تێرزا مەی بەرانبەر بە مەترسییەکانی ئێران بەرچاوڕوونە

2016-12-15

"تێرزا مەی" بەرانبەر بە مەترسییەکانی ئێران 'بەرچاوڕوونە'

 

بی بی سی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی  

لە درێژەی گوتارێکیدا لە بەحرەین، تێرزا مەی گوتی: "ئەو، بەڕچاوڕوونە بەرانبەر ئەو مەترسییەی كه‌ ئێران لەسەر کەنداو و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی کردووە." سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، جەختی لەسەر گرنگیی ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی پار سەبارەت بە داماڵینی چەکی ئەتۆم کردەوە کە واژوو کرا و، بەپێی ڕێککەوتننامەکە ڕێگە نادرێت دەوڵاتانی تر ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆم. هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بریتانیا، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕشە و مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، یارمەتیی وڵاتانی کەنداو دەدات.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چارەسەری ئەتۆم کە پارساڵ واژوو کرا، هەڕەشەی لێ کراوە. دوای ئەوەی کە ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ئەتۆم، ڕای گەیاند کە ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا سنووری بۆ دانراوە و، بەڵێننامەیەك لە نێوان ئێران و پێنج دەسەڵاتە جیهانییەکە، بە ئەڵمانیایشەوە، P5+1 (ئەمریکا، بریتانیا، فەرەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمانیا) واژوو کرا و، ئەمەیش بووە هۆی کەمکردنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران.

"بازاڕی تایبەت"

لە کۆنگرەی دەوڵەتانی کەنداودا کە پێك هاتبوو لە عەرەبستانی سعوودی و کوێت و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین، تێرزا مەی گوتی بریتانیا دەیەوێت "بەبەردەوامی پشتگیری لە ئاسایشی کەنداو بکات" و، دەیەوێت لە دە ساڵی داهاتوودا زیاتر لە ٣ بلیۆن پاوەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو خەرج بکات. هەروەها گوتی "ئاسایشی کەنداو، ئاسایشی ئێمەیە" و "ئەو توندڕەوانەی لێرە کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە، تەنیا ئامانجیان کەنداو نەبووە، وەک دەبینین شەقامەکانی ئەورپایشیان کردووەتە ئامانج".

"چ بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستانی ئه‌لقاعیدە بووبێت، یان دەوڵەتی بەناو ئیسلامیی داعش، کەس لەم ناوچەیەدا وەك شانشینی یەکگرتوو، بریتانیا، هاوکار نەبووە و یارمەتیی بەرنگاربوونەوە و جەنگاندن لە دژی تیرۆریستانی نەداوە". هەروەها خاتوو مەی، لە درێژەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو لەوێیە، بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان و وەگەڕخستنی سەرمایە لە نێوان بریتانیا و دەوڵەتانی کەنداودا".

" هەروەك چۆن ئاسایشی کەنداو ئاسایشی ئێمەیە، بەو جۆرەیش بوژانەوەی ئابووریی ئێوەیش بووژانەوەی ئێمەیە. زیاد لەوەیش کەنداو، هەمیشە بازاڕێکی باش بووە بۆ بریتانیا." هەروەها گوتی "بازرگانی لە نێوان بریتانیا و کەنداو لە ساڵی ڕابردوودا بە زیاتر لە ٣٠ بلیۆن پاوەن مەزه‌ندە دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا وەگەڕخستنی سەرمایەی کەنداو لە بریتانیادا یارمەتیی بوژانەوەی شارەکانی، لە ئەبردینەوە بۆ تیساید و لە مانچستەرەوە بۆ لەندەن داوە." لە داویین ڕۆژی سەردانەکەی بەحرەینی، خاتوو مەی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەردەوام چاودێریی ئێران دەکات و چاوی لەسەر ئێران دەبێت.

هەر لە درێژەی گوتارەکەیدا تێرزا مەی گوتی "وەك پێشتریش ئاماژەمان بە هەڕەشە و مەترسییە نوێیەکانی ناوچەکە کرد، کەوابوو دەبێت بەردەوام بەرنگاری ئەو دەوڵەتانە ببینەوە کە ئاگری ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا خۆش دەکەن و دەبنە هۆی ئاڵۆزی و پشێوی لە ناوچەکه‌دا".

"کەواته‌، من دڵنیاتان دەکەمەوە لەوەی کە من کەسێکی بەرچاوڕوونم و بەردەوام چاوم لەسەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانە دەبێت، کە ئێران خستویەتییە سەر کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها بریتانیا بەتەواوەتی لەم ڕووەوە پشتیوانیی کەنداو دەکات و، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەدا هاوکاریان دەبێت".

هەروەها گوتی مەترسییەکانی ئێران پێک دێن لە:

  • جەنگاوەر، سوپای پاسداران، دەنێرێت بۆ سووریا بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد.
  • پشتیوانیی حوسییەکانی یەمەن دەکات و، بەمەیش لە دژی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەوەستێتەوە، کە دەیانەوێت ئاشتی و سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە بگێڕنەوە.
  • سەقامگیری لە عێراق و لوبناندا دەشێوێنێت و پشێوی دەخاتە وڵاتەکانەوە.

هەروەها، خاتوو مەی گوتی "ئێمە ڕێککەوتننامەیەکمان واژوو کردووە کە ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم ڕابگرێت. بەپێی ڕێكکەوتننامەکە، ئێران سێزدە هەزار سێنتریفیوژی Centrifuge (ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم) لا بردووە و، لە سەدا بیستی یۆرانیۆمەکەی نەهێشتووە." "ئەمەیش بۆ ئاسایشی ناوچەکە زۆر گرنگە. بەڵام دەبێت ئێمە پێکەوە کار بکەین بۆ بەرگرتن بەو کردە هەڕەشەئامێزانەی ئێران؛ ئیتر لە لوبنان بێت، یان عێراق و یەمەن و سووریا، یان لە کەنداودا".

پێ دەچێ ئێران هێزی بۆ سووریا ناردبێت و، شان بە شانی هێزەکانی ئەسەد جەنگی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بکەن کە لە لایەن ئەمریکا و بریتانیا و دەوڵەتانی کەنداوەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت. بەڵام ئەوەندەی زانیاری هەبێت، ئەوەیە کە تەنیا ڕاوێژکاری سەربازیی ناردبێت.

ئێران لە لایەن خۆیەوە ئەو گوتەیەی عەرەبستانی سعوودیی ڕەت کردەوە کە گوایە یارمەتیی حوسییەکانی دابێت، لە دژی حکوومەتی یەمەن بجەنگن. لە بەشێکی کۆنفرانسەکەدا کە دەربارەی کێشەی ئاسایشی ناوچەکە بوو، سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی ئەو بەشەی کرد کە لەبارەی ئێرانەوە گفتوگۆ دەکرا. خاتوو تێرزا، سێیەم سەرۆکی ڕۆژاوایی و یەکەم ئافرەتێکی سەرکردە بوو کە تا ئێستا بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگهێشت کرابن.

بابەتی ئەتۆمەکەی ئێران و ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی، ١٢ ساڵ گفتوگۆی ناو بە ناوی بە دوای خۆیدا هێنا. بەپێی ڕێککەوتننامەکە، دەبێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم، کە بۆ کارکردنی کوورە ئەتۆمییەکان بەکار دەهێنرێت کەم بکاتەوە و، هەروەها بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆم بە ڕێژەی  (98%)بۆ ٣٠٠ کگم کەم بکاتەوە. ئێران ئەوەی ڕەت کردووەتەوە کە وزەی ئەتۆم بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم بەکار بهێنێت و، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەك مافی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتییانە تەنیا وەك سەرچاوەیەکی وزە، بەکاری دەهێنێت.

 

سەرچاوە:

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples