دابەشکردنی عێراق: پرسێکی ناکۆتا، یان دەستبەرداری و کۆتاییپێهاتن

2016-12-15

دابەشکردنی عێراق: پرسێکی ناکۆتا، یان دەستبەرداری و کۆتاییپێهاتن

 

ن: بێن کۆنابڵ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی  

جارێکی تر عێراق لە بارگرژیی سیاسیدایە و، جارێکی تر پێمان دەگوترێت با عێراق بەسەر سێ هەرێمدا دابەش بکرێت: هەرێمی شیعەکان و هەرێمی سوننە و هەرێمی کوردەکان. ئەم خواستی دابەشکردنە، ناو بە ناو دەردەکەوێت و دووبارە دەبێتەوە؛ بەتایبەت ئەو کاتەی دەبینرێت عێراق لە پشێویدایە و چاککردنی ئەستەمە. ئەوانەی کە هاوڕان لەگەڵ ئەوەی عێراق دابەش بکرێت، پشنیاری ئەوە دەکەن کە دروستکردنی عێراق هەڵەی ڕێککەوتننامەی سایکس ــ پیکۆیە و عێراقییەکان ناتوانن بەم فرەڕەنگییە لەناو سنووری یەک دەوڵەتدا پێکەوە بمێننەوە. با جارێک ئەو ڕاستییە وەلا بنێین کە ناکۆکی و ناڕەزایییەکی زۆر لەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس ــ پیکۆ هەیە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە یەکەم جار بۆ تاقیکردنەوە، ئەم دابەشبوونە بکرێت و، دواتر ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئیتر تا کۆتایی بەم جۆره‌ بمێنێتەوە. بیانییەکان و ئەوانەی کە عێراقی نین و دەیانەوێت عێراق بۆ سێ هەرێم دابەش بکرێت، داوا لە خەڵکی عێراق و هەموو جیهان دەکەن بۆ خستنەبەردەست و نیشاندانی ڕوونکردنەوەیەکی وردی ئەم بابەتە.

بەدڵنیایییەوە، هەر پلانێک بۆ دابەشکردن و دووبارە داڕشتنەوەی عێراق لە ئارادا بێت، دەبێت بیرکردنەوە و وردەکارییەکی زۆری بۆ بکرێت، زیاد لەوەی کە بۆ جەنگی ٢٠٠٣ی داگیرکردنی عێراق کرا. لانی کەم، ئەوانەی کە دەیانەوێت عێراق بۆ سێ هەرێم دابەش بکرێت، دەبێت وەڵامی هەندێك پرسیاری گرنگ بدەنەوە. ئەگەر نەیانتوانی وەڵامی ئەو پرسیارانە بەتەواوەتی بدەنەوە، با لەسەر ئەم داوایەیان بوەستن کە هه‌ندێك لە عێراقییەکان وەک مەترسییەکی گەورە سەیری دەکەن و دەیبینن.

یەکەم جار، کێ دەیەوێت عێراق بەسەر سێ هەرێمدا دابەش بکرێت، ئیتر لە شێوەی فیدراڵیزمدا بێت، یان لە شێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا؟ لە ئێستادا گومانی تێدا نییە کە سوننەکان، لەسەر بنەمای مەزهەب، هەوڵی دابەشکردنی عێراق دەدەن. جیا لە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، عەرەبە سوننە عێراقییەکانی تریش، دەیانەوێت بەشێک لەم دابەشکردنە بن و، لە هەندێک شوێندا وا دەردەکەوێت کە بیانەوێت فەرمانڕەواییی ناوچەکەیشیان بکەن. بەڵام زۆربەی ئەو سوننییانەی کە من قسه‌م لەگەڵدا کردوون، ئەم دابەشکردنە بە مەترسی لە قەڵەم دەدەن. هەروەها وا دەردەکەوێت زۆربەی ئەو سەرکردانەی ناو حزبی دەعوه‌ و کەسانی وەك موقتەدا سەدر، لەگەڵ ئەم دابەشکردنەدا نەبن. ئەمە لە کاتێکدا دوو حزبی باڵادەستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (PUK)، زۆر هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە عێراق دابەش بکرێت. بەڵام ئەو کاتەی کە سکرتێری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، سێ ڕێگەی بۆ ئەم بەشکردنە دانا، هیچ لەو حزبانە بەدەم داواکەوە نەهاتن و بەجددی کاریان بۆ نەکرد و هیچ لەم حزبانە، باسی بەرژەوەندیی عەرەبە عێراقییەکانیان نەکرد. ناتوانرێت کار بەو ئارگیومێنتانە بکرێت کە تەنیا وەکوو بیرۆکە، باس لە دابەشبوونی عێراق دەکەن و بڵێن ئەمە ئەوەیە کە عێراقییەکان دەیانەوێت.

ئەگەر عێراقییەکان خۆیان لەگەڵ دابەشکردنی عێراقدا بن بۆ سێ هەرێمی جیاواز، ئەوا ئەمە پێویست بە جاڕدان و داواکردن ناکات و، خۆیان کە گەیشتنە ئەو ڕاستییەی ئەم بەشکردنە لە بەرژەوەندیی هەموویاندایە، ئیتر بەشی دەکەن. ئەگەر کیانە سیاسییە عێراقییەکان و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق لەسەر ئەم دابەشکردنە قسە نەکه‌ن و هەوڵی بۆ نەدەن، ئیتر دەبێت ئەم بابەتە دابخرێت و باسی لێوە نەکرێت. ئەگەر بێت و دەسەڵاتە دەرەکییەکانیش بۆ دابەشکردنی عێراق بەسەر سێ هەرێمەکەدا هانی عێراقییەکان بدەن، ئەوا عێراقییەکان لەم بارەیشدا، دەبێت ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر بژاردەی دابەشکردنەکە بدەن. یەکێك لەو ڕێگه‌یانەی کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەم دابەشکردنە، ڕووخان و شکستهێنانی حکوومەتی عێراقە. ئەمە لە کاتێکدا دێتە دی، کە ئەمریکا و ئێران بەتەواوەتی لە عێراق پاشەکشە بکەن و بە هیچ جۆرێک هیچ یارمەتییەکی عێراق نەدەن. ئەو کاتەیش پشێوی و ئاڵۆزی و توندوتیژی لەناو عێراقدا دێتە ئاراوە و، بەم جۆرە عێراق بەسەر هەر سێ هەرێمەکەدا دابەش دەبێت کە بە "دەوڵەتی سروشتی" ناو دەبرێن و، دەوڵەتێکن لەسەر بنەمای هاونەتەوەیی دادەمەزرێن.

لەوانەیە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان ژێربەژێر و بەنائاشکرا کار بکەن بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە بێتە ئاراوە و ڕوو بدات. بەڵام سیناریۆیەک کە ڕێتێچوونی زیاترە، ئەوەیە کە ئەگەر بێت و ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە ئەوا ئەم بارودۆخە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ئێرانییەکان بتوانن زیاتر جێپێی خۆیان لەناو عێراقدا قایم بکەن، هەروەک ئەوەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤دا ڕووی دا. بەڵگەگەلێکی زۆر کەم سەبارەت بە هاوڕاییی ئێران لەسەر دابەشکردنی عێراق لەبەردەستن. لەبەر ئەوە ڕوون نییە کە داخۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، نابێتە مایەی زیادکردنی دەسەڵاتی ئێران و پشێویی زیاتر و دروستبوونی دەوڵەتێکی ئیسلامیی بەهێز لە عێراقدا. لە جیاتی ئەم بژاردەیە، دەبێت ئەمریکا، یان هەر دەسەڵاتێکی تری بیانی، فەرمان بە سیاسییەکانی عێراق بکەن بۆ دابەشکردنی وڵاتەکە، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە، بۆ دەبێت بیانییەکان ئەم بڕیاری دابەشکردنە بدەن؟ یان دەبێت چۆن بەدروستی دەست بە دابەشکردنەکە بکرێت؟

ئەگەر دابەشکردنەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت سیسته‌می فەرمانڕەواییی ئەم سێ بەشە چۆن بێت و چۆن بەردەوامیی پێ بدرێت؟ لەم بارودۆخەی ئێستادا، بەغدا پەیوەندییەکی زۆر ساردی لەگەڵ سوننە و کوردەکاندا هەیە. بەم جۆرەیش ئەگەر بێت و عێراق دابەش بکرێت، ئەو کاتە دەوڵەتی شیعەکان کەمتر لەژێر فشاری یارمەتیدانی عەرەبە سوننەکاندا دەبن و، ئەگەر ئەم دابەشکردنە بکرێت، ئەوا پێکەوەکارکردن و هاوکاریکردنی یەکتر لە نێوان ئەم بەشانەدا نابێت. لەبەر ئەوە، زۆر بێمانایە ئەگەر بڵێین لەژێر سیسته‌می فیدراڵی و کۆنفیدراڵیدا عەرەبە سوننە و شیعەکان پەرە بە پەیوەندی و هاریکاریی نێوانیان دەدەن. بە هەر شێوەیەک لێکی بدەیتەوە، لامەرکەزییەت دەبێتە هۆکاری ئاڵۆزی و ناکۆکیی زیاتری نێوان ئەم بەشانە، چوونکە هەریەکه‌یان هەوڵی ئەوە دەدەن دەسەڵاتێکی فراوانتر و بەهێزتر بەدەست بهێنن. ئەو کوشتار و خوێنڕێژییەی ناو بەغدا و ناکۆکیی سنوورەکان، بەتایبەت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووکەوە تاوەکوو ڕۆژاوای مووسڵ، دەبنە هۆکاری ڕوودانی جەنگ و، بارودۆخەکە زۆر لەم بارودۆخەی ئێستا ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێت؛ بە جۆرێک کە تا ئێستا شتی لەو جۆرە لە عێراقدا ڕووی نەدابێت. هیچ هۆکارێک نییە کە بڵێی دەرەنجامی ئەم دابەشکردنە، لە هەر بارودۆخێکی عێراقێکی یەکگرتوو، باشتر دەبێت. عێراق لە دوای دابەشکردنی، پێویستیی بە سەرنج و ڵێکۆڵینەوەیەکی قووڵ دەبێت.

چ بەراورد و لێکدانەوەیەکی مێژوویی، لەم بابەتەوە نزیکە و بەراوردی پێ دەکرێت؟ لەم ڕوانگەیەوە هەر ئارگیومێنتێکی بەهێز، پێویستیی بە پێشینەیەکی بڕواپێکراو هەیە. لێرەدا پێویستە نموونەیەکی وامان لەبەردەست بێت و ئەوەمان نیشان بدات کە ئەم بەشانە بتوانن بەهێمنی لە تەنیشت یەکەوە بمێننەوە، لە ڕووی ئابوورییەوە باش و باوەڕپێکراو بن، لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر بن، لەگەڵ یەکتردا جەنگ نەکەن و بەرنگاری یەکتر نەبنەوە. هەروەها، دەبێت نموونەیەکی وامان هەبێت و ئەوەمان نیشان بدات، یان ئەوەمان بۆ پشتڕاست بکاتەوە کە ئەم بەشانە دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و بمێننەوە. ئەمەیش هۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ئەمریکا چیتر بیانووی نەمێنێت و بەتەواوەتی لەو ناوچانە بکشێتەوە.

زیاد لەوەیش، دەبێت نموونەیەکی وامان بەردەست بێت و ئەوەمان بۆ بخاتە ڕوو، کە ئەگەر نموونەیەکی نەرێنیش هەبێت، ئەوە بسەلمێنێ کە لەگەڵ ئەم بارودۆخەی عێراقدا نایەتەوە و لەگەڵ ئەم بەشکردنەی عێراقدا ناگونجێت. ئەگەر کۆسۆڤۆ بە نموونە وەربگرین و بپرسین، ئایا جەنگی جیابوونەوەی کۆسۆڤو هەر بەم جۆرە دەمێنێتەوە و، دەبێت ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەوێ بمێننەوە؟ ئایا بەکارهێنانی ئەم نموونەیە بۆ ئەم دابەشکردنەی عێراق، نموونەیەکی ئەرێنییە یان نەرێنی؟ ئەی سودان و باشووری سودان چی، کە جیابوونەوەکەیان، بووە هۆی جەنگێکی دڕندانەی دوو ساڵە و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو کەس و ئاوارەبوونی زیاد لە دوو ملیۆن و دروستبوون و هاتنەسەرحوکمی دیکتاتۆرێک؟ ئەی ڕواندا چی؟ ڕواندایەک، کە بووە کوشتارگەیەکی گەورە و نزیکەی ٨٠٠،٠٠٠ کەس سەری لێ شێوا و ئاستی گوزەرانیان، بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزی. ئایا ئەم نموونانە، چ پەیوەندییەکیان بەم دابەشکردنەی عێراقەوە دەبێت؟ پاوڵ ئاڕ ولیامس و ماثیۆ تی سیمپسۆن دەڵێن هیچ نموونەیەک نییە کە ئەوە بسەلمێنێت ئەم دابەشکردنەی عێراق کارێکی ئەرێنی بێت. ئارگیومێنتەکانی ئەمان و کەسانی تریش ئەوە ئاشکرا دەکەن و داوا دەکەن ئەوانەی لەگەڵ دابەشکردنی عێراقدان، دەبێت وەڵامێکی ئەرێنییان بۆ دابەشکردنەکە هەبێت.

تەنانەت ئەگەر بێت و نموونەیەکی مێژووییی ئەرێنیمان بەردەست بێت و پشتڕاستی ئەم دابەشکرنەی عێراقمان بۆ بکاتەوە، هێشتایش بیرۆکەی خۆویستی و تاکڕەوی، هەر لەناو ئەم بەشانەدا دەمێنێتەوە. وەک ئەوەی ئێستا هەیە، ئەگەر بێت و شیعەکان دەست بەسەر بڕێکی زۆری نەوتی عێراق و بەغدای پایتەختدا بگرن، ئایا ئامادەییی ئەوەیان هەیە یارمەتیی دەوڵەتێکی سوننەمەزهەبی ناسەقامگیر و لاواز و هه‌ژاری دراوسێیان بدەن؟ ئەگەر بە مێژووی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو لێکی بدەینەوە و ئەوە بکەینە پێوەرێک، بەدڵنیایییەوە نەخێر، شیعەکان ئەوە ناکەن. کە بەم شێوەیەیش بوو، سوننەکان دەست بە جەنگ دەکەن و یارمەتیی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەدەن؛ هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو. ئەگەر شیعەکان ببنە خاوەنی سوپایەکی بەهێز، ئایا ڕێگە بە کورد دەدەن ببێتە خاوەنی کەرکووک و ئەو بیرە نەوتانەی کە دەکەونە ناوچە جێناکۆکەکانەوە؟ بەدڵنییاییەوە نەخێر، ڕێگە نادەن. هەر کاتێکیش شیعەکان سوپایەکی خۆیانیان دروست کرد و پاکتاوی سوننە و کوردیان لە سوپاکەیاندا کرد، گومانی تێدا نییە لە نێوان هەرێمەکاندا جەنگ دەست پێ دەکات. لە هەمان کاتدا، پێ دەچێت خەڵکی بەسرەیش دەست بەسەر نەوتی خۆیاندا بگرن و خۆیان لە سەنتەر جیا بکەنەوە و، ئەمەیش ئەوەندەی تر پشێوی و نائارامی دروست دەکات. ئەمە لەوانەیشە هەندێک پێشبینیی ئەرێنیی بۆ بکرێت، بەڵام پێویستیی بە وردەکاری و بەڵگەی بەهێز هەیە بۆ سەلماندنی لایەنی ئەرێنیی دابەشکردنەکە.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بزانین بۆچی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی، ئەم داوەیەی عێراقییەکان پشتگوێ دەخەن و وازیان لێ هێناوە؟ ئەو ئەزموونە تاڵەی دیموکراسییەت کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە بەسەر عێراقدا سەپێنرا، بۆ ماوەی ١٣ ساڵە کاری پێ دەکرێت، بەڵام هێشتا ئەو دیموکراسییەتە ساوایە. کەوابوو تا کەی لەسەر ئەم سیسته‌مە کار بکرێت و، بۆچی هەوڵی سیسته‌مێکی سیاسیی نوێ نەدرێت؟ ئەی بۆ ئەم هەوڵە لە سێ ساڵ، پێنج ساڵ، یان دە ساڵی ڕابردوودا نەدراوە؟ ئەم دابەشکردنەی ئێستا، خواستی لەسەرە، پێویستیی بە ڕوونکردنەوەیەکی ورد و دروست هەیە لەبارەی لایەنە باش و خراپەکانی و، کات بە عێراقییەکان بدرێت بۆ ئەوەی بیر لە داهاتووی خۆیان بکەنەوە. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە بپرسین، بۆچی بەردەوام بیانییەکان بە عێراقییەکان دەڵێن، کە دەبێت چۆن دەوڵەت بەڕێوە بەرن؟ ئەگەر وا دابنرێت کە دەستێوەردان لە سنووری عێراق و حکوومەتەکەی لە سەرەتای نۆسەدەکان و لە ٢٠٠٣دا کارەسات بووە، ئەی بۆچی ئێستا ئەو دەستێوەردان و ناوەندگیریکردنە دەرەکییە، باشە؟ ئارگیومێنتی ئەم دابەشکردنەی عێراق، پێویستیی بە لۆژیک و عەقڵ و بیرکردنەوەیەکی باش هەیە.

ئەو کاتەی کە خەریکی ئەم لێکۆڵینەوەیە بووم بۆ ڕێکخراوی ڕەند RAND، لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی عێراقدا لەبارەی داهاتووی عێراقەوە گفتوگۆم کرد، بەڵام کەسیان باسی ئەم دابەشکردنە هەرێمییەی عێراقی نەکرد. لە ڕوانگەی "پریمیدیاڵیزم" (primordialism)ەوە (نەتەوەکان بە شێوەیەکی سروشتی، خۆڕسک و جیان)، سەیری عێراق و داهاتووی عێراقیان نەدەکرد. لە جیاتی ئەمە، باسیان لە فیدراڵیزمی پارێزگا و ناوچەکان دەکرد. فیدراڵیزمی ناوچەیی، یان جوگرافی، بۆ لایەنی ئاسایش و به‌ڕێوەبردن و گواستنەوەی خزمەتگوزاری لە عێراقدا، کارئاسانکەر و باشتر دەبێت. لەوانەیە عێراق لە نەهامەتیی دابەشبوونی مەزهەبی بپارێزێت. به‌ڕێوه‌بردن و یەکخستنی عێراق، هیچ کاتێك ئاسان نەبووە، بەڵام چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك هەن دەتوانرێت لەو ڕێگه‌یانەوە بە جۆرێک عێراق ڕێک بخرێتەوە، کە لانی کەم بەر بە کوشتار و جەنگی بەردەوامی ناوخۆی عێراق بگیرێت.

هیچ شتێک نییە بەتەواوەتی وه‌ڵامی کێشەی عێراقییەکان بداتەوە، بەڵام عێراقییەکان شایەنی ئەوەن کە هاریکاری بکرێن و ڕوونکردنەوەی تەواویان لەسەر داهاتووی وڵاتەکەیان پێ بدرێت. لە ساڵی ٢٠٠٧دا ئیدوارد پی. جۆزف و میشێڵ ئۆهانڵۆن ئارگیومێنتێکی هەیکەلییان لەسەر بنەمای دابەشکردنێکی تائیفیی عێراق دروست کرد. وا دەردەکەوێت کە ئەم كارەیان، باشترین ڕێڕەوی دابەشکردنی هەرێمی عێراقی نیشان بدات. ئەو کورتەیەی لە ساڵی ٢٠١٤دا لەبارەی کارەکەیانەوە خستیانە ڕوو، پێویست بوو لە ٢٠١٦دا و بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە نوێ بکرێتەوە و، وردەکاری و ڕوونکردنەوەی زیاتر بخرێتە ڕوو. دەبوایە ئارگیومێنتێکی باشتریان بخستایەتە ڕوو، کە چۆن ئەم دابەشکردنە هەرێمییەی عێراق، دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی جەنگ و، چۆن و لەسەر چ بنەمایەک هەرێمی شیعەکان لە ڕووی ئابوورییەوە هاوکاریی هەرێمی سوننەکان دەکات، کە ئەو سوننە و شیعانەی من لەم بارەیەوە قسەم لەگەڵ کردوون بە هیچ جۆرێک باوەڕیان بەوە نەبوو کە ئەم هاوکاریکردن و پەیوەندییە، بەم جۆرەی ئەمان باسی دەکەن، ڕوو بدات.  ئەمان، دەبوو بەرپەرچی ئەو ئارگیومێنتانەیان لە ڕێگەی شارەزایانی عێراقناسیی وەک ڕایدەر ڤێزەر، بدابایەتەوە. ڕایدەر ڤێزەرReidar Visser لە بابەتێکیدا لەبارەی دابەشکردنی تائیفیی عێراقەوە دەڵێت: "گروپە عێراقییەکان، خاک و نیشتیمانێکی تائیفییان نییە." ئەگەر جۆزف و ئۆهانڵۆنیش ئارگیومێنتێکی باشیان نییە بۆ وه‌ڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا و، ئەگەر ئارگیومێنتێکی وایان نییە کە بەرپەرچی ئەوانەی پێ بدەنەوە کە دژی دابەشکردنی تائیفی و مەزهەبیی عێراقن، دەبێت کەسێکی تر هەبێت وه‌ڵامیان بداتەوە و لایەنی ئەرێنیی ئەم دابەشکردنە نیشان بدات.

بەپێچەوانەوە، ئەگەر کەس وه‌ڵامێکی قایلکەری پێ نەبوو، ئیتر دەبێت بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق وەلا بنرێت. وەک باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لوقمان فەیلی، دەڵێت، عێراقێکی یەکگرتوو، باشترین هەل بۆ بەرنگاربوونەوەی داعش دەڕەخسێنێت. هەروەها، عێراقی یەکگرتوو، بۆ مەرامە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یارمەتیدەر دەبێت. بەپێچەوانەوە، دابەشکردنی عێراق بۆ چەند هەرێمێکی فیدراڵ، دژی ئامانجەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و، ڕێگەخۆشکەرە بۆ مانەوەی داعش لە ناوچەکەدا. ئەگەر وا نییە، هەڵەکانم دەستنیشان بکە و بە بەڵگەوە بەرپەرچی ئارگیومێنتەکانم بدەرەوە.

سەرچاوە:

http://warontherocks.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples