2016-11-18 تەڵەی جەنگی به‌وه‌كاله‌تی کوردەکان؛ ئەو جەنگەی کورد وەك داردەستێك تێیدا بەکار هاتووە

2016-11-18

تەڵەی جەنگی به‌وه‌كاله‌تی کوردەکان؛ ئەو جەنگەی کورد وەك داردەستێك تێیدا بەکار هاتووە

ن: ئۆرفا بینگیۆ*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

 

ئایا ئەو جەنگەی کورد بەوەکالەت لە دژی داعش دەیکات، لە داهاتوودا دژی خواستی نەتەوەکەیەتی؟

لە ساڵی ٢٠١٣وە، سەرۆك ئۆباما ئەو سروودە دووپات دەکاتەوە و بەردەوام ئەوە دەیڵێتەوە کە ڕێگە نادات، پێی هیچ سەربازێکی ئەمریکی بکەوێتە ناو خاکی سووریاوە و دەڵێت "ئێمە هەوڵ دەدەین هاوکارانێکی باش و کاریگەر بدۆزینەوە بۆ بەرنگاربوون و وەستانەوە لە دژی داعش." ئەمەیش گومانی تێدا نییە کە، کوردەکان چ لە عێراق و چ لە سووریادا ئەوەیان سەلماندووە، شەڕڤانێکی باش و کاریگەرن، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئاخۆ کوردەکان هاوکارن، یان تەنیا وەك کەرەسەیەک لەم جەنگەدا بەکار دەهێنرێن و لە دوای جەنگەکەوە وەلا دەنرێن و بڵاوەیان پێ دەکرێت؟

کوردەکان بەوە ناسراون کە ڕۆڵی داردەستەیییان گێڕاوە و لە جیاتی ئیمپراتۆرەکان و وڵاتانی تر جەنگیان کردووە. ئەم وەکیلییەیشیان لە جەنگکردندا، کۆمەڵێك پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت و دەکرێت بپرسین، کە چ بارودۆخێك وا دەکات کوردەکان ئەم ڕۆڵە بگێڕن؟ یان بۆچی لە وەها شتێکدا تێوە دەگلێن؟ چۆن پێشبینیی دەستکەوتنی سوود و قازانجی خۆیان لەم جەنگانەدا دەکەن؟ یان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا باڵانسی دەستکەوت و زیانەکانیان لەم جەنگانەدا چی بوون؟

بە ئاوڕدانەوەیەك لە مێژوو، ئەو جەنگە وەکالەتییانەی کە کوردەکان تێیدا بەشدار بوون، بۆ سێ شێواز دابەش دەبن: یان ئەوە بووە کە جەنگەکەیان بۆ حکوومەتی خۆیانیان کردووە لە دژی دوژمنانی ناوەکی یاخود دەرەکی، یان بۆ دەوڵەتە دراوسێکانیان و دژ بە حکوومەتی خۆیان جەنگاون، یان بۆ هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەیییەکان و دژ بە حکوومەتی خۆیان و هێزگەلێك کە لە دەرەوەی دەوڵەتن جەنگاون. هەرچەندە شێوازی جەنگکردنەکەیان جیاوازە، بەڵام دەرەنجامەکانی زانراو و دیارن.

نموونەی شێوازی یەکەم، لە سوارەی حەمیدییەدا خۆی دەبینێتەوە و بەرجەستە دەبێت؛ کاتێك سوڵتان عەبدولحەمید لە ساڵی ١٨٩٠دا دایمەزراند و تاوەکوو شۆڕشی لاوانی تورك لە ساڵی ١٩٠٨دا بەردەوامیی هەبوو. ئەمەیش لەبەر ئەوە بوو، کە لەو کاتەدا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دەوروبەریدا لاوازتر بوو و، بەمەیش سوڵتان عەبدولحەمید ویستی چەند خێڵێکی جیاجیای کورد بۆ جەنگان لە دژی ڕووسەکان و ئەرمەنییەکان بەکار بهێنێت. لە ڕاستیدا وەك دەگوترێت خودی حەمیدییەکان ڕۆڵێکی زۆر بچووکیان لە کوشتاری ئەرمەنییەکاندا لە ماوەی ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٨٩٦ گێڕاوە.  

لەبەر ئەوەی کوردەکان لە سوارەی حەمیدییەدا بەشدارییان کرد، ئەم ئەزموونەیان دەرەنجامگەلێکی تێکەڵ و پێکەڵی لێ کەوتەوە. لە لایەکەوە ئەمە وانەیەك بوو بۆیان، تاوەکوو دەرك بەوە بکەن کە چۆن خۆیان ڕێک بخەن و چۆن ڕاهێنان بکەن و چۆنیش بجەنگن. لە لایەکی ترەوە ناکۆکیی زیاتری لە نێوان سەرۆكخێڵەکاندا بەرپا کرد، یان بڵێین بوو بە هۆی ناکۆکییەکی زیاتری نێوان سەرۆكخێڵە کوردەکان. زیاد لەوەیش، ئەمە تەنانەت نەبووەتە فاکتەرێك لە نیشاندانی خراپیی ئەم بەشدارییەیان لە کۆکوژیی ئەرمەنییەکاندا. هەروەها، لە بەرانبەر بەشداربوونی کوردەکان لە جەنگی سەربەخۆییدا، ئەتاتورك بەڵێنی ئۆتۆنۆمیی بە کوردەکان دابوو، بەڵام دوایی لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز بووه‌وە.

دووبارەدەرکەوتنەوەی سوارەی حەمیدییە لە سەردەمی نوێدا، لە شێوازی کۆروکوڵەر (korucular) دا خۆی دەبینێتەوە، کە بریتییە لە سیسته‌می بەرنگاربوونەوە و پاسەوانیی گوندییە کوردەکان لە دژی پەکەکە[1]PKK . ئەمەیش سیسته‌مێك بوو کە نزیکەی سەد ساڵ لە دوای سوارەی حەمیدییەوە و لە ساڵی ١٩٨٥دا، حکوومەتی تورکیا دووبارە دای مەزراند. مەبەست لە دروستکردن و دیزاینی ئەم سیسته‌مە، بەپێی ئەو گووتەیەی تورکەکان بوو کە دەڵێن "بەکارهێنانی کورد بۆ کوشتنی کورد" (Kurdu Kurde Kirdirmak). تا ئێستەیش ژمارەی ئەم کوردانە لە نێوان ٥٠٠٠٠ بۆ ٩٠٠٠٠ هەزار کەسە و ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو دەبینن، چونکە ئەمانە کوردن و شارەزای زمان و خەڵك و جوگرافیای ناوچەکەن و، هەمان ئەو کارەیش دەکەن کە سوپای تورکیا دەیکات. مەبەستی دەرنەبڕاو لە بەکرێگرتنی ئەم کوردانە بۆ دووبارەژیانەوە و دروستکردنەوەی ئەو جەنگاوەرانەی ناو خێڵە کوردەکانە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر خێڵێکی تری کورد، لەسەر هەمان شێوازی سوارەی حەمیدییە. سەرباری ئەوەی کە ئەم چەکدارە بەکرێگیراوە کوردانە، پارەیەکی باشیان پێ دەدرێت و سوودێکی زۆریان چنگ دەکەوێت، کەچی هێشتایش لە ئاستی ئەوەدا نین کە بتوانن پەکەکە (PKK)لەناو بەرن و سستی بکەن، بەڵام ئەمە کاریگەریی خۆی لەسەر زیاتر دابەشبوون و پەرتەوازەبوونی کوردەکان هەیە.

نموونەیەکی تری ئەم داردەستەیییەی کوردەکان لە جەنگی به‌وه‌كاله‌تدا ، ئەو هێزە چەکدارییەیە کە ڕژێمی بەعسی ئیشتراکی لەژێر ناوی "هێزەکانی سەلاحەددین"دا دروستی کرد. مەبەست لە درووستکردنی ئەم هێزە دابەشکردن و پەرتەوازەکردنی کوردەکان بوو بۆ ئەوەی بە ئاسانی ژێردەستە بکرێن. دیارە مەبەست لە دروستکردنی ئەم هێزەش بەرنگاربوونەوە و جەنگان بوو دژی پێشمەرگەکانی مەلا مستەفای بارزانی. نازناوی "جاشەکان" بۆ ئەم هێزە بەکار دەهێنرا و، نەیشیتوانی وه‌فاداریی خۆی بۆ ڕژێمی بەعس بسەلمێنێت؛ لە ڕاستیدا زۆر جار دژی مەرامەکانی بەعس بوو و، ئەمەیش لە دوای گەردەلوولی بیابان[2] و ڕاپەڕینی کوردەکان لە ساڵی ١٩٩١دا، بەڕوونی دیار بوو.

نموونەی شێوازی دووەمی جەنگی بەوەکالەتی کوردەکان، یارمەتیدانی ناوه‌ بە ناوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (PUK)بووە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٩٠، بە مەبەستی دروستبوونی ئاشوب و ناسەقامگیری لە عێراقدا. لە بەرانبەر ئەمەیشدا و بە هەمان مەبەست، ڕژێمی بەغدا یارمەتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (KDP) دەدا، بۆ ئەوەی ببێتە مایەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لەناو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

نموونەیەکی تری ئەم شێوازی دووەمەی جەنگی بەوەکالەتی کوردەکان، بریتییە لە یارمەتیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان(PUK) لە لایەن حافز ئەسەدی سەرۆکی سووریاوە لە ساڵانی حەفتاکاندا بۆ سستکردن و پەکخستنی ڕژێمی بەعسی عێراقی. ماوەیەکی کەم لە دوای ئەمەوە، ئەسەدی گەورە، گەرەنتیی پێدانی مافی پەنابەری و کردنەوەی بنکەی سەربازیی بە سەرۆکی پەکەکە (PKK) عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا، بۆ بەره‌نگاربوونەوەی سوپای تورکیا. ئەمە لە کاتێکدا، هەموو ئەو یارمەتییانەی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ حزبه‌ کوردییەکان وەك شمشێرێکی دووسەر بووە و زیانی پێ گەیاندوون. لە ساڵی ١٩٧٥دا کاتێك ئێران بەرژەوەندیی لەگەڵ کوردەکاندا نەما و، لەگەڵ بەغدا ڕێک کەوت، ئیتر پشتی کوردەکانی بەردا و چیتر پشتیوانیی نەکردن. بە هەمان شێوە لە ساڵی ١٩٩٨دا و لەژێر گوشاری تورکیادا، سووریا ئۆجەلانی وەدەر نا و، ماوەیەکی کەم لە دوای ئەم وەدەرنانەی ئۆجەلان، سووریا و تورکیا ڕێککەوتنی ئەدەنەیان لە نێوان خۆیاندا واژوو کرد. وەك خۆیان دەڵێن، ڕێککەوتنەکە دژی "ڕێکخراوی تیرۆریستیی (PKK)" واژوو کرا و، ڕێگەخۆشکەرێك بووە بۆ "بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا لە هەموو ڕوویەکەوە.

دەوڵەتە ناوچەیییەکان و ئەوانەیش کە لە ناوچەکەدا نەبوون، بە هەمان شێوە بە شێوازێکی چڕوپڕ کوردەکانیان بەرانبەر هەندێك دەوڵەت و هەندێك هێز کە لە دەرەوەی دەوڵەتن بەکار هێناوە و جەنگیان پێ کردوون. ڕوونترین نموونە، ئەو پشتگیرییە نهێنییە سێقۆڵییەی کوردەکان بوو لە دژی بەعسییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٢ بۆ ١٩٧٥. لەم پشتگیرییەدا، هەر سێ لایەنی ئێران و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە لایەنە هاوکارەکان بوون، یەك ئامانجی هاوبەشیان لەم پشتگیریکردنەی کورد هەبووە، کە ئەویش ئامانجی ناسەقامگیرکردن و سستکردنی ڕژێمی بەعس بووە. بەڵام لە مانگی سێی ساڵی ١٩٧٥، کاتێك بەرژەوەندی، وای کرد لەگەڵ بەغدا ڕێك بکەون، ئیتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران پشتی کوردیان بەردا و چیتر پشتگیرییان لێ نەکرد. (هەرچی دەوڵەتی ئیسرائیلیش بوو، زۆر سەرکەوتنی کوردی لا مەبەست بوو نەك تەنیا بەرانبەر بەغدا، بەڵکوو تا ئەو کاتەیش لە بەرانبەر ئێراندا سەر بکەوتایە).

نوێترین بار، کە ئێستا کوردەکان وەك داردەستێك ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، جەنگكردنیانە لەگەڵ داعش لە عێراق و سووریادا. هەر لە سەرەتاوە ئەوە ڕوون و ئاشکرا بوو، کە نە یەکێتیی ئەوروپا و، نە ئەمریکا ئامادە نەبوون بۆ بەره‌نگاربوونەوەی داعش، هێزی زەمینی بنێرنە ئەو ناوچانە. بەڵام نەیشیاندەتوانی لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەم جەنگە خۆیان بەدوور بگرن، لەوەی کە لە لایەکەوە داعش هاونیشتیمانییەکانی ئەوانیان کردبووە ئامانج و، لە لایەکی ترەوە بە هۆی ئەم جەنگەوە، بەلێشاو پەنابەر ڕوویان دەکردە دەوڵەتە ئەوروپییەکان. بە هۆی نەبوونی پلانێکی باش و پڕاوپڕی تورکیاوە، باشترین بژاردە دووبارەبەکارهێنانی کوردەکان بوو بۆ خەفەکردن و کپکردنەوەی توندوتیژییەکان لە سووریادا.

لە بەرەی عێراقەوە هێزە کوردییەکان، پێشمەرگە، بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کاریگەرترین و سەنگینترین هێز بوو. لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠١٤، کاتێك سوپای عێراق بەرانبەر داعش شکستی خوارد، پێشمەرگە بەره‌نگاری هێرشەکەی داعش بووەوە و چەند ناوچەیەکی گرنگیشیان لە دەوروبەری کەرکووك، خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ماوەیەکی کەم لە دوای ئەم ڕووداوە، داعش دەستیان بە هێرشێکی تر کرد بۆ داگیرکردنی شاری هەولێر، کەچی پێشمەرگە بەره‌نگاریان بووەوە و شکستی پێ هێنان. بەڵام لە ڕزگارکردنی شنگال، ئەو شوێنەی کە لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠١٤دا کۆکوژیی ئێزیدییەکانی تێدا کرا، زۆر سەرکەوتوو نەبوون. هەرچەندە دوا بە دوای ئەمە، پێشمەرگە (بە هاوکاریی هێزە کوردییەکانی سووریا) توانییان شنگال ئازاد بکەن و هێڵێکی بەرگری، بە درێژاییی ١٠٠٠کم لە بەرانبەر داعشدا دروست بکەن.

نهێنیی ئەم سەرکەوتنانەی پێشمەرگە لەوەدا بوو کە، هێزە کوردییەکان یەکیان گرتبوو و هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانانیش کۆمەکی دەکردن. ئەم کۆمەکیکردنە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکكەوتنی کورد و هاوپەیمانان لە ساڵی ٢٠٠٣، کاتی جەنگی عێراق، کە لەو کاتەدا حکوومەتی تورکیا، ئاكپارتی AKP،  ڕێی نەدا بنکەی ئەنجەرلیك بەکار بهێنرێت، بەڵام کوردەکان توانییان هاوکار بن و دەست بەسەر باکووری عێراقدا بگرن. ئەمەیش هاوکارییەکی گەورە بوو بۆ ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکا، چونکە پێویستی بەوە نەدەکرد هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەوێ بجەنگێت. ژمارەکان خۆیان دەدوێن! لە کاتێكدا کە ٤٠٠٠ سەربازی ئەمریکی لە جەنگی عێراقدا کوژران، تەنانەت یەك سەربازیان لە هەرێمی کوردستاندا نەکوژرا.

جەنگی داردەستەییی کوردەکان، لە سووریادا زۆر ئاڵۆزترە لەوەی کوردەکانی عێراق. بەپێچەوانەی کوردەکانی عێراقەوە کە لە جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١وە لەگەڵ ئەمریکا هاوڕێی نزیك بوون، کەچی تەنانەت قەوارەی کوردەکانی سووریا لە لایەن واشنتۆنەوە نەزانراو یان بڵێین پشتگوێ خراو بوو. پەیەدە (PYD) و ئۆرگانە سەربازییەکانی، یەپەگە (YPG) و یەپەژە (YPJ)، لە دوای کۆنترۆڵکردنی سێ کانتۆنی باکووری سووریاوە لە ساڵی ٢٠١٢دا، ناسران، کە دواتر هەرێمێکی ئۆتۆنۆمییان لەوێ پێك هێنا و ناویان نا "ڕۆژاڤا". زیاد لەوەیش، پەیەدە (PYD)  لقێکی پەکەکە (PKK)یە و هاوبیری ئایدیۆلۆژیی مارکس و لینیننە و لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی ڕۆژئاوادا یەك ناگرنەوە.

لەو کاتەدا سیاسەتی ئەمریکا، هێشتا هیوای بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەبوو، کە لە دژی ڕژێمی ئەسەد لەگەڵیان ڕێك بکەوێت تاوەکوو دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەد بجەنگن. هەر زوو ئەوە ئاشکرا بوو کە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ بەره‌نگاربوونەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد و جیهادییەکان و داعش و جەبهەتولنوسرە و ئەلقاعیدە، داردەستێکی باش نابن و ئەمەیان پێ ناکرێت. ئەوانەی جەنگی دژبە داعشیان لە ئەستۆ گرت، یەپەگە YPG و یەپەژە YPJ بوون. هەرچەندە بەکارهێنانی ئەمانە لەم جەنگەدا، بووە هۆی کێشە بۆ ئیدارەی ئۆباما و هاوپەیمانان، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە هەر هاوکاری دەکران و، لە ڕووی ئەو ئەجێندا و پلانەیان کە هەیانبوو هاوکاری نەدەکران، بە هۆی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا هەیە.

دیدگه‌ی تورکیا، وەك دیدگه‌ی هاوپەیمانانی ناتۆ (NATO) نەبوو. سەرۆکایەتیی تورکیا بە جۆرێکی تر بابەتەکه‌ی لێک دەدایەوە و دەیویست لە عێراق و سووریادا دژبە ڕژێمەکەی ئەسەد یارمەتیی داعش بدات[3]. گرنگتر لەمەیش ئەوەیە کە تورکیا پەیەدە (PYD)  و باڵە سەربازییەکانی وەك دوژمنێك سەیر دەکرد، ئەویش بە هۆی ئەو پەیوەندییە نزیکەیانەوە، کە لەگەڵ پەکەکەدا (PKK) هەیانبوو. هەروەها تورکیا قەوارەیەکی کوردیی لە باشووری وڵاتەکەی دەویست کە پێی وا بوو، ئەمە دەبێتە نموونە بۆ کوردەکانی تورکیا و، دەبێتە هۆی یەكخستنی هێزە کوردییەکان کە لەوانەیە لە داهاتوودا دژی پەکەکە (PKK) بوەستنەوە.   

لە لایەكەوە، دەبوو ڕۆژئاوا ڕێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ بەکارهێنانی کوردەکان لە جەنگدا، کە ئەمەیش دژی خواستی تورکیا بوو، لە لایەکی ترەوە، دەبوو وا بکات تورکیا قایل بکات، کە بنکەی ئاسمانیی ئەنجەرلیك لە دژی داعش بەکار بهێنێت. بەم شێوەیە ڕۆژاوا هات پەیەدە (PYD)ی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دا و لەولاشەوە دەستی کرد بە یارمەتیدانی یەپەگە (YPG)، هەرچەندە تورکیا لەگەڵ ئەمەشدا نەبوو، کە یارمەتی یەپەگە (YPG) بدرێت. لەهەمان کاتدا، ئەمریکا لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە (PKK) لەناو لە عێراق و تورکیا، گوێی خۆی کەڕ کرد.

ئەم ڕێکخستنە تەنیا بۆ ماوەی دوو مانگ، لە مانگی حەوت بۆ مانگی نۆی ٢٠١٥ بەردەوامیی هەبوو، دواتر ڕووسیا هاتە ناوەوە و، بڕیاری دا بە هێرشی ئاسمانی، بەرگری لە ڕژێمەکەی ئەسەد بکات و بەرانبەر دژەکانی ڕاوەستێتەوە. ئەم هاتنەناوەوەی ڕووسیایش وای کرد کە سووریا ببێتە مەیدانێکی ململانێی سیاسی و سەربازیی جۆرەها هێزی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و، هەروەها جۆرێتیی جەنگە به‌وه‌كاله‌ته‌کەیشی گۆڕی. ڕووسیا بە بیانووی جەنگان و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هاتە ناوەوە، بەڵام ئامانجی ئەو، لێدان بوو لە ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنەوە جیهادییەکانی تر و، داعشیان بۆ کورد بەجێ هێشت.

بەم جۆرە، ڕووسیا و ئەمریکا لەسەر ئەوە پێک هاتن کە یەپەگە (YPG) دژی داعش بەکار بهێنن. پەیەدە (PYD)یش ژیرانە ئەم بارودۆخەی بەکار هێنا بۆ ئەوەی سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ بارودۆخەکە و بەرەوپێشچوونی خۆی ڕابکێشێت. بەپێچەوانەی پەکەکەوە (PKK)، کە هێشتا ناوی لە ناو لیستی تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (U.S)  و یەکێتیی ئەوروپا(EU) دایە، ئەندامانی پەیەدە (PYD) توانییان تا ڕادەیەك ڕەزامەندیی دەرەوەی خۆیان بەدەست بهێنن. جگه‌ لەمەیش، کوردانی سووریا توانییان لە مۆسکۆ و هەندێك وڵاتانی ئەوروپیدا ئۆفیسی خۆیان بکەنەوە. تورکیا حەزی لەم بارودۆخەی پەیەدە (PYD) نییە و، تەنیا ڕێگەیەکیش بۆ کپکردن و لەناوبردنی پەیەدە و ڕۆژاڤا، ئەوەیە کە خۆی جەنگی دژ بە داعش بکات.

ئەگەر ئاوڕێك لە دواوە بدەینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کوردەکان لە جەنگە به‌وه‌كاله‌ته‌كه‌یاندا لە ماوەی کورتخایەندا پاداشت کراون، بەڵام لە ماوەی درێژخایەندا بووه‌تە کارەسات بۆیان. کوردەکان توانیویانە دژی دوژمنەکانیان بوەستنەوە و بیانبەزێنن، بەڵام ئەمە لەسەر حسابی دابەشبوون و ئاگادارکردنەوەی دراوسێکانیان بووە بەم کردەیان. کەوابوو، ئەی بۆچی هەر بەم شێوەیە ئەم ڕۆڵە دەگێڕن و، دەکرێت لەمەوە چ وانەیەك فێر بن و ئەم جارەیان چۆن ڕۆڵێك بگێڕن، کە لە بەرژەوەندییاندا بێت؟

لە ڕووە دیارەکەیەوە، وا دەردەکەوێت، کە جەنگی بەوەکالەتی ئەم جارەی کوردەکان، جیاواز بێت لە جەنگەکانی پێشوویان، ئەمەیش بە هۆی بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان خاوەن جەنگەکان و داردەستەکانیان. بەم شێوەیەیش،  پشتگیریکردنی کوردەکان، زیاتر ئاشکرایە وەك لەوەی کە بەشاراوەیی هاوکاری بکرێن. ئەوەی پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە ئەوەیە کە، کوردەکان لە ئێستادا بە شێوەیەکی باشتر و لە پلەیەکی باڵاتردا ئاگاداری نەتەوەکەیان و یەکگرتنەوەیانن، کە ئەمەیش ڕێخۆشکەرە بۆ گەییشتن بە ئۆتۆنۆمی و تەنانەت سەربەخۆییش. هەروەها وا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتدارانیش ڕا و بۆچوونیان وەك جاران نەبێت و گۆڕدرابێت. بەڵێنی یارمەتیدانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ جەنگاوەرە کوردەکانی سووریا و عێراق، خۆی لە خۆیدا شتێکی گرنگە، کە ئەگەر وا نەبوایە ئەوە کۆبانێ و هەولێریش داگیر دەکران و وێران دەبوون. بە هەمان شێوە، ڕاهێنانە سەربازییەکان و پێدانی چەك و تەقەمەنی بە هێزە کوردییەکان، خۆی لە خۆیدا شتێکی گرنگە، بە جۆرێك کە ئاماژەی باشبوون و بەرەوپێشچوونە لە تێوەگلانیان بە بەراورد لەگەڵ جەنگەکانی پێشووتریان.

بەڵام لێرەدا کێشەیەك هەیە: تەنانەت لە کاتی ئەم جەنگە به‌وه‌كاله‌ته‌ ماوەکورتەیشدا، سیاسەتی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، ڕێگەیان بە نوێنەرانی کورد نەداوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانیاندا سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ نەهێشتنی جەنگی ناوخۆی سووریا. بە هەمان شێوە، ئەو چەك و تەقەمەنییانەیش کە بە پێشمەرگە دراون، لە ئاستی پێویستدا نەبوون و، تا ئێستا چەکی قورسی وەك تانك و فڕۆکە و تەنانەت چەکێك وەك ئەوەی سوپای عێراق لە کاتی شکانیان لە مووسڵ بۆ داعشیان بەجێ هێشت، بە پێشمەرگە نەدراوە. جگه‌ لەوەی،ش ئەو چەکانەی کە بە پێشمەرگە دەدرێن، لە لایەن بەغداوە بۆی ڕەوانە دەکرێن، کە بەغدایش لە ناردنی ئەم چەکانە بۆ هەولێر دوودڵە. بە هەمان شێوە لە سووریایشدا ئەو چەك و جبەخانەیەی بە کورد دەدرێت، لە ئاستی پێویستدا نییە.

گۆڕانکاریەکانی ئەم دوایییەی جەنگی سووریا، لەوانەیە نیشانەی هاتنی شتێك بن. بۆ یەکەم جار، کە جەنگەکە دەستی پێ کرد، تورکیا لە کۆتاییی مانگی هەشتدا هێزی سەربازیی ناردە جەرابلووس کە دەکەوێتە ناوچەی سەر سنوورەوە بۆ بەره‌نگاربوونەوەی یەپەگە (YPG)، کە دەیانویست جەرابلووس لە دەستی داعشی ڕزگار بکەن. ئامانجی سەرەکیی تورکیا، بەرپێگرتنی کوردەکان بوو لە گەییشتنیان بە ئۆتۆنۆمییەکی دیفاکتۆ (De facto) و بە تایبەتیتریش بەرگرتن بوو لە یەکگرتنەوەی هەر سێ کانتۆنە کوردییەکه‌ی سەر سنووری تورکیا. تورکیا لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی ڕووسیاوە لە مانگی نۆی ٢٠١٥دا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا تێک چوو بوو، بەڵام ئانكارا ئەم ئۆتۆنۆمییەی بە مەترسییەکی گەوەرە دەزانی و، بەخێرایی لەگەڵ ڕووسیادا ڕێک کەوتەوە. یەکێك لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ڕێکكەوتنە، بۆ سەرکوتکردنی کوردەکان و ڕێگرتن لە یارمەتییەکانی ڕووسیا بوو بۆ کوردەکانی سووریا.  

سەرەڕای ئەوەی کە یەپەگە (YPG) بە خوێن مەنبیجی لە دەستی داعش ئازاد کرد، ئانكارا داوای لە ئەمریکا کرد کە گوشار بخاتە سەر یەپەگە (YPG)، کە ئەمەیش جۆرێك بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا بەرانبەر بە بژاردەیەك، کە دەبوو دەوڵەتێك، یان هێزێکی داردەست لەم نێوەندەدا هەڵبژێرێت. بەڵام جۆن کێری، بەخێرایی ئەم گرفتەی چارە کرد و داوای لە یەپەگە (YPG)  کرد، کە هەرچی زووترە مەنبیج چۆڵ بکات. تەنیا دەرەنجامێکی ئاقڵانە بۆ هەموو کوردەکان، کە بتوانن لە وەها بارێکدا لێی فێر بن، ئەوەیە دەرك بەوە بکەن ئەو جۆرە کەسانە، دەکرێت بەخێرایی و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بیر و ڕای خۆیان بگۆڕن و تاسەر بە بڕیارەکانیانەوە پابەند نەبن. دەبێت تەنیا حسابی ئەوە بکرێت کە ئەم جۆرە بڕیاردان و هاوکارییە، بۆ ماوەی بەره‌نگاربوونەوەیانە لە دژی داعش و، دەبێت ئەوەیش بزانن تا ئەوکاتە هاوکاری دەکرێن، کە هاوکاریکردنەکەیان نەبێتە مایەی دڵگرانیی دەوڵەتانی ناوچەکە. زیاد لەوەیش هەموو هێزە باڵاکان، بە ئەمریکایشەوە، تا ئێستایش بە یەکڕیزبوونی عێراق و سووریاوە پابەندن، کە ئەمەیش لەسەر حسابی کوردەکان دەکرێت و، دەبێت کورد باجەکەی بدات.

ئایا کوردەکان دەتوانن خۆیان لە تەڵەی جەنگی به‌وه‌كاله‌ت، ڕزگار بكه‌ن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئامادەییی پێشمەرگە و یەپەگەوه‌ هەیە لە ئازادکردنی مووسڵ و ڕەققە لەدەستی داعش. لەبەر ئەوەی ئەم هێزانە، هێزێکن لە دەرەوەی دەوڵەتەوە، دەبێت ئەوە بۆ هاوکارەکانیان بسەلمێنن کە نەك تەنیا بۆ ماوەیەکی کورتخایەنی جێبەجێکردنی تاکتیکێکی سەربازی، بەڵکوو بۆ ماوەی درێژخایەنیش، دەکرێت پشتیان پێ ببەسترێت و لە داهاتوودا دەتوانن لە ناوچەکەدا بەره‌نگاری جیهادییەکانیش ببنەوە.

سەرەنجام، کوردەکان دەتوانن ئەوە بوەستێنن کە چیتر لە ڕێی ئەو هەل و هاوکارییانەوە کە دەخرێتە بەردەستیان، وەك داردەستێك بەکار نەهێنرێن. ئەمەیش مانای ئەوەیە، کە دەبێت کوردەکان یەک بگرن و ئەوەیش بسەلمێنن، کە دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر و باش، حوکمی خەڵکی ناوچەکە بکەن. لەم ڕووەوە ئەو کێشانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەن، ناتوانن یارمەتییەکی باش بن لە گەییشتن بە ئامانجەکانیان. هاوپەیمانان مەبەستیان ئەوە نییە کە تا سەر خەریکی پێشکەشکردنی یارمەتی بن، ئەوەی کە دەیبەخشن دواتر وەری دەگرنەوە، ئەمە بەخشینە لە پێناو بەدەستهێنانی شتێکدا، ئەمە سواڵپێکردن نییە شتێکت پێ بدەن و دواتر هیچیشیان لێت نەوێ. لەم بارەدا، یان دەبێت کوردەکان بارودۆخی ئێستایان بەرز بکەنەوە و باشتری بکەن، یان دەبێت گوتە بەناوبانگەکەی فریدریك شیلەر جێبەجێ بکەن کە لە شانۆنامەی فیسکۆ Fiesco (١٧٨٣) لە ئاکتی ٣، دیمەنی ٤ دا دەڵێت: "ئەو ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد، ئیتر دەڕوات" (Der Mher hat seine Arbeit gethan, der Mohr kann gehen.”).  

 

 

*

ئۆرفا بینگیۆ، پرۆفیسۆرە لە بەشی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و، سەرۆکی پرۆگرامی کوردناسیییە لە سەنتەری موش دایانا لە زانکۆی تەل ئەڤیڤ.

 

سەرچاوە:

http://www.the-american-interest.com

 

 

[1] Ismet G. Imset, The PKK (Ankara: Turkish Daily News Publication: 1992), p

 

[2] Bengio, The Kurds of Iraq: Building a State within a State, (Lynne Rienner Publishers, 2012), pp. 33–4. The use of the name of Salah al-Din, a Kurd, for fighting other Kurds is indeed very cynical.

 

[3] A Kurdish source who wishes to remain anonymous claimed that Turkey was hoping that ISIS would occupy the Kurdistan Regional Government.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples