2016-10-28
داهاتووى ناکۆکییە سیاسییەکان لە سایهی قەیرانە ئابوورییەکاندا
نووسینی: محهمهد بن سهعید ئهلفتیسی
وهرگێڕان و کورتکردنهوهی: چرا عومهر
ئایا دەکرێت قەیرانە ئابوورییەکان لە سەدەى بیست و یەکدا دووبارە ببنەوە و، ببنە شێوەیەک لە شێوەکانى ململانێ و داگیرکارى لە مێژووى سیاسیدا؟بە هۆى ئەو سەروەت و سامانە سروشتییەى لە دەوڵەتێکدا بوونى هەیە، یان بە مانایەکى تر، دەکرێت ئەم قەیرانە بگاتە قۆناغێک کە دەوڵەتان سهروهتی وڵاتانی تر داگیر بکهن بۆ تێرکردنى گهلی خۆیان؟
خراپیی ئابووریى دەوڵەت و کاریگەریى قەیرانى دارایى کە لە جیهاندا بڵاو بۆتەوە، لە ڕووى سهقامگیری و ئاسایشەوە وێنەیەکى تراژیدى بۆ داهاتوو دەکێشن. مێژووى سیاسییش جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆربەى ئەو داگیرکارییانەى کراون، بۆ دەستبەسەرداگرتنى سەروەت و سامانى ئەو وڵاتانە بووە. لە ئێستادا، بارى ئابووریى جیهان بە هۆى کۆمەڵێک قەیرانەوە بەگشتى بەرەو خراپى دەڕوات و، لە سەرووى هەموویانەوە قەیرانى دارایى و نزمبوونەوەى نرخى نەوت و پێکهاتەکانى و ڕەنگدانەوەى لەسەر بودجەى دەوڵەتان، دەبێتە هۆى دروستبوونى گومانى زۆر و دڵەڕاوکێ لە دەوڵەتان و چۆنیەتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم پاڵەپەستۆ دەروونییەى لەسەر ئاستى ناوخۆ، بەرەوڕوویان دەبێتەوە. لە ئەنجامى ئەمەدا ناچار دەبن پەنا بۆ داگیرکردنی دەوڵەتانى دراوسێیان، یان هی دیکه ببەن بۆ کەمکردنەوەى ئەو بەربەست و قەیرانانەى کە تووشیان بووە. ئەمەیش، زیاتر لەو وڵاتە بچووکانەدا ڕوو دەدات کە لە ڕووى جوگرافییەوە شوێنێکى ئەوتۆیان نییە. بەڵام ئەوەى بووهتە هۆى ئەوەى لە ئاستێکى باشتردا بن، یان ببنە ئامانجى وڵاتانى داگیرکار، ئەو سەروەت و سامانە سروشتییانەیانە کە خاوەنین.
هەر لەم ڕووەوە، زاناى ئابوورى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زانستە سیاسییەکان "وۆدرۆ ویلسۆن" لە "زانکۆى برنستۆن" دەڵێت: "یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەى دەبنە هۆى دروستبوونى ناکۆکیى سیاسیى ترسناک، بریتییە لە هۆکارە ئابوورییەکان." نەک هەر ئەمە، چهندان بیروڕا دروست بوون. هەندێک پێیان وایە بوونى ئابووریى ناجێگیر لە وڵاتدا، دەبێتە هۆى دروستبوونى ناکۆکیى سیاسی و وەستانى پێشکەوتنى سیاسى و دروستبوونى ئاژاوە لە دەوڵەت، بەتایبەت لە دەوڵەتە تازە پێگەییشتووەکاندا. لە دیدى مارکسی لینینییەکاندا، گەشەکردنى جیاوازیى ئابوورى، بهبەردەوامى دهبێته هۆی زۆرکردن و کهمکردنهوهی ئهگهرهکانی داگیرکاری و، دەبێتە هۆى هەژاندنى ناکۆکیى سیاسى، چونکە بارى سیاسیى دەوڵەت تێک دەدات.
لە نێوان مێژوونووسان و توێژەرەکاندا، لە ڕووى باسکردن و خستنەڕووى هۆکارەکانى ناکۆکیی دەوڵەتان و ململانێ جیۆسیاسییەکانهوه، جیاوازیى بیروڕا دروست بووە. لە دیدى منەوە، هەموو ئەمانە لە داهاتوویەکى نزیکدا دهردهکهوێت و دهبێته هۆى ئەو هەژاندنە ئابوورییانە و ئەو شەڕانەى کە هەیە لەسەر سەرچاوە دارایییەکان. لە ئێستادا لە زۆربەى وڵاتانى گەورە و بچووکدا، خاوهن نهوت و ئەوانەى خاوەنى نەوتیش نین، بۆتە هۆى دروستبوونى هەژاندنێکى دەروونیى ترسناک، کە بەردەوام دەبێتە هۆکارى ناجێگیریی سیاسى و هەوڵێکى زۆرى دەوڵەتان بۆ پەنابردنە بەر دەوڵەتانى دراوسێ، ئەم قەیرانانە لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەتایبەتیش لە دەوڵەتانى پێترۆدۆلاردا، بەزەقترى دەردەکەون.
هایدى تافلهر لە کتێبى "شێوەى ململانێکانى داهاتوو"دا دهڵێت: "کەمن ئەوانەى دەڵێن ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دڵى ئابووریى جیهان دروست دەکات." هەروەها، لە توێژینەوەیەکى مامۆستا "ئهحمهد سهلیم" لە گۆڤارى "ئینترناشناڵ پۆلیسی"دا بە ناونیشانى "ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ستراتژییەتى ئەمریکى"دا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دواى ڕووخانى یەکێتیى سۆڤییەت، هەوڵی دا دەسەڵاتى خۆى فراوان بکات و دەست بگرێت بەسەر ناوەندە هەستیارەکان و حزبە سیاسییەکان لە جیهان و دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى تایبەت و، ئەو شوێنانەى بە درێژاییی مێژوو زلهێزەکان لە هەوڵدا بوون دەستى بەسەردا بگرن و، دواتر دەست بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بگرن.
بەپێى ئیمانوێل، لە خوێندنەوەیەکی بۆ هەڵوەشانهوهى سیستەمى ئەمریکیدا هاتووە، ئەمریکا کار لەسەر ناردن و دروستکردنى کێشە لە هەندێک شوێنى ستراتیژى دەکات، بۆ ئەوەى بە هۆیەوە دەست بەسەریاندا بگرێت و، تەنیا بەرژەوەندیى ئەمریکاى بەلاوە گرنگە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەموو هێزە جیهانییەکان، لە سەروویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لە زۆربەى کاتدا کار دەکەن بۆ دروستکردنى شەڕ و ململانێ لەو شوێنانەى کە بەرژەوەندیى خۆیان تێیدا هەیە. وەک دەبینرێت، دواى ئەوەى خۆیان شەڕ ههناردهی ئهو ناوچانە دەکەن، هەر خۆیشیان لە کاتى شەڕەکەدا ئهو ناوچانه دهپارێزن. هەروەها، "مایکل جى هرگمات" لە کتێبى "کۆتاییى جەنگى سارد"دا دەڵێت: "تاکە شوێن لە جیهانى ئەمڕۆماندا، کە بووهتە هۆى دروستبوونى ململانێى گەردوونی، ناوچەى کهنداوه، کە زۆربەى ئەو جەنگانەى که لە سنووری تهنیا وڵاتێکدا ڕوو دەدات دەگاتە ئاستى جهنگی جیهانى و بە شێوەیەک سهخت دەبێت جیاکردنەوەى جەنگى ناوخۆیى لهگهڵ جەنگى دەرەکیى سنوورفراوان، ئاسان نابێ"
لە ڕاپۆرتێکى تردا بە ناونیشانى "زستانى نەوت و ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکان بۆ دووبارەگەڕانەوەى نەخشەى جیۆسیاسیى جیهانى"دا هاتووە: "جیهان، سەدەیەکى پڕاوپڕ لە ناجێگیریى سیاسى و جیۆسیاسى بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت لە ناوچەکانى کهنداو، سۆڤیەتى کۆن و نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە ئەم ناوچەیە هزرمهند "زبیگینو بریژێنسکی: لە ساڵی ١٩٩٩دا بە ناوچەى کێشه لەسەر لە نێوان زلهێزەکاندا وەسفى کردووە و، لە داهاتوودا دەبێتە گۆڕەپانى جەنگى گەورە." مێژوویش ئەوەى سەلماندووە كه هەمیشە سەرچاوە ئابوورییەکان و هەوڵى دەوڵەتان بۆ بەخاوەنبوونیان وەکوو سەرچاوەکانى "نەوت، گاز و پێکهاتەکانیان"، بوونەتە گەورەترین هۆکارى دروستبوونى ململانێ و جەنگى جیهانى. هەروەک لە ڕاپۆرتى "فرانک فیفانۆ" لە سێپتێمبەرى (2001)دا هاتووە، "دەکرێت کۆتایى بە هەموو جەنگ و کردەوە تیرۆریستییهکان بهێنرێت، تەنیا بە پەنابردنە بهر یەک وشە، ئەویش نەوتە." دەکرێت لێرەدا، بگەڕێینەوە سەر لێدوانى کۆشکى سپى لە بەروارى 28/11/2001، لەبارهی کردنەوەى گرووپی "یەکێتیى هێڵى بۆڕییەکانی قهزوین" و گەڕانەوە بۆ ئەوەى کە لە ئاژانسی ڕۆیتهرزدا هاتووە لە بەروارى 25/9/2001: "نەوت بۆتە یارییەکى جیۆسیاسیى جیهانى، کە هەموو جیهان بهڕێوه دهبات، جا ئەو وڵاتەى کە ئابوورییەکەى پشت بەم سەرچاوانە دەبەستێت، دەبێتە ئامانجى سەرەکیى دەوڵەتە زلهێزەکان." هەروەها لە گۆڤارى ( فۆرچن) لە ساڵى 2004دا "دیڤید ستیب" باس لە سەقامگیریى جیهانى دەکات لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى بەسەر ژینگە و ساماندا هاتووه.
لە ڕاپۆرتێکى تردا، کە ئیراتشیرنوس بە ناونیشانى "گۆڕانکارییە ترسناکەکانى كهشوهەوا" بڵاوی کردووهتهوه و، له سایتی "کۆمۆن پلهیس" دهست دهکهوێت، هاتووه "لە مێژوودا دەرکەوتووە هەر کاتێک مرۆڤەکان لە نێوان مردن لە برسان یان هێرشبردندا، ناچار بە سەرپشککردن بوون، ئەوە دووەمیان هەڵبژاردووە. بۆیە ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە داهاتوودا ڕوو دەدهن، تەنانەت لە کەشوهەوایشدا، دەبنە هۆى ئەنجامى ترسناک بۆ دەوڵەت و گەلە جیاوازەکان و ئهگهری دووبارەڕوودانى جەنگى جیهانییان لێ دهکهوێتهوە."
لە کۆتاییدا، ئەوەى مەبەستمانە، بەپوختی ئەوەیە کە مرۆڤایەتى لە سەدەى بیست و یەکەمدا لە ململانێى زۆر و شەڕى ڕکابەرى لەسەر داگیرکردنى سەرچاوەکانى وزە، بەتایبەتى "نەوت و گاز" دەژیت. ئەمەیش، زیاتر لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ڕەنگ دەداتەوە، کە دەوڵەتانى تر بە بیانووى کارى مرۆڤایەتی و دووبارەگەڕانەوەى سەقامگیرى بۆ ئەم ناوچانە، دهست بە قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنى ئەم سەرچاوانە دهكهن و، لە ئەنجامدا قەیرانەکان دروست دهبن و ناکۆکییه سیاسییهكان سهر ههڵدهدهن.
سەرچاوە: