ژێستناسی (جووڵه‌ناسی)ی دۆناڵد ترامپ، له‌ ڕوانگه‌ی زانستی جووڵه‌ و ئاماژه‌كانه‌وه‌

2016-10-14

ژێستناسی (جووڵه‌ناسی)ی دۆناڵد ترامپ، له‌ ڕوانگه‌ی زانستی جووڵه‌ و ئاماژه‌كانه‌وه‌

وه‌رگێڕانی لە فارسییەوە: ته‌حسین ته‌ها

ڕاپۆرتی پوخت

چ دژی ترامپ بن، چ له‌گه‌ڵیدا بن، ئه‌م خاڵه هیچ مشتومڕێك هه‌ڵناگرێ‌ كه‌ دۆناڵد ترامپ خه‌ڵك بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێ. ئه‌و ژێست و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ ده‌گرێ، به‌ یه‌ك ئه‌ندازه‌ هه‌م جادووگه‌رانه‌ن و هه‌میش شێوێنه‌ر. له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی قسه‌كردن و ئاماژه‌ جه‌سته‌یییه‌كانی دۆناڵد ترامپ، له‌گه‌ڵ دوو پسپۆر، یه‌كێكیان له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌وی تریان كارناسی زانستی جووڵه‌ و ئاماژه‌ جه‌سته‌یییه‌كان گفتوگۆمان كردووه‌ تاكوو سه‌باره‌ت به‌ ستایلی وتاربێژی و لێدوانه‌كه‌ی، زیاتر بزانین:

دۆناڵد ترامپ- كتێبێكی كراوه‌

به‌ ڕای ڕه‌خنه‌گران، حاڵه‌ته‌كان، ژێسته‌كان و ئه‌و ڕه‌فتاره‌ جه‌سته‌یییانه‌ی كه‌ ترامپ له‌ خۆی ده‌نوێنێ، زێده‌ڕۆیانه‌ (موباله‌غه‌ئامێز)ن و له‌ كاریكاتێر ده‌چن. به‌ڵام به‌ گوته‌ی پڕۆفیسۆر جێف بیتی، نووسه‌ری كتێبی "دووباره‌بیركردنه‌وه‌ له‌ زمانی جه‌سته‌"، ئه‌م جووڵانه‌، له‌ ڕاستیدا یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی ترامپ. پڕۆفیسۆر بیتی له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ: "سیاسه‌تمه‌داران ده‌یانه‌وێ وا له‌ خه‌ڵك بكه‌ن بێنه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی تایبه‌تیان هه‌یه‌، واته‌ مرۆڤی كراوه‌، ڕاستگۆ و جێی متمانه‌ن. ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌ سۆزاوی (عاتیفی)یه‌كانتان به‌ ڕوخسارتانه‌وه‌ دیار بن، خه‌ڵك وا ده‌زانن كه‌ ئێوه‌ بڕواتان به‌و شته‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌یڵێن، گرنگ نییه‌ چه‌ند سه‌یروسه‌مه‌ره‌ بێت."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سیاسه‌تمه‌داران هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ گفتوگۆ و چاوپێكه‌وتنه‌كاندا هه‌ستی ڕاسته‌قینه‌یان بشارنه‌وه‌. ئه‌م كاره‌، هه‌ستێكی باش ناداته‌ به‌رده‌نگ (موخاته‌ب)، چونكه‌ ده‌زانێت كه‌ سیاسه‌تمه‌دار هه‌وڵ ده‌دات هه‌ندێ شت بشارێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ به‌رده‌نگ ئاگاداری ئه‌م هه‌سته‌ی خۆی نه‌بێ، چونكه‌ پڕۆسێسی به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ په‌یوه‌ندیی نازمانی له‌ به‌رده‌نگدا، نائاگایانه‌ شێوه‌ ده‌گرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌رده‌نگ جۆرێك هه‌ستی نیگه‌رانیی هه‌یه‌ و ئاگای له‌م هه‌سته‌یه‌.

زۆر كه‌س هه‌وڵیان دا كه‌ له‌باره‌ی حاڵه‌ته‌ هه‌یه‌جانییه‌كانی ده‌موچاو و ڕوخساری ترامپ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن. زۆر كه‌س هه‌وڵیان دا له‌ لایه‌نه‌ ورد و ئاڵۆزه‌كانی حاڵه‌ته‌كانی ڕوخساری ترامپ بكۆڵنه‌وه‌ و له‌ نێوان ژێسته‌كان و قسه‌كانیدا پارادۆكس (لێكدژی)یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا كه‌س نه‌یتوانیوه‌. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ترامپ به‌ڕاستی هه‌رچی ده‌یڵێ، باوه‌ڕی پێیه‌تی. پارساڵ، كارناسێك له‌ ڕۆژنامه‌ی بریتانیی "ئیندیپێندێنت"دا نووسیی: "به‌پێی  تاووتوێكردنه‌كانم‌، دۆناڵد ترامپ له‌ هیچ كام له‌ حه‌وت به‌شه‌كه‌ی پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندیدا تووشی لێكدژی نه‌بووه‌. له‌ ئه‌نجامدا وا دێته‌ پێش چاو، باوه‌ڕی به‌و قسانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌یكات."

له‌باره‌ی كارناس (پسپۆر)ه‌كانمانه‌وه‌

جێف بیتی، ئوستادی سایكۆلۆژییه‌ له‌ زانكۆی ئێج هیل له‌ بریتانیا. ئه‌و تا ئێستا زیاتر له‌ بیست كتێبی بڵاو كردۆته‌وه‌. "دووباره‌بیركردنه‌وه‌ له‌ زمانی جه‌سته‌"، ناوی نوێترین به‌رهه‌میه‌تی، كه‌ له‌ لایه‌ن بڵاوكردنه‌وه‌ی "ڕاتلێج"ه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی بازاڕ كراوه‌ : Rethinking Body Language

ئاڵن ستیڤنس: كارناسی لێهاتوویییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌ بریتانیا :mediacoach.co.uk

ئه‌مه‌ی كه‌ ڕه‌فتاره‌ فیزیكی و جه‌سته‌یییه‌كانی ترامپ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كانیه‌تی، به‌م مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و ئاگای له‌ به‌های ماناییی قسه‌كانی نییه‌. پسپۆڕێكی ئاماژه‌ جه‌سته‌یییه‌كان له‌ ئه‌نالیزه‌كان (شیكردنه‌وه‌كان)یدا له‌باره‌ی ڕه‌فتاری جه‌سته‌ییی دۆناڵد ترامپ ده‌ڵێ كه‌ به‌ ڕای هه‌ندێ كه‌س ترامپ بۆ ڕه‌فتاره‌ فیزیكییه‌كانی، فێر نه‌كراوه‌ (خولی نه‌بینیوه‌). پڕۆفیسۆر بیتی، دژی ئه‌م ڕایه‌یه‌. ئه‌و له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ: "به‌ ڕای من ئه‌و (ترامپ) پێشتر له‌م باره‌یه‌وه‌ باش فێر كراوه‌. ئاماژه‌ جه‌سته‌یییه‌كان، جووڵه‌كانی ڕوخسار و ده‌موچاوی، زۆر جیاوازن. هه‌ندێ له‌ جووڵه‌ و ژێسته‌كانی ئه‌و، نائاسایین. من دژی ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه‌ ئه‌و بۆ به‌كارهێنانی ئه‌م زمانه‌ جه‌سته‌یییه‌، فێر نه‌كراوه‌. ئه‌و، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ فیزیكییانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌كار دێنێ."

هه‌ڵبه‌ت، ته‌نیا زمانی جه‌سته‌ و ڕه‌فتاره‌ فیزیكییه‌كانی ترامپ، نابێته‌ هۆی جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌ كاندیده‌كانی تری سه‌رۆككۆماری.

ئاڵێن ستیڤنس، كارناسێكی په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌ یورۆنیوز ده‌ڵێت كه‌ چۆنیه‌تیی ئاماده‌بوونی دۆناڵد ترامپ له‌سه‌ر شانۆ و له‌ كاتی وتاربێژیشدا، له‌وانی تر جیاوازه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "سه‌رۆككۆماره‌كانی پێشوو، وه‌ك بیل كلینتۆن و باراك ئۆباما، زۆربه‌ی جاران بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی زیاتر له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و ئه‌وانه‌ی له‌ هۆڵه‌كه‌دان، خۆیان له‌ تریبون (مینبه‌ر) دوور ده‌خسته‌وه‌. له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ڕێز ترامپ له‌ شوێنی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ به‌كارهێنانی جووڵه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی له‌ش و حاڵه‌ته‌كانی ده‌موچاو، بیروڕای خۆی ده‌رده‌بڕێت. ئه‌م ڕه‌فتاره‌، زیاتر گوێزه‌ره‌وه‌ی هه‌ستی هێز و كۆنترۆڵه‌، تاكو تێڕوانینێكی پشتبه‌ستوو به‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگ.

به‌ گوته‌ی كارناس و پسپۆڕان، به‌كارهێنانی به‌رده‌وامی ئه‌م جووڵه‌ و ژێسته‌ به‌هێزانه‌‌، زیاتر ده‌توانێ كاریگه‌ری بخاته‌ سه‌ر جه‌ماوه‌ر و زیاتر ده‌توانێ قه‌ناعه‌تیان پێ بهێنێ كه‌ وتاربێژ باوه‌ڕپێكراوه‌، ڕاستییه‌كه‌ی، زیاتر قه‌ناعه‌تیان دێ كه‌ وتاربێژه‌كه‌ ڕۆڵ ناگێڕێ (خه‌ڵك فریو نادات). ڕاستییه‌كه‌ی، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی پڕۆفیسۆر بیتی، خه‌ڵك ئه‌و وتاره‌یان كه‌ زۆر ژێستی له‌گه‌ڵدایه‌، باشتر له‌بیر ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ ده‌روونناسیدا پێی ده‌ڵێن "كۆددانانی تێكه‌ڵاو". به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر، ئێوه‌ هاوكات له‌ ڕێگه‌ی ئاخاوتن و بینینه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ وه‌رده‌گرن و به‌م شێوه‌یه‌ باش له‌بیرتان ده‌مێنێته‌وه‌.

جووڵه‌ی ده‌سته‌كانی ترامپ چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟

ڕه‌نگه‌ ناسراوترین ژێستی ترامپ، ئه‌و حاڵه‌ته‌ بێت كه‌ په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ به‌ په‌نجه‌ی به‌رانێ (كه‌ڵه‌موست)ه‌وه‌ ده‌لكێنێت و هێمای "ئۆكه‌ی(OK) " و جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌. ئه‌م ژێسته‌ تایبه‌ته‌، ژێستێكه‌ كه‌ به‌ ڕای پسپۆڕانی ئێمه‌، ترامپ چه‌ندان جار دووباره‌ی‌ ده‌كاته‌وه‌ تا هه‌ستی وردبوونه‌وه‌ (دیققه‌ت) و كۆنترۆڵ، بخاته‌ مێشكی به‌رده‌نگه‌وه‌.  

پڕۆفیسۆر بیتی ده‌ڵێ: "ئه‌م جووڵانه‌، كه‌ هاوشێوه‌ی جووڵه‌ی داری "مایسترۆ (ڕیبه‌ری ئۆركێسترا)"ن، ترامپ هه‌ر كاتێ بیه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی په‌یامه‌كه‌ی بكاته‌وه‌ به‌كاریان دێنێ و، خه‌ڵك ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌یان كه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، خۆش ده‌وێ. ئه‌م جووڵانه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ بێژه‌ر، پابه‌نده‌ به‌و شته‌وه‌ كه‌ ده‌یڵێ. ئه‌م جووڵانه،‌ چینێك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر قسه‌كان كه‌ ئه‌م هه‌سته‌ به‌ شێوه‌ی نائاگایانه‌ بۆ بینه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌".

ئالێن ستیڤنس، كارناسی په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌ یورۆنیۆز ده‌ڵێ: "ترامپ هه‌ندێ جار ده‌سته‌كانی به‌بێ نه‌زمێكی تایبه‌ت ده‌جووڵێنێ، تاكوو نیشان بدات كه‌ ئه‌وانی تر چه‌نده‌ خراپكارییان  كردووه‌ و، پاشان دیسانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌مان ژێستی پته‌وی پێشوو، تا نیشان بدات به‌رده‌نگ ده‌توانێ متمانه‌ی هه‌بێت كه‌ ئه‌و ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م گرفته‌ ده‌دۆزێته‌وه‌".

زۆر جاران ژێستی "ئۆكه‌ی" ترامپ، ده‌گۆڕێ بۆ ژێستی "شێوه‌ ئێل(L) " كه‌ ڕووی له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ و ئه‌م دوو ژێسته‌، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا جێگۆڕكێ ده‌كه‌ن.

پڕۆفیسۆر بیتی، ئاماژه‌ بۆ خاڵێكی تاقانه‌ (بێوێنه‌) له‌ جووڵه‌كانی ده‌ستی ترامپدا ده‌كات: "زۆر كه‌س ده‌ڵێن دۆناڵد ترامپ، به‌ڕێكه‌وت یه‌كێ له‌م دوو ژێسته‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی تر به‌كار ده‌هێنێ، به‌ڵام به‌ ڕای من ئاوا نییه‌. ئه‌و، ئه‌و ژێسته‌ی كه‌ هه‌ستی وربوونه‌وه‌ ده‌خاته‌ میشكه‌وه‌ وه‌كوو "كونتێرپووان" له‌ مووزیكدا، له‌ به‌رامبه‌ر ژێسته‌كه‌ی تر (كه‌ ئاماژه‌ بۆ لای سه‌ره‌وه‌ ده‌كات) به‌كار ده‌هێنێ تا خاڵه‌ گرنگه‌كانی تر زه‌ق بكاته‌وه‌. ئه‌م جووڵه‌یه‌یش كه‌ په‌نجه‌كانی، ڕووی له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ ژێستێكی زۆر نائاسایییه‌. من جووڵه‌ی زۆر سیاسه‌تمه‌دارم شی كردوونه‌ته‌وه‌ و كه‌سم بیر نایه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ژێسته‌ به‌كار بهێنێت".

"ئاڵێن ستیڤنس"یش ئه‌م خاڵه‌ ورده‌ی بینیوه‌. ئه‌و ده‌ڵێ: "ئه‌و ژیسته‌ی كه‌ په‌نجه‌كانی به‌ شێوه‌ی ئه‌ڵقه‌ لێ ده‌كات و ژێستی شێوه‌ "ئێل"، هه‌ردووكیان به‌م مانایه‌ن كه‌ "من ده‌قاوده‌ق ده‌زانم چی ده‌كه‌م". ژێستی "ئێل" بۆ لای سه‌ره‌وه‌، نیشانه‌ی لێوردبوونه‌وه‌یه‌ و ژێستی په‌نجه‌ ئه‌ڵقه‌كراوه‌كان، نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ كاره‌كه‌ دروست ئه‌نجام دراوه‌. لایه‌نگره‌ تونده‌كانی دۆناڵد ترامپیش ئه‌م هه‌ردوو ژێسته‌ به‌كار دێنن و، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ستی یه‌كانگیری و لێكنزیكی له‌نێویاندا زیاتر ببێت".

زۆرێك له‌ سیاسه‌تمه‌دارانی وه‌ك ئۆباما، به‌ به‌كارهێنانی مستی كراوه‌ / یا په‌نجه‌ی به‌رانێ، له‌ بری په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن حاڵه‌تێكی كه‌متر هێرشبه‌رانه‌ بخه‌نه‌ مێشكه‌وه‌، به‌ڵام ترامپ ئه‌سڵه‌ن هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ كه‌ به‌ په‌نجه‌ ئاماژه‌ بكات.‌

ئاڵێن ستیڤنس ده‌ڵێ: "زۆربه‌ی خه‌ڵك هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ كاتی لێدوان‌ و وتارداندا به‌ په‌نجه‌یان ئاماژه‌ نه‌كه‌ن، چونكه‌ وا دێته‌ پێش چاو به‌م ژێسته‌وه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان ئاراسته‌ی كه‌سێك كردووه‌. به‌ڵام دۆناڵد ترامپ كه‌ خانه‌خوێی پرۆگرامی "ئۆپرێنتیس"یش بوو، ئه‌م ژێسته‌ی كردووه‌ به‌ هیی خۆی و، به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن لێی، وه‌بیر به‌رده‌نگی دێنێته‌وه‌ كه‌ كاتێ ببێته‌ سه‌رۆككۆمار، كۆنترۆڵی بارودۆخه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا ده‌بێت و كێی حه‌ز بكات، ده‌ری ده‌كات".

پڕۆفیسۆر بیتی: "هه‌ندێ جار كاتێ قسه‌ له‌سه‌ر كلینتۆن ده‌كات، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئاماژه‌كردنی ده‌ستی، ده‌گۆڕێ بۆ چنگلێدان (په‌نجه‌لێدان) و، تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی لێ دێ كه‌ ده‌یه‌وێ خه‌سڵه‌تی كلینتۆن به‌چاویدا بداته‌وه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات كه‌ كلینتۆن ده‌توانێ دادوه‌ره‌كانی (دادگه‌ی باڵا) هه‌ڵبژێرێ و، په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ی ده‌بێته‌ ئه‌ڵقه‌ و، شێوه‌ی په‌نجه‌ و چنگاڵی گیانه‌وه‌ران به‌خۆوه‌ ده‌گرێ كه‌ نێچیرێك هه‌ڵده‌بژێرێت. تا ڕاده‌یه‌ك وه‌كوو په‌نجه‌ (چنگاڵ)ی جادووگه‌ره‌".

ترامپ چه‌ند ژێستێكی هه‌یه‌ كه‌ تیایدا ده‌سته‌كانی كراوه‌ن و، ناوله‌پی ڕوو له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌گرێ (ناوله‌پی كراوه‌یه‌). ئه‌م ژێسته‌، به‌ هاوشێوه‌ی هه‌ستی كراوه‌بوون و ڕاستگۆییی ده‌زانن.

ئاڵێن ستیڤنس ده‌ڵێ: "كاتێ ده‌ستتان ده‌كه‌نه‌وه‌ و ناوله‌پتان به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌گرن، ئه‌م هه‌سته‌ ده‌چێته‌ مێشكه‌وه‌ كه‌ ڕووی ئێوه‌ له‌ هه‌مووانه‌، به‌تایبه‌تی كاتێ بازووه‌كان ‌دوور له‌ یه‌ك و، به‌ شێوه‌ی ئامێزی كراوه‌ ڕاده‌گرن".

پڕۆفیسۆر بیتی، به‌ ورده‌كارییه‌كی زیاتره‌وه‌ گوزارشت له‌م ڕه‌فتاره‌ تایبه‌ته‌ ده‌كات: "كاتێ ده‌ستتان به‌كراوه‌یی دێڵنه‌وه‌ و ناوله‌پتان پیشان ده‌ده‌ن، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من "مرۆڤێكی ڕاستگۆم"، به‌ڵام ترامپ زۆر جاران كه‌ له‌باره‌ی خاڵه‌ نێگه‌تیڤه‌كانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گرێ و، به‌م پێیه‌ ئه‌م هه‌سته‌ ده‌خاته‌ مێشكه‌وه‌ كه‌ "من و به‌رده‌نگ له‌ دۆخێكی هاوشێوه‌داین". ئه‌م هه‌سته‌، به ‌قسه‌ ناخاته‌ مێشكه‌وه‌. هه‌ندێ له‌ ڕه‌خنه‌گرانی ترامپ ده‌ڵێن كه‌ زۆر له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات و ده‌ڵێن كه‌ گرێی "نارسیسیزم" (خۆشه‌یدایی)ی هه‌یه‌. به‌ڵام خاڵی سه‌رنجڕاكیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵ نادات قسه‌ی ڕه‌خنه‌گره‌كانی ڕه‌ت بكاته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ سوودوه‌رگرتن له‌م ژێستانه‌، هه‌وڵ ده‌دات له‌ نێوان خۆی و به‌رده‌نگه‌كه‌یدا لێكنزیكی دروست بكات و نیشان بدات كه‌ هه‌مان ئه‌و هه‌سته‌ی هه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌نگ هه‌یه‌تی. له‌ ئه‌نجامدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ باسی خۆی ده‌كات، هه‌روا له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگدا په‌یوه‌ندی ساز ده‌كات".

هه‌ردوو كارناسه‌كه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جه‌ختكردنه‌وه‌ سیاسییه‌كانی دۆناڵد ترامپیان له‌ جووڵه‌ی ده‌سته‌كانی ئه‌وه‌وه‌، تۆمار كردووه‌. ئاڵێن ستیڤنس ده‌ڵێ: "به‌ڕێز ترامپ، به‌ دوو ده‌سته‌كه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گرێ، كه‌ وه‌ك بڵێی پاڵ به‌ دیوارێكی خه‌یاڵییه‌وه‌ ده‌نێ و، مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌، بیرخه‌ره‌وه‌ی دوو سیاسه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌: دیوار له‌ سنووری مه‌كسیك و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتنی مسوڵمانان."

پڕۆفیسۆر بیتی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌ كاتێ ناوله‌پی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌گرێ، هه‌وڵ ده‌دات نیشان بدات په‌رچه‌كرداره‌ خێراكانی، بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ڕوویان له‌ ئه‌مریكایه‌، چییه‌. دیسانه‌وه‌ ده‌بینن كه،‌ ئه‌م هه‌سته‌ ده‌خرێته‌ مێشكی بینه‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌و پابه‌نده‌ به‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ده‌یكات.

 

سەرچاوە:

http://fa.euronews.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples