2016-11-10
جبهة النصرة: به‌هێزتر له هه‌میشه، مه‌ترسیدارتر له داعش
پێنووس: له‌و كاته‌ی كه "جبهة النصرة" (به‌ره‌ی نوسره) هه‌واڵی جیابوونه‌وه‌ی ڕواڵه‌تیی خۆی له ڕێكخستنه‌كانی ئه‌لقاعیده ڕاگه‌یاند و ناوی خۆی بۆ "جبهة فتح الشام" گۆڕی، نزیكه‌ی سێ مانگ تێ ده‌په‌ڕێت. به‌ڵام ئیمڕۆ ئه‌م گرووپه چه‌كداره، ده‌توانێت ڕۆژاوا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بكاته‌وه. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك كه چه‌ندین جار جددیتر و مه‌ترسیدارتره له گرووپی تیرۆریستیی داعش له عێراق و سووریادا.
له كاتێكدا كه داعش وه‌به‌ر هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕۆژاوا كه‌وتووه، "جبهة النصرة" له ڕێگه‌ی چه‌ندین شێواز وه‌ك: خۆحه‌شاردان له شوێنی پارێزراو، دووباره‌ڕێكخستنه‌وه یاخود گۆڕانكاری له پێگه‌كانی خۆی له چه‌ندین به‌ره‌دا، له‌سه‌ره‌خۆ خه‌ریكه هه‌لومه‌رج و به‌ستێنی پێویست بۆ دووباره‌ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده ئاماده ده‌كات. ئه‌م بابه‌ته‌یش جێگه‌ی سه‌رسووڕمان نییه، چونكه ئه‌لقاعیده و لقه گرێدراوه‌كانی، نه‌رمییه‌كی زۆریان بۆ خۆگونجاندن تێدایه و، ئه‌م بابه‌ته‌یش یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كی و به‌رجه‌سته‌كانی ئه‌م گرووپه‌یه.
له ئێستادا، جبهة النصرة خاوه‌نی زیاتر له 10 هه‌زار هێزی چه‌كداره و گه‌وره‌ترین لقی ڕێكخستنی ئه‌لقاعیده‌یه و، به بڕوای هه‌ندێ لایه‌ن به ترسناكترین لقی ئه‌م تۆڕه (ئه‌لقاعیده) داده‌ندرێت. به شێوه‌یه‌ك كه توانای لقه‌كانی ئه‌لقاعیده له نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی (AQAP) و، لقی ئه‌لقاعیده له مه‌غریبی ئیسلامی (AQIM)ی خستۆته ژێر كاریگه‌ری و نفووزی خۆیه‌وه. سووریایش وه‌كوو ده‌وڵه‌تێكی شكستخواردوو و لاواز له په‌راوێزی ئه‌وروپا، بنكه‌یه‌كی زۆر گونجاوه بۆ ڕێكخستنی ئه‌لقاعیده، به هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕێبه‌رانی ئه‌لقاعیده له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی جبهة النصرة، ئه‌و توانایییه‌یان هه‌یه كه كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی خۆیان له هه‌موو شوێنێكی جیهان دووباره ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه ڕێبه‌ران و فه‌رمانده لێهاتووه‌كانی ئه‌لقاعیده وه‌كوو "سیف العدل" له پشته‌وه‌ی ستراتیژییه‌كانی جبهة النصرة له سووریاوه بن و ستراتیژییه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه ده‌ستنیشان و دیاری بكه‌ن. به‌شێكی هه‌ره سه‌ره‌كی و زۆر گرنگی ئه‌م ستراتیژییه، به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵكی خۆجێی ناوچه‌كه و هه‌وڵدانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تیی سیاسی له ناوچانه‌كانی ژێرده‌ستی سوننه‌كان له باكووری ڕۆژاوای سووریا، ناوچه‌یه‌ك كه ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی جبهة النصرة‌دایه و، ئه‌م گرووپه هه‌رێمێكی پارێزراوی بۆ خۆی دروست و قۆرخ كردووه.
ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی جبهة النصرة به به‌راورد و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ كرده‌وه وێرانكه‌ر و توندوتیژه‌كانی داعش زۆر دیار و جێگه‌ی سه‌ر‌نجه. له لایه‌كی تره‌وه، هاوپه‌یمانیی هاوبه‌شی سه‌ربازیی ڕۆژاوا و ڕووسیا دژی داعش، سوود و كه‌ڵكی زۆری بۆ جبهة النصرة هه‌بووه و، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م لقه له ئه‌لقاعیده به‌رده‌وام بێت و بمێنیته‌وه و درێژه‌گه‌شه‌سه‌ندنی خۆی بدات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش، جبهة النصرة له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵی فه‌رمیی جیابوونه‌وه‌ی له ئه‌لقاعیده و بڕینی په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپه، هه‌وڵی داوه كه سه‌رنجی كه‌متر بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و هه‌لومه‌رجه‌كه به شێوه‌یه‌ك بگۆڕێت كه دوژمنه‌كانی وه‌ك به‌شار ئه‌سه‌د، كه له لایه‌ن ڕووسیاوه پاڵپشتی ده‌كرێن و، هاوپه‌یمانیی سه‌ربازی به ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریكا، سه‌رنجیان نه‌خه‌نه سه‌ر ئه‌م گرووپه. هه‌رچه‌نده ئه‌م ته‌كتیكه‌ی گۆڕینی ناونیشان، نه‌یتوانی بڕوا به ئه‌مریكا بهێنێت، به‌ڵام هه‌روه‌كوو پسپۆڕانی به‌ناوبانگی بواری تیرۆر ئاماژه‌یان پێ داوه، جبهة النصرة به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی قه‌ناعه‌ت و بڕوای ئه‌مریكا نه‌كردووه، به‌ڵكوو ئامانجی له گۆڕینی ناونیشانه‌كه‌ی، شتێكی تر بووه.
له ڕاستیدا یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌لقاعیده، دروستكردنی په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ی كه داعش له‌وێ چالاكیی هه‌یه. له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌لقاعیده له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی بۆ سووریا ناردووه و توانیویه‌تی پشتیوانی و پاڵپشتیی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بۆ لای خۆی ڕابكێشێت. جبهة النصرة، سه‌رنجی خۆی له‌سه‌ر ئامانجی سیاسی و سه‌ربازی چڕ كردۆته‌وه و، له‌م ماوه‌یه‌یشدا بۆ دروستكردنی بنكه‌ی نفووز له ناوچه‌كه‌دا، هه‌وڵی زۆری داوه.
جبهة النصرة له گۆڕینی ناوی خۆی بۆ "جبهة فتح الشام"، مه‌به‌ستێكی دیاریكراوی هه‌بووه. یه‌كێك له لێكه‌وته‌كانی بڕینی په‌یوه‌ندیی ئه‌م گرووپه له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده، هه‌رچه‌نده به شێوه‌ی ڕواڵه‌تیش بێت، ئه‌وه‌یه كه ده‌و‌ڵه‌تانێك وه‌ك سعوودیا و توركیا و قه‌ته‌ر، به متمانه‌ی زیاتره‌وه یارمه‌تییه دارایی و سه‌ربازییه‌كانیان پێشكه‌شی چه‌كداره‌كانی ئه‌م گرووپه ده‌كه‌ن.
یه‌كێكی تر له ئامانجه‌كانی ئه‌م كرده‌وه ته‌كتیكییه، ئه‌وه بوو كه جبهة النصرة خۆی وه‌كوو ڕێكخراوێكی گشتگیر ناساندووه و پێناسه كردووه و، ده‌یه‌وێ نیشانی ئه‌وانه‌ی تر بدات كه ئه‌م گرووپه ئاماده‌ییی پێویستی ئه‌وه‌ی تێدایه كه له‌گه‌ڵ هه‌موو گرووپه‌كانی تری دژی به‌شار ئه‌سه‌د، هاوكاری و به‌شداری بكات.
هه‌روه‌ها جبهة النصرة له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامه نوێیه‌كانی خۆی، به‌تایبه‌ت وه‌رگرتنی هێز له‌و هه‌زاران شه‌ڕكه‌ره بیانییه‌ی كه له دوای توندتربوونی جه‌نگ له سووریا ڕوویان له‌و وڵاته كرد، به به‌راورد له‌گه‌ڵ داعش، زۆر به‌پارێزتر هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه. له ئه‌گه‌ری تێكه‌ڵبوونی جبهة النصرة له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی تری ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی له سووریا، ئه‌م گرووپه ده‌بێته خاوه‌ن ڕه‌وایه‌تیترین نوینه‌ر له‌نێو گرووپه چالاكه جیهادییه‌كاندا.
له‌و ڕوووه‌وه كه جبهة النصرة له‌دایكبووی ئه‌لقاعیده‌یه، هاوشێوه‌ی ئه‌م ڕێكخراوه به دوای ئامانجه درێژخایه‌نه‌كانه. ناوی نوێی جبهة النصرة، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه چیتر ئه‌م گرووپه به ئامرازی ده‌ستی ئه‌لقاعیده هه‌ژمار نه‌كرێت و، بتوانێت خۆی وه‌ك پیشه‌نگی خه‌ڵكی سووریا بناسێنێت.
له ئیمتیاز و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تری ئه‌م ناوگۆڕینه ئه‌وه‌یه كه، جبهة النصرة ده‌توانێت له‌گه‌ڵ گرووپ و ڕێكخراوه‌كانی تری دژبه‌ر و شۆڕشگێری سووریا هاوپه‌یمان و یه‌كپارچه بێت. ئه‌گه‌ر جبهة النصرة بتوانێت به شێوازێك له‌نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا جێی خۆی بكاته‌وه، ئه‌و كاره ئاكام و ده‌رهاوێشته‌ی زۆر گرنگی، چ له كورتخایه‌ن و، چ له درێژخایه‌ندا بۆ ئه‌م گرووپه لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
هاوپه‌یمانیی جبهة النصرة له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی له سووریادا، ده‌توانێت ببێته هۆی درێژتربوونه‌وه‌ی جه‌نگی ناوخۆ له سووریادا. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م پێكه‌وه‌ژیانه له درێژخایه‌ندا، ده‌توانێت ببێته هۆی پێدانی ڕه‌وایه‌تیی سیاسی به‌م گرووپه و، توانای ئه‌وه‌ی پێ ده‌دات كه بزووتنه‌وه‌ی حزبوڵڵای لوبنان، "دراوسێی سووریا، بكاته سه‌رمه‌شقی خۆی و به دوای به‌ده‌ستهێنانی پێگه و نفووزێكی هاوشێوه‌ی پێگه و نفووز و ده‌سه‌ڵاتی حزبوڵڵاوه بێت.
هێزه‌كانی داعش له ڕووی ته‌كنه‌لۆژییه‌وه خاوه‌ن توانا و پسپۆرییه‌كی زۆر به‌رزن، هه‌روه‌ها توانای زۆریان له به‌كارهێنان و كه‌ڵكوه‌رگرتن له ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن هه‌یه، به‌ڵام هێزه‌كانی جبهة النصرة به‌پێچه‌وانه‌ی داعش، نه‌ریتگه‌را و پارێزگارترن.
هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه كه گرووپی تیرۆریستیی داعش سه‌قامگیری و ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی خستۆته مه‌ترسییه‌وه و، له ئێستاشدا ئه‌وه‌ی نیشان داوه و ده‌رخستووه كه توانا و مه‌به‌ستی پێویستی بۆ هێرشكردنه سه‌ر ڕۆژاوا هه‌یه. به‌ڵام له تێڕامانیكی گشتیدا، داعش وه‌كوو نه‌خۆشی یاخود هه‌وكردن وایه كه ده‌كرێت كۆنترۆڵ و چاره‌سه‌ر بكرێت، له كاتێكدا تۆڕی ئه‌لقاعیده و لقه‌كانی په‌یوه‌ست و گرێدراوی، وه‌ك نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه وایه كه ده‌رمان و چاره‌سه‌رییه‌كانی یه‌ك له دوای یه‌ك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و له دۆخی گه‌شه‌كردن و بڵاوبوونه‌وه‌دایه.
ڕۆژاوا پێویسته ئه‌وه‌ی كه له توانایدا هه‌یه ئه‌نجامی بدات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له هه‌وڵه‌كانی جبهة النصرة و لایه‌نگره ئایدیۆلۆژییه‌كانی بگرێت كه ویست و ئامانجی دامه‌زراندن و جێگیركردنی خۆیانیان له سووریادا هه‌یه. به‌م شێوه‌یه، پێویسته ڕێوشوێنی جددیتر به مه‌به‌ستی جیاكردنه‌وه و په‌راوێزخستنی گرووپه جیهادییه‌كان له گرووپه میانڕه‌وه‌كان له‌نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا، بگیرێته به‌ر.
سه‌ره‌ڕای مانه‌وه یاخود ڕووخانی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریادا، ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی، پێویسته بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سووریا، به دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌كی گشتگیره‌وه بن.
سه‌ر‌چاوه: