پلانی نوێی ئێران، بەرەو دەریای سپیی ناوەڕاست

2016-10-15

پلانی نوێی ئێران، بەرەو دەریای سپیی ناوەڕاست

ڕاپۆرت: گاردیانی بریتانی


ئێران بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی هیلالی شیعی، هەوڵ دەدات ڕێگە و دەرچەی خۆراوای مووسڵ بەکار بێنێت. کۆنتڕۆڵکردن و گرتنی ئەم ناوچەیە، ڕێڕەوێکی گەورە لە نێوان تاران و دەریای سپیی ناوەڕاستدا بۆ ئێران دەکاتەوە و، بەمەیش لە هەر دۆخ و هەلومەرجێکدا دەتوانن خەڵکی خۆیان و کەرەستەی سەربازی و وزەی پێ بگوازنەوە.

لە چەند ناوچەیەکی نزیک لە مووسڵ، میلیشیا شیعەکانی عێراق بە نیازی ئەجێندا و پلانێکی سەربازیی لەمێژینەی ئێرانن؛ ئەو میلیشیا شیعانەی کە ماوەی دوو ساڵە بە هاوکاریی ئێران ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە و لە بەرامبەریاندا دەجەنگن. بڕیار وایە سوپای عێراق لە بەشی باشووری مووسڵەوە هێرش بکاتە سەر ئەو پارێزگایە و، میلیشیا شیعەکانیش لە بەشی خۆراواوە ڕێ لە داعش بگرن و دەرفەتی ڕاکردنیان بۆ ڕەققە و هەڵاتن بۆ سووریایان لێ بگرن. هەرچەندە هێزە شیعییەکان لە پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا، بەفەرمی ڕێگەیان پێ نەدراوە.

ئەو دەرچە و ڕێڕەوە جیۆپۆلیتیکییەی کە ئامانج لێی، پاراستنی "هیلالی شیعی"یە، بە بەشە عەرەبییەکەی عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستاندا تێ دەپەڕێ و دواتر دەگاتە حەلەب. ئەم خواست و جیهانبینییەی ئێران، نیگەرانی و دڵەڕاوکێی وڵاتانی ناوچەکەی لێ کەوتۆتەوە، بەتایبەت تورکیا، کە زۆر ترسی لە ئەجێندایەک هەیە کە ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەیەکەوە ببەستێتەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا. بەتایبەت ئەگەر سێکوچکەی "تاران، بەغدا و دیمەشق"، بەڕژدی کار بۆ ئەم ئەجێندایە بکەن و گۆڕانی دیمۆگرافی بێننە ئاراوە.

کۆڕیدەرەکە لەو خاڵە سنوورییەوە دەست پێ دەکات کە ئێران ماوەی ١٢ ساڵە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و ڕاوێژکاری سەربازی بۆ عێراق، بەکاری هێناوە. ڕێرەوەکە بە "بەعقووبە"، ناوەندی پارێزگای دیالەدا تێ دەپەڕێت کە لە ڕووی دیمۆگرافییەوە سوننە و شیعەی تێدا دەژیت. سەرەڕای ئەمە، ژمارەیەکی بەرچاو لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە قەزای شەرگات جێگیر کراون، بۆ ئەوەی بەرەو ڕێڕەوی خۆراوای مووسڵ جووڵە بکەن، کە لە باشووری خۆرهەڵاتەوە تەنیا ٥٠ میل لە شەنگالەوە دوورە. شەنگال و ناوچەکانی باشووریش بەشێکی ئەم هیلالە شیعییە پێک دەهێنن و، قەزای تەلەعفەریش لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ناوچەکانی نێوان تەلەعفەر و شەنگال، ڕۆڵێکی گرنگیان لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا هەیە. قەزای تەلەعفەر تا ئێستایش لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدایە و، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە لە شەنگال ئامادەیییان هەیە و، هەموو ئەمانەیش ترسی گەورەی بۆ تورکیا دروست کردووە.

لە لایەکی ترەوە، ئێران بۆ دروستکردنی ئەم کۆریدەرە و گەییشتن بە حومس، هەوڵی نزیکبوونەوە لە "حەلەب" دەدات، لەوێیشەوە بەرەو باکووری سووریا و ناوچە عەلەوییەکانی سووریا. بەندەری لازقیەیش، کۆتا خاڵی ئەم کۆریدەرە دەبێت کە بە درێژاییی جەنگی ناوخۆی سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی سووریادایە. مووسڵ و خۆراوای مووسڵ، بەستەری نێوان تاران و دەریای سپیی ناوەڕاست و پڕۆژەی هیلالی شیعییە، کە بەرژەوەندی و پێگەی تورکیا بچووک دەکاتەوە و، ڕۆڵی جەمسەربەندیی سوننەیش بەگشتی، پاسیڤ دەکات.

عەلی خزەیری كە لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2011، ڕاوێژی پێشكەش بە هەموو باڵیۆزەكانی ئەمریكا لە عێراق كردووە، لە لێدوانێكدا بۆ گاردیەن، هۆشداریی داوە لەوەی ئەم بەستەرەی نێوان تاران و دەریای نێوەڕاست "بە مانای قایمبوونی شوێنپێی ئێرانە لە عێراق و شام؛ بەمەیش ئێران، تمووح (زێده‌خوازی)یە ناوچەیییەكانی زۆرتر دەبێ". خزەیری چاوەڕێ دەكات "ئێران لە دوای سەرگرتنی ئەم پلانەی، بیر لە كردنەوەی رێڕەوێكی هاوشێوە لە وڵاتانی كەنداویش بكاتەوە".

 

سەرچاوە:

https://www.theguardian.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples