ئایا موسڵ، جووڵەیەکى دادێى تورکیایە؟

2016-09-17

ئایا موسڵ، جووڵەیەکى دادێى تورکیایە؟

 

September/17/2016

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ئۆپەراسیۆنێکى چاوەڕوانکراوى موسڵ، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دژى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام – داعش- سەرکردایەتیى بکا، بووەتە هەقایەتى مێش و چەند جارێکە دوا دەخرێ. پێشتر دەگوترا کە لە ئاخیروئۆخرى مانگى ئەیلوولدا دەست بەو ئۆپەراسیۆنە دەکرێ و سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆگان-یش ئاماژەى بە بەشدارى سەربازیى تورکیا لەو شەڕەى موسڵدا کرد.

کەوابێ، ئایا ئۆپەراسیۆنێکى وا، بەڕاستى لەسەر حەد و سەدى خۆیه‌تى؟ ئایا بەڕاستى تورکیا، پاش ئۆپەراسیۆنەکەى ئەم دوایییەى لە باکوورى سووریا، مایەى خۆى لە عێراق-یشدا دەکا؟ بەر لە هەموو شتێک، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پلانى دانابوو لە ئەیلوولدا دەست بەو ئۆپەراسیۆنە بکرێ- یان بە لانى کەمەوە لە تشرینى یەکەمدا- پێش ئەوەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى بەڕێوە بچێ، تا سەرۆکى نوێى ئەمریکا بەو پرسە درێژخایەنەوه‌ سەرقاڵ نەکرێ.

بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە، لەسەرینى مەشق و ڕاهێنانى لەسەرەخۆى هێزە چەکدارەکانى عێراق و میلیشیا سوننەکانەوە کە بەشدارى لەو شەڕەدا دەکەن، بۆ مانگى تشرینى دووەم- کانوونى یەکەم دوا خراوە. واشنگتۆن دەیەوێ ١٥٠٠٠- ٢٠٠٠٠ جەنگاوەر بخاتە شەڕگەوە، لێ ئێستە ژمارەى هێزە مەشقپێکراوەکانى ئاسایشى عێراق لە لایەن ئەمریکاوە تەنیا  لە دەوروبەرى ٦٠٠٠ کەسێکدایە کە ٢٥٠٠یان لە موسڵ جێگیر کراون. هەروا ئەو عەشیرەتە سوننییانەى لە لایەن ئەمریکاوە ڕاهێنانیان پێ کراوە ١٥٠٠ کەسێک دەبن.  لە لایەکى دیکەوە، میلیشیا سوننەکان و پێشمەرگە، کە لە لایەن تورکیاوە مەشق دراون، ژمارەیان خۆى لە ٦٠٠٠ کەسێک دەدا. كەواتە هێشا ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا چاوەڕوانى ئەوە دەکا، ئەو ژمارەیە بگاتە ئەو ژمارەیەى کە بۆ ئۆپەراسیۆنى موسڵ لەبه‌رچاو گیراوە.

لە لایەکى دیکەوە، ئەولەویاتى تورکیا لە موسڵ، خۆى لە ٤ بەرە و قۆڵدا دەبینێتەوە: لەپێش هەموویانەوە، ئەنقەرە دەیەوێ لەبەر پێوەندیى لەمێژینەى خۆى لەگەڵ موسڵدا، موسڵ لەبن دەستى داعش ڕزگارى ببێ. شایانى گوتنە، دەبێ ئەوەیش بەبیر بهێنینەوە قونسڵخانەى تورکیا لە ٢٠١٤دا لە لایەن داعشەوە گیرا و کاربەدەستەکانیش بەبارمتە گیران.

دووەم، تورکیا دەیەوێ کۆتایى بە بوونى پەکەکە لە شنگال، کە قەزایەکى موسڵە، بهێنێ. سێیەم، ئەنقەرە دەیەوێ تورکمانەکانى تەلەعفەر، کە ئەویش قەزایەکى دیکەى موسڵ و شارێکى زۆرینە تورکماننشینى عێراقە، بپارێزێ. چوارەم، گەڕانەوەى تورکمانە شیعەکان بۆ تەلەعفەر کە لە ساتەوەختى داگیرکردنى لە لایەن داعشەوە، هەڵاتبوون ئەولەویەتێکى دیکەى ئەنقەرەیە.

پاشان تورکیا دەیەوێ ڕێگە لەوە بگرێ تەلەعفەر ببێتە بنکەیەکى شیعەکان. چونکە هێزەکانى (حەشدى شەعبى)، کە لەژێر کۆنترۆڵى ئێراندان، لەوانەیە مایەى خۆیان لەو شارەدا بکەن و پێکدادانێکى تایەفى لە نێوان تورکمانە سوننە و شیعەکانى تەلەعفەر ڕوو بدا. تەلەعفەر دەکەوێتە بەرى ڕۆژئاواى موسڵەوە لەسەر سنوورى سووریا. ئەنقەرە زانیاریى وەساى پێ گەیشتووە کە میلیشیا شیعەکان لە سووریاوە دەخزێنە ناو ئەم شارەوە. نیگەرانیى سەرەکیى تورکیا ئەوەیە کە ئەم شارە بکەوێتە ژێر نفووزى شیعەکان لە سووریا و بەتەواوى بکەوێتە ناو نفووزى ئێرانەوە.

دەگوترێ کە تورکیا پێى باشە هیچ هێزیکى دیکەى شەڕکەرى خۆى بۆ مەیدانى شەڕەکە نەنیرێ، کاتێ کە ئۆپەراسیۆنەکە دەستى پێ دەکرێ، بەڵام لەوانەیە لە گەرمەى دوو سیناریۆدا ئەمە بگۆڕدرێ: ئەگەر داعش کوشتوبڕى تورکمانەکانى تەلەعفەر بکا / یان ئەگەر پەکەکە کە کۆنترۆڵى شنگال دەکا [راستە پەکەکە هێزێکى لە شنگال هەیە، بەڵام کۆنترۆڵى ئەوێى نەکردووە- ئاسۆ]، خۆى بخزێنێتە ناو تەلەعفەرەوە، ئەودەم ئەنقەرە پلانى داناوە کە هێز ڕەوانەى موسڵ بکات.

لە کاتێکدا نیگەرانیى تورکیا سەبارەت بە پەکەکە، چەند ڕوویەکى هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە کۆمەک و باروبوى دارایى و چەکوچۆل کە لە لایەن بەغداوە بۆ میلیشیاکانى شیعە دەنێردرێ، بەشێکى بەدەست پەکەکە بگات. ئەنقەرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەى ٥٠ گرووپى جیا جیاى ژێر کۆنترۆڵى (حەشدى شەعبى)ى شیعە پارەو پوڵ و چەک بە پەکەکە دەدەن.

دووەم، پەکەکە، بگرە ڕۆژانە ڕای دەگەیەنێ کە دەیەوێ بەشداریى ئۆپەراسیۆنى گرتنەوەى موسڵ بکا. ئەنقەرە لە نزیکەوە شایەدیى ئەوە دەکا کە داخوا بەغدا و واشنتۆن ڕێگەى پێ دەدەن یان نا؟

بەغدا نایەوێ لایەنێکى دیکە لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار ببێ. بەغدا تەنیا گوتوویه‌تی کە پێویستیى بە مەشق و ڕاهێنانى سەربازى هەیە. لەسەرینى ئەمەوە ئەنقەرە و بەغدا لە وتووێژێکى چڕوپڕدان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنى موسڵ، هەروا بێتەوە سەبارەت بە بوونى تورکیا لە کەمپى باشیک، شارۆچکەیەکە نزیکەى ١٠ کیلۆمەترێک لە موسڵەوە دوورە. هەر بۆ بیرهێنانەوە، حەیدەر عەبادى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە تەواوى هێزەکانى تورکیا کرد کە لە عێراق بکشێنەوە، پاش ئەوەى تورکیا هێزەکانى خۆى لە باشیک لە کانوونى یەکەمى ٢٠١٥دا جێگیر کرد. ئەوە تا ئێستە پرسێکى هەرە ئاریشەئامێزى نێوان هەردوو پایتەختە.

بەم دوایییە، قسەیەکى وا هەیە کە ئەم کەمپە بەنێودەوڵەتى بکرێ. پلانى ئەوە داڕێژراوە کە ئەم که‌مپە بخرێتە ژێر کۆنترۆڵى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش و وردەکارییە تەکنیکى و سەربازییەکان لە نێوان ئەنقەرە و بەغدادا بێنە باسکردن. توخمێکى دیکەى ئەم ئەجێندا دووقۆڵییە، هاوکاریى نێوان هەردوو لایە لە دژى بوونى پەکەکە لە عێراق، کە لەوانەیە ڕێگە بۆ هەڵێنانەوەى هەنگاوى کۆنکرێت لە چەند مانگى داهاتوودا خۆش بکات.

لە تەک ئەم خاڵانەدا، تورکیا مەشق بە هەندێ هێزى شەڕکەر دەکا بۆ ئۆپەراسیۆنى موسڵ. لە کەمپى باشیکدا، گرووپێک بەناوى "حەشدى وەتەنى" مەشقیان پێ دەکرێ کە پێک هاتووە لە جەنگاوەرە خۆبەخشەکانى موسڵ و، ئەوان بە شێوەیەکى سەرەکى عەرەبى سوننەن، بەڵام تورکمان و کوردیشیان تێدایە و پێکەوە زێتر لە ٣٠٠٠ کەسێک دەبن. سەرباریش، ئەنقەرە مەشقى بە ٢٧٠٠ پێشمەرگەى کورد لە کەمپەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى عێراق (KRG)دا کردووە. سەربازەکانى تورک وەک ڕاوێژکار لە مەیدانى شەڕدا هەماهەنگى لە نێوان ئەو هێزانەدا دەکەن.

پاشان ئەنقەرە دووپاتى کردووەتەوە کە تورکیا دەتوانێ زۆر زێتر لەوەیش لە عێراقدا بەشدارى بکا، ئەگەر هاوکاریى پتەوترى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا لە سووریا هەبێ.  ئەوە بەو مانایەیە کە تورکیا دەتوانێ زۆر لەوە پتریش بکا ئەگەر واشنتۆن، هەستیاریى تورکیا لە بەرامبەر بوونى پەیەدە/یەپەگە لە سووریا لەبەرچاو بگرێ و وەڵامى داخوازیى تورکیا بداتەوە بۆ پێکهێنانى ناوچەیەکى ئارام لە باکوورى سووریادا.

VERDA ÖZER

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

 

سەیرى ئەم لینکە بکە:

http://www.hurriyetdailynews.com/is-mosul-turkeys-next-move.aspx?pageID=449&nID=103965&NewsCatID=466

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples