جۆن بۆڵتۆن: گۆڕانی ڕژێمی ئێران تەنیا ڕێگەچارەیە، بەڵام 'ڕێگەچارەیەکی درێژخایەنە'.

2016-11-20

جۆن بۆڵتۆن: گۆڕانی ڕژێمی ئێران تەنیا ڕێگەچارەیە، بەڵام 'ڕێگەچارەیەکی درێژخایەنە'.

 

ئاریاڵ بن سۆڵۆمۆن لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا بەشدار بووە

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

 

جۆن بۆڵتۆن، کە کەسێکی ناوبازنەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکایە، قسەوباسێکی زۆری لەسەر بوو، کە گوایە دوای سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاندید بکرێت. بۆڵتۆنی باڵیۆزی پێشووتر لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ 'پۆست' دەڵێت: "لایەنگرە ئەمریکییەکانی ترامپ، نابێت نیگەران بن."

پۆڵیتیکۆ (Politico) کە لە چاوپێکەوتنێکی "برێیبارت نیوز دەیلی" (Breibart News Daily)یه‌وه‌ وەری گرتووە و دەڵێت: "بۆڵتۆنی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی سێ شەممە ڕای گەیاند، تەنیا ڕێگەچارەیەک کەوا 'ڕێگەچارەیەکی درێژخایەنە' بۆ سڕینەوەی مەترسیی ئێران لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانی ڕژێمی ئێرانە."

لە دوای سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە ٨/١١ ئەمساڵدا، بۆڵتۆن، کە باڵیۆزێکی ئەمریکیی کۆنە و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج دەبلیو بۆشدا خزمەتی کردووە، بەرز کرایەوە بۆ کاندیدی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.

بۆڵتۆن بە برێیبارتی گوت: "ئایەتوڵڵاکان، هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست." هەروەها دەڵێت: "بەدڵنیایییەوە دەستلەکارکێشانەوەی، نابێتە مایەی دڵخۆشی، بەڵام دەبێتە هۆکاری ڕیشەکێشکردنی ئەو هەڕەشەیە." هەروەها ڕایشی گەیاند، کە "ئێرانییەکان؛ پێشوازی لە حکوومەتێکی نوێ دەکەن و، دەبێت ئەمریکا هاریکاریی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی بکات."

"پێم وایە ئێرانییەکان خوازیاری ڕژێم و حکوومەتێکی نوێن... هەروەها پێم وا نییە کە ئەو ڕژێمە ڕژێمێکی ناسراو و باو بێت، بەڵام ڕژێمێکی خاوەن چەکە. لە ڕاستیدا ڕێوشوێنێکی زۆر هەن، کە ئەمریکا بتوانێت یارمەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بدات بۆ دامەزراندنی ڕژێمێکی نوێ بەبێ بەکارهێنانی سوپای ئەمریکی". هەرچەندە ڕوونیشی کردەوە، کە " ئەم حکوومەتە تازەیە، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت، کە حکوومەتێکی دیموکراتی  (Jeffersonian Democrats)بێت."

بۆڵتۆن لەناو بازنەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکاندا بە کەسێکی بەقسەوباس و هەڵۆئاسا لە بڕیاردان و ڕێکخستنە دژەباوەکانی لە یوئێن ناسراو بووە. وەك واشنتۆن پۆست ئاماژەی پێ کردووە و دەڵێت: "پێشتر دەگوترا ئەمڕۆ بینای سەرۆکایەتی لە نیویۆرک، ٣٨ چیرۆکی هەیە بۆ گوتن، ئەگەر دە لەو چیرۆکانەیش نەبیستی، ئەوە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕدرێت." دواتر بۆڵتۆن ئاماژەی بەوە کرد، کە "شتێک نییە بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە... دەکرێت بڵێین کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی هەیە ئەویش لە لایەن دەستەڵاتێکی جیهانییەوە ڕێنوێنی دەکرێت، کە ئەویش ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکایە".

پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣دا، بۆڵتۆن لە "جروسلم پۆست ئیسرائیل" (The Jerusalem Post Israel)دا هانی ئیسرائیلی دابوو کە هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. "ئیسرائیل دەبوایه‌ دوێنی هێرشی بکردبایەتە سەر ئێران؛ تا ڕۆژێك زیاتری بەسەردا تێ پەڕێت، ئیسرائیل لە مەترسییەکی گەورەتردا دەبێت و، ئێرانیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندندایە".

هەروەها گوتی: "لە ئیسرائیل تێ دەگەم بۆ دەیەوێت ئێمەیش هەنگاو هەڵنێین، بەڵام تاوەکوو ئیسرائیل چاوەڕانی شتێک بکات کە ڕوو نادات، زیاتر لە مەترسیدا دەبێت و دەکەوێتە ژێر باری هەڕەشەوە." ڕۆژێك دوای ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی ئێران لە هێڵی سوور نزیک دەبێتەوە، بۆڵتۆن لە پاییزی ٢٠١٢ لە یوئێندا گوتی: "ئیسرائیل دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران و نەهێڵێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." بەپێی برێیبارت نیوز، بۆڵتۆن گوتویەتی واژووکردنی ڕێککەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتە زلهێزەکاندا شکستە و، دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

 

سەرچاوە:

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples