2016-12-11
نووسەران: مایکڵ ئیسێنستات و مایکڵ نایتز
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
لە نەبوونی ئاستێکی باش لە پێشگرتن بە بەرژەوەندییەکانی ئێران، جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەبێتە مایەی زیادبوونی قورسایی و کاریگەریی تاران لە ناوچەکە و بەهێزبوونی داردەستەکانی تاران و وەستانەوە و بەرنگاربوونەوەیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.
ئێران، یەکەم دەوڵەتی سوودمەندە بووە لەو جەنگانەی ئەمریکا لە دژی تاڵیبان لە ٢٠٠١ و، سەددام لە ٢٠٠٣دا کردوویەتی. لەو کاتەدا ئەم ڕژێمانە، دوو دوژمنی گەورەی تاران بوون. بە هەمان شێوە، ئەگەر بێت و ئەمریکا بەتەواوەتی حساباتێکی وردی بەربەستکردن لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی ئێراندا نەکات، ئەوا ئێران لەم جەنگەی دژی داعشدا سوودمەندی یەکەم دەبێت. ڕاستییهكهی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، لە کاتی دیبەیتی سەرۆکایەتی لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا، ئاماژەی بەم گرفتە کرد و، گوتی تاران لە ئازادکردنەوەی مووسڵدا "گەورەترین براوە دەبێت". ڕێگهگرتن لهم دەرەنجامە، پێویستیی بە هانگاوهەڵهێنانێکی بەهێز و جێگیرە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندیی دۆستایەتیی نێوان هاوپەیمانانی دژ بە داعش و ڕێگریکردن لە توانای هەڵگیرساندنی هەر شۆڕشێك لە عێراق و بۆ ترساندنی ئێران لە دوای شهڕی مووسڵ.
بەرژەوەندییە لەبننەهاتووەکانی ئێران
لەسەرکارلادان و ڕووخانی ڕژێمی سەددام، هەلێکی مێژووییی بۆ تاران ڕەخساند و وای کرد ئێران یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانی، بگۆڕێت بۆ هاوکار و هاوپەیمانی و، ببێتە ئەندامی ئەو گرووپەی کە تاران بە ئەندامی "ناوچەی بەرگریکردن" ناوی دەبات. حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، تا ڕاددەیەک بەرگرییان بەرانبەر بەم فشارەی ئێران هەبووە و، وایان کردووە ئەمریکا وەك هاوکار و دژی خواستەکانی ئێران، لە عێراق بهێڵنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، تاران دەستبەردار نەبووە و بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی کە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و حکوومەتی عێراقەوە، لەسەر بەرژەوەندییەکانی لە عێراقدا دروست بوون. لەوانەیە ترسی ئێران لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق، بەم شکستخواردنەی داعش و بەم سوێندخواردنی یاسایییەی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، زیاد بکات. ئێران بە پلەی یەکەم، کار لەسەر سەرنجی شیعەکانی عێراق دەکات و، وا دەکات بەها و قورساییی سوننە عەرەبەکانی عێراق کەم بکاتەوە و ببێتە یەکەم دەسەڵاتی دەرەکی لە ناو عێراقدا.
ئەو شێوە و هەڵسوکەوت و مامەڵەیەی ئێران لەناو عێراقدا، زۆر خزمەتی بە تاران کردووە. ئێران قەت لە دەرگه داخراوەکان نادات و، زۆر بەدەگمەن داوا لە سەرکردە عێراقییەکان دەکات کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی عێراق کار بکەن. لە جیاتی ئەوە، ئێران دێت لەناو عێراقدا کار لەسەر تۆوی بەرژەوەندییەکانی دەکات و، هاوکاری عێراق دەبێت لەو شتانەی کە ئێران خۆی بەرژەوەندیی لەگەڵیاندا هەیە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا سوپای پاسدارانی ئیسلامیی ئێران، چاودێریی سیاسەتی عێراق دەکات و بەرژەوەندیی ئابووریی هەیە، بەتایبەت سەردانی کەسە دینییەکان بۆ ناوچە پیرۆزەکان لە عێراقدا، تاران هەمان ئەو خەونە ئابوورییەی نییە. بە هەمان شێوە، ئەگەر میلیشیا عێراقییەکان گەشە بسێنن و ببنە هاوشێوەی سوپای پاسداران و پارسەنگی سوپای عێراق بکەن، دەرەنجامی شهڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەگۆڕدرێت و، کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٧ و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨ی ئەو وڵاتە دەبێت. هێشتایش ئەم سیناریۆیە، لە سیاسەتی ئێرانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵام لە بارودۆخێکی وەهادا نزیکبوونەوەی تاران شتێکی حاشاهەڵنەگرە. تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تاران بکات، تاران لەگەڵیدا دەڕوات و، ئەگەر بێت و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا نەگونجێت، ئەوە دەبێتە بەربەست و، ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی و ناکۆکی.
یەکێک لەو بابەتانەی کە دەبێت لە دوای شهڕی مووسڵەوە بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، ئەو بابەتەیە کە بە "هێڵە سوورەکان" ناو دەبردرێت و، هاوپەیمانەکانی ئێران وەک "هادی عامری" لە ڕابردوودا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا قسە و باسی لەبارەوە کردوون. یەکێک لەو هێڵە سوورانە بەشداریکردنی سوپای ئەمریکایە لە هەر ئۆپهراسیۆنێکی ناو عێراق، بەڵام وا دیارە ئەم هێڵە سوورە بەزێنراوە، کاتێك دەبینیت هێزە تایبەتەکانی، هێشتا لەناو عێراقدا بەشداریی هەندێک ئۆپهراسیۆن دەکەن، یان لە مەیدانەکەدان. یەکێکی تر لەو هێڵە سوورانە، دروستکردنی بنکەی سەربازیی تایبەت بە سوپای ئەمریکایە لەناو عێراقدا، بەڵام دیسان وا دیارە ئەم هێڵەیش بەزێنراوە، کاتێك دەبینیت بنکەی سەربازیی وەک بنکەی سەربازیی "قەرە سۆر" لەناو عێراقدا هەن. تا ئێستا ئێران هیچ کاردانەوەیەکی لە بەرانبەر ئەم پێشکەوتنانەدا نەبووە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە ئێران لە بەرانبەر بەزاندنی ئەم هێڵە سوورانەدا یارمەتیی جێبەجێکردنی یاسای حکوومەتی عێراق دەدات.
زیاد لەوەیش، هەرچەندە بڕیاردانی ئێران لەبارەی عێراقەوە هەر لە کۆنەوە لەسەر بنەمای گەشەسەندنی ناوخۆی عێراق بووە، بەڵام لە دوای ئازادکردنی مووسڵەوە، پێ دەچێت ئەم شێوازی بڕیاردانەی ئێران بگۆڕدرێت. بۆ نموونە، ڕەنگە کێشەی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو، یان یارمەتیدانی سعوودیای عەرەبی لە لایەن ئەمریکاوە لە دژی حوسییەکانی یەمەن، وا بکات ئێران لە عێراق بکشێتەوه، بەڵام دەکرێت لە دوای شهڕی مووسڵ، لە دژی ئەمریکییەکان لەناو عێراقدا یارمەتیی داردەستەکانی بدات.
کاریگەریی مووسڵ
بەپێی ئەوەی کە ئێستا هاوپەیمانان لە دژی داعش دەجەنگن، ئەم جەنگە، وەدەرنانی داعش نییە لە عێراق، بەڵکوو خەفەکردنی داعشە. ئەم جەنگە ناتوانێت داعش لە عێراق وەدەر نێت، بەڵکوو وا دەکات کە خەفە بکرێن و ژێربەژێر هەر بمێننەوە و، بەم جۆرەیش شهڕی مووسڵ هەل بۆ ئێران دەڕەخسێنێت. زۆربەی چەکدار و ئەفسەرەکانی داعش، ئەفسەری سەردەمی ڕژێمی بەعسن و ئەمانەیش عێراق بەجێ ناهێڵن، بەڵکوو ژێربەژێر دەمێننەوە و وەک ئەو ئەفسەرانەی پێش خۆیان، خۆیان بۆ جەنگێکی تر و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تر ئامادە دەکەن، وەک ئەو پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوانەی ئەفسەرە بەعسییەکانی لایەنگری کۆدەتای ناسرییەکان لە ساڵی ١٩٦٣دا و لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ و لە کاتی هەڵمەتەکەی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧دا کردیان. لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤، داعش ژێربەژێر وەک تۆڕێکی تیرۆریستیی نادیار ئیشی خۆیانیان کرد و، بەغدایش توانای ئەوەی نەبوو ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە ببێتەوە. مەگەر گۆڕانکاری لە سروشتی سیاسەتی عێراقدا بکرێت، ئەگەرنا ئەم شهڕهی مووسڵ و ئەو داهاتووە نادیارەی دوای شهڕی مووسڵ، ڕێگەخۆشکەرە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم بزووتنەوە سوننییانە، ئیتر چ لە شێوەی نەوەکانی داعش، یان ئەلقاعیدە، یانیش لە شێوەی بەعسییەکی نوێدا وەك "جیش الرجال الترقی النقشبندی"، یان هەر شێوەیەکی تردا بێت. ئەم سیناریۆیە، ئەگەری ڕوودانی زۆری هەیە، ئەگەر بێت و داعش لە سووریادا بە شێوەیەکی نهێنی بمێنێتەوە و، دەتوانێت ئەم مانەوە ژێربەژێرەی، لە سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگ لە عێراقدا دووبارە بەکار بهێنێتەوە.
دەرەنجامێکی لەم جۆرەیش وا لە بەغدا دەکات کە هەردەم پێویستیی بە لایەنێکی ئاسایشیی بەهێز لە شێوەی هاوپەیمانی، یان یارمەتیداندا هەبێت و، ئیتر چ واشنتۆن ببێتە هاوپەیمان و هاوکاری، یان تاران. ئەمریکا هەمیشە دەخوازێت ئەو کەسەی کە عێراق داوای یارمەتیی لێ بکات، خۆی بێت، بەڵام هەبوونی داردەستەکانی ئێران و ئەو پرسیارە بەردەوامانەی لەبارەی بڕواپێکردنی ئەمریکا و پشتبەستن بە ئەمریکا، وایان لە عێراق کردووە زیاتر بە لای ئێراندا با بداتەوە و پشت بە ئێران ببەستێت، نەك ئەمریکا. لە هەمان کاتدا، ئەو هێز و میلیشیا عێراقییانەی کە بوونەتە داردەستی ئێران، دەستیان لە ئازادکردنەوەی ئەو شوێنانەدا هەیە کە داعش داگیری کردبوون و ئەم بەشداریکردنەیان بۆ هێشتنەوە و پاراستنی پەیوەندییەکانی ئەو ناوچانەن لەگەڵ ئێراندا.
هەروەها، ئێران دەیەوێت ڕێگەیەکی ئاسمانی لە عێراقەوە بۆ ناو سووریا دروست بکات و، لەو ڕێگەیەوە یارمەتیی حزبوڵڵا و ڕژێمەکەی ئەسەد بدات و پێگەی خۆی لە وڵاتی شام بەهێز بکات. بە شێوەیەکی گشتی، تاران ڕێگه و شێوازە دووبارەبووەوە کۆنەکانی پەیوەندیگرتن، بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تۆڕ و داردەستە و هاوکارەکانیدا بەکار دەهێنێت. کاتێك هات و، ئێران توانیی ئەم ڕێگە هەوایییە دروست بکات، ئەوا ئەم ڕێگەیە دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ گواستنەوەی هێز بۆ سووریا و تێچوون و کاتی زۆری ڕێگهی وشکانیی بۆ دەگەڕێتەوە و، دەتوانێت بە تێچوونێکی کەمتر، هەرچییەکی بوێت ڕەوانەی ئەو شوێنانەی بکات. هەروەها ئەگەر بێت و ئەمریکا ناوچەی دژەفڕین لە سووریادا دروست بکات، یان ئەگەر ئیسرائیل لە کاتی جەنگ لەگەڵ حزبوڵڵادا فڕۆکەخانەی دیمەشق دابخات، ئەم ڕێگەیە وا دەکات ئێران بژاردەیەکی زیاتری لە بەردەمدا بێت. لەوانەیە لەوەیش گرنگتر ئەوە بێت، کە ئەم ڕێگە وشکانییە ڕێخۆشکەر بێت بۆ پەیوندیی زیاتری لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و پێگەی خۆی لە شامدا بەهێزتر بکات.
لە ڕاستیدا نیشانەگەلێک هەن ئەوە دەردەخەن حەشدی شەعبی، کە ئێران پشتیوانیی دەکات و لەم ماوەیەدا دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی تەلەعفەردا گرتەوە و لە دەستی داعش ڕزگاریان کرد، ئێستا خەریکی گۆڕینی ئەو فڕۆکەخانەیەن و، دەیکەن بە پێگەی خۆیان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان لە باکووری عێراق و سووریادا و، میلیشیای شیعەی لێ جێگیر دەکەن بۆ سەرکوتکردنی هەر بزاوتێک لە مووسڵ و ناوچەکەدا.
بژاردەکانی ئەمریکا
کردار و هەنگاوەکانی ئەمریکا، باشترین و گرنگترین شتێکن کە بتوانن لە دوای شهڕی مووسڵ هەڵسوکەوتەکانی ئێران سنووردار بکەن و، نەهێڵن ئێران لەوە زیاتر پەل بهاوێت. تاوەکوو واشنتۆن بەرەو دواوە هەنگاو هەڵێنێت، تاران بەرهو پێش هەنگاو هەڵدەنێت. کشانەوەی ئەمریکا و دەستێوەرنەدان و تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوەی ئەمریکا لە ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١، هاندەر بوون بۆ تاران کە بتوانێت پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا قایم بکات و دژی چالاکی و خواستەکانی ئەمریکا هەنگاو بنێت. زیاد لەوەیش، حکوومەتی عێراق خۆی ڕۆڵی لەم بەرەوپێشچوونانەی سیاسەتی ئێراندا هەبوو، کەوابوو تا زیاتر واشنتۆن بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا توندوتۆڵ ڕابگرێت، ئەوا دەتوانێت زیاتر پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێز بکات.
لەبەر ئەم هۆکارانە و بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران لە عێراقدا و بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەمریکا دەبێت جەخت لەسەر ئەم پێنج خاڵە بکاتەوە و گرنگییان پێ بدات.
سەرچاوە: