2016-10-11
نيشانە و پێڤاژۆکانى مووسڵ
نووسینی: تۆلگا تانیش
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم
ئۆپەراسیۆنى مووسڵ دەستى پێ کراوە، تەنیا ئەوە ماوە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا بە شێوەیەکى ڕەمزى، "صافیرە"ى دەسپێکردن لێ بدرێ. من هەوڵ دەدەم نیشانەکانى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ لە چوارچێوەى پێڤاژۆى کاریگەریى ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر تورکیا، بۆ ئێوە بگوێزمەوە. مووسڵ لە حوزەیرانى ٢٠١٤ەوە کەوتووەتە بن دەستى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش)ەوە.
- ڕەهەندى هەرە گەرمى ئەو ئۆپەراسیۆنە بە لاى ئەنقەرەوە، بوونى هێزەکانى تورکیایە لە دەوروبەرى باشیک، کە کەوتووەتە ٢٠ کیلۆمەتریى بەرى ڕۆژهەڵاتى مووسڵەوە. من لە ٣٠ حوزەیراندا لە نزیک بنکەى "گەدو" بووم. ئەو کامپە (هۆردییە) کە بەسەر گردێکەوەیە، نزیکەى ٥ کیلۆمەترێک لە بەرەى پێشەوەى جهنگهوه دوورە و، بەسەر باشیکدا دەڕوانێ کە بەدەست داعشەوەیە. بەبێ ئەوەى بکەویتە مەترسییەوە، دەتوانی لەوێوە شەڕ و پێکدادان ببینى، لێ عێراق دەیەوێ پێگەیەکى وەها ستراتیژی، لە ماوەى ئابڵووقەدانى مووسڵدا بەکار بهێنێ.
- پێشمەرگە لە خەتى پێشەوەى جهنگه. هەڵبەت ئەو ناوچەیە لە دەرەوەى کۆنترۆڵى کاربگێڕیى هەرێمى کوردییە، بەڵام ئێستە نەواو دەڤەرێکى دیفاکتۆى کوردییە. هەوەڵجار تورکیا، بوونى خۆى لە ناوچەکەدا بەوە پاساو دەدایەوە کە لەسەر داواى کاربگێڕیى بەغدا بووە. وەک فاکتێک، خالید عوبێدى، وەزیرى بەرگریى ئەو دەمەى عێراق، لە نۆڤامبەردا سەردانێکى کەمپەکەى کرد و، هەر لەو ساڵیش تورکیا هەوەڵجار هێزەکانى خۆى لە سەرەتاى ٢٠١٥دا لێ قایم کرد. لەگەڵ ئەوەیشدا، کاتێ کە تورکیا فڕۆكهیهكی ڕووسیى خستە خوارهوه و، لە گەمەى سووریادا کرایە دەرهوه، ئەنقەرە بنکەى باشیک-ى کەوتەوە بیر و، هێزەکانى خۆى تێدا قایمترکرد. لە سەرینى فشارى دیپلۆماتیى ڕووسى و هێرش و پەلامارى ئێرانى، توركيا لەناکاو خۆى بەتەنیا دیتەوە. هەمووان ناڕەزایییان نیشان دا و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایش داواى لە تورکیا کرد هێزەکانى لە کامپەکە پاشەکشە پێ بکا.
- ئەوان ( تورکیا) نەیاندەتوانى بڕوا بکەن. بەڵام، کاتێ پیاوەکانى سیاسەتوانى شیعەمەزههب، نوورى مالیکى، بە دەنگدانێک لە پارلەمانى عێراقدا، "خالید عوبێدى"ی سوننەمەزههبیان لا دا، تورکیا لە مەترسیى ڕەوشەکە تێ گەییشت. ئەو لادانە گرنگ بوو، چونکە عوبێدى، دۆستێکى نزیکى تورکیا بوو لە بەغدا.
- کاتێ کە عوبێدى ڕۆییشت و نەما، ئەم جارە ئەنقەرە، بوونى خۆى لە باشیک بەوە پاساو دایەوە کە لەسەر داواى کاربگێڕیى کوردى عێراق بووە. لەگەڵ ئەوەى کە سەرۆک "مەسعوود بارزانى"یش ناتوانرێ ئەو چاوەڕوانییەى لێ بکرێ، وێڕاى کە لەژێر کاریگەریى تورکیادایە. [وتەبێژى حکوومەت ڕەتی کردەوە کە بوونى هێزەکانى تورکیا لە کامپى باشیک لەسەر داواى هەرێمى کوردستان بێ- ئاسۆ]
- تورکیا ناتوانێ بەشێک بێ لە ئابڵووقەدانى مووسڵ. تەنانەت هێشتا مسۆگەر نییە کە داخوا حەشدى وەتەنى، کە هێزێکى میلیشیاییى سوونەمەزههب و سەر بە "ئەسیل نوجەیفى"یە و، تورکیا لە بنکەى گەدو مەشق و ڕاهێنانى پێ کردووە و لە نێوان ٢٠٠٠ تا ٣٠٠٠ کەسێک دەبێ، بەشداریى لەو شەڕەدا پێ دەکرێ. بریت ماکگۆرک، نوێنەرى تایبەتیى سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانیى جیهانى دژ بە تیرۆر، لە ڕۆژى هەینى گوتى کە ئەوان ئامادە و سازن، لەژێر سەرکردایەتى عێراقى، ئەو جەنگاوەرانە بخەنە ناو ئۆپەراسیۆنەکەوە، بەڵام پاشان هەر ماکگۆرگ خۆى گوتى هێشتا وردەکارییەکان ڕوون و خویا نین.
- سەربارى ئەوەیش، ڕوون و دیارە کە میلیشیاى شیعە، حەشدى شەعبى لە گرتنەوەى مووسڵدا بەشدارى دەکەن. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەمریکییەکان لەسەر ئەوە مکوڕن کە نایانەوێ شیعەکان بچنە ناو شارەکەوە کە زێتر لە ١ ملیۆن خەڵکى تێدا دەژى و زۆرینەیشیان سوننەمەزههبن. وتەبێژى ئەمریکایى بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە گوتى: "ئێمە هاوکات ئۆپەراسیۆنەکە لەگەڵ ئەواندا ناکەین" و هۆشداریى ئەوەیشى دا کە لەوانەیە بەهەڵە لێیان بدرێ. هەروا شیعەکانیش نایانەوێ بەهەڵە لێیان بدرێ.
- لەو ئۆپەراسیۆنەدا، ١٢ لیوایەک بەشداریى تێدا دەکەن کە هەر یەکەیان ٨٠٠ تا ١٦٠٠ جەنگاوەرى هەیە. دوو لیوایان، پێشمەرگەن. پێشمەرگە پێشڕەوى ناکەن، ئەوان تەنیا هێڵى شەڕ دەپارێزن و بەو خەڵکە ڕادەگەن کە لە مووسڵ ڕا دەکەن و ئاکنجییان دەکەنەوە. ماکگۆرگ گوتى ئەوان ئامادەسازییان بۆ ٧٥٠٠٠٠ ئاوارەى ناوخۆ کردووە. بە هەر حاڵ، ئەو سەرچاوە و ژێدەرانەى من قسەم لەگەڵ کردوون، پێیان گوتم کە لە دەوروبەرى مووسڵ، خێوەت تەنیا بۆ ٢٠٠٠٠٠ کەسێک دابین کراوە.
- هەروا بێتەوە پرسى پەکەکەیش لە گۆڕێدایە. پەکەکە لە ١٥٠ کیلۆمەتریى ڕۆژئاواى مووسڵ، لە شهنگال و لە ١٠٠ کیلۆمەتریى خوار مووسڵ، لە مەخموور بوونى هەیە. لە شهنگال، ناوى پەکەکە، یەکینەکانى پاراستنى شەنگاڵە. ئەو هێزە ١٥٠٠ تا ٢٠٠٠ کەسێک دەبێ و وەک هێزیکى میلیشیایى، بەغدا مووچەیان پێ دەدا. بەشداریى ئەو هێزە لە ئۆپەراسیۆنى مووسڵدا، خەتى سوورى تورکیایە. وەک فاکتێک، "موراد یەتکین"ى ستووننووس نووسیویەتی کە ئەمریکا، تورکیاى دڵنیا کردووەتەوە کە هیچ یەکەیەک کە سەر بە پەکەکە بێ، لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارى ناکات.
- چیی دى ڕوو دەدا؟ ئەسیل نوجەیفى بە پشتیوانیى تورکیا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە دەبێ مووسڵ ئۆتۆنۆمیى خۆى هەبێ [ واتە جۆرێ لە سەربەخۆییى خۆبەڕێوەبردن- ئاسۆ].
- بە هەر حاڵ، ماکگۆرک گوتى پاش ئەوەى مووسڵ ڕزگار دەکرێ، ئەوا پارێزگارەکەى نەوفەل ئاگوب-ى ناحەزى نوجەیفى دەبێ و، مووسڵ لەژێر دەسەڵاتى بەغداد دەبێ. "مووسڵ، ٨ قەزا و دەڤەرى دەبێ و، جێگرێکى کوردى دەبێ کە لە لایەن بارزانییەوە ڕادەسپێردرێ."
- "بە لاى شیعەکانەوە کە ڕێگەیان پێ نادرێ بچنە ناو مووسڵەوە، ئەوا ئەولەویەت دواى ئۆپەراسیۆنەکە، تەلەعفەر دەبێ، کە داعش قەسابخانەیەکى گەورەى شیعەکانى لێ نابووهوه. شیعەکان دەیانەوێ تۆڵەى خۆیان بکەنەوە. ئەو شارە، کە تورکمانە شیعەکانى تێدا دەژى، هێڵى دووەمى سوورى تورکیایە. ئەگەر شیعەکان بچنە ناو تەلەعفەرەوە، ئەوا مەترسییەکى گەورە هەیە کە پێکدادان و ڕوبەروبوونەوە ڕوو بدات.
- لە ئابڵووقەدانێکى مووسڵ کە تا ناوەڕاستى ٢٠١٧ دەخایەنێ، تورکیا دەکارێ لە کامپى باشیکەوە چاوەدێریى ئەوە بکا کە چ دەگوزەرێ. لە بارێکدا ئەگەر نەخشە و پلان وەک خۆى بەڕێوە نەچێ و ئەگەرى بەرەنگارى لە مووسڵ توند بێ، ئەوا دەبێ حیساباتێکى نوێ بکرێ. با ببینین کە ئایا تورکیا ئەو لایەنە دەبێ کە لۆمە و سەرزەنشت بکرێ لەبەر ئەو بەرەنگارییە، یان ئەو لایەنە دەبێ کە بۆ چارەسەرى تەنگوچەلەمەکە، داواى لێ دەکرێ مایەى خۆى تێ بکا.
سەرچاە: