ڕوانگه‌ی ڕووسیا بۆ سكرتێری گشتیی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

2016-10-19

ڕوانگه‌ی ڕووسیا بۆ سكرتێری گشتیی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

 

پێنووس: ئه‌نتۆنیۆ گۆترێس(Antonio Guterres) سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری پۆرتوگال، ده‌بێته‌ سكرتێری گشتیی داهاتووی ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. پسپۆڕانی ڕووسیا بڕوایان وایه‌ كه‌ ڕووسیا ئاماده‌یه‌ هاوكاریی له‌گه‌ڵدا بكات.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له ‌پاش چه‌ند خولێك ده‌نگدانی نهێنی، جێگره‌وه‌ی "بان كیمۆن" (Ban Ki-moon)، سكرتێری گشتیی ئێستای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی ده‌ستنیشان كرد. له ‌میانه‌ی دوایین دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌ شه‌شه‌می ئۆكتۆبه‌ری ئیمساڵ، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ "ئه‌نتۆنیۆ گۆترێس"، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری پۆرتوگالیان بۆ خولێكی پێنج ساڵه‌ وه‌كوو سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، پێشنیاز كرد. پاش په‌سندكردنی له ‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ مانگی یه‌كی ساڵی 2017 ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

"گۆترێس" بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ وه‌كوو كۆمیسێری باڵای نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ بواری كاروباری په‌نابه‌راندا كاری كردووه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ كه‌ قه‌یرانی په‌نابه‌ران ئیمڕۆكه‌ یه‌كێكە له‌ كێشه‌ و گرفته‌ جددییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زۆرن ئه‌و پسپۆر و به‌رپرسانه‌ی بروایان وایه،‌ كه‌  ئه‌م پرسه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین كێشه‌كانی سه‌رده‌می سكرتێری گۆترێس ده‌بێت.

مانووێل لافۆنت ڕاپنۆیل (Manuel Lafont Rapnouil)، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجوومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌ڵێت: "گۆترێس شایسته‌ییی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ هه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی له‌ ئه‌ستۆدا بێت و، هه‌میش ئه‌م ڕێكخراوه‌ نوێ بكاته‌وه‌. له‌ هه‌موو شت گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆترێس وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، ئه‌و توانایه‌ی تێدایه‌ كه‌ به ‌له‌به‌رچاوگرتنی ئامانج و به‌رنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌تایبه‌تی هێزه‌ گه‌وره‌كان ناچار به‌ وڵامده‌ربوون بكات."

هه‌رچه‌نده‌ دیمیتری پۆلیكانۆڤ (Dmitry Polikanov) پسپۆر له‌ كاروباری ڕووسیا، زۆر گه‌شبین نییه‌. ناوبراو ده‌ڵێت: "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌كوو مه‌كینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بیروكراسی، حه‌زی له‌ پاراستنی دۆخی هه‌نووكه‌یییه‌ و، به‌ڕێوه‌به‌رانی باڵای ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێبه‌رانی كاریزماتیك بن، زیاتر جێبه‌جێكارن." پۆلیكانۆڤ بۆ شیكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌ڵێت: بێجگه‌ له‌ ده‌ر‌كردنی ڕاگه‌یه‌ندراو و به‌یاننامه‌، زۆر له‌مێژه‌‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، چیتر ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وله‌وییه‌ته‌ ئاساییشییه‌كانی جیهان یاخود وه‌رگرتنی بڕیاری سیاسیی پابه‌ندكه‌ر بۆ ده‌وڵه‌تان، نییه‌. به‌م هۆیه‌یش، ئه‌و دیپلۆماته‌ شاره‌زایه‌یش كه‌ ئاشنای پرسی قه‌یرانی  په‌نابه‌رانه،‌  زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت ڕه‌وتی گۆڕانكارییه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بگۆڕێت.

گۆترێس بژارده‌یه‌كی گونجاو

 سه‌ركه‌وتنی گۆترێس له‌ دۆخێكدا هه‌موو كاندیده‌‌كانی تری وه‌لاوه ‌نا، كه‌ زۆربه‌ی كه‌سه‌كان چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌ بوون كه‌ خانمێك ئه‌م پۆسته‌ وه‌ربگرێت و ببێته‌ جێگره‌وه‌ی بان كیمۆن، ته‌نانه‌ت خودی بان كیمۆنیش ڕای گه‌یاندبوو كه‌ حه‌ز ده‌كات خانمێك وه‌ك جێگره‌وه‌ی خۆی ببینێت.

ڤیتالی چوركین (Vitaly Churkin)، نوێنه‌ری ڕووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندبوو كه‌ "ئێستا، كاتی نوێنه‌رێكه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپاوه‌.‌" به‌م حاڵه‌یشه‌وه‌‌ ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێك له‌ پاش ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنی گۆترێس وه‌ك سكرتێری گشتیی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له ‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه‌، چوركین به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی گوت،‌ گۆترێس بژارده‌یه‌كی نایاب و شایسته‌یه‌.

نوێنه‌ری ڕووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، گۆترێسی وه‌كوو كه‌سێك ناساند كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س قسه‌ ده‌كات و گوێ ده‌داته‌ قسه‌ی هه‌مووان و ته‌نیا له ‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات و، متمانه‌به‌خۆبوونێكی به‌رز و هزرێكی كراوه‌ی هه‌یه‌.

چوركین هه‌روه‌ها، سه‌ركۆماری پێشووی پۆرتوگالی وه‌كوو كه‌سیك ناساند كه‌ وه‌ك كۆمیسێری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ بواری په‌نابه‌راندا بۆ زۆر شوێنی جیهان گه‌شتی كردووه‌ و، له‌ نزیكه‌وه‌‌ ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ پیاوانی ده‌وڵه‌ت ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه،‌ بینیوه‌.

"فیۆدۆر لۆكیانۆڤ" ( Fyodor Lukyanov)، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (Russia in Global Affairs)، بڕوای وایه‌ كه‌ گۆترێس، نه‌ك ته‌نیا بۆ ڕووسیا، به‌ڵكوو بۆ زۆربه‌ی هێزه‌ گه‌وره‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵبژارده‌یه‌كی گونجاو و شیاوه‌. ناوبراو ده‌ڵێت: "زۆر گرنگ نییه‌ كه‌ گۆترێس له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا نییه‌، به ‌هه‌ر حاڵ، گۆترێس ئه‌وروپییه‌. كورسیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سه‌رده‌می "كۆرت ڤاڵدهایم" ( Kurt Waldheim)ی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، له‌ نێوان ساڵانی 1972-1981)، له‌ ‌لای ئه‌وروپییه‌كان‌ نه‌بوو. به‌م پێیه‌یش، بنه‌ما، وه‌رچه‌رخانه‌كه‌ بوو كه‌ ئه‌ویش ئه‌نجام درا. له‌وه‌یش زیاتر، گۆترێس خه‌ڵكی پۆرتوگاله‌، ده‌وڵه‌تێكی بچووك به‌ قورسایییه‌كی كه‌م له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و، ئه‌مه‌یش له‌ قازانجی هه‌موواندایه‌."

"راپنۆیل" بڕوای وایه‌ كه‌ ڕووسیا هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بوونی "گۆترێس" له‌ نووسینگه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا نییه‌. به‌ بڕوای ناوبراو، هه‌رچه‌نده‌ ‌ گۆترێس كاندیدای دڵخوازی ڕووسیا نه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ڵبژارده‌یه‌كی واقعبینانه‌ بووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجوومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌ڵێت: "له‌وه‌دا گومانم هه‌یه‌ كه‌ گۆترێس وه‌ك هه‌ڵسووڕاوێكی بواری مافه‌كانی مرۆڤ، یه‌كێك له‌ بژارده‌كانی جددیی ڕووسیا بووبێت. من پێم وایه‌  سه‌ركه‌وتنی گۆترێس، نیشانده‌ر و ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕووسیا له‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا نفووزێكی سنوورداری هه‌یه‌. مۆسكۆ ده‌توانێت بچێته‌ نێو پۆزیشنی به‌رگرییه‌وه‌ و، له‌ مافی ڤیتۆی خۆی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی گۆترێس كه‌ڵك وه‌ربگرێت، به‌ڵام ڕووسیا زۆر حه‌زی له‌وه‌ نییه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لاواز بێت. هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوانیش ناكرێ كه‌ ڕووسیا توانای ته‌واوی بۆ به‌دواداچوونی هه‌موو ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی خۆی له‌و بواره‌دا هه‌بێت."

شرۆڤه‌كارانی سیاسی، پێیان وایه‌ كه‌ سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ چ كه‌سێك بێت‌، كه‌سایه‌تییه‌كی ئیدارییه‌ تاوه‌كوو ئیجرایی. چونكه‌ له‌ كۆتاییدا، ئه‌وه‌ ئه‌ندامانی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانن (نه‌ك سكرتێری گشتی)، كه‌ ڕه‌وتی سیاسیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دیاری ده‌كه‌ن.

"پۆلیكانۆڤ"، پێی وایه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ بیست ساڵی ڕابردوودا نفووز و كاریزمای خۆی له‌ده‌ست داوه‌. ناوبراو ده‌ڵێت: "سكرتێره‌ گشتییه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆتایییه‌كانی ده‌یه‌ی 1980ی سه‌ده‌ی ڕابردوو و سه‌ره‌تاكانی 1990، پێشنیازی چاكسازیی به‌رچاویان له‌باره‌ی ڕۆڵی نوێی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و په‌ره‌پێدانی چالاكییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌م ڕۆژانه،‌  ئێوه‌ زۆر به‌زه‌حمه‌ت ناوی سكرتیرێكی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانتان به‌بیر دێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت "كۆفی عه‌نان". مخابن ئیمڕۆكه‌ سه‌ربه‌خۆییی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، گرێدراوی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئه‌و ڕێكخراوه،‌ به‌تایبه‌ت  ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌. هه‌ر به‌م هۆكاره‌یشه‌‌ كه‌ سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بژارده‌ی زۆر كه‌م و سنوورداری بۆ پێشخستنی ئه‌ركه‌كانی خۆی له ‌به‌رده‌مدایه."

تیمۆفی بۆرداچۆف (Timofey Bordachev)‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌وروپا و نێوده‌وڵه‌تیی زانكۆی باڵای ئابووری له‌ مۆسكۆ، متمانه‌ی ته‌واوی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕووسیا ده‌توانێت جیا له‌و پرسه‌، كه‌ چ كه‌سێك له‌سه‌ر كورسیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دانیشتووه‌، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌و ڕێكخراوه‌دا بپارێزێت. ناوبراو ده‌ڵێت: "هه‌ڵوێستی ڕووسیا زۆر ئاشكرایه‌، مۆسكۆ هیچ كاتێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا، نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ كه‌سێكی تایبه‌ت بۆ جێگره‌وه‌ی بان كیمۆن."

 

سه‌رچاوه‌:

  http://www.russia-direct.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples