2016-10-01
ئایا په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه؟
پێنووس: تاوه‌كوو دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، په‌یوه‌ندیی نزیكی سه‌ربازی له نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیادا، له بواره‌كانی پێشه‌سازیی به‌رگری، ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌ی سه‌ربازی، ئۆپه‌راسیۆنی به‌رگری له ئاشتی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جیهانی له دژی تیرۆر، ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ناتۆ (NATO) و ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانیان له ئه‌فغانستان، وه‌كوو نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو، به‌ناوبانگ بوو. هه‌موو ئه‌وانه ده‌ربڕ و نیشانه‌ی ئاستی به‌رزی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بوون له نێوان سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هیزه چه‌كداره‌كانی توركیادا (Turkish Armed Forces (TSK)).
ئه‌گه‌ر له هه‌ندێك ناكۆكیی ورد له‌سه‌ر بیر و بۆچوونه‌كان چاوپۆشی بكه‌ین، ئه‌وه له‌و ڕۆژه گه‌شانه‌ی ڕابردوودا گرێبه‌ستی پرۆژه‌كانی به‌رگری، به گوژمه‌ی چه‌ندین ملیار دۆلار له نێوانیاندا ئیمزا كرا. سندوقی نێونه‌ته‌وه‌ییی په‌روه‌رده و فێركردنی سه‌ربازی (International Military Education and Training Fund)، تێچووی ئه‌و پرۆژه و گرێبه‌ستانه‌ی له ئه‌ستۆ ده‌گرت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، سه‌دان ئه‌فسه‌ر و پله‌داری سوپای توركیا بۆ ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌كردن ده‌چوونه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. هه‌ردوو وڵات، هه‌موو ساڵێك لانی كه‌م نزیكه‌ی 20 مانۆر و ڕاهێنانی سه‌ربازیی دوولایه‌ن یاخود چه‌ندلایه‌نه‌یان به‌رێوه ده‌برد، كۆبوونه‌وه و دانیشتنی ئاستبه‌رزی سه‌ربازییان پێك ده‌هێنا و ته‌نانه‌ت بۆ خزمه‌تی شیاو و شایسته، میداڵیای شه‌ره‌فیان ده‌به‌خشییه هێزه‌كانی لایه‌نه‌كه‌ی تر.
مۆدێڵ و شێوازی په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا وه‌كوو شێوه‌یه‌ك له سیاسه‌تی ئاستبه‌رز (دیپلۆماسیی سه‌ربازی) بوو كه له لایه‌ن جه‌نه‌ڕاڵه پله‌به‌رزه‌كانی سوپای توركیا و هاوتا ئه‌مریكییه‌كانیان له‌پشت ده‌رگا داخراوه‌كاندا پێك ده‌هێنرا؛ شوێنێك كه گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كه‌سانی نوخبه‌ی هه‌ڵبژێردراوی ناسه‌ربازی، توانای ده‌ستێوه‌ردانیان نه‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌م په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییانه، وه‌كوو له‌نگه‌رێك توركیای به بلۆكی ئاسایشیی ڕۆژئاوا ده‌به‌سته‌وه و به‌م هۆیه‌یشه‌وه شوێندانه‌ریی خۆی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی توركیا جێ ده‌هێشت.
به‌و پێیه‌ی كه ئیمڕۆكه ده‌توانین ساردی ئه‌و په‌یوه‌ندییه سه‌ربازی و دیپلۆماسییانه‌ی كه له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیادا ڕووی داوه، هه‌ست پێ بكه‌ین، بۆیه ئه‌و مۆدێڵه نه‌ریتییه له په‌یوه‌ندیی نێوانیان چرچ و كاڵ بۆته‌وه.
عه‌لی بیلگین ڤارلیك (Ali Bilgin Varlik )، عه‌قیدی خانه‌نشینكراوی سوپا، پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له زانكۆی ئێسه‌ن یۆرت له ئیستانبۆڵ (Esenyurt University) ئاماژه به‌و گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا له پاش كۆده‌تاكه‌ی 15ی جولای ده‌كات كه كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی توركیا-ئه‌مریكا داناوه. "ڤارلیك" به ئەلمۆنیتۆر (Al-Monitor)ی گوت كه نادڵنیایی و بێمتمانه‌ییی ڕای گشتیی توركیا له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا، جێگه‌ی خۆی داوه‌ته تووڕه‌یییه‌كی ئاشكرا له دژی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. "ڤارلیك" ده‌ڵێت: "به‌شی سیكۆلاری توركیا، پێشووتر كاردانه‌وه‌ی له هه‌مبه‌ر پرۆژه‌گه‌لێكی وه‌ك "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره" و "ئیسلامی میانڕه‌و"، كه له پاش ده‌یه‌ی ساڵی 2000وه له لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه بڵاو ده‌كرایه‌وه و په‌ره‌ی پێ ده‌درا، نیشان ده‌دا.
پاش كۆده‌تای سه‌رنه‌كه‌وتووی 15ی جولای، بازنه پارێزگاره‌كانیش له توركیا وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه له‌وانه‌یه ئه‌مریكا ڕۆڵی له‌م پرۆژه‌یه (كۆده‌تا)دا هه‌بووه، یان لانی كه‌م زانیاریی له‌سه‌ری هه‌بووه به‌ڵام هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی بۆ پاڵپشتی له حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان نه‌بووه. به هه‌ر حاڵ، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا هیچ هه‌وڵێكی بۆ هاوخه‌می و هاوسۆزی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و خه‌ڵكی توركیا نه‌بووه و ده‌ره‌نجامه‌كه‌یشی ئه‌وه‌بوو كه له پاش كۆده‌تای سه‌رنه‌كه‌وتووی گولهنیستهكان و گۆڕانكارییه‌كانی دوای ئه‌و، بێمتمانه‌یی له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكادا له توركیا په‌ره‌ی سه‌ندووه."
"ڤارلیك" ده‌ڵێت: ئێستا به هۆی گوشاری ڕای گشتییه‌وه، سوپای توركیا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ویستی ئه‌وه‌یشی هه‌بێت، ناتوانێ په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا، به ئاشكرا درێژه پێ بدات. "ڤارلیك" درێژه به قسه‌كانی ده‌دات و ده‌ڵێ: تا ئه‌و كاته‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن ڕاده‌ست نه‌كرێته‌وه و له دادگایه‌ك له توركیادا دادگایی نه‌كرێت، گوشاره‌كان له‌سه‌ر سوپای توركیا بۆ دابه‌زاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، كه‌م نابێته‌وه.
ئۆگۆر گونگۆر (Ugur Gungor)، عه‌قیدی خانه‌نشینكراوی سوپا و پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له پاش كۆده‌تاكه، ئه‌وه سیاسه‌تمه‌داره مه‌ده‌نی و ناسه‌ربازییه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ن كه په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه له نێوان سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا، هه‌روه‌ها هاوكاریی نێوانیان له‌م بواره‌دا، ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.
"ئه‌حمه‌د یاڤوز" ( Ahmet Yavuz)، جه‌نه‌ڕاڵی خانه‌نشینكراو، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ "گونگۆر" هاوڕایه. "یاڤۆز" پێی وایه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه كورده‌كانی سووریا وه‌ك هاوپه‌یمانێكی پڕبایه‌خ و بڕواپێكراو و جێگه‌ی متمانه ده‌زانێت له جه‌نگی دژ به داعشدا، زۆر دووره له چاوه‌ڕوانی كه هه‌مان تێڕوانین و گۆشه‌نیگای ڕابردووی له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سوپای توركیادا هه‌بێت. "یاڤوز" هه‌روه‌ها ئه‌و تێڕاونینهی هه‌یه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌خوازێت به مه‌به‌ستی پیاده‌كردنی مۆدێڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق له سووریادا، په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده (PYD) به‌هێزتر بكات. به‌ڵام به‌م حاڵه‌یشه‌وه ئه‌مریكا، ئه‌وه باش ده‌زانێت كه بۆ هه‌نگاوه سهرهتایییهكانی خۆی، پێویستیی به پاڵپشتیی سوپای توركیا و بنكه‌كانی ئینجه‌رلیك (Incirlik) و دیاربه‌كر (Diyarbakir) بۆ هێرشی ئاسمانی له جه‌نگی دژی داعش، هه‌یه.
سه‌رچاوه نزیكه‌كان له باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ئه‌نقه‌ره، بڕوایان وایه كه ئه‌م لاوازییه هه‌ستپێكراوه له په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا-توركیادا، به پله‌ی یه‌كه‌م و زیاتر، په‌یوه‌ندیی به هۆكاره بونیادییهكانهوه هه‌یه تاوه‌كوو پێشهات و پرسگه‌لێكی وه‌ك په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی باكووری سووریا، یاخود ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌مریكی له ئه‌نقه‌ره به "ئه‌لمانیتۆر"ی گوت: "گۆڕانكارییه‌كانی به‌رده‌وامی ڕۆژانه له هه‌ڵسوكه‌وت و بارودۆخی توركیا له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌نقه‌ره وه‌ك ئه‌كته‌ریكی پێشبینینهكراو، كه تێگه‌ییشتن لێی ئه‌سته‌م و ئاڵۆزه، بێته به‌رچاو و ده‌ركه‌وێت. ئه‌م ناڕوونی و ئاڵۆزییه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه بۆ ئێمه زه‌حمه‌ت و ئه‌سته‌م بێت پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو و دهستنیشانكراومان له په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌بیت."
سه‌رچاوه‌یه‌كی تری ئه‌مریكیش له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "ئه‌لمانیتۆر"، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه گۆڕانكارییه سیاسی و سه‌ربازییه‌كان له توركیادا، كێشه و گرفتی بۆ ئه‌مریكا له ناسینی به‌رده‌نگه گونجاو و شیاوه‌كان له ئه‌نقه‌ره، خوڵقاندووه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "له ڕابردوودا ئێمه ته‌نیا یه‌ك به‌رده‌نگ و هاوتامان له توركیا هه‌بوو و ئه‌ویش سه‌رۆكئه‌ركانی سوپای توركیا بوو. به‌ڵام ئیمڕۆ نازانین كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ كێدا په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت: ئایا ئێمه ده‌بێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكئه‌ركانی سوپا مامه‌ڵه بكه‌ین؟ یا وه‌زیری به‌رگری؟ یا وه‌زیری ده‌ره‌وه؟ یا خودی سه‌رۆككۆمار؟!))
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاسایشی به "ئه‌لمانیتۆر" ده‌ڵێت كه توركیایش له لایه‌نی ئه‌مریكییه‌كانه‌وه هه‌ر ئه‌و كێشه و گرفته‌ی هه‌یه. له ڕابردوودا توركه‌كان ده‌یانزانی كه له په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كاندا كێ لایه‌نی به‌رامبه‌ریانه، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی ئێستا زۆر ئاڵۆز و ئه‌سته‌م بۆته‌وه. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌ڵێت: "له ڕابردوودا، ئێمه له ڕێگه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ ناتۆ (NATO)، په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانمان له‌گه‌ڵ "یه‌كێتیی ئه‌وروپا"یشدا ده‌پاراست، به‌ڵام ئیمڕۆكه بۆ نموونه له سووریادا، له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌وروپییه‌كان، پنتاگۆن (Pentagon)، (CIA) و وه‌زیره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیاوازدا، ڕووبه‌ڕووین."
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌مریكی ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێویستیی به داواكردنی مۆڵه‌ت له توركیا نییه بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه له دژی داعش هه‌ڵی ده‌گرێت. هێزه‌كانی یه‌په‌گه (YPG) له سووریا، ئاسایشی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له جه‌نگی دژی داعش ده‌سته‌به‌ر كردووه و، ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه ئه‌وان (یه‌په‌گه) ده‌توانن باشترین هاوپه‌یمان بن له دژی تیرۆریزم. ڕاستییه‌كه‌ی، ئێمه تا ئێستا ناتوانین له مه‌به‌ست و ئامانجی كۆتاییی ئه‌نقه‌ره له جه‌نگی دژی داعش، تێ بگه‌ین. ئه‌مه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ناڕوونی، ئاڵۆزی و هه‌روه‌ها لاوازیی دامه‌زراوه‌كانه بۆ له‌ده‌ستدانی بڕوا و متمانه له نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تدا."
سه‌رچاوه ئه‌مریكییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه دا كه ئه‌وان سه‌رنجی ئه‌وه ده‌ده‌ن و له‌وه ئاگادارن كه كاتێك حكوومه‌تێكی مه‌ده‌نی باڵاده‌ست ده‌بێت، ئه‌وه سیاسه‌ته‌كان له جیاتی ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵانیه‌ت و دووربینی بن، زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی ڕۆژانه و جۆش و خرۆشی ناوخۆیی ده‌بن. ئه‌و سه‌رچاوانه هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه دا كه به‌رپرسانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌وه دڵگران و ڕه‌نجاون كه په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات وه‌ك ئه‌و وته‌یه وایه، كه پێی ده‌گوترێت "خه‌نجه‌رلێدان له‌پشته‌وه". له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه‌یش بین كه خاڵێك هه‌یه بووه‌ته هۆی بێمتمانه‌ییی ئه‌نقه‌ره له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكادا، ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئایا په‌یوه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ "په‌یه‌ده" كورتخایه‌نه؟ ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه؟ ته‌نیا سه‌ربازییه؟ یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژیكی درێژخایه‌نه كه له داهاتوودا په‌ل ده‌هاوێت بۆ بواری سیاسی، یاخود بواری تر.
سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌و مه‌رجه‌ی كه ناوی ئاشكرا نه‌كرێت به "ئه‌لمانیتۆر"ی ڕاگه‌یاند: "به بڕوای من، ئه‌مریكا تا ئێستایش له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ "په‌یه‌ده"دا دوودڵ و دڕدۆنگه."
به‌كورتی، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ وه‌رچه‌رخانی گه‌وره له پارادایم و مۆدێڵی په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیادا ڕوو بدات، به‌ڵام وا پێ ناچێت یاخود وا ده‌رناكه‌وێ كه هیچ كامه له توركیا و ئه‌مریكا، به‌وه بزانن و ئاگادار بن.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانه‌یه:
له كۆتاییدا، وا ده‌رده‌كه‌وێ كه چرچوكاڵی له مۆدێڵی نه‌ریتیی په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیادا، به هۆی سه‌رلێشێواویی دوولایه‌نه له ڕووداو و پێشهاته‌كانی ئه‌و مانگانه‌ی ئه‌م دوایییانهیه و، تا كاتێك ڕێوشوێنێكی هاوبه‌ش بۆ به‌ڕێوه‌بردن و هه‌ماهه‌نگی له پارادایمه نوێیه‌كان پێك نه‌هێنرێ، قه‌یرانی ئێستای په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن به مانای ئاڵۆزتر و توندتربوونی قه‌یرانه‌كان ده‌بێت. له‌وه‌یش خراپتر، بێمتمانه‌ییی ئێستایان، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ته‌واوی له‌ناو ده‌بات.
سه‌رچاوه: