2016-09-10
واترلۆى ئەردۆگان*: تورکیا پەلامارى سوریە دەداو داگیرى دەکا
29ى ئاب 2016
داڤید ل. فیپیس** David L. Phillips
وەرگیڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم
كاربگێڕیى ئۆباما بێ وچان خۆى لەوە پاراستووە لە ڕووى سەربازییەوە مایەى خۆى لە سوریە بکات. سەرۆک باراک ئۆباما بەپارێزە لەگەڵ بنەواشەو بنەماى پۆترى بارن***: «بیشکێنیت، ئۆباڵ بە ئەستۆى خۆتە». پشتیوانیکردن لە هێرشەکەى تورکیە و داگیرکردنى سوریە دەبێتە هەڵەیەکى ستراتیجى و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکە دەکاتە کارەکتەرێکى ناوەندى لە شەڕى ئەهلیى سوریەدا.
جێگرى سەرۆک جۆ بایدن ئەم حەفتەى دوایى [24ى ئاب 2016] بە ئەرکى چاکردنەوەى پێوەندییەکانى ئەمریکە- تورکیە، چووە ئەنقەرە. بەگەیشتنى بۆ ئەوێ، ئەوجار بایدن زانى کە تانک و هێزە تایبەتەکانى تورک لەگەڵ جەنگاوەرەکانى سوپاى سوریەى ئازاد هێرشیان کردووەتە سەر سوریە و جەرابلووسى نزیک سنوورى تورکیەیان کردووەتە ئارمانجى خۆیان.
بایدن پشتگیریى خۆى بۆ ئۆپەراسیۆنى قەڵغانى فورات دەربڕى و گوتى ئەمریکە پشتیوانیى ئاسمانیى بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دابین کردووە. بەهەرحاڵ، شایەدحاڵى بەچاودیتە دەڵێن لە ڕاستیدا یەک بۆمب چییە بە جەرابلووسەوە نەنراوە. هەڵخزانە ناو زەڵکاوى سوریە، نە بە قازانجى ئەمریکەیە و نەدەبوایە لەلایەن تورکیەشەوە بکرێ.
ئۆپەراسیۆنى قەڵغانى فورات، سەروەریى خاکى سوریە پێشێل دەکا. پشتەوانیکردن لە تورکیە، دەبێتە هۆى تێوەگلاندنى ئەمریکا لەم زەوتکردنەى خاکى سوریە لەلایەن تورکیەوە. تورکیا بەرەو باشوور مل دەنێ و هیچ نیازێکى نییە دەست لەو هەرێمە هەڵبگرێ. تورکیە بۆ پاساودانى بوونى هێزەکانى لەوێ، ئەو ناوچەیەى سوریە بە پەناهەندەو ئاوارەکان پڕدەکاتەوە.
تورکیە کورسییەکى لەسەر مێزى پرۆسەى ئاشتیى لە جنێف گەرەکە. تورکیە دەیەوێ هاوشانى رووسیە و ئەمریکە رابوەستێ. بەبەرچاوگرتنى مێژووى گڵاوى تورکیە لە پشتگیریکردنى ئیسلامگەراکاندا، دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و بێشەى سوریە زەحمەتتر دەبێ لە کاتێکدا هێزەکانى تورکیە لە مەیدان و ناو خاکى سوریە دابن.
کاربگێڕیى ئۆباما چەک و تفاقى شەڕى بە یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) داوە و لە ئاسمانیشەوە پشتگیرى لێ کردوون، ژمارەى هێزەکانى کوردى سوریە دەگاتە 40,000 شەڕڤان. یەپەگە هاوپەیمانێکى هەرە پشت پێ بەستراوى ئەمریکەیە لە دژى داعش. واشنتۆن دەبێ بەردەوام بێ لە پشتگیریکردنى یەپەگەدا، ئەگەر بیەوێ لە رۆژهەڵاتى ڕووبارى فوراتدا شەڕى داعش بکا.
ئەردۆگان لە هاوکاریى نێوان ئەمریکا و یەپەگە کە ئەو بە گروپێکى تیرۆریستى دادەنێ، نیگەران و هەراسانە. ئەردۆگان دەیەوێ، ئەمریکا لە نێوان تورکیا و یەپەگەدا سەرپشک بێ و یەکێکیان هەڵبژێرێ، بەڵام چەندبارە ئەو داوایە بەڕووى ئەردۆگاندا دادراوەتەوە. کاربگێڕیى ئۆباما دەبێ بەردەوام چاوێکى لەسەر مەبەست و مەرامى تورکیە بێ. ئەردۆگان دەڵێ مەبەستى سەرەکیى ئۆپەراسیۆنى قەڵغانى فورات، شەڕە دژى داعش، بەڵام هەرگیز ئەوە راست نییە.
ئەو ئیسلامییانەى کە تورکیە پشتیوانییان لێ دەکا، لەو بەناو شەڕەى جەرابلووسدا، بەرەو ڕووى داعش نەبوونەوە. پێش هێرشەکە، ئەنقەرە سەودایەکى لەگەڵ داعشدا کردبوو. لە جیاتى ئەوەى داعش بەرەنگارییەک بکا، سوک و ئاسان جەنگاوەرەکانى داعش، جلکوبەرگى سوپاى سوریەى ئازادیان کردەبەر و بگرە جەرابلووس بەبێ تەقە لە داعش «رزگارکرا». بە پێچەوانەى فەلوجەو شەڕوشۆڕەکانى دى کە داعش خەڵکى مەدەنییان وەک قەڵغانى مرۆیى تێدا بەکاردەهێنا، جەرابلووس لە خەڵکى مەدەنى چۆڵ کرا. داعش نەیدەویست خەڵکى مەدەنیى شارەکە، ئەندامە تازەکانى سوپاى سوریەى ئازاد کە جلکى ئەم سوپایەیان کردبووە بەرخۆ بناسنەوە کە پێشتر لە جەنگاوەرە سەختگرەکانى داعش بوون.
هیچ سەیر نییە، ئەردۆگان و داعش سەودایەکیان لەمابەیندا بووبێ. داعش و پارتى داد و گەشەپێدانى ئەردۆگان، لە بارى ئایدیۆلۆجییەوە دەچنەوە سەر یەک سەرچاوە. هەردووکیان، دوو لقى ئیخوانى موسلیمین-ن. وێڕاى نکوڵیکردنى فەرمى، چیایەک بەڵگە هەیە کە تورکیە لە سەرەتاى 2014ەوە چەک، پارەى بە ئیسلامییەکان لە سوریە داوە و پشتەوانیى لۆجیستیکى لێ کردوون. تورکیە دەستەبەرى داعشى کردووە کە نەوتى داعش بگوازێتەوە و لە بازاڕى نێودەوڵەتى بیفرۆشێتەوە. تا ئێستەش مانگانە نزیکەى 500 جەنگاوەرى ئیسلامى لە رێگەى تورکیەوە دەچنە سوریە.
بە قسەى ئەردۆگان، ئارمانجى قەڵغانى فورات، یەپەگە و «ئەو گروپە تیرۆریستانەن کە هەڕەشە لە وڵاتەکەمان دەکەن». وەزیرى دەرەوە مەولوود چاووش ئۆغلوو بەڵێنى دا بۆ گەڕاندنەوەى شەڕڤانەکانى کورد بۆ بەرى رۆژهەڵاتى روبارى فورات، تورکیە «هەر شتێک پێویست بێ، دەیکا». تورکیە پلانەکانى خۆى بۆ دانانى ناوچەیەکى ئارام ڕاگەیاند بە درێژایى 90 کیلۆمەتر لە (جەرابلووس)ەوە تا (مەراعى) و بە قوڵایى 40 کیلۆمەتریش شۆڕبێتەوە بۆ ناو ناوچەکانى بندەستى کورد.
لە ڕاستیدا، تورکیە هەوڵ دەدا پێش بە یەپەگە بگرێ لە دامەزراندنى هەرێمێکى بەسەریەکەوەى کوردى کە ڕۆژاڤا بکاتە واقیعەتێک. ئەردۆگان لەوە دەترسێ کە بوونى ڕۆژاڤا، هانى کوردەکانى تورکیە بدا کە داخوازییەکانى خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمییەکى مەزنتر، چڕتر بکەنەوە. دوژمنایەتیکردنى کورد لەلایەن ئەردۆگانەوە، شتێکى نهێنى نییە. ئەردۆگان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە یەپەگە و پەکەکە یەک شتن، هەرچەند حکوومەتى ئەمریکا دەڵێ ئەو دووانە لێکجیان.
شتێکى چاوەڕوانکراو بوو کە تورکیە بیانوى شەڕکردن لەگەڵ داعش بەکاربێنێ بۆ تەکەزکردنە سەر ئۆپەراسیۆنەکانى دژ بە یەپەگە. کاربگێڕیى ئۆباما دەزانێ دنیا چ باسە و چ دەگوزەرێ. کاربەدەستێکى باڵاى پینتاگۆن بە CNNى گوت: «تورکەکان جەرابلووس-یان بەلاوە گرنگ نەبوو تا کوردەکان ویستیان ئەوێ بگرن». نێردراوى تایبەتیى ئۆباما، ماکگۆرک، لەبارەى بەئارمانجگرتنى پەیەدە لەلایەن تورکیەوە، گوتى: «قبوڵکراو نییەو سەرچاوەیەکى نیگەرانیى قووڵە».
لە سۆنگەى ئەو شاڵاوە فراوانەى داپڵۆسین کە لەپاش کودەتا شکستخواردووەکەى 15ى تەمووزەوە، دەرهەق بە بەرهەڵستکاران دەکرێ، پێوەندییەکانى تورکیە- ئەمریکە تا ئەم دواییە لەسەر ڕۆخى هەڵدێردا بوون، هەنووکە بەهۆى بڕیارى تورکیا بە راوەدونانى هاوپەیمانەکانى ئەمریکە لە سوریا، ئەو پەیوەندییانە ڕووبەڕووى تەحەدیى زێتر دەبنەوە.
توركەکان کە تا دێ ئۆقرە و حەجمانیان زێتر لێ هەڵدەگیرێ، پێشوازییان لە ئۆپەراسیۆنى قەڵغانى فورات کرد. ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕاستوێژیى بۆ سوپاى تورکیەى پاش کودەتا گێڕایەوە. بە خەڵکى تورکیە ڕاگەیەنرا کە ئەو ئۆپەراسیۆنە دوو دژمنى کردووە بە نیشانە: داعش و یەپەگە/ پەکەکە. لە بەرانبەر کۆتایى ئەو گەمەیە، ئێستە نیگەرانیى تورکەکان لە هەڵکشاندایە. تا کەى هێزەکانى تورکیە لە سوریە دەمێننەوە و چ ئەرکێک لەوێ جێبەجێ دەکەن و چیان دەستدەکەوێ؟
دەستەواژەى «ڕووداوى لەناکاوى ئۆکتۆبەر» بۆ باسکردن لە پێشهاتێک پێش هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەکار دێ و بە کارى نەیار و ناحەزێکى بیانیی دادەنرێ. ئەمجارە لە مانگى ئابدا، ڕووداوە لەناکاوەکەى ئوکتۆبەر لەگەڵ هێرشەکەى تورکیە بۆ سەر سوریە قەوما.
ئۆباما دەبێ ڕێگەى یارى پێکردن نەدا و وریا بێ. پشتگیریکردنى سەربازى و دیپلۆماتییانەى هێرشەکەى تورکیە و داگیرکردنى سوریە مەتەڵێک دەخولقێنێ و ئەوەى دواى خۆى [ئەو سەرۆکەى دواى ئۆباما دێ] سەروەشێن دەکا. سوریە دەبێتە واترلۆى ئەردۆگان. نابێ داوەڕستى حکوومەتى ئەمریکا بە کەشتیى نوقمبووى تورکیاوە گرێ و شەتەک بدرێ.
سەیرى ئەم لینکە بکە: http://www.huffingtonpost.com
* شەڕى واترلۆ لە ساڵى 1815دا لە گوندى واترلۆ نزیک برۆکسل-ى پایتەختى بەلجیکا قەوماوە کە ناپلیۆن بۆناپارتى ئیمپراتۆرى فەرەنسى تێدا خراپ شکاوە. لەودەمەوە، هەر کەسێک بەختى یار نەبێ، ئینگلیزەکان پێى دەڵێن واترلۆى لێ قەوماوە.
** داڤید فیلیپس: بەڕێوەبەرى پرۆگرامى بنیاتنانى ئاشتى و مافەکان، ئەنستیتۆى زانکۆى کۆلۆمبیا بۆ دیراسەى مافەکانە لە ئەنستیتوى زانکۆى کۆلۆمبیا بۆ دیراسەى مافەکانى مرۆڤ. داڤید فیلیپس ماوەیەک راوێژکارێکى سەرەکى بووە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە ماوەى سەرۆکایەتیى هەر یەک لە (کلینتۆن، بۆش، ئۆباما) و شارەزاییەکى زۆرى لەسەر مەسەلەى کورد لە عێراق و تورکیەدا هەیە و چەند جارێک سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە. لە ساڵى ٢٠٠٥دا، باسێکى بەناوى (Power Sharing In Iraq) نووسیوەو منیش ئەم باسەم کرد بە کوردى و لە گۆڤارى (توێژینەوە) بڵاومکردەوە. خەریکى نووسینى کتێبێکە بەناوى:
Turkey: An Uncertain Ally
*** دەستەواژەیەکى ئەمریکییە. لە هەندێ دوکان و کۆگەى بازرگانیدا، کە پارچەو کەلوپەلى جوانکارى و دیکۆرى ناوەوەو دەرەوەى ماڵى بۆ فرۆشتن داناوە، نابێ (بەکاربەر یان کڕیار) دەستیان لێ بدا و زیانێکیان پێ بگەیەنێ یان هەڵیگرێ و لە دەستى بشکێ، لە بارى وادا ئۆباڵى شکانەکە دەکەوێتە ئەستۆى باباى کڕیار و دەبێ قیمەتەکەى ببژێرێ... ئەو بنەمایە بازرگانییە، لە سیاسەت و کارى سەربازیشدا بەکار دێ. لە لاى خۆشمان لە هەندێ کۆگەدا نووسراوە: (تکایە دەستى لێ مەدە!)