دیکە پێیان وایە حکوومەتى عێراق، حکوومەتێکى شیعە و پرو-ئێرانییە (واتە سەر بە ئێرانە)، لە برى وەى کە حکوومەتێکى سوننى و عەرەبى بێ و  لە سۆنگەى ئەمەیشەوە پشتگیرییەکى کەم، یان کۆمەکێکى ئەوتۆى عێراقیان نەکردووە.

ئەوەیش خەتەرە، ئەگەر داعش کۆنترۆڵى خۆى بەسەر ناوەندە پڕدانیشتووانەکانى عێراق لەدەست بدا. تا ئێستە حکوومەتى عێراق ئەوەى پشتڕاست نەکردووەتەوە کە ئایا دەتوانێ ئەو سەنتەر و ناوەندانە بینا بکاتەوە یان یاریدەى ئەو ناوچانە بدا کە ڕزگاریان دەکا، لە کاتێکدا جەنگ و هاتنەخوارەوەى داهاتەکانى نەوتى هەناردەکراو، عێراقیان لە مایەپووچى و ئیفلاسبوون نزیک کردووەتەوە. بەڵام عێراق هەندەى سووریا، بارى خراپ و لاریش نییە، بەڵام ملیۆنان پەناهەندە و خەڵکى ئاوارەى ناوخۆى هەیە- کە زۆربەیان سوننەمەزەبن و بەرەو ناوچە شیعەنشینەکانى ڕۆژهەڵات هاتوون.

ناکرێ پیلەکە بکرێ کە "ئۆپشن" (خیار)ى باشیش هەن، وەک هەندێ ڕێگەچارەى سیحرییانەى سەربازى، یان هەندێ ئاڵۆگۆڕى سادە لە سیاسەتى ئەمریکا کە بتوانێ بەسەر ئەو گرفت و ئاریشانەدا زاڵ ببێ لە هەر دوو وڵاتدا- کە لە هەردووکیانیشدا زۆر کەم نین.

لێ سیاسەتێک نییە؟ ئۆپشنێک نییە؟ هەوڵ و تەقەڵایەک نییە کە پێشنیارى کۆنکرێت بۆ چارەسەرکردنى جیاوازییە سەرەکییەکان بخاتەڕوو یان سازدانى هەندێ هەوڵ و تەقەللاى بهەڤڕاى نێودەوڵەتى بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە؟ وتووێژى بێدیماهى لەگەڵ ڕووسەکاندا؟ ئەو پرسانەى کە لەگەڵ ئێران، تورکیا، یان هەر باڵ و گرووپێکى کوردان بەرزەفت نەکراون؟ تەکەزکردنە سەر داعش وەک ئەوەى گرفتێکى ناوەندى بێ، شانازیکردن و خۆهەڵدانەوە بە ڕزگارکردنى هەزاران کیلۆمەترى چوارگۆشەى بەڕیا و بیابانى چۆڵ و هۆڵ؟ سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەو شارانەى کە کۆنترۆڵى کردوون، چ مانایەکى ستراتیژیی هەیە؟

ڕاستەوڕاست، کاربگێڕیى ئەمریکى، وێدەچێ تەکەزى کردبێتە سەر ستراتیژێکى خۆدەربازکردن، بەڵام چوونەدەرەوەکە، دەرچوونێک نییە لە  سووریا یان عێراق. بەڵکە دەرچوونى کارگێڕییە لە ئۆفیس [واتە تەواوبوونى ماوەى ویلایەتى ئیدارەى ئێستەى ئەمریکى- ئاسۆ ]. کاربگێڕیى ئۆباما لەوانەیە بتوانێ سەرکەوتنێک بە نرخێکى گران لە موسڵ و ڕەققە، وەک سەرقاپێک بەدەست بهێنێ، بەڵام ميراتى ئەو کارگێڕییە، دەبێتە میراتێک کە قەت ئەو ئیدارەیە نیشانى نەداوە دڵسۆزانە ڕوووبەڕوى گرفتەکانى خۆى بووبێتەوە، لەنێو ئۆپشنە خراپەکاندا، باشترینیان ببینێتەوە، یان بەڕاستى، ستراتیژییەکى هەبووە کە سەیرى دواى داعشى کردووە.

سەرچاوە:

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples