پێگەى نوێى چین لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

2016-09-17

پێگەى نوێى چین لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم         

١١ى ئەیلوولى ٢٠١٦، لە دەسپێکى ٢٠١٦ەوە، چین چەند ئیشێکى کردوون کە پێوەندییان بە ڕۆژهەڵاتى ناەڕاستەوە هەیه‌ و ئاماژە بۆ میتۆدێکى نوێى چین لە بەرامبەر ناوچەکەدا دەکەن؛ سەرۆکى چین سەردانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستی کرد، یاسایه‌كی نوێ پەسند کرا کە ڕێگە بە چین دەدا لەو دیوى سنوورەکانییەوە ئۆپەراسیۆنى سەربازى بکا، کۆڕبەندێکى نوێى چینى بۆ پتەوکردنى ئاشتى لە ناوچەکەدا دامەزرێنرا. ئەم کار و کردانە بەرجەستەى دوورکەوتنەوەیەک لە هەڵوێستى "ده‌ستێوه‌رنه‌دان"ى نەریتییانەى چینى دەکەن و ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکى ڕوانگەى چینە بۆ ئەم ناوچەیە. لە کانوونى دووەمى ئەمساڵدا، ماوەیەکى کورت، پێش سەردانى سەرۆکى چین، شى جین پینگ [لە 19 و 20ىکانوونى دووەمدا ئەم سەردانە کرا- ئاسۆ] بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، عەرەبستانى سعوودى ئاخوندێکى شیعەى بەناوى نەمر باقر ئەلنەمر [٢ى کانوونى دووەمى ٢٠١٦، ئەم ئاخوندە شیعە لەسێدارە درا- ئاسۆ] لەبەر «هەوڵدان بۆ ڕاکێشانى دەستى بیانى بۆ ناو کاروبارى مەملەکەت، یاخیبوون لە یاساەکانى شانشین و چەکهەڵگرتن» لەسێدارە دا.

ئێران، کە خۆى وەک هێزێکى دەمڕاستى شیعە دەبینێ و ڕکابەرێکى کەوناراى عەرەبستانى سعوودییە، بەتوندى ئەم لەسێدارەدانەى شەرمەزار کرد. گرژیى کۆنینە و ئێستەى نێوان ئەم دوو وڵاتە کە توندتر بووە، سەردانە چینییەکەى خستە بەر مەترسییەوە. لێ ئەوە جارى یەکەم نەبووە کە سەردانێکى پلان بۆدانراوى سەرۆکى چین بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکەوێتە بەر مەترسیى کاتەوە. ڕاستییه‌كه‌ی، دەبوایە ئەو سەردانە بەهارى ٢٠١٥ بکرابووایە، بەڵام لەبەر جه‌نگی نێوان عەرەبستانى سعوودى و حوسییە شیعەکانى سەر بە ئێران [ئۆپەراسیۆنى عاصفە الحزم لە ٢٦ى ئادارى ٢٠١٥دا دەستی پێ کرد-ئاسۆ] لێ هەڵوەشایەوە و دوا خرا. ئەمساڵ، وێڕاى گرژیى بەردەوامیى نێوان شیعە- سوننە، سەردانەکە کرا و سەرۆک "شى" هاتە تاران، ڕیاز و قاهیرە. لەوەتەى سەرۆک شى، پێش سێ ساڵ، سەرۆکایەتیى وەرگرتووە [ لە ١٤ى ئادارى ٢٠١٣دا بە سەرکۆمارى چین هەڵبژێردراوە- ئاسۆ]، سەردانى زۆربەى ناوچەکانى جیهانى کردووە، ڕۆژهەڵاتى ناوەراست نەبێ. ئەگەر ئەو سەردانەیش هەڵبوەشابایەوە لەوانەیە وەک ڕێزلێنەگرتنێکى ئەم ناوچەیە چاوى لێ دەکرا و لەوانەیە زیانیشى لە بەرژەوەندییەکانى چین دابا.

بە هەر حاڵ، ئەمە تاکە سۆنگەى ئەو سەردانەى سەرۆکى چین نەبووە کە دەبوایە بکرێ- نەمازە لە کاتێکدا کە لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بەهێزەى کەنداودا، عەرەبستانى سعوودیى سوننەمەزهەب و ئێرانى شیعەمەزهەبدا، گرژییەکە زێتر ببوو. ئەم سەردانە دەرفەتێک بوو بۆ سەرکردایەتیى چین کە ئەو میتۆدە نوێیەى خۆى بخاتە ڕوو، کە دەیەوێ "لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا قسە بکا و لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتاندا بازرگانى و تێکەولێکە بکا." ڕاستە بارگرژیى نێوان عەرەبستانى سعوودى و ئێران، نەبووە هۆى هەڵوەشانەوەى سەردانەکە، بەڵام بووە هۆى گۆڕینى ئەجێندا و پلانى سەردانەکە. لە برى سەردانێک کە دەبوایە بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانى عەرەب بکرێ، سەردانى ئێران کرا و تێیدا جەخت لەوە کرایەوە کە سەرۆکى چین یەکەمین سەرۆک بووە دواى هەڵگرتنى سزاکان سەردانى ئێران بکا [ڕێککەوتننامەى نوکلیارى ٥+١ لە سەرەتاى کانوونى دووەمى ٢٠١٦دا کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە- ئاسۆ]. لە هەمان کاتدا، چین بەئاشکرا پشتیوانیى خۆى بۆ حکوومەتى یەمەن دەربڕى- کە هاوپەیمانى عەرەبستانى سعوودییە- لە جه‌نگی دژ بە حوسییە وەکیلەکانى ئێران.

چین لە کێشە و بێشەى خۆبەخۆى عارەبان، لە نێوان شیعە و سونناندا نیگەران و سەغڵەتە. ناوچەى کەنداو کە خەڵکى سەر بە هەردوو ئەو مەزەبە ئیسلامییەى تێدا نیشتەجێیە، یەک لەسەر سێى گازى سروشتى و ٥٢%ى پێویستیى نەوت بۆ چین دابین دەکا، کە چاوەڕوان دەکرێ تا ٢٠٣٥ دوو هێندەى لێ بێ. کەواتە هەر پەرەسەندنێکى ململانەى سوننە- شیعە بە ئاقارى ڕوبەروبوونەوە و پێکدادانى چەکدارى، ئابووریى چین تووشى شەپڵە دەکا. بەرژەوەندیى چین لە ناوچەکەدا، دیسان بە دەستپێشخەرییەکەى سەرۆکى چین "یەک پشتێنە، یەک ڕێ" بەستراوەتەوە کە دەیەوێ چین بە قەدبڕ و کورتترین ڕێگەى شیاو، لەوانە لە ڕێگەى ڕۆژهەڵاتى ناوینەوە، بە ئەوروپا ببەستێتەوە [واتە ژیاندنەوەى ڕێگەى ئاوریشم- ئاسۆ].

ئامانجى ئەو دەستپێشخەرییە ئەوەیە کە چین دەیەوێ بازاڕى نوێ بۆ کاڵا و کەلوپەلى چینى پەیدا بکا. ئەمە پرۆژەیەکى هەرە گەورەیە لە مێژووى مرۆڤایەتى و تێچووەکەى بە سەدان بلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێ. هەر ڕوبەڕووبوونەوەیەکى چەکدارى لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا، لەوانەیە زیانێکى گەورە لەم دەسپێشخەرییە بدا و وەبەرهێنانێکى وا زەبەلاح بە فیڕۆ بدات. سەرکردایەتیى چینى، لەوە حاڵییە کە چین ناتوانێ ئەو دوژمناتییە گەورەیەى شیعە- سوننە و کێشەوبێشەى خۆبەخۆى عارەبان لا ببات کە گرفت و ئاریشە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەنێننەوە، بەڵام چین دەتوانێ هاوکار بێ کە بارى ئارا بپارێزرێ و ڕەوشەکە خراپتر نەبێ. وێدەچێ ئەم سەردانەى سەرۆکى چین لەم کات و ساتەدا کە بارگرژییەکە بەرەو سەر چووە، مەبەستى گەیاندنى ئەم پەیامە بووبێ.

دوابەدواى ئەم سەردانەى سەرۆکایەتى، چین چەند هەنگاوێکى بۆ پاراستنى سەقامگیرى و کەمکردنەوەى گرژیى ئیسلامى هەڵێنایەوە لە ڕێگەى دروستکردنى ڕایەڵکەیەک لە نێوان هەر دوو لادا کە پێنگاڤه‌ سەرەتایى و هاوبەشەکانى شیعە- سوننە پتەو و قایم بکەن، وەک ڕاکێشانى بۆڕیى گازى سروشتى کە بە ئێران و ئەفغانستاندا بڕوا و هەر دوو لا بەرژەوەندیى هاوبەشیان لەوەدا هەبێ کە کێشەوبێشە و گرفت کەم بکەنەوە. چین لە جێگەى دیکەیشدا کارى هاوشێوەى کردوون، بۆ نموونە لە ڕێگەى بەستنەوەى ئوستانى جینجیانگ Xinjiangى باکوورى ڕۆژئاواى چین بە تارانى شیعەوە بە هۆى هێڵێکى خێراى شەمەندەفەرەوە، کە بە دەوڵەتە سوننە مەزهەبەکانى ئاسیاى ناوەڕاستدا دەڕوا وەک: کازاخستان، ئۆزبەکستان و تورکمانستان [لە ١٥ى شوباتى ٢٠١٦دا ئەم شەمەندەفەرە، پاش ١٤ ڕۆژەڕێ گەییشتە وێستگەى تاران- ئاسۆ].

ڕوویه‌کى دیکەى سیاسەتى نوێى چین لەبارەى ڕۆژهەڵاتى ناوینەوە، یاسایه‌کە کە لە دیسامبەرى ٢٠١٥دا پەسند کرا و ڕێگەی بە سوپاى چین دەدا کە ئۆپەراسیۆنى دژە تیرۆر لە دەرەوەى سنوورەکانى چین بەڕێوە ببات بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتەى کە دەبێ ئۆپەراسیۆنەکەى تێدا ئەنجام بدرێ. ئەم یاسایە ڕێگە بۆ چین خۆش دەکا کە ڕۆڵێکى پڕماناتر لە جه‌نگی دژ بە دەوڵەتى ئیسلامى بگێڕێ یان هەر ڕێکخراوێکى دیکە کە زیان بە سەقامگیریى نێودەوڵەتى بگەیەنێ، واتە چین هەر تەنیا هێز بۆ هێزەکانى ئاشتیپارێزى سەر بە UN مەیسەر نەکا. لەوانەیە ئەم یاسایە بۆ ئەوە پەسند کرابێ کە چین ڕۆڵێکى زۆر سەرەکیتر لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا بگێڕێ، بەڵام ئەم سۆنگەیە، ناکرێ بە ڕەها وەربگیرێ و هەر ئەوە بێ و بڕابێتەوە. لەوانەیە ئەو یاسایە کەمێک لە خزمەتێکى لابەلاى چین بۆ هەوڵ و تەقەڵاى نێودەوڵەتى بۆ پاراستنى سەقامگیریى جیهانى، زێتر بێ.

ڕاگەیاندنى دامەزراندنى کۆڕبەندیى ئاشتیى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە دەبێ بەهاوبەشى لەگەڵ دامەزراوەى چینى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ئاشتى و گەشەپێدان (MEFPD) و کۆڕبەندیى هاریکاریى نێوان دەوڵەتانى عەرەب- چین بێتە دانان، ئاماژەیەکى دیکەی سیاسەتى نوێى چینە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. چین یۆنگ-ى سکرتێرى گشتیى MEFPD، گوتى: ئەوە هەنگاوێکە بەرەو جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنەى لە لایەن سەرۆکى چینەوە لە کانوونى دووەمى ئەمساڵدا بە کۆمەڵەى گشتیى کۆمکارى عەرەبى درا. "ئێمە دەمانەوێ ببینە یەکێ لەوانەى کە ئاشتى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا مکوم دەکەن و گەشەپێدان خێرا دەکەن. (Qi Qian Jin) وەزیرى ڕێگەپێدراو لە باڵوێزخانەى چینى لە قاهیرە ئەم بیرۆکەیەى بەرفرەتر کردەوە و گوتى: "ئاشتى و گەشەپێدان پێکەوەگرێدراون و سەرجەم گەلانى گۆى زەوى ئەوەیان دەوێ. ئەم دەستپێشخەرییە- یەک پشتێنە، یەک ڕێ- دەتوانێ بڕێک بەشداریى لە گەشەپێدانى ناوچەکەدا بکا."

ئەو کارو کردانەى چین، هەموویان قامک بۆ گۆڕانى میتۆد و شێوازى چین لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ڕادەکیشن. ئەم ناوچەیە وەک ناوچەیەکى هەرە گرنگ بە لاى چین دەمێنێتەوە، چونکە بە ڕاددەیەکى زۆر، چین لە ڕووى وزەوە پشتى پێ دەبەستێ. هەروابێتەوە پانتایییەکیشە کە چین دەتوانێ هێز و تواناکانى خۆى لەسەر شانۆى جیهانى نیشان بدا. ئەم توانایانە، بە شێوەیەکى سەرەکى لە ڕێگەى بازرگانى و پاراستنى پێوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا خۆ دەنوێنێ کە لەگەڵ یەکدیدا لە کێشەدان وەک ئێران و عەرەبستانى سعوودى، یان ئیسرائیل و جیهانى عەرەبى. هەروا چین هەنگاوى پراکتیکیشى ناوەتەوە، وەک ڕاکێشانى بۆڕیى گازى ئێرانى- ئەفغانى، بۆ خاوکردنەوەى گرژییەکانى نێوان شیعە- سوننە.

 

تێبینی:

 Roie Yellinek  قوتابیى دکتۆرایە لە بەشى دیراساتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە زانکۆى Bar-Ilan،   Roie Yellinek* BESA (The Begin- Sadat Center For Strategic Studies

سەیرى ئەم لینکە بکە:

http://besacenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples