2016-11-01
ڕوانینێک به‌سه‌ر پێکهاته و پانتای گرووپه میلیشیاکانی شیعه ''حه‌شدی شه‌عبی''ی عێراق و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا
نووسه‌ر: شاروخ بێهزادی
وه‌رگێڕ: ساماڵ ئه‌حمه‌دی
هێزه‌كانی میلیشای شیعه‌ی عێراق که به ''حه‌شدی شه‌عبی''، یان [به زاراوه‌ی ئێرانی] ''به‌سیجی مه‌ردمی''، یان به کوردی ''چه‌کدارکردنی خه‌ڵک'' ناسراون، یه‌کێک له به‌هێزترین و کاریگه‌رترین هێزه عێراقییه‌كانن، که له گۆڕه‌پانی سه‌ربازی و ئه‌منییه‌تی و، هه‌روه‌ها له مه‌یدانی شه‌تره‌نجی سیاسیی عێراقدا ده‌ورێکی یه‌کجار گرینگ ده‌گێڕن. حه‌شدی شه‌عبی له ٤٢ گرووپی چه‌کدار پێک هاتووه، که به‌فه‌رمی به ناوی هێزه چه‌کداره‌کان (میلیشیاکان) له لایه‌ن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌و وڵاته‌وه تۆمار کراوه. له ڕوانگه‌ی ڕێکخراوه‌یییه‌وه، حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه پێکهێنه‌ره‌کانی، به‌شێکن له هێزه چه‌کداره‌کانی عێراق و له‌ژێر چاودێری و فه‌رمانده‌ییی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراقدان. سه‌رله‌به‌ری ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی، وه‌کوو هه‌موو کارمه‌ندانی سه‌ربازیی عێراق، مووچه و مزه‌ی مانگانه وه‌رده‌گرن. حه‌شدی شه‌عبی پێوه‌ندیی زۆر نزیکی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌یه، به بارێک‌دا ده‌توانین بڵێین، ئه‌م ڕێکخراوه‌یه باسکی به‌هێزی سه‌ربازی ـــ ئاسایشیی کۆماری ئیسلامییه بۆ پێشڤه‌بردنی ئامانجه‌كانی جیۆپۆلیتیکی ناوچه‌ییی ئێران له عێراقدا. سه‌ردار قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی سوپای قودس، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپانه‌دا پێوه‌ندیی هه‌یه و وێڕای هاوئاهه‌نگکردنی ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی که پێیان ده‌دات، سیاسه‌ته‌کانی ئێرانیشیان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت.
ئێستا "حه‌شدی شه‌عبی'' نزیکه‌ی ١٢٠ هه‌زار شه‌ڕكه‌ری هه‌یه. به‌شێکی زۆری ئه‌و هێزانه، هه‌ر ئێستا له گه‌مارۆدان و جه‌نگی دژی داعشدا، به‌شدارن. هێزه چه‌کداره‌کانی ''حه‌شدی شه‌عبی'' دوو به‌شن: یه‌که‌م، هێزه چه‌کداره ناسراوه‌کانی وه‌کوو ڕێکخراوی به‌در و که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا و عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق؛ به‌شی دووه‌میشی له‌و گرووپه بچووکانه پێک دێت، که به‌شی هه‌ره زۆریان پاش ده‌رچوونی فتوای ''جیهادی کیفایی'' له لایه‌ن ئایه‌توڵڵا سیستانییه‌وه له ساڵی ٢٠١٤ی زایینی‌دا دروست بوونه.
دوای ڕاگه‌یاندنی فتوای جیهادی کیفایی له لایه‌ن ئایه‌توڵڵا سیستانییه‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، گه‌لێک له لاوانی شیعه‌ی عێراقی ڕه‌گه‌ڵ ڕیزه‌کانی گرووپه چه‌کداره‌کانی حه‌شدی شه‌عبی که‌وتن. ئه‌وانه له خولێكی کورتی ڕاهێنانی سه‌ربازیدا (له چه‌ند حه‌فته‌یه‌کدا) به‌شدارییان کرد و له‌و گرووپانه‌دا ڕێک خران و ئاماده کران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه‌کانی داعش. ئه‌م هێزه تازه‌پێگه‌ییشتووانه مانگانه نزیکه‌ی ٥٠٠ دۆلار مووچه وه‌رده‌گرن و هه‌تا ئێستا له هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌دا که کراونه‌ته سه‌ر پێگه‌کانی داعش له به‌شه جیاجیا‌کانی عێراقدا، له هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدا بوونه و زۆرترین خه‌ساریشیان داوه. که‌ریم ئه‌لنووری، یه‌کێک له فه‌رمانده‌کانی ڕیکخراوی به‌در، به هه‌واڵده‌ریی فه‌ره‌نسای گوتووه، ئه‌وه‌ی که ئه‌م لاوانه هان ده‌دات بچنه به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ، توانای به‌رزی جه‌نگی و سه‌ربازیی ئه‌وانه نییه، به‌ڵكوو باوه‌ڕ و وه‌فادارییانه بۆ ئایینزاکه‌ی خۆیان و ئاماده‌ن له پێناویدا بکوژرێن.
نێردراوی تایبه‌تی هه‌واڵده‌ریی فه‌ره‌نسا، به‌م شێوه‌یه باسی ئه‌و ناوچانه ده‌گێڕێته‌وه که له لایه‌ن هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه له داعش وه‌رگیراونه‌ته‌وه و به چاوی خۆی دیتوونی: ئه‌و ئاڵایانه‌ی که ناوی ''ئیمام حسێن''یان له‌سه‌ر نووسراوه و وێنه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی، رێبه‌ری ئایینزاییی شیعه‌کانی عێراق و، ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی، ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی و، ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی، رێبه‌ری ئێستای کۆماری ئیسلامی، له هه‌موو جێیه‌ک وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون و، ئه‌مه جێگه‌ی هیچ گومانێك له لایه‌نگیریی ئایدیۆلۆژیکیی ئه‌و گرووپانه‌دا ناهێڵێته‌وه.
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداویستییه دارایییه‌کان و چه‌ک و تفاقی جه‌نگی، بۆ زیاتر له ٨٠ هه‌زار که‌سی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له عێراقدا دابین ده‌کات و، له‌گه‌ڵ گرووپه گه‌وره‌کانی حه‌شدی شه‌عبیدا، وه‌کوو ڕێخکراوی به‌در و که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا پێوه‌ندیی زۆر نزیکی هه‌یه.
به له‌به‌رچاوگرتنی پێوه‌ندییه یه‌کجار نزیکه‌که‌ی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپانه، ده‌توانین بڵێین، ئه‌م گرووپانه پتر له‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی به‌غدا بن، فه‌رمانی تاران وه‌رده‌گرن و هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێکردنی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له عێراقدا ده‌ده‌ن.
ڕه‌گه‌کانی دروستکردنی ''حه‌شدی شه‌عبی'' و ڕێکخراوی به‌در:
هه‌رچه‌نده پێکهاتنی فه‌رمیی ''حه‌شدی شه‌عبی''، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی، که‌چی ده‌بێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گه‌کانی پێکهاتنی ئه‌م ڕێکخراوه میلیشیا شیعه‌یه، بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵی ١٩٨١ی زایینی و پێکهاتنی ڕێکخراوه میلیشیایییه‌که‌ی به‌در.
ڕێکخراوی به‌در له ساڵی ١٩٨١ له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامیی عێراقه‌وه، که له‌و کاته‌دا به ناوی ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراق ده‌ناسرا، پێک هات. دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی، محه‌مه‌د باقر حه‌کیم بوو. ئێرانیش هه‌ر له سه‌ره‌تای پێکهاتن و ده‌ستبه‌کاربوونی ڕێکخراوه‌که‌وه له سه‌رده‌می سه‌دام حسێندا، باوکی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه بووه. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕێکخراوی به‌دریش باڵی سه‌ربازیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراق بووه و زۆربه‌ی هێزه‌کانی له ئێران و له لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه له باری سه‌ربازییه‌وه ڕاهێنراون. له ده‌ورانی جه‌نگی ئێران و عێراقدا، ڕێکخراوی به‌در له ئێران په‌ره‌ی سه‌ند و، به سوپای به‌در ناوی ده‌رکرد. پاش ڕووخانی سه‌دام حسێن و داگیرکردنی عێراق له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکاوه، ڕێکخراوی به‌در به ئامانجێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هاته نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراقه‌وه. له سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ده‌ورانه‌دا که هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق بوون، باڵی سه‌ربازیی ڕێکخراوی به‌در، به‌نهێنی دژی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له عێراقدا چالاکیی ده‌کرد. ئا له‌و ده‌ورانه‌دا، زۆربه‌ی فه‌رمانده و ئه‌ندامانی باڵای ئه‌م ڕێکخراوه‌یه، ناچار بوون خاکی عێراق به‌جێ بێڵن و زۆربه‌یان بۆ ڕێبه‌رایه‌تیکردنی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌کانیان له عێراقدا چوونه ئێران.
پاش ده‌رچوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق، جارێکی دیکه ڕێکخراوی به‌در له عێراقدا خۆی گرته‌وه و وه‌کوو گرینگ‌ترین ڕێکخراوی میلیشیاییی شیعه له جومگه‌کانی حكوومه‌ته‌که‌ی نووری مالیکی، سه‌رۆکوه‌زیرانی پێشووی عێراقدا پێگه‌ی خۆی خۆش کرد. بڕشت و نفووزی هێزه‌کانی به‌در له جومگه سه‌ربازی و ئاسایشییه‌کانی عێراق له‌و ده‌ورانه‌دا، له چاوی که‌س نهێن نییه. نفووزی ڕێکخراوی به‌در و ئه‌و گرووپه چه‌کدارانه‌ی له‌و ڕێکخراوه‌یه بوونه‌ته‌وه، له سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی عێراقدا ئه‌و گوما‌نه دروست ده‌کات، که حكوومه‌ته‌که‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌بێ هاوڕاییی ئه‌وانه و، باوکه‌که‌یان، واته کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناتوانێت بڕیاری سه‌ربه‌خۆ بدات.
هیشام داوود، توێژه‌ری نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی فه‌ڕه‌نسا و پسپۆڕی کاروباری عێراق له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: به‌هێزبوونی میلیشیا شیعه‌کان له‌نێو جه‌رگه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی عێراقدا گه‌وره‌ترین کێشه‌یه له‌سه‌ر ڕێی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق، که به‌ره‌نگاربوونه‌وه دژی تائیفه‌گه‌راییی، کردووه به سه‌ره‌کیترین به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی. له نێوان هێزه میلیشیاکانی شیعه و هێزه‌کانی پۆلیس و هێزه‌كانی ئه‌منییه‌کانی عێراقدا، که زیاتر له ٨٠ له‌سه‌دیان شیعه‌ن، سنوورێکی دیار نییه و فه‌رمانبه‌ری و گوێڕایه‌ڵیی زۆربه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش له ئامانج [ئایدیه‌ڵ و ئاوات]ه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی، گومانی تێدا نییه. وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له لایه‌ن یه‌کێک له ئه‌ندامانی سوپای به‌دره‌وه به‌ڕێوه ده‌بردرێت. هێزه میلیشیا شیعه‌کان یارمه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی و حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ده‌ده‌ن له‌م ته‌نگژه‌یه‌ی ئێستا ده‌رباز بن، به‌ڵام نفووز و بڕشتیان له حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقدا، ده‌بێته گه‌وره‌ترین گرفت بۆ داهاتووی عێراق. هاوکاری و پێکه‌وه‌گرێدراویی میلیشیا شیعه‌کان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق، ئه‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه‌ی بۆ عێراق هه‌یه که ئه‌م وڵاته له دواڕۆژێکی نزیکدا، ببێت به لوبنانێکی دیکه.''
ئاخۆ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌توانێت تاکوو دوای شه‌ڕه‌که‌ی مووسڵ، پێوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ میلیشیا به‌هێزه‌کانی شیعه ''حه‌شدی شه‌عبی'' هاوسه‌نگ بکات و بیچم و واتایه‌کی مه‌نتقی له چوارچێوه‌ی پاراستنی سه‌ربه‌خۆییی سیاسیی وڵات‌دا پێ بدات؟ ئه‌وه‌ی که شکی تێدا نییه، ئه‌وه‌یه که میلیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبی مل ناده‌ن ئه‌و ڕێیه‌ی که گرتوویانه‌ته به‌ر، له نیوه‌یدا وێڵی بکه‌ن.
ڕێبه‌ری ئێستای ڕێکخراوی به‌در "هادی عامری"یه. ژماره‌ی شه‌ڕکه‌رانی ده‌سته‌بژێر (ئێلیت)ی ڕێکخراوی به‌در زیاتر له ١٠ هه‌زار که‌سه، که پاش فتواکه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی، کۆمه‌ڵێکی زۆر لاوی له‌ژێر ئاڵاکه‌ی خۆیدا کۆ کردووه‌ته‌وه. ئه‌و ڕێکخراوه‌یه به هه‌موو جۆره چه‌کێکی سووک و قورسی سه‌ربازی پۆشته کراوه، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری چه‌ک و تفاقه سه‌ربازییه‌کانیان ئێرانییه، به‌ڵام چه‌کوچۆڵی عێراقی و ئه‌مریکاییشیان پێیه.
ڕێکخراوی به‌در له هه‌موو جه‌نگه‌کاندا به‌و چه‌که قورسانه‌وه به‌شداریی کردووه، که هه‌یه‌تی. ئه‌م ڕێکخراوه‌یه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه ئه‌زموونێکی به‌هێزی هه‌یه. زۆربه‌ی فه‌رمانده‌کانی، له ئێران له لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه ڕاهێنراون و پێشینه‌ی جه‌نگیی باشیان هه‌یه.
ڕێکخراوی به‌در، به‌هێزترین گرووپی نێو حه‌شدی شه‌عبییه و پێوه‌ندیی زۆر نزیکی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق هه‌یه. ڕێکخراوی به‌در به شێوه‌یه‌ک، بڵاوکه‌ره‌وه‌ی چه‌کیشه له‌نێو گرووپ و ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا.
که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا
پاش ڕێکخراوی به‌در، که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا، گه‌وره‌ترین گرووپی ''حه‌شدی شه‌عبی'' پێک دێنن. که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا، پاش ڕووخانی به‌غدا و داگیرکردنی عێراق له لایه‌ن ئه‌مریکاوه، دروست بوون.
حزبوڵڵای عێراق، له سه‌ره‌تاوه وه‌کوو حزبوڵڵای لوبنان، به‌ناوی چالاکیی خێرخوازی و هاوكاریی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ستی به چالاکی کرد. که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا ئه‌نجوومه‌نێکی ڕاوێژکارییان به ناوی ''ئه‌نجوومه‌نی که‌تایب'' هه‌یه، که له‌وێدا فه‌رمانده سه‌ربازییه‌کان به‌رپرسی پڕۆژه سه‌ربازییه‌كانن و، که‌سانێکی دیکه‌یش له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌دا له بواری سیاسی و ڕۆژنامه‌وانیدا کار ده‌که‌ن. سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای عێراق، که‌سێکی نه‌ناسراوه و له به‌رچاوی خه‌ڵك ده‌رناکه‌وێت، به‌ڵام به ئه‌بوکازم به‌ناوبانگه.
که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا له ناوچه‌كانی وه‌کوو به‌له‌د، سامه‌ڕا و ده‌جیل چالاکی ده‌که‌ن. له ''جرف الصخر'' له باکووری بابل و ده‌وروبه‌ری به‌غدا ئۆپه‌ڕاسیۆنی سه‌ربازییان ئه‌نجام داوه. هه‌ر ناوچه‌یه‌ک به‌رپرسێکی هه‌یه، جه‌بار عه‌بدولحسێن به‌رپرسی ئاسایشی پارێزگاکانی به‌سره، ناسرییه، عه‌مماره و کوته.
شێخ موئه‌یه‌د ئه‌لبه‌هادولی، به‌رپرسی که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵایه له ڕه‌سافه‌ی به‌غدا و، سه‌عد سواره، ئه‌مجه‌د ئه‌لباحی، سه‌در ئه‌عره‌جی و له‌یس ئه‌لنووری، یاریده‌ده‌ری ئه‌و‌ن. به‌رپرسی که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا له ئه‌لکه‌رخی به‌غدا، "ئه‌حمه‌د سه‌عدی"یه و حاجی حه‌مید ساعی، محه‌مه‌د عه‌بدولساده، شێخ فازل ئه‌لفه‌ریش و شێخ وه‌سام ئه‌لبه‌غدادی یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
حزبوڵڵای عێراق مووشه‌که‌کانی کاتیۆشا و زولفه‌قار و که‌ڕاڕ و حه‌یده‌ری هه‌یه. هه‌روه‌ها چه‌که‌کانی که‌ی ٤٧، ئێم ١٦، بیكه‌یسی، مووشه‌کی دژه‌تانگی ئاڕپیجی. قه‌نناسه‌کانی ئێچ‌ئێس ٥٠، هاوه‌نی ٦٠ و ١٨٠ ملیمه‌تری و چه‌کی دژه‌زرێ و دژه‌ئاسمانییشی له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه. حزبوڵڵا مووشه‌کی "ئه‌شته‌ر"یشی هه‌یه.
که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا له جه‌نگی دژ به داعشدا ده‌وری کاریگه‌ریان هه‌بووه و ئه‌و هێزانه هه‌م زۆر ئاماده‌ن و، هه‌م له باری هه‌واڵگرییشه‌وه چالاکیی باشیان هه‌یه. که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا له ناوچه‌کانی ئامیرلی، تووزخورماتوو و ناوچه‌کانی ڕۆژاوای به‌غدا و ته‌له‌عفه‌ر و ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراقدا بوون و هه‌ن.
که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا له دیاله، سه‌ڵاحه‌ددین و بابل له‌گه‌ڵ داعش جه‌نگاون. له ''جرف الصخر''ی باکووری بابل و باشووری خۆرئاوای به‌غدا و، هه‌روه‌ها ئازادکردنی ئامرلیدا که سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددینه و دانیشتووانه‌که‌ی تورکمانی شیعه‌ن، ده‌ورێکی به‌رچاویان هه‌بووه.
عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق:
دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی، ''قه‌یس ئه‌لخه‌زعه‌لی''یه. ژماره‌ی شه‌ڕکه‌ره‌کانی به ١٠ هه‌زار که‌س مه‌زنده کراوه. عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق، چه‌ک و تفاقی سه‌ربازیی سووک و قورسی وه‌کوو هاوه‌ن و مووشه‌کهاوێژ و تۆپخانه‌ی مه‌وداناونجی له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه.
عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق، په‌لێکی "سوپای ئه‌لمه‌هدی"یه، که له مانگی یونیۆ (حوزه‌یران)ی ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی‌دا دامه‌زرا و، به شێوه‌یه‌کی ته‌واو جودا له سوپای مه‌هدی، به‌تایبه‌ت پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه له نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠٨دا درێژه‌ی به کاره‌کانی خۆی داوه.
فه‌رمانده گه‌وره‌کانی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق بریتین له، قه‌یس ئه‌لخه‌زعه‌لی، عه‌بدولهادی ئه‌لدوڕاجی و ئه‌کره‌م ئه‌لکه‌عبی. قه‌یس ئه‌لخه‌زعه‌لی یه‌کێکه له قوتابییه‌کانی محه‌مه‌د سه‌در، باوکی موقته‌دا سه‌در و، پێش ئه‌وه‌ی ساڵی ٢٠١٠ ئازاد بکرێت، له زیندانی ئه‌مریکایییه‌کاندا بووه. عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق یه‌کێک له ناسراوترین هێزه میلیشیاکانه و دووه‌مین میلیشیایه و ئه‌زموونێکی به‌رزیشی هه‌یه. ژماره‌ی هێزه‌کانی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق به نزیکه‌ی ١٠ هه‌زار که‌س مه‌زنده کراوه.
پێکهاته‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق بریتییه له:
لیوای ئیمام عه‌لی، لیوای ئیمام کازم، لیوای ئیمام هادی، لیوای ئیمام عه‌سکه‌ری، که له ناوچه جوداوازه‌کانی عێراقدا چالاکی ده‌که‌ن و لیوای حه‌یده‌ری که‌ڕاڕ، به‌رپرسی به‌شی سووریایه و زیاتر له باشووری دیمه‌شق و ڕۆژاوای حه‌ڵه‌ب چالاکی ده‌کات.
بزووتنه‌وه‌ی ''حزبوڵڵای ئه‌لنوجه‌با'':
بزووتنه‌وه‌ی حزبوڵڵای ئه‌لنوجه‌با، ساڵی ٢٠١٣ له عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق جودا بووه‌وه و، ئه‌کره‌م ئه‌لکه‌عبی سه‌ركردایه‌تیی ده‌کات. ئه‌م که‌سه لیوای عه‌مار بن یاسر، سه‌ر به ئه‌لعه‌سائیب له سووریایش به‌ڕێوه ده‌بات. بزووتنه‌وه‌ی حزبوڵڵا هه‌زاران ئه‌ندامی هه‌یه، که له جه‌نگه‌کانی ئه‌لنه‌باعی و ئه‌لزابتییه و سامه‌ڕادا به چه‌کی سووک و مه‌وداكورت به‌شدارییان کردووه. ئه‌مانه له جه‌نگه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی زۆر به‌ربڵاو مووشه‌که‌کانی ''ئه‌شته‌ر'' به‌کار دێنن.
که‌تیبه‌کانی ئیمام عه‌لی:
باڵی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌ی (ئه‌لعێراق ئه‌لئیسلامی)یه، که له مانگی یونیۆی ٢٠١٤دا ناوی که‌وته نێو ناوان و، له ئامرلی و تووزخورماتوو و دیاله چالاکیی کردووه. ئامانج له پێکهاتنی ئه‌و که‌تیبانه به‌رگریکردن له عێراق و شوێنه ئایینزایییه پیرۆزه‌کانی شیعه‌یه. له ڕیزه‌کانی که‌تیبه‌کانی ئیمام عه‌لیدا که‌سانێکی سه‌ر به ئایینزا و گرووپه نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی دیکه‌یش وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون. ئایین‌زاکانی سوننه، شیعه، تورکما‌ن و مه‌سیحی و شه‌به‌ک له ڕیزی که‌تیبه‌کانی ئیمام عه‌لیدا ده‌بینرێن.
که‌تیبه‌کانی سه‌ییدولشوهه‌دا:
ئه‌میش هاوکات له‌گه‌ڵ فتواکه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی له که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵا جودا بووه‌وه و سکرتێره گشتییه‌که‌ی، حاجی ئه‌بوعه‌لایه. حاجی ئه‌بویوسف به‌رپرسی به‌شی سه‌ربازییه‌که‌ی، له سامه‌ڕا کوژرا. ژماره‌ی ئه‌ندامانی که‌تیبه‌کانی سه‌ییدولشوهه‌دا زیاتر له سێ تا چوار هه‌زار که‌سه. ئه‌مانیش له شه‌ڕه‌کانی سامه‌ڕا و ئامرلی و زابتییه‌دا چالاکیی به‌رچاویان هه‌بووه.
که‌تیبه‌کانی جیهاد و ئاوه‌دانکردنه‌وه:
که‌تیبه‌کانی جیهاد و ئاوه‌دانکردنه‌وه هاوکات له‌گه‌ڵ فتواکه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی دامه‌زرا و، باڵی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسییه به ناوی جیهاد و ئاوه‌دانکردنه‌وه، که ساڵی ٢٠١١ دامه‌زراوه. ئه‌م که‌تیبانه له تێکه‌ڵاوی سێ پێکهاته‌ی ئیسلامی: بزووتنه‌وه‌ی حزبوڵڵای عێراق، بزووتنه‌وه‌ی سه‌ییدولشوهه‌دا و حزبی نه‌هزه‌تی عێراق پێک هاتووه. سکرتێره گشتییه‌که‌ی، "حه‌سه‌ن ئه‌لساری"یه، که یه‌کێکه له سه‌ركرده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامیی عێراق به سه‌رۆکایه‌تیی عه‌مار ئه‌لحه‌کیم.
که‌سانێک ئه‌م که‌تیبانه به جێگره‌وه‌ی ڕێکخراوی به‌در ده‌زانن، که ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانی زیاتر له سێ هه‌زار که‌سه و، به جه‌نگاوه‌ری به‌ناوبانگن و له جۆری خۆیاندا باوه‌ڕمه‌ندترین شه‌ڕکه‌رن. له شه‌ڕه‌کانی ئه‌لڕه‌واشد، ئه‌لسه‌عدییه و سه‌ید غه‌ریبدا به‌شدارییان کردووه و چه‌کی سووک و مه‌وداكورت به‌کار دێنن و له لایه‌ن تۆپخانه‌ی قورسی عێراقه‌وه پشتیوانی‌یان لێ ده‌کرێت.
که‌تیبه‌کانی ته‌یاری ئه‌ڵریسالی:
ئه‌م کهتیبانهیش پاش فتواکه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی به ناوی باڵی سه‌ربازیی ڕه‌وتی ئه‌لڕیسالی پێک هات و سکرتێره گشتییه‌که‌ی، شێخ عه‌دنان ئه‌لشه‌حمانی، یه‌کێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه. ئه‌لشه‌حمانی له حزبی ئه‌لده‌عوه‌دا ده‌ستی به چالاکییه سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی خۆی کردووه و به هۆی ئه‌وه‌ی که موقته‌دا سه‌در مۆڵه‌تی پێ نه‌داوه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ٢٠٠٧دا بکات، له سوپای مه‌هدی جودا بووه‌ته‌وه. که‌تیبه‌کانی ڕه‌وتی ئه‌لڕیسالیی عێراق له ئازادکردنی ناوچه‌ی ئه‌لمه‌عامل و ئه‌لکه‌ره‌مه‌ی فه‌للوجه و شه‌ڕی ئه‌لزابتییه‌دا به چه‌کی سووک و مه‌وداكورت به‌شدارییان کردووه و، ئه‌م کهتیبانهیش له لایه‌ن تۆپخانه‌ی قورسی عێراقه‌وه پشتیوانی‌یان لێ ده‌کرێت.
سه‌رایای ئه‌لخوراسانی:
سه‌رایای ئه‌لخوراسانی وه‌کوو باڵی سه‌ربازیی حزبی ته‌لیعه‌ی ئیسلامی، به ناوی به‌رگری له پیرۆزییه‌کان له سووریا بنیات نرا و، ڕێبه‌ره‌که‌ی ئێستای، "حامید ئه‌لجه‌زایری"یه. ژماره‌ی شه‌ڕکه‌ره‌کانی نزیکه‌ی سێ هه‌زار که‌سه و له ئازادکردنی ناوچه‌ی عه‌زیز به‌له‌ددا به‌شدارییان کردووه. له شه‌ڕی ئامرلییشدا به‌شدار بوونه و، چه‌کی سووک و مه‌وداكورت به‌کار دێنن و له باری چه‌کی قورسییشه‌وه سوپای عێراق پشتیوانی‌یان لێ ده‌کات.
سه‌رایای عاشوورا:
ئه‌م کهتیبانهیش هاوکات له‌گه‌ڵ فتواکه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی په‌یدا بوون و، به ناوی باڵی سه‌ربازیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی له قه‌ڵه‌م ده‌درێن و ژماره‌یان له پێنج هه‌زار که‌س پتره. به‌باشی ڕێک خراون و ئه‌زموونه سه‌ربازییه‌کانی پێشووی ڕێکخراوی به‌دریان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه. ئه‌وانه له شه‌ڕه‌کانی به‌له‌د و ئه‌لزابتییه‌دا به چه‌کی سووک و مه‌وداكورت به‌شدارییان کرد و له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه به چه‌کی قورس پشتیوانی‌یان لێ ده‌کرێت.
سه‌رایای ئه‌لعه‌ته‌بات:
ئه‌م کهتیبانهیش پاش فتواکه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی دروست بوون. که‌تیبه‌کانی عه‌ته‌بات سه‌ر به نێوه‌نده شیعه‌کانی عێراقن و ئه‌ندامه‌کانیان مجێو‌ر و خزمه‌تکاری ئه‌و نێوه‌ندانه‌ن. سه‌رایای عه‌ته‌بات له کۆمه‌ڵیک که‌تیبه‌ی به‌ناوبانگی وه‌کوو سه‌رایای عه‌ته‌به‌ی عه‌باسییه، به ڕێبه‌رایه‌تیی شێخ مه‌یسه‌م پێک هاتوون، که نزیکه‌ی پێنج هه‌زار که‌سیان له شه‌ڕه‌کانی ''جرف الصخر'' و "سه‌ید غه‌ریب"دا له ناوچه‌ی به‌له‌د به‌شدارییان کرد و چه‌کی سووک و مه‌وداكورتیان هه‌یه.
که‌تیبه‌کانی ئاستانه‌ی حه‌زره‌تی عه‌لی:
به فه‌رمانده‌ییی شێخ که‌ریم، که ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانی هه‌زار که‌سه و له‌گه‌ڵ که‌تیبه‌کانی ئاستانه‌ی پیرۆزی ئیمام حسێن که ژماره‌ی ئه‌مانیش هه‌زار که‌سه، له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کاندا به‌شدارییان کردووه.
که‌تیبه‌کانی ئاشتی:
گرووپێکی سه‌ر به ڕه‌وتی سه‌در به ڕێبه‌رایه‌تیی موقته‌دا سه‌دره، که پاش زاڵبوونی داعش به‌سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی عێراقدا به‌دی هات. ئه‌م که‌تیبانه به ناوی به‌رگری له مزگه‌وته‌کان و مه‌رقه‌ده‌کانی شیعه و سوننه، پێک هاتوونه و، له ناوچه‌كانی وه‌کوو سامه‌ڕا، دیاله، ئامرلی و ''جرف الصخر'' و ئیسحاقی چالاکییان کردووه.
سوپای ئه‌لموختار:
دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی، "واسق ئه‌لبه‌تات"ه. ئه‌م سوپایه له مانگی یونیۆی ساڵی ٢٠١٠ی زایینی‌دا پێک هات و ژماره‌ی شه‌ڕکه‌ره‌کانی به ٤٠ هه‌زار که‌س مه‌زنده ده‌کرێت. ئه‌م یه‌که چه‌کدارییه‌یش هه‌مه‌جۆر چه‌ک و مووشه‌کهاوێژ و هاوه‌نی هه‌یه.
تیپی ئه‌بولفه‌زلی عه‌باس:
دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی، "قاسم ئه‌لتائی"یه و، ساڵی ٢٠١١ پێک هاتووه. فه‌رمانده‌یییه‌که‌ی له ئه‌ستۆی "عه‌لاء ئه‌لکه‌عبی"یه و، هه‌مه‌جۆر چه‌ک و مووشه‌کهاوێژ و ئوتۆمبێلی سه‌ربازیی له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه. زیاتر سه‌ر به عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق و ڕه‌وتی سه‌در و که‌تیبه‌کانی حزبوڵڵای عێراقن.
له چوارچێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا کۆمه‌ڵێک گرووپی بچووکیش هه‌ن، که ژماره‌یان که‌مه و، ئه‌م گرووپانه‌ی له خواره‌وه ناویان دێ، له‌و گرووپانه‌ن: سوپای ئه‌لوه‌عد ئه‌لسادق، ئه‌سه‌دوڵڵا غالب، ئه‌نسار ئه‌لحه‌جه، تیپی ئه‌لقاریعه، ئه‌لغه‌زه‌ب، بزووتنه‌وه‌ی ئه‌بدال، لیوای ئه‌لمونته‌زیر، که‌تیبه‌کانی درعه‌لشیعه و، حزبوڵڵای ئه‌لسائیروون.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوه:
ماڵپه‌ڕی ڕادیۆ فه‌ره‌نسا ــ به‌شی فارسی