ئۆپه‌راسیۆنی ڕووسیا له‌ سووریا: تێچوو و سووده‌كانی

2016-10-19

ئۆپه‌راسیۆنی ڕووسیا له‌ سووریا: تێچوو و سووده‌كانی

پێنووس: ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ڕووسیا، بۆ یه‌كه‌مین جار ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی خۆی له‌ سووریا ده‌ست پێ كرد كه‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵمه‌تی هێزه ‌سه‌ربازییه‌كانی ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. ڕووسیا، وه‌ك یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌كته‌ره‌ ده‌ره‌كییه‌كانی قه‌یرانی سووریا، بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار ساڵ خۆی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی سه‌ربازی له‌م قه‌یرانه‌دا، به‌دوور گرتبوو. به‌ڵام دواجار، به‌پێی داواكاریی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ 30ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2015، مۆسكۆ ڕوانگه‌ی خۆی گۆڕی و بۆ پاراستنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و گۆڕانكاری له‌ هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له ئاستی جیهانیی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا، به ‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، هاته‌ ناو گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كه‌وه‌. به ‌شێوه‌یه‌كی سروشتی، هاتنه‌ناو جه‌نگی سووریا بۆ ڕووسیا سه‌ره‌ڕای تێچووه‌كانی، سوود و قازانجیشی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها، له‌ ئاستی خۆجێیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیشدا چه‌ندین ده‌رهاوێشته‌ به‌دوای خۆیدا دێنێت.

تێچووه‌كانی به‌شداریی سه‌ربازیی ڕووسیا له‌ سووریا

به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌ بڵاوكراوه‌كان، تاوه‌كوو ئێستا، ڕووسیا ئه‌وه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه‌ كه‌ بیست كه‌سی له‌م جه‌نگه‌دا كوژراوه،‌ كه‌ ته‌نیا سێ كه‌سیان مه‌ده‌نی بوونه‌. هه‌روه‌ها ڕووسیا سێ هه‌لیكۆپته‌ر و فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌ده‌ست داوه‌. به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی ڕووسیا له ‌ڕووی دارایییه‌وه‌، تاوه‌كوو ئێستا له‌ بودجه‌ی په‌سندكراوی به‌رگریی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و تێچوویه‌كی زیاتری نه‌خستۆته‌ سه‌ر بودجه‌ی گشتیی ڕووسیا. "ڤلادیمیر پووتین" له‌ مانگی مایسی 2016دا ڕای گه‌یاند كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ڕووسیا له‌ سووریا، ته‌نیا 500 ملیۆن دۆلاری تێ ده‌چێت. به‌ڵام سه‌رچاوه‌ سه‌ربه‌خۆكان بڕوایان وایه‌ كه‌ تێچووی داراییی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی مۆسكۆ له‌ ساڵێكدا، به‌ زیاتر له‌ 892 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی (58 ملیار ڕۆبلی ڕووسی) مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. پسپۆرانی بریتانییش، تێچووه‌كه‌ی به‌ گوژمه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ نێوان 2.3 تاوه‌كوو 4 ملیۆن دۆلار له ‌ڕۆژێكدا ده‌خه‌مڵێنن.

هه‌رچه‌نده‌ جگه‌ له‌و تێچووانه‌، ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ تێچووی تری لاوه‌كییش بكه‌ین. بۆ نموونه،‌ فڕۆكه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ڕووسیا له‌ 31ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2015، له‌ بیابانی سینای میسر كه‌وته‌ خواره‌وه، كه‌ هه‌موو 224 گه‌شتیار و ستافی فڕۆكه‌كه،‌ گیانیان له‌ده‌ست دا. داعش به‌رپرسیارێتیی ئه‌م هێرشه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ. به‌ بڕوای زۆربه‌ی چاودێران، ئه‌و هێرشه،‌ ئاكام و ده‌رهاوێشته‌ی به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی ڕووسیا بوو له‌ جه‌نگی سووریادا. له ‌لایه‌كی تریشه‌وه،‌ به‌شێك له‌ چاودێران بڕوایان وایه‌ كه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ڕووسیا له‌ سووریادا، ئاست و ڕێژه‌ی هێرشی تیرۆریستیی له‌ناو سنووره‌كانی ڕووسیای به‌رزتر كردۆته‌وه‌.

له‌ تێڕوانینی یه‌كه‌مدا، سووریا مه‌ودایه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ سنووره‌كانی ڕووسیادا هه‌یه‌، به‌ڵام چوون بۆ ڕووسیا بۆ تیرۆریستان، له ‌ڕێگه‌ی توركیا و  ناوچه‌ی قه‌وقازه‌وه‌ كارێكی زۆر ئه‌سته‌م نییه‌. له ‌لایه‌كی تره‌وه،‌ ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسیا له‌ جه‌نگی سووریا، ژماره‌یه‌كی زیاتری له‌ هاووڵاتیانی ڕووسیای هان داوه‌ كه‌ بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ و جه‌نگ له‌دژی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د، بێنه‌ سووریا و ببنه ‌ئه‌ندامی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان. ده‌گوترێ له‌و كاته‌یه‌وه‌ كه‌ ڕووسیا له‌ ڕێگه‌ی به‌شداریی سه‌ربازییه‌وه‌ هاتۆته‌ ناو جه‌نگی سووریاوه‌، ئاژانسی ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا و وه‌زاره‌تی كاروباری ناوخۆی ئه‌و ده‌وڵه‌ته،‌ چالاكییه‌ دژه‌تیرۆریستییه‌كانی خۆیان له‌ ناوخۆی وڵاتدا زیاتر توندوتۆڵ و چڕ كردۆته‌وه.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ئاژانسی فیدراڵی ئاسایشی ڕووسیا و وه‌زراه‌تی كاروباری ناوخۆی ڕووسیا، زیاتر له 5 هه‌زار هاووڵاتیی ڕووسیا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی چالاك له‌ سووریادا هه‌یه‌ و، ئه‌م پرسه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشیی جددیی بۆ ناوخۆی ڕووسیا دروست كردووه‌. هه‌روه‌ها به‌رپرسانی باڵای ئاسایشیی ڕووسیا له‌م دوایییه‌دا، هۆشدارییان داوه‌ كه‌ گرووپ و لایه‌نه‌ تیرۆریستییه‌كان، له‌ ناوچه‌ی باكووری قه‌وقاز، به‌دوای توندكردنی چالاكییه‌ تیرۆریستییه‌كانی خۆیانن.

 

تێچووه‌ پرستیژییه‌كانی ڕووسیا له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا

پاڵپشتیی ڕووسیا له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، مۆسكۆی له ‌به‌رده‌م چاوی زۆرینه‌ی سوننه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ دژی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دن، گۆڕیوه‌ و كردۆته‌ یه‌كێك له‌ به‌رگریكارانی توندی شیعه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا‌.  له‌وانه‌یه‌ هه‌ر ئه‌م وێنا‌ دژه‌سوننه‌یه‌ له‌ ڕووسیا، بۆته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی نفووزی ڕووسیا له ‌نێو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌. به‌پێی ئاماره‌كانی دامه‌زراوه‌یه‌كی پێوانه‌كردنی ڕای گشتی "زوگبای"، له‌ ناوچه‌ی قه‌یراناویی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، زۆربه‌ی خه‌ڵك بڕوایان وایه‌ كه‌‌ به‌شداری و ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسیا له‌ سووریا و پاڵپشتی له‌ به‌شار ئه‌سه‌د،‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی قه‌یرانی سووریایه‌. ته‌نانه‌ت له‌ میسر، كه‌ ڕووسیا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌یه‌، 90% له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بڕوایان وایه‌ مۆسكۆ به‌رپرسی سه‌ره‌كیی جه‌نگی ناوخۆییی سووریایه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا، ئێرانییه‌كان به‌ ڕێژه‌ی 68% به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بیر ده‌كه‌ه‌وه‌!

به‌پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕی گشتی و باو، ڕووسیا و ئه‌مریكا نفووزێكی سنوورداریان له‌سه‌ر حكوومه‌تی سووریادا هه‌یه‌. ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ له‌بیرمان نه‌چێت ئه‌وله‌وییه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سووریا و ڕووسیا له‌م جه‌نگه‌دا، له‌گه‌ڵ یه‌كتری جیاوازن. ڕووسیا به ‌دوای پاراستنی حكوومه‌تی سووریایه و، پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی كه‌سیی به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كیی ڕووسیا نییه‌. ‌ به‌م پێیه‌یش، ڕووسیا ده‌توانێت به‌ ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ یاخود نه‌مانی ئه‌سه‌د له‌ داهاتووی سووریا، سه‌ودا بكات.

جگه‌ له‌وه‌یش، ڕووسیا نایه‌وێ هه‌موو شتێك بكاته‌ قوربانیی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، بۆیه‌ نایه‌وێ بچێته‌ ناو جه‌نگێكی گشتگیر و به‌رفراوانه‌وه‌. جه‌نگێك كه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌رهاوێشته‌ی به‌ربڵاو و نه‌خوازراوی هه‌بێت یاخود به‌ته‌واوی له‌ كۆنترۆڵ ده‌ربچێت. هه‌رچه‌نده،‌ نابێت له‌م نێوه‌‌دا هاوپه‌یمانێتیی سووریا و ئێران فه‌رامۆش بكه‌ین.

 تاران ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌، به‌شار ئه‌سه‌د وه‌كوو نوێنه‌ری كه‌مینه‌ی عه‌له‌وییه‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمینێته‌وه‌. به‌تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێ، ئه‌وه‌ هیچ دڵنیایییه‌ك نییه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران له‌ داهاتووی سووریادا مسۆگه‌ر بێت. به‌م هۆیه‌یش، به‌ بوونی هاوپه‌یمانێتیی ئێران و سووریا، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ ڕووسیا نییه‌ كه‌‌ ئه‌سه‌د و سوپای ئه‌و ده‌وڵه‌ته،‌ به‌ته‌واوی په‌یڕه‌وی له‌ فه‌رمان و ئه‌جێنداكانی ڕووسیا بكه‌ن.

به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی ڕووسیا

ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ڕووسیا له‌ سووریادا، پێگه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی به‌هێزتر كردووه‌ و، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سوپای سووریا، كه‌ به ‌درێژاییی به‌هار و هاوینی ساڵی 2015 ، به‌توندی شكستیان خواردبوو ، به‌خێرایی باڵاده‌ست ببنه‌وه‌. كاتێك كه‌ ڕووسیا هاته‌ ناو جه‌نگی سووریاوه‌، زیاتر له‌ 70% له‌ خاكی سووریا له‌ژێر كۆنترۆڵی داعش بوو. یه‌كێك له‌ گرنگترین ئامانجه‌كانی ڕووسیا، پاراستنی پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌تی سووریا به‌تایبه‌ت حكوومه‌ت و سوپای ئه‌و وڵاته‌ بوو، كه‌ ده‌یانتوانی پرۆسه‌ی جه‌نگی دژی داعش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن. ڕێگه‌گرتن له‌ ڕووخانی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له‌م ڕووه‌وه‌ گرنگ بوو كه‌، ڕێگر بوو له‌ به‌رده‌م سووریا كه‌ بكه‌وێته‌‌ ناو دۆخی په‌شێوی و ناسه‌قامگیری و دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆكانی عێراق و لیبیا و ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن؛ بارودۆخێك كه‌ به ‌مانای ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌یه‌ و، به‌م پێیه‌یش هه‌ڕه‌شه‌ی جددیی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ڕووسیا هه‌یه‌.

به‌هێزبوونی پێگه‌ی جیهانیی ڕووسیا

ڕووسیا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ ئه‌كته‌رێكی گرنگه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا‌. جه‌نگ له‌ دژی داعش و ڕۆڵی گرنگی ڕووسیا له‌ قه‌یرانی سووریادا، پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ڕووسیای به‌هێزتر كردووه‌، كۆتایی به‌ ئه‌فسانه‌ی په‌راوێزبوونی جیهانیی ڕووسیا هێناوه‌ و، بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ مۆسكۆ له‌ دانوستاندن له‌سه‌ر پرسه‌كانی تر له‌گه‌ڵ ڕۆژاوادا، وه‌كوو قه‌یرانی ئۆكراین و هه‌ڵگرتنی ئابڵووقه‌كانی دوای پێوه‌نووساندنی نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا بۆ سه‌ر ڕووسیا، ده‌ستی باڵای هه‌بێت.

هه‌روه‌ها قه‌یرانی سووریا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی دایه‌ ڕووسیا كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار له ‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، هێزی سه‌ربازی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆیدا به‌كار بێنێت. له ‌ڕاستیدا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ڕووسیا له‌ سووریادا، ده‌رخه‌ری توانای سه‌ربازیی سوپای ڕووسیایه‌ و، ئه‌مه‌یش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی داوه‌ته‌ ڕووسیا كه‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی له‌م جه‌نگه‌دا تاقی بكاته‌وه‌.

 به‌پێی چه‌ند مه‌زه‌نده‌یه‌ك، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ له‌ دوای نمایشی سه‌ركه‌وتووانه‌ی چه‌كه‌ ڕووسییه‌كان له‌ جه‌نگی سووریادا، فرۆشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ له ‌نێوان 6 تاوه‌كوو 7 ملیۆن دۆلار زیاد بكات. جه‌زایر، ئه‌ندۆنیسیا، ڤێتنام و پاكستان، له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ن كه‌ پێشتر چه‌ك و ته‌كنۆلۆژیی سه‌ربازیی ئه‌مریكا و چینیان ده‌كڕی، به‌ڵام له ‌ئێستادا بۆ كڕینی چه‌كی ڕووسی، حه‌ز و ئاماده‌ییی خۆیان ڕاگه‌یاندووه‌.

سه‌رچاوه‌:

http://russiancouncil.ru

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples