2016-10-30
سووریا، ئۆكراین نییه
پێنووس: له قه‌ڵا خشتینه‌كانی كرێملینه‌وه، به‌ته‌واوی جیاوز سه‌یر ده‌كرێن. به‌ڵام به درێژبوونه‌وه‌ی جه‌نگ له هه‌ردوو ده‌وڵه‌تدا، هه‌ندێك كه‌س له ڕۆژئاوا، وا ڕاهاتوون كه ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ڕووسیا له‌م دوو وڵاته‌دا وه‌كوو یه‌ك هه‌ژمار بكه‌ن. هه‌رچه‌نده ڕووسیا به دوای دروستكردنی نفووز له هه‌ردوو وڵاتدایه، به‌ڵام كرده‌وه و ڕه‌فتاره‌كانی ڕووسیا له هه‌ر كامه له‌م دوو وڵاته، زۆر جیاوازه. به‌هه‌ڵه‌وه‌رگرتنی هه‌ر كام له‌م دوو وڵاته، له‌وانه‌یه ببێته هۆی مه‌ترسیكردن گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌چاره‌ی نادروست.
ڕووسیا، سووته‌مه‌نیی پێكدادانه‌كانی دۆنباس (Donbass) و كریمیا، وه‌ك پره‌نسیپی سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی ڕووسیا، به‌م شێوه‌یه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات: كرێملین بڕوای وایه كه، ده‌بێت ئۆكراین له ناوچه‌ی نفووزی ڕووسیادا بێت. به‌ڵام ئۆكراین، به‌شێنه‌یی به‌ره‌و خه‌ونه‌كانی ده‌ڕوات، كه بریتییه له ڕزگاربوون و هاتنه‌ده‌ره‌وه له تۆقی سته‌مكارانی داگیركه‌ر. ڕووسیا له ساڵی 1700ی زایینییه‌وه، ئۆكراینی خستۆته ژێر كۆنترۆڵی سیاسیی خۆیه‌وه. ئۆكراین ته‌نیا له خولێكی كورتخایه‌ندا بووه، كه له پاش جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م، سه‌ربه‌خۆییی ته‌واوی به‌خۆیه‌وه بینی.
به درێژاییی زیاتر له 300 ساڵ، ڕێبه‌رانی سیاسی و كه‌لتووریی هه‌ردوو وڵات، له دۆخێكی یه‌كساندا ئه‌م دوو وڵاته‌یان به‌ڕێوه بردووه. لیۆنید برژێنێف (Leonid Brezhnev)، سیاسه‌تمه‌دار و سكرتێری گشتیی لیژنه‌ی ناوه‌ندیی پارتی كۆمۆنیستی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له ساڵی 1964 تا 1984، خۆی خه‌ڵكی ئۆكراین بوو.
له "كییه‌ڤ"ی ئیمڕۆدا، ئه‌سته‌مه بتوانیت كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنی یاخود ڕادیۆیی بدۆزیته‌وه كه به‌رده‌وام له نێوان زمانه‌كانی ڕووسی و ئۆكراینیدا خه‌ریكی ئاڵوگۆر نه‌بێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندی جار له كاتی قسه‌كردن و له‌ناو ڕه‌سته‌كاندا ئه‌وه ڕوو ده‌دات. به‌م پێیه‌یش، بۆ ڤلادیمیر پووتین زۆر ئه‌سته‌مه، كه به‌وه ڕازی بێت وڵاتێك كه زۆر هاوشێوه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌تی، بۆ داهاتووی خۆی، ئه‌وروپا هه‌ڵبژێرێت.
به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا، زۆر له دڵی ڕووسیاوه نزیكه. كاتێك كه كریمیا به‌شێك بوو له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، ئه‌وه جۆزێف ستالین (Joseph Stalin)، سه‌رجه‌م 230 هه‌زار كه‌سی قه‌ومی ته‌ته‌ری مسوڵمانی سوننه‌ی خه‌ڵكی خۆجێییی ئه‌م نیمچه‌دوورگه‌یه‌ی، به مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی شوێنی كۆچبه‌ره ڕووسه‌كان، گواسته‌وه.
له یادكردنه‌وه‌ی 300 ساڵه‌ی په‌یوه‌ستبوونی ئۆكراین به یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، نیكیتا خرۆشچێف (Nikita Khrushchev)، كریمیای له ڕووسیاوه په‌یوه‌ست كرده‌وه به ئۆكراین. دوای سه‌ربه‌خۆیی، زۆربه‌ی ته‌ته‌ره‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ كریمیا و، ڕووسیا مافه‌كانی ئه‌وانی وه‌كوو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری(self-government)، له كییه‌ڤ ده‌سته‌به‌ر كرد.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه، له پاش په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ی كریمیا به ڕووسیاوه له مایسی ساڵی 2014، گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. دوای دوو ساڵ گوشارخستنه‌سه‌ر و ئازاردانی ته‌ته‌ره‌كانی كریمیا، له مانگی ئه‌پریلی ئیمساڵدا، ڕووسیا ڕای گه‌یاند كه ئه‌نجوومه‌ن یاخود په‌رله‌مانی ته‌ته‌ره‌كان، ڕێكخراوێكی توندڕه‌وه. ڕووسه‌كان بڕوایان وایه كه په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ی دووباره‌ی كریمیا به ڕووسیا، چاككردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی خرۆشچێڤه.
ناكرێت ئه‌م مێژووه تێكئاڵاوه، له په‌یوه‌ندیی نێوان ڕووسیا و سووریادا ببینین. تێزار ئه‌له‌كسه‌نده‌ری سێیه‌م (Czar Alexander III)، په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ سووریای عوسمانی، له ساڵی 1893دا بنیات نا. به‌ڵام ڕووسیا تاوه‌كوو پێش جه‌نگی سارد، ڕۆڵێكی به‌رچاوی له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌بوو. له ساڵی 1971 بوو، كه حافیز ئه‌سه‌د ڕێگه‌ی به یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت دا، بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ پشتیوانیكردن له هێزی ده‌ریایی له ده‌ریای ناوه‌ڕاست (Mediterranean) دابمه‌زرێنێت.
ڕووسیا چه‌ندین جار ئه‌وه‌ی دووپات كردۆته‌وه كه ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌وان، ڕێگه‌گرتنه له‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تێكی تری ناوچه‌كه، ببێته بنكه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و، به‌م پێیه‌یش ئه‌و وڵاته (رووسیا) هیچ هۆگرییه‌كی تایبه‌تیی بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د نییه. له دوای شۆڕشه ڕه‌نگییه‌كانی (color revolutions) جۆرجیا و ئۆكراین و، هه‌روه‌ها سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زافی له لیبیا له ساڵی 2011، ڕووسیا، ئه‌مریكا به هۆكارێكی سه‌ره‌كیی له‌ده‌ستدانی دۆست و هاوپه‌یمانه نزیكه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا ده‌زانێت. ئه‌م جه‌نگه، به‌دڵنیایییه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه وڵاتێكی تر نه‌كه‌وێته ژێر نفووزی ئه‌مریكاوه.
خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه كه، ده‌ستێوه‌ردان له سووریا، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕووسیا كورسییه‌كی زیاتر له پشته‌وه‌ی مێزی دانوستاندندنه‌كاندا له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا، به‌ده‌ست بێنێت و، هه‌روه‌ها ڕووسیا وه‌كوو ناوه‌ندگیر بێته ناو پێكدادانه‌كانی سووریا؛ هه‌رچه‌نده ڕووسیا ڕۆڵێكی به‌رچاوی له دروستكردنی قه‌یرانی حه‌له‌بدا هه‌یه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش، زۆر ئاشكرایه كه جه‌نگانی ڕووسیا له سووریادا، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سییه، نه‌ك له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی شانازییه‌كی مێژوویی.
له كۆتاییدا، دیارترین جیاوازیی نێوان تێكهه‌ڵچوون و پێكدادانه‌كانی سووریا و ئۆكراین، قه‌باره‌ی جه‌نگه‌كه‌یه. جه‌نگی ناوخۆی سووریا، گیانی زیاتر له 400 هه‌زار كه‌سی ستاندووه‌وه و نزیكه‌ی یازده ملیۆن په‌نابه‌ر و ئاواره‌ی ناوخۆیی و، هه‌روه‌ها گه‌شه‌ی گرووپی تیرۆریستیی داعشی لێ كه‌تۆته‌وه. به‌ڵام جه‌نگی ئۆكراین، له خراپترین حاڵه‌تدا گیانی 10 تا 15 هه‌زار كه‌سی ستاندووه و، 1.5 ملیۆن ئاواره‌ی ناوخۆی لێ كه‌وتۆته‌وه.
به‌بێ پشتیوانی و پاڵپشتیی سه‌ربازی و لۆجستیكیی ڕووسیا بۆ خه‌ڵكی كۆماری دۆنتیسك و لوهانسك (Donetsk and Luhansk)، جه‌نگ له ئۆكراین له مانگی ئۆگۆستی ساڵی 2014 كۆتاییی پێ ده‌هات و، دواتریش له ساڵی 2015شدا، ئه‌م ئه‌گه‌ره هه‌ر له ئارادا بوو. هه‌ر به‌م پێیه‌یش، ئه‌گه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسیا له ساڵی 2015 و، مكۆڕبوونی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د، نه‌بوایه، له‌وانه‌یه تاوه‌كوو ئێستا به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادرابا. بوونی ڕووسیا، مه‌رجی پێویست بۆ درێژه‌دانی هه‌ردوو جه‌نگه‌كه‌یه.
به‌ڵام له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، كه ئامانج و پاڵنه‌ره‌كانی به‌شداری له‌م دوو جه‌نگه‌دا لێك جیاوازن، كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو جۆره فراوانخوازییانه‌ی ڕووسیا، پێویستیی به په‌ره‌پێدانی ستراتیژییه‌كی هاوته‌ریب، به‌ڵام جیاواز هه‌یه. زۆر ساویلكانه‌یه كه وا بیر بكه‌ینه‌وه كه ئابڵووقه ئابوورییه‌كان، ده‌توانێت ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر بكات.
سه‌رچاوه: