بۆچی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق سه‌رۆكێكی نوێی هه‌ڵبژارد؟

2016-09-29

بۆچی "هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق" سه‌رۆكێكی نوێی هه‌ڵبژارد؟

 

پێنووس: هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق، گه‌وره‌ترین بلۆكی سیاسیی شیعه‌، كه‌ 185 كورسی له‌ 328 كورسیی په‌رله‌مانیی له‌ده‌ستدایه‌، ڕۆژی پێنجه‌می سێپته‌مبه‌ر "عه‌ممار حه‌كیم"ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامیی عێراقی بۆ ڕێبه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارد. ئه‌م ڕووداوه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه،‌ له‌ كاتێكدا ڕووی دا كه‌ پێشووتر هیچ هه‌واڵێك ده‌رباره‌ی ویستی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بڵاو نه‌كرابۆوه‌.

ئه‌م بابه‌ته‌، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵیك مه‌زنده‌ بۆ ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌م بڕیاره‌ بێته ‌ئاراوه‌، به ‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له ‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه‌ له ‌ڕێگه‌ی به‌هێزكردنی یه‌كگرتوویی له‌ نێوان ئه‌ندامه‌كانی له‌ به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، ده‌ستكه‌وته‌ مێژوویییه‌كانی خۆی وه‌كوو گه‌وره‌ترین بلۆكی سیاسی له‌ دوای ساڵی 2003 بپارێزێت. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌پێی ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنه‌كه‌، "حه‌كیم"  ته‌نیا بۆ یه‌ك ساڵ ده‌توانێت خاوه‌نی ئه‌م پۆسته‌ بێت.

هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق له ‌سه‌رده‌می پێكهاتنییه‌وه‌ له‌ ساڵی 2005وه‌ تاوه‌كوو پێكهاتنی كابینه‌ی نوێ، هه‌میشه‌ په‌رش و بڵاو بوو و بۆ گه‌ییشتن به‌ هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو هه‌وڵی ده‌دا. كاتێك كه‌ "حه‌یده‌ر عه‌بادی" بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌ڵبژێردرا، باڵی نووری مالكی، سه‌رۆكی  ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی پێشووتر و، زۆرێك له‌ پارته‌كان، هاوپه‌یمانیی نیشتمانییان به ئه‌نجامدانی‌ ناپاكی (خیانه‌ت) تۆمه‌تبار كرد و، ئه‌م پرسه‌یش، بووه‌ هۆی دروستبوونی كۆمه‌ڵێك ناكۆكی له‌ نێوانیاندا. بلۆكی ئه‌لئه‌حرار، نزیك له‌ موقته‌دا سه‌در، ڕای گه‌یاند كه‌ به‌شداری له‌ دانیشتنه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا ناكات و، خۆپێشاندانی به‌ر‌فراوان له‌ شه‌قامه‌كانی عێراقدا ئه‌نجام درا. 

هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانیی نیشتمانی، وه‌ك هاوپه‌یمانییه‌كانی سوننه‌ و كورد، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا ناكۆكیی ناوخۆییی زۆری هه‌بووه‌ و ئازاری پێوه‌ چێشتووه‌. بۆ نموونه له‌ مانگی جولای 2015دا،‌ به‌ هۆی نه‌بوونی ڕێككه‌وتن و یه‌كده‌نگی له‌سه‌ر سه‌رۆكێكی نوێ، )حه‌كیم و "عه‌لی ئه‌لئه‌دیب"، وه‌زیری پێشووی خوێندنی باڵای عێراق(، ئه‌م دوو كه‌سه‌ نه‌یانتوانی ڕه‌زامه‌ندی و ده‌نگی هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. له‌ ئاكامدا، ئه‌م پۆسته‌ هه‌ر له‌ژێر ده‌ستی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌دا مایه‌وه‌. ئیبراهیم جه‌عفه‌ری له‌ ئۆگۆستی ساڵی 2009وه‌ و پاش كۆچی دواییی" عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم"، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نیشمانی بوو.

هه‌ڵبژاردنی "حه‌كیم" له‌و مانگه‌دا، وه‌ك سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی، له ‌دوای بڕیارێكی گشتییه‌وه‌ ئه‌نجام درا، كه‌ ته‌كه‌ز له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی، به ‌شێوازی خولی و ساڵانه‌ بگۆڕدرێت. ئه‌وه‌ به‌م واتایه‌یه‌ كه‌ "حه‌كیم"، ته‌نیا  بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ كات و ده‌رفه‌تی هه‌یه‌ تا‌وه‌كوو  ئه‌ركی دووباره‌ڕێكخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له ‌پاش ‌(6) ساڵ ناكۆكی و ململانێی ناوخۆییی نێوان حزبی "الدعوه‌" و "ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی" چاره‌سه‌ر بكات. پێشبینی ده‌كرێت كه‌  ئه‌م ڕێكخستنه‌ نوێیه‌، به‌ مه‌به‌ستی وه‌‌به‌ركردنی گیانێكی نوێ بێت بۆ هاوپه‌یمانیی نیشتمانی، كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ قووڵه‌كانی عێراقدا شكستی هێناوه‌‌.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ چه‌ند حزبێكی ناوچه‌یی هه‌ن كه‌ ده‌توانن له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌ هه‌ماهه‌‌نگكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانیدا هه‌بێ‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق به‌ مه‌رجی ئاشكرانه‌كردنی ناوه‌كه‌ی، به‌ "ئه‌لمۆنیتۆر"ی ڕاگه‌یاند كه‌ مانگی ڕابردوو چاوپێكه‌وتن و دانیشتنێك له‌ نێوان ڕێبه‌رانی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی و ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیدا ئه‌نجام دراوه‌ كه‌ ئاسانكاری بۆ هه‌ڵبژاردنی "حه‌كیم"ی وه‌ك سه‌رۆكی خولی هاوپه‌یمانییه‌ك كه‌ هه‌موو باڵ و لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی له‌خۆ گرتووه‌، لێ كه‌وتوه‌وه‌. 

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ گوتی: "له‌ چاوپێكه‌وتنی نێوان خامنه‌یی و ڕێبه‌رانی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیدا كه‌ له‌ مانگی ئۆگۆست ئه‌نجام درا، جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی یه‌كگرتووییی ناوخۆییی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ئاریشه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌، كرایه‌وه." ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له ‌درێژه‌دا گوتی: "چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ نووری مالیكی له‌ دوای كۆتاییهاتنی خولی حه‌كیم، جارێكی تر ببێته‌وه‌ سه‌رۆك. ئه‌مه‌یش هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی 2018 و پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوی و، ده‌ستی مالیكی كه‌ خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، ئاوه‌ڵاتر ده‌كات."

به‌م حاڵه‌یشه‌وه‌،‌ سه‌ر‌چاوه‌یه‌كی نزیك له‌ "حه‌كیم"، به‌ ئه‌ڵمۆنیتۆری گوت، كه‌ له‌نێو ڕێڕه‌وه‌‌كانی  ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامیدا ڕێككه‌وتنێك كراوه‌‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ تا ئه‌و كاته‌ی حزبی "الدعوه"‌، خاوه‌ن پۆستی سه‌رۆكی  ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه، سه‌رۆكایه‌تیی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر، له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و حیزبه‌دا نه‌بێت. "عه‌بادی" ، ئه‌ندامی حیزبی ده‌عوه‌یه‌ و،  ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی، له‌گه‌ڵ قۆرخكردنی پۆسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی و ڕێبه‌ری، له‌ده‌ست تاكه لایه‌ن و ‌ حیزبیكدا نییه‌.‌

  له ‌ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی ڕابردوودا، هاوپه‌یمانیی نیشتمانی، له‌ نێوخۆیدا به‌ره‌وڕووی توندتربوونه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی ناكۆكیی قووڵ له‌ نێوان دوو جه‌مسه‌ری خۆی، واته‌ باڵی "الاحرار"ی سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در و هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا، سه‌ر به‌ نووری مالیكی بۆته‌وه‌. كۆماری ئیسلامیی ئێرانش پێشتر گوشاری خستبووه‌ سه‌ریان كه‌ پێویسته‌ حزبه‌كانی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق، هه‌وڵ بده‌ن له‌ ناكۆكی و په‌رشوبڵاویی نێو باڵه‌كان و ڕه‌وته‌كه‌یان دوور بكه‌ونه‌وه‌.

  له‌م په‌یوه‌ندییدا، "حه‌كیم" له‌ لاپه‌ره‌ی تایبه‌تی تویته‌ره‌كه‌یدا نووسیی: "یه‌كێك له‌ سه‌ره‌تاییترین ئه‌وله‌ویه‌ته‌كان، جێگیركردنی میكانیزمێكی ڕێكخراوه‌یییه‌ له‌نێو هاوپه‌یمانیی نیشتمانیدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ پرۆسه‌ی داڕشتنی پلان و بڕیار و به‌رنامه‌كاندا به‌شدار بن، سه‌روه‌ریی گشتی و سیاسی، پێویسته‌ چالاك بكرێته‌وه‌، كه‌لتووری گفتوگۆ و په‌یوه‌ندیكردن په‌ره‌ی پێ بدرێت، هه‌روه‌ها چه‌ند ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووین بدۆزرێته‌وه‌." هه‌روه‌ها ناوبراو متمانه‌ی خۆی بۆ ڕێبه‌رانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ده‌ربڕی و داوای لێ كردن كه ‌بۆ جێبه‌جێكردنی و، به ‌ئاراسته‌ی ئه‌و ئامانجانه‌ پشتیوانی و پاڵپشتیی لێ بكه‌ن. 

سه‌ره‌ڕای باوه‌شی كراوه‌ی حه‌كیم بۆ هه‌موو گرووپه‌كانی شیعه‌ و، سه‌ره‌ڕای دانیشتن و چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌، بزووتنه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی بۆ به‌شدارینه‌كردن له‌ دانیشتنه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا و هه‌روه‌ها هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتییه‌كه‌ی خۆی، سوور و به‌رده‌وامه‌.

"جه‌عفه‌ر موسه‌وی" یه‌كێك له‌  په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به‌ ڕه‌وتی "الاحرار"، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كاندا گوتی كه‌ گرووپه‌كه‌ی، هیچ هه‌واڵێكی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی "حه‌كیم" نه‌بووه. هه‌روه‌ها ناوبراو ته‌كه‌زی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌: "زۆر له‌مێژه‌ "الاحرار" له‌ هیچ دانیشتنێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ هاوپه‌یمانیی نیشتیمانیدا به‌شداریی نه‌كردووه‌." 

ڕاگه‌یاندنه‌كانی نزیك و سه‌ر به‌  ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامیی عێراق، ته‌كه‌زیان له‌سه‌ر هه‌وڵ و به‌رنامه‌كانی "حه‌كیم" ده‌رباره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ هاوپه‌یمانیی نیشتمانی كردۆته‌وه‌. له‌م كاتانه‌دا و ئێستا،‌ "حه‌كیم" خه‌ریكی دیدار و دانیشتن له‌گه‌ڵ ڕه‌وت و حیزبه‌كانی تری هاوپه‌یمانییه‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ لێكتێگه‌ییشتنێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ی جێگه‌ی ئاریشه‌ و ناكۆكین، دروست بكات.

 

سه‌رچاوه‌:

http://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples