پێویستیی ترامپ به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی

2016-09-20

پێویستیی "ترامپ" به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی

پێنووس: دۆناڵد ترامپ (Donald Trump)، زۆربه‌ی ده‌نگده‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كانی له‌ ڕێگه‌ی بردنه‌ژێرپرسیاری دۆخی هه‌نووكه‌یی، ورووژاندووه ‌(گه‌شكه كردووه)‌‌. بۆ ئه‌و‌ ئه‌مریكییانه‌ی كه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی ڕووله‌زیادبوو دۆخی هه‌نووكه‌یییان بۆ ئاسایی بۆته‌وه‌ یان ته‌نانه‌ت لێی بێهیوا بوونه‌، ده‌ڕبرین و وته‌كانی ترامپ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، كه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ باوه‌كاندا دژ و ناته‌بایه‌، زۆر سه‌رنجڕاكێش دێته‌ به‌رچاو. ترامپ ڕواڵه‌تێكی چاونه‌ترس، ئازا و پراگماتیستیی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كاتیك كه‌ ڕووبه‌ڕووی هیلاری كلینتۆن (Hillary Clinton) ڕاده‌وستێت، كه‌ ئه‌مه‌یش دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان ڕێوشوێنی ده‌مارگیرییه‌ جێگیربووه‌كانه‌.

ترامپ، زۆر ساده‌ و ساكار ئاماده‌ ده‌بێت و وه‌كوو كابۆیییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. له‌ یه‌كه‌م مشتومڕی ڕاسته‌وخۆ له ‌هه‌مبه‌ر كلینتۆن، كه‌ له‌ 26ی سێپته‌مبه‌ر به‌ڕیوه ‌ده‌چێت، ترامپ پێویسته‌ كارێكی به‌رچاو و شایان بۆ پاڵاوتن و ڕوونكردنه‌وه‌ و ڕێكخستنی په‌یامی خۆی ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ئه‌نجام بدات. ئه‌وه‌ بۆ باوه‌ڕپێهێنان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران، پێویسته‌ نیشانی بدات كه‌ تڕامپ كه‌سێكه‌ ده‌توانێت ڕێبه‌رایه‌تیی جیهانی ئازاد بگرێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام ده‌نگی كاتژمێر ده‌بیسترێت (كات ده‌ڕوات یاخود نزیك ده‌بێته‌وه‌).

له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رفراوان و  سه‌ره‌تاییی ترامپدا له ‌هه‌مبه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و خانمی یه‌كه‌می پێشوودا، ترامپ وێنا و گوتارێكی ڕۆشنبیریی نوێی بۆ پارێزگاره‌نوێیه‌كان پێشكه‌ش كرد، به‌م به‌ڵگه‌وه‌ كه‌ چیتر كۆمارییەکان پاڵپشتی له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ئێستا ناكه‌ن. ئه‌م گوتاره‌ له‌ ڕاستیدا، له ‌درۆیه‌ك زیاتر هیچی تر نه‌بوو، به ‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌تی سه‌ره‌كیی واشنتۆن گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت. به‌شێكی زۆر له‌ پارێزگاره ‌نوێیه‌كان، كه‌ هاوكات پابه‌ندبوونێكی له‌رزۆكیان به‌ بنه‌ما پارێزگارانه‌كان هه‌یه‌، له ‌بنه‌مادا پاڵپشت و پشتیوانیی سیاسه‌ته‌كانی پاڵێوڕاوی پارتی دیموكراته‌كانن.

تڕامپ، پرسیاری ئاسته‌می ده‌رباره‌ی تێچووی ئاڵوگۆڕ و ده‌ستێوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌كانی له ‌به‌رده‌م خۆیدا ده‌بینێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌و مه‌ترسییه‌یش‌‌ هه‌یه‌ كه‌ دیسانه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی كه‌ پارته‌كه‌ی له ‌عێراق دروستی كرد، پرسیار و لێكۆڵینه‌وه‌ی لێ بكه‌ن. هه‌روه‌ها، تڕامپ هیچ بیرۆكه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌و بیروبڕوا‌ ئه‌مریكییه ساده‌ و ساكار، به‌ڵام ‌ ئازایانه‌‌‌ نییه‌‌، ‌كه‌ ده‌بێت په‌ره‌ به‌ دیموكراسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بدرێت. ترامپ پرسیاری ئاسته‌می ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چ چاوه‌ڕوانییه‌كی له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌یه‌، له ‌به‌رده‌مدایه‌. هاوپه‌یمانانێك كه‌ زۆربه‌یان ڕۆڵێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی دارایی و سه‌ربازییان له‌ به‌رگری له‌ بیروباوه‌ڕی ڕۆژئاواییدا نییه‌. چاوه‌روان ده‌كرێت، ترامپ پرسێكی ورووژێنه‌ر به‌ڵام ڕاسته‌قینه‌ی له ‌به‌رده‌مدا بێت‌، گفتوگۆیه‌ك ده‌رباره‌ی ئه‌رك و ڕاسپارده‌ی ناتۆ (NATO)، كه‌ ئایا جووڵه‌ی ناتۆ به‌ره‌و‌ نزیك و نزیكتربوونه‌وه‌یه‌ له‌ مۆسكۆ و سه‌نپیته‌رزبۆرگ،‌ یاخود به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌مریكا و سڕینه‌وه‌ی بارگرژییه‌كان له‌ ئه‌وروپا وه‌فادار و پابه‌ند‌ ده‌مێنێته‌وه‌؟ بابه‌تێك كه‌ زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌یه‌ داموده‌زگه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ئه‌مریكا له‌ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی، خۆ ده‌بوێریت یاخود خۆی لێ لا ده‌دات.

به‌ڵام سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌،‌ هه‌بوونی ئاره‌زوو و حه‌زی جێگه‌ی ڕێز، شتێكه‌ و، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن شتێكی تر. خاڵی ئاشكرا و ڕوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تڕامپ هێشتا شتێكی بۆ فرۆشتن پێشكه‌ش نه‌كردووه‌. ترامپ، ئایدیا و بیرۆكه‌كانی خۆی به‌ ورده‌كاریی پێویسته‌وه‌ شیی نه‌كردۆته‌وه‌، یان ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ به‌ڕاستی گرنگن، سیاسه‌تێكی نوێی بۆ پیاده‌كردن نه‌خستۆته‌ ڕوو. بۆ نموونه‌، چ سه‌ودا و ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی ده‌توانێت‌ به‌شداریی ئه‌مریكا له‌ زه‌ریای (ئۆقیانووس) ئارام باشتر بكات؟  به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ شكست به‌ داعش بێنێت؟ به‌ چ شێوه‌یه‌ك هێڵێكی نوێ له‌گه‌ڵ "چین" ده‌كێشیت تاوه‌كوو له ‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ده‌ریای باشووری "چین" كۆنترۆل بكات؟ چۆن تێگه‌ییشتنی ده‌رباره‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ڕووله‌زیادبوو به‌ره‌و بارگرژی و دوژمنانه‌یه‌، دروست ده‌بێت؟

ترامپ هیچ كات وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕاستیدا زۆربه‌ی پرسیاره‌كانی تریشی، به‌بێ وه‌ڵام هێشتۆته‌وه‌. تێگه‌ییشتنی ترامپ سه‌باره‌ت به‌ ڕووسیا، ئه‌و پرسیاره‌ دێنێته ‌گۆڕێ‌ كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك هاوپه‌یمانییه‌ك له‌گه‌ڵ ڕووسیا دروست ده‌بێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكایشی تێدا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات؟ هێرشی توندی نوخبه‌كان و ڕای گشتی، به‌بێ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه،‌ ئاریشه‌ و كێشه‌ ده‌خوڵقێنێت‌. ئه‌وه‌ هیچ یارمه‌تیده‌ر نییه‌ كه‌ گێڕانه‌وه‌ی وته‌یه‌كی ناڕاستی سه‌رۆككۆماری ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین Vladimir Putin، به‌ وه‌ڕگێرانێكی ناڕاست له‌ زمانی ڕووسییه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی‌ ئینگلیزی، بیخه‌ینه‌ پاڵ ئه‌وه‌وه‌. له ‌ڕاستیدا، پووتین له‌ باسكردنی ده‌رباره‌ی ترامپ، ترامپی به‌ "ڕه‌نگین" (colorful) و "خاوه‌نبه‌هره‌"  (talented) ناو لێنا، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ "پڕشنگدار- دره‌وشاوه‌" (brilliant) و به‌ "بلیمه‌ت" (genius) ناوی به‌رێت. به‌شێك له‌ نه‌یارانی ترامپ، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ترامپ به پیاوی ڕووسیا یاخود‌ "به‌كرێگیراوی كرێملین" (Kremlin agent) بناسێنن. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌م هێرشانه‌یش،‌  بووه‌ هۆی لاوازكردنی "ئه‌خلاقیی گۆڕه‌پانه‌كه‌" یاخود به‌ستێنی گه‌مه‌كه‌، زیاتر له‌وه‌یش كه‌ ترامپ خۆی، پێشووتر كردبووی.

مه‌كینه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ترامپ، به‌ ڕێگه‌پێدان به‌وه‌ی كه‌ كاندیدی كۆمارییه‌‌كان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له ‌به‌رامبه‌ر له‌ری كینگ (Larry King) ده‌ربكه‌وێت، كێشه‌كه‌یان قووڵتر كرده‌وه‌. ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ بۆ كه‌ناڵی "RT" ئه‌نجام درا، كه‌ناڵێك كه‌ به‌ "ڕووسیای ئیمڕۆ" (Russia Today) به‌ناوبانگه‌، كه‌ناڵێك كه‌ ‌پاڵپشتی بۆ پرۆپاگه‌نده‌ی ڕووسیا‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات، به‌ڵام بینه‌ری زۆر كه‌می له‌ ناوخۆی ڕووسیادا هه‌یه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداری له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا‌ زۆر به‌زه‌حمه‌ت جێگه‌ی قبووڵكردنه‌، چونكه‌ گرێدراوی و په‌یوه‌ستبوونی "له‌ری كینگ" ‌ به‌ (RT)یه‌وه،‌ لانی كه‌م سێ ساڵه‌ كه‌ ئاشكرا بووه‌‌.

هه‌ڵه‌كانی ترامپ، نیشانه‌ی ئاشكرا و ڕوونی بێمه‌یلیی خۆیه‌تی بۆ سازش و هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ پسپۆر و كارناسان. چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی وڵات بخاته‌ ژێرده‌ستی كۆنترۆڵی ئاره‌زوو و حه‌ز و، هه‌روه‌ها بڕیاری له‌ناكاوی سه‌رۆككۆمارێك. به ‌درێژاییی گه‌شه‌كردنی كێبڕكێیه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ترامپ به‌فه‌رمی كاندیدبوونی خۆی ڕاگه‌یاند، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ درێژه‌پێدانی ڕه‌وتی هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردن به‌م شێوه‌یه، ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی لاواز و كه‌مه‌.

ترامپ، سه‌باره‌ت به‌ به‌هێزكردنی په‌یامی خۆی ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، ڕووبه‌ڕووی دوو ئاریشه‌ و كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ته‌وه‌‌.  یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی نوخبه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ پراگماتیسته‌كان حه‌زیان لێ نییه‌‌ له‌گه‌ڵ كاندیدی كۆمارییه‌‌كان ده‌ركه‌ون و ببینرێن‌. ئه‌م بابه‌ته‌، كاری ترامپ بۆ ڕاوه‌رگرتن و ڕاوێژ و گه‌یاندنی ده‌نگه‌كانی گۆڕانكاری، (له‌ ڕاوێژكاره‌كانه‌وه‌ بۆ لای خه‌ڵك و له ‌هه‌مبه‌ر ده‌مارگیرییه‌كانی ئێستا)، زۆر ئه‌سته‌م و سه‌خت ده‌كاته‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ی، هێشتا زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ كۆمارییه‌كان، له‌باره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، له‌گه‌ڵ ترامپ و بیرۆكه‌كانیدا نین. هه‌ڵوێسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ترامپ ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، پشتیوانی و پاڵپشتیی هه‌موو كۆمارییه‌كانی له‌گه‌ڵدا نییه‌،  له‌ كاتێكدا به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ ده‌توانن ئه‌زموون و پسپۆری، به‌نرخی خۆیان، بخه‌نه‌ خزمه‌ت ترامپه‌وه‌‌‌.

گرفت‌ و ئاریشه‌ی دووه‌می ترامپ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڕاوێژكارانه‌ی كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ترامپن و، بڕیار وایه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ترامپ به‌ خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نن و بڵاوی بكه‌نه‌وه‌، خۆیان له ‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌زا و ئه‌تمۆسفێری هزری، هه‌روه‌ها حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی ترامپ ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كییه‌وه‌، بیر ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌سایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ترامپ وه‌ك: ڕۆدێڵف جوولیانی (Rudolph Giuliani)، كریس كریستی (Chris Christie)، نیۆت گینگریچ (Newt Gingrich)، له‌وانه‌یه‌ له‌ فه‌زا و بارودۆخی ناوخۆییی ئه‌مریكادا له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ترامپ كاریگه‌ریی ئه‌رێنییان هه‌بێت، به‌ڵام بۆ سیاسه‌تدانانی ده‌ره‌كی، توانا و ئه‌زموونی كه‌متریان بۆ ڕاوێژپێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروبۆچوون و حه‌ز و ویستی ترامپ، هه‌یه. بیرۆكه‌ و ئایدیا سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا، له ‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ و به‌گشتی له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ تا ئێستا ترامپ ته‌نیا تایتڵ و ناونیشانه‌كانیانی ئاماژه‌ پێ داوه‌‌، ‌جیاوازه‌. له‌م دوایییه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووتری "CIA"، جه‌یمز ووڵسی (James Woolsey)، وه‌كوو ڕاویژكاری باڵا، بووه‌ ئه‌ندامی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی‌ ترامپ؛ كه‌سێك كه‌ به‌رگریكاری سه‌ره‌كیی جه‌نگی عێراق بوو، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ ترامپ خۆی ڕه‌خنه‌ی لێ گرتوون‌.

ترامپ نابێت و ناتوانێت له ‌به‌رامبه‌ر هیلاری كلینتۆندا ده‌رباره‌ی ورده‌كارییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، كێبڕكێ بكات. له ‌كاتێكدا‌ دوو سه‌رۆككۆمار، واته‌ باراك ئۆباما (Barack Obama) و سه‌رۆككۆماری پێشووتر، جیمی كارته‌ر (Jimmy Carter)، نیشانیان داوه‌ كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی پراكتیكیدا (كرده‌یی)، به‌شداریی و ده‌ستێوه‌ردانی قووڵی سه‌رۆككۆمار له‌ سیاسه‌ت و پرۆسه‌ی ورده‌كارییه‌كان، ده‌توانێت ئاكام و ئه‌نجامی خراپتری به‌دواوه‌ بێت.

 له ‌به‌رامبه‌ردا، شێوازی جیاوازی سه‌رۆك ڕیچارد نیكسۆن (Nixon) و سه‌رۆك ڕۆناڵد ڕه‌یگان (Reagan)، ڕێچكه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتنی پڕره‌نگتر ده‌خاته ‌ڕوو یاخود پێشان ده‌دات. ترامپ پێویستیی به‌وه‌ نییه‌ كه‌ بۆ ڕاكێشانی سه‌ر‌نجی خه‌ڵك، له‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا شكست به‌ هیلاری كلینتۆن بێنێت، به‌ڵام ده‌بێت زیاتر له‌وه‌ی كه‌ تاوه‌كوو ئێستا نیشانی داوه‌ و ده‌ركه‌وتووه،‌ بۆ خه‌ڵك ڕوونكردنه‌وه ‌بدات یاخود شته‌كان بخاته ‌ڕوو.  بیركردنه‌وه‌ و هزری ده‌نگده‌ران بۆ نه‌بوونی توانایی و شیاوه‌تیی ترامپ له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا، ده‌توانێت به ‌نرخی شكستێكی گه‌وره‌ بۆ ترامپ كۆتاییی پێ بێت.

ترامپ، پێویسته‌ به ‌شێوه‌یه‌كی جددی ڕێوشوێنه‌كانی خۆی له ‌هه‌مبه‌ر گرفت و ئاریشه‌كانی به‌رده‌م ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕوون بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ بژارده‌ نییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ پێویستییه‌كه،‌‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و (ترامپ) به ‌دوای ئه‌وه‌وه‌یه (ده‌یه‌وێت)‌ كه‌ بچێته ‌ناو‌ نووسینگه‌ی هێڵكه‌یی Oval Office (كۆشكی سپی).

 

سه‌رچاوه‌: http://nationalinterest.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples