2016-10-22
شەڕی مووسڵ لە دژی داعش، سەربەخۆیی بۆ کوردستانی عێراق دەهێنێت
نووسەر: جانین دی جیۆڤانی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر
کوردەکان، گەلێکی بێدەوڵەتی ٢٥ ملیۆنی، کە لە ناوچە دەوڵەمەند و زەنگینەکانی عێراق، تورکیا، ئێران و سووریادا دەژین. ئەوان بە جوامێری و نەبەردی لە مەیدانی جەنگدا ناسراون و، دەمێکیشە هەستیان بەوە کردووە کە وڵاتانی تر، بەتایبەت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک بەرداش بەکاریان دێنێت و دواتر کە کاری پێیان نەما، فەرامۆشیان دەکات.
کوردەکانی عێراق لە شەڕی ئازادکردنی مووسڵدا، کە لە ١٧ی ئۆکتۆبەردا بە سەرکردایەتیی هێزە عێراقییەکان و یارمەتیی ئەمریکا دەستی پێ کردووە، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. هەندێک نیگەرانن و ترسیان لە خیانەتە، زۆربەیان هێشتا لەو بڕوایەدان کە پاداشتیان لە کۆتاییدا سەربەخۆیی، یان سەروەریی زیاتر دەبێت بۆ کوردەکان. لە هاوینی ڕابردوودا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "سەربەخۆییی کوردستان مافی گەلەکەمانە و ئێمە بڕیار دەدەین، بە بارتەقای ئەو سنوورەمان کە ئازاد کراون".
مێژووی کورد، پڕە لە خیانەتی ڕۆژاوا، لە ١٩٢٠دا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، بریتانیای گەورە، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ئیمپڕاتۆریی عوسمانی، به دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ، ڕازی بوون. بەڵام تەنیا دوای سێ ساڵ، لە ڕێککەوتننامەیەکی جیادا، هاوپەیمانان دانیان بە تورکیای کەمال ئەتاتورک نا. کوردیان لە دەوڵەت و سەربەخۆیی بێبەش کرد.
هەر لەو ساوە، گرووپە کوردییە جیاوازەکان هەوڵی سەربەخۆیی و دەوڵەتیان داوە و شکستییان هێناوە. بۆ نموونە، عێراق لە سەرەتای حەفتاکاندا، کاتێک لە یەکێتیی سۆڤییەتەوە نزیک بووەوە، شای ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ڕازی کرد بۆ چەکدارکردنی کوردەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەددام حسێن. هەرچەندە ئێران دواتر، لە پشتگیریی بۆ کورد پاشگەز بووهوه. دواتریش ئەمریکییەکان بە هەمان شێوە. بەم جۆرە، جارێکی تر خیانەت و ناپاکی لە هەمبەر کورد کرا.
نزیکەی دوو دەیەی دواتر، لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران، ئەمریکا دەستی بە یارمەتیدانی عێراق کرد و ناڕاستەوخۆیش، بۆ لەناوبردن و ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکانی عێراق یارمەتیی سەددام حسێنی دەدا. لە ١٩٨٨ و لە دوا ساتەکانی جەنگ و ململانێدا، سوپای عێراق چەکی کیمیاییی بەکار هێنا و هەزاران کوردی لەناو برد.
لە سەروبەندی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣، کوردەکانی عێراق خودان خودموختاریی خۆیان بوون، خاوەن جۆرێک لە سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی خۆیان بوون. لەگەڵ سەرهەڵدانی داعشیشدا، کوردەکان جەنگاون و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و، لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا پێکهاتەیەکی گرنگ و هێزێکی سەرکەتوو بوونە.
کوردانی سووریا، بە هەمان شێوە، لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا سەرکەوتوو بوونە، بەتایبەت لە شەڕی کۆبانێ لەسەر سنوورەکانی تورکیا و، ئەو ڕۆڵەی کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بینی، لەو جەنگەی کە شەش مانگی خایاند و، بە یارمەتیی ئەمریکا توانییان داعش ڕاماڵن و لە ئازاری ٢٠١٥ دا ئارامی بۆ شارۆچکەکە بگەڕێننەوە. لە ڕۆژاوای کوردستان، یەپەگە درێژکراوەی پەکەکەیە، لەوەتهی جەنگ بەرپا بووە، جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەرییان بەدەست هێناوە.
ئێستا، دوو ساڵ لە دوای گرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، کوردانی عێراق هیوای سەرکەوتن دەخوازن. ئەگەر هاوپەیمانان سەرکەوتوو بن، دەرەنجامێکی باشی بۆ کوردەکان دەبێت. ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، بۆ یارمەتی و هاوکاریی داراییی پێشمەرگە واژوو کراوە. مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕژدی هەوڵی دەوڵەت و دەوڵەتداریی داوە. لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوودا، پارتەکەی و هاوشانەکانی، لە هەوڵی ئامادەکارین بۆ ڕیفراندۆم؛ هەرچەندە هەوڵەکان وەک پێویست نین. لە کاتێکدا، لە ١٢ی ئابی ساڵی ڕابردووەوه، بە هۆی کێشە سیاسی و ئابوورییە ناوخۆیییەکانییەوە، پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێکی ئەنجام نەداوە، بۆیە تا گۆڕانێک نەیهتە ئاراوه، کوردستان شەرعییەتی بانگەشەی سەربەخۆییی نییە.
کوردەکان، زۆر باش دەزانن کە کاتی تەنگژەیەکی زۆر گەورە لە ناوچەکەدا هاتووە. بەڵام ئەوان لەو بڕوایەدان کە بۆ دەوڵەتداری ئامادەن. هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان هاوڕان، بەڵام پیتەر گاڵبرێس، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا، کە یارمەتیی دامەزراندنی پیشەسازیی نەوتی لە کوردستان داوە، دەڵێت: "کوردەکانی عێراق لە هەموو گەلانی تر، باشتر خۆیان بۆ پرسی سەربەخۆیی ئامادە کردووە، بۆ نموونە، کڕواتیا، تەیمووری ڕۆژهەڵات و باشووری سوودان.
سەرەڕای جیاوازییەکان، هێشتا بۆ پرۆسەی دەوڵەتداری لە لایەن کوردەکانەوە، کۆدەنگییەکی گەورە هەیە. له ڕووپێوییەک کە لە لایەن "زانکۆی ئەمریکی – کوردستان"ەوە بەڕێوە براوە، دەرکەوتووە کە ٨٤%ی خەڵکی کوردستان، دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن.
لەگەڵ ئەوەیشدا، پشتگیرییەکی نێودەوڵەتیش هەیە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کێری و، جێگرەکەی، لەم دوایییەدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا دانیشتوون. حکوومەتی ئەمریکا هەرچەندە بەفەرمی پشتگیریی سەربەخۆییی کوردستانی عێراقی نەکردووە، ئەمەش بەشێکی لەبەر ترسی گەورەبوونی تەنگژەکانە لە ناوچەکە، بەشەکەی تریشی پەیوەستە بە تورکیاوە کە ئەندامی ناتۆیە و زیاتر لە دوو دەیەیە لەگەڵ کوردە جوداخوازەکاندا دەجەنگێ لە تورکیادا. تورکیا لەم دوایییەدا، بۆ یارمەتیدانی داعش و پێشگرتن لە کوردەکانی سووریا، هێزی بۆ سووریا ناردووە. ئانكارا، نیگەرانە لە سەربەخۆییی کوردەکان لە عێراق، چونکە ترسی هەیە ببێتە هۆی سەربەخۆییی کوردەکانی تورکیا و سووریا و، دواجاریش هەڕەشە بۆ ئانكارا دروست بکەن.
لە ئابی ڕابردوودا، کوردانی سووریا، جارێکی تر هەستیان بە خیانەتی ئەمریکا کرد؛ کاتێک لە داگیرکردنی ناوچەکانی سووریادا یارمەتیی تورکیایان دا و، داوایان لە یەپەگە کرد ڕۆژهەڵاتی فوڕات چۆڵ بكهن و، بۆ سوپای تورکیا بهجێی بهێڵن.
گاڵبرێس پێی وایە کە کوردەکانی عێراق پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ تورکیادا هەیە، بەتایبەت بەهۆی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئانكاراوە. بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە، بەتایبەت لە ئێستادا كه نرخی نەوت دابەزیوە و کێشەی بودجەی لەگەڵ حکوومەتی ناوەنددا هەیە و باری داراییی هەرێمی کوردستان، بە هۆی جەنگی داعشەوە خراپە. هەندێک لە چاودێران، ئەم بەربەستانەی سەرەوە، بە دواخستنی پڕۆسەی سەربەخۆیی دەزانن.
سەرچاوە: