ميراتی نێودەوڵەتیی ئۆباما

2016-10-21

ميراتی نێودەوڵەتیی ئۆباما

پێنووس: لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧، باراك حوسێن ئۆباما لە کۆشکی سپی بار دەکات و، لە دوای خۆی میراتێکی زەحمەت بۆ شوێنگرەوەکەی بەجێ دەهێڵێت. گرنگترین ئەم میراتەیش بریتین لە دۆخێکی نێودەوڵەتیی هەڵچنراو بە جه‌نگ لە سووریا، عێراق و یەمەن، هەروەها لە دوای جەنگی ساردەوە توندترین ململانێ لەگەڵ ڕووسیا هەیە و، پەیوەندییە نادیارەکانیشی لەگەڵ چیندا. سەرۆکی ژمارە "٤٥"ی ئەمریکا، دەبێت بەو بڕیارەی سەرۆک ئۆبامادا بچێتەوە، کاتێك نەیویست دەست بخاتە ناو سووریا لە مانگی هەشتی ٢٠١٣دا. کەچی هەر ئۆباما پێشتر "هێڵی سووری" بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد دانا، کە نابێت چەکی کیمیایی بەکار بهێنێت. "بازە" کۆمارییەکان و دیموکراتەکان ڕەخنەی توندیان لەم سیاسەتە دەگرت و، بە کەمکردنەوەی پێگەی ئەمریکایان لە قەڵەم دەدا.

سەرۆکی پێشووتر، جۆرج دەبلیۆ بووش، هەمیشە سەرۆکی "خۆلەسەرهەق" بوو، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە هێزێکی سەربازییەوە خۆی بە عێراقدا کرد، لەبەر ئەوەی گومان هەبوو کە عێراق هەڕەشەیە. باراك ئۆباما ڕوانگەیەکی تر لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت، هەندێك بە "دۆکترین"ی ئۆباما باسی دەکەن لە سیاسەتی دەرەکیدا. ئەم ڕوانگەیە بریتییە لەوەی کە ئەمریکا پارێزەری جیهان نییە. لەم بارەیەوە، ئۆباما بە ڕۆژنامەنووسەکانی دەگوت: "نابێت شتی گێلانە ئەنجام بدرێت." کاتێك لە مانگی ١٢ی ٢٠٠٩دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرت، پێناسەیەکی بۆ "جه‌نگی دادپەروەرانە" دانا کە نابێت ئەنجام بدرێت، تەنیا بۆ پاراستنی ئاشتی نەبێت.

لە ڕوانگەی ئۆباماوە، هەمیشە جەنگ، لەبەر هه‌ر هۆكارێك بێت، تراژیدیا بە دوای خۆیدا دەهێنێت. لە چاوپێکەوتنێکی ئۆباما لەگەڵ Jeffrey Goldberg لە گۆڤاری، The Atlantic Monthly، خۆی بە کەسێکی نێودەوڵەتی پێناسە کردووە، وەك بەرگریکارێك لە پێناوی هاوئاهەنگی لە نێوان دەوڵەتەکان، هەروەها وەکو ئایدیالیستێك idealist ، کە باوەڕی بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ هه‌یه‌. ديپلۆماتکارێكی شارەزا لە واشنتۆن، ئۆباما وەکو "گۆشەگيرێکی چەپڕەو" وەسف دەکات. ئەم ڕوانگەیە بۆ سێ پایە دەگێڕنەوە: لە دیدی ئۆباماوە، ١. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان، وه‌ك ناوچەیەکی گرنگ نەماوە، ٢. بۆیە، زیاتر گۆڕانکارییەک لە ئاڕاستەی جیۆستراتیژی بەرەو چين هەیە، ٣. ئەورووپا ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورە نییە بۆ ئەمریکا.

ئەم سێ دیدەی ئۆباما، تووشی لەرزينێكی مەزن هات، لەبەر ئەوەی جیهان بە شێوەیەکی تر گۆڕا. گۆڕینی ئاراستەکان بەرەو چين چەقيون. هەروەها ئەورووپا، لە قەیرانی دارایییەوە بەرەو قەیرانی ئاوارەکاندا و دەرچوونی بەریتانیا تێ پەڕیوە، بەردەوام جێی دڵەڕاوکێ و گومان بووە. ئەم ڕوانگەیەی ئۆباما بۆ "دەستێوەرنەدان" یان "کشانەوە"، بۆ نموونە کشانەوە لە عێراق ٢٠١١، زۆرتر نزیکە لە دۆنالد ترەمپ کە گۆشەگيرێكی تەواوە. هیلاری کلينتۆن زیاتر هەوڵ بۆ "دەستێوەردان" دەدات. بۆ نموونە، بەپێی ڕۆژنامەی New York Times، سەبارەت بە ئەفغانستان، باراك ئۆباما تەواو دوودڵ بووە لەوەی کە هێزی سەربازیی زیاتر بۆ ئەم وڵاتە بنێردرێت، کەچی هیلاری کلينتۆن، کە سکرتێری دەوڵەت بوو، لەو کاتەدا لەگەڵ ناردنی ئەم هێزانەدا بوو.

هەروەها، ئۆباما لە ڕێگه‌ی دووەم سکرتێری دەوڵەتەوە، جۆن كێری، بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بۆ گەییشتن بە ئاشتی، هەوڵێكی زۆری دا؛ بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ دووبارەهەڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیای ڤلاديمير پووتین، شکستخواردووترین خاڵی ئیدارەی ئۆباما بوو. دوای کێشەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ و گرتنی ئۆسێتی باشوور لە لایەن ڕووسیاوە لە کۆتایییەکانی سەردەمی سەرۆک بۆش، هیلاری کلینتۆن لە ساڵی ٢٠٠٩، دەیویست دوگمەی سوور پيشانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ بدات. بەڵام ئەمریکا نەیتوانی ببێت بە بەربەست لە پێش ڕووسیا. ئەم وڵاتە بەردەوام بوو و، توانیی کرێمی لە ئۆکراینا ببات و، کاریگەریی لە هەرێمی دۆنباس هەبوو. هەروەها ڕووسیا پشتگیرییەکی تەواوی بۆ سەرۆکی سووری، بەشار ئەلئەسەد، پيشاندا، کە دروستکەری بارودۆخێکی ترسناكە و ڕووبەڕووی ئەمریکای ئۆباما بۆتەوە.

لە کتێبێکدا به‌ ناوی "کاتی بڕیارەکانLe Temps des décisions ، كه‌ لە ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە، هیلاری کلينتۆن داوا لە ئۆباما دەکات کە لەسەر دراوسێکانی و جیهان، بە شێوەیەکی ڕیالیستی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕوسیای پووتیندا بکات. کلينتۆن دەنووسێت پێویستە پەنجە بەسەر دوگمەی ستۆپدا بنێین. ئەم ژنە سەرکردەیە، بە "بازەکان" پێناسە دەکرێت و، لە لایەن زۆر لە نێوکۆنسێرڤەتیستەکانه‌وه‌، بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا پشتگیریی لێ دەکرێت. پانتایییەکی فراوان لە نێوان کلينتۆن و ئۆبامادا هەیە. سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، چاوەرێی کرد حەلەب تەفرتوونا بکرێت تا بتوانێت بڕیار بدات وتووێژ لەگەڵ ڕووسیا ڕابگرێت.

لە لایەکی ترەوە، میراتی ئۆباما چەند سەرکەوتنێکیشی تێدا بوو، بەتایبەتی لە کۆتاییی ویلایەتی دووەمی حوکمڕانییەکەی: کرانەوە بە ڕووی کۆبا، بوورما و ڤێتنام و، سەرخستنی ڕێکكەوتننامەی پاریس لەسەر کەشوهەوای جیهان. توێژەرێکی فەڕەنسی Marie-Cécile Naves، ڕێککەوتن سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی بە سەرکەوتنی سیاسەتی ئۆباما دەزانێ، هەرچەندە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆگرامە، بۆ میراتگری ئۆباما خاڵێکی جێ پرسیاری قورس دەبێت. لە ڕوانگەی توێژەرێکی ترەوە Célia Bélin، ئۆباما ویستی هەموو خاڵە ناکۆکەکان لەگەڵ هەموو دوژمنانی ئەمریکادا ئاشکرا بکات. ئەم توێژەرە دەڵێت: "ئێمە بەرەو جیهانی پۆست ـــ ئەمریکا دەڕۆین". بۆ میراتگری ئۆباما، ڕۆڵی ئەمریکا لە جیهاندا پرسێکی زەحمەت دەبێت، چونکە هەڕەشە جیۆپۆلیتیكییەکان هەر کەڵەکە دەبن. دەربارەی جەنگی سارد، فەیلەسووفی فەڕەنسی لە ساڵانی چلەکاندا دەینووسی: "ئاشتی مەحاڵە، جەنگیش ڕوو نادات". لەوانەیە میراتی ئۆباما بەم شێوەیە بێت "جەنگ هەر ڕوو دەدات، ئاشتی هەميشە دەکرێت".

سەرچاوە:

http://www.lesechos.fr

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples