له‌ سووریاوه‌ بۆ كۆریاری باكوور: میراتی پڕ له‌ پشێویی ته‌یلۆرسۆن

2016-12-28

له‌ سووریاوه‌ بۆ كۆریاری باكوور: میراتی پڕ له‌ پشێویی ته‌یلۆرسۆن

پێنووس: له‌ جه‌نگی خوێناویی ناوخۆییی سووریا و قه‌یرانی ژێرخۆڵه‌مێش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكراین، تاوه‌كوو سه‌رئێشه‌ دیپلۆماتیكه‌كان وه‌ك به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی كۆریای باكوور و ئێران، "ڕێكس ته‌یلۆرسۆن" وه‌كوو دیپلۆماتی باڵای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ چه‌ندین گرفت و ئاریشه‌ی ئاڵۆزدا به‌ره‌وڕوویه‌‌. "ڕێكس ته‌یلۆرسۆن" ئه‌گه‌ر بتوانێت ده‌نگی متمانه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكی به‌ده‌ست بێنێت، وه‌كوو شه‌ست و نۆیه‌مین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌ڵده‌بژێردرێت؛ ئه‌مه‌یش پاش ئه‌وه‌‌ ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ كۆمپانیای "ئێكسۆن مۆبیڵ"دا تێپه‌ڕی كرد. له‌ درێژه‌دا چه‌ند گرفت و كێشه‌یه‌ك كه‌ ڕووبه‌ڕووی ته‌یلۆرسۆن ده‌بێته‌وه‌، ده‌خرێنه‌ ڕوو.

سووریا:

ته‌یلۆرسۆن له‌ سووریادا جه‌نگێك كه ڕۆژ به ڕۆژ ئاڵۆزتر ده‌بێت، به‌میرات وه‌رده‌گرێت. جه‌نگی ناوخۆ، ئێستا پێی ناوه‌ته‌ شه‌شه‌مین ساڵی خۆیه‌وه و، "به‌شار ئه‌سه‌د"، سه‌رۆككۆماری سووریا، به‌رامبه‌ر به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ گرووپه‌ ناڕازییه‌كاندایه‌، كه‌ خاوه‌ن پاڵپشتی و پشتیوانیی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، توركیا و ده‌ڵه‌تانی كه‌نداو، به‌تایبه‌ت سعوودیا و قه‌ته‌رن.

به‌ درێژاییی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ئه‌مریكا "دۆناڵد ترامپ" ڕای گه‌یاندبوو كه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی له‌ سووریادا، جه‌نگ و دژایه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ داعشدا‌.  گرووپێك (داعش)، كه‌ چه‌ند هێرشێكیان له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجام داوه‌ و به‌ دوای هێرشی خوێناویی هاوشێوه‌ی به‌ربڵاون له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا. ئه‌گه‌ر ترامپ به‌ دوای هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا بێت به‌ مه‌به‌ستی جه‌نگ و له‌ناوبردنی داعش، سنوورداركردنیان له‌ كه‌رتی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریادا ئه‌و مه‌ترسییه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی شۆڕشگێڕانی سووریا له‌ جه‌نگی ناوخۆییدا بگۆردرێت و، تووڕه‌یییان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌مریكا ده‌توانێت ئاراسته‌ی جه‌نگ بگۆڕێت و، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی بۆ  ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا دروست بكه‌ن.

بێجگه‌ له‌مه‌یش، ئه‌م جه‌نگه‌ نوێیه‌ و خوێنڕشتنانه،‌ ده‌توانێت شه‌پۆلێكی نوێ له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌ره‌و وڵاتانی دراوسێی سووریا دروست بكاته‌وه‌. ئه‌و په‌نابه‌رانه‌یش هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه ڕێگه‌ی خۆیان بۆ ئه‌وروپا بكه‌نه‌وه‌. چوونی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی شه‌پۆلی سه‌ره‌تای ئه‌م جه‌نگه‌، به‌هێزتربوونی حزبه ڕاستڕه‌وه‌كانی له‌ ئه‌وروپا و كاردانه‌وه‌ی توندیانی لێ كه‌وته‌وه‌. هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ده‌رهاوێشته‌ و لێكه‌وته‌ی دیكه‌یشی بۆ ئه‌مریكا هه‌یه‌؛ له‌ بوارێكدا ئه‌م هاوكارییه‌ ده‌توانێت ئێران و ئه‌مریكا و حزبوڵڵای لوبنان بخاته‌ تای یه‌ك ته‌رازوو. ئێران له‌ نفووزی خۆی له‌ سووریا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی هێز و جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌. ڕاستییه‌ك كه‌ دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانی بۆ ئیسڕائیل دروست كردووه ئه‌وه‌یه،‌ ئیسڕائیل ناتوانێت ئه‌م به‌هێزبوون و نفووزه‌ی تاران له‌ ناوچه‌كه‌دا ببینێت و قبووڵیشی بكات.

عێراق:

كێشه‌كه‌ی دیكه‌، له‌ عێراقدایه‌. "ڕێكس ته‌یلۆرسۆن" له‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكدایه‌ كه‌ گرفتی قووڵی ئه‌تنیكی و مه‌زهه‌بیی تێدایه‌. له‌ راستیدا عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش پێویستی به‌ پاڵپشتی و یارمه‌تیی شه‌ش هه‌زار هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریكا و ڕاوێژكارانی سه‌ربازیی ئه‌م وڵاته‌ هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق بتوانن قه‌ڵای پته‌وی داعش واته‌ مووسڵ، دووه‌مین شاری گه‌وره‌ی عێراق، به‌ته‌واوی ئازاد بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ عێراق، ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق ڕووبه‌ڕووی گرووپی توندره‌و ببێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م گرووپانه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندیی شیعه‌كان، جه‌نگێكی چریكی هه‌ڵده‌گیرسێنن. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، ترامپ و ته‌یلۆرسۆن، ده‌بێت بڕیار بده‌ن كه‌ ئایا ده‌یانه‌وێت كه‌ له‌م جه‌نگه‌دا به‌شداری بكه‌ن و ڕێگه‌ له‌ به‌رفراوانبوونی نفووز و ده‌سه‌ڵاتی دراوسێی شیعه‌ی عێراق، واته‌ ئێران بگرن، یاخود ده‌یانه‌وێت ڕۆڵ و نفووزی خۆیان له‌ عێراق كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

ته‌یلۆرسۆن هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه‌ بیه‌وێت درێژه‌ به به‌هێزكردنی كورده‌كان له‌ ڕێگه‌ی ڕاهێنان و پڕچه‌ككردنی كورده‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش بدات؛ ئه‌م سیاسه‌ته‌یش له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی یارمه‌تیدانی په‌ره‌سه‌ندنی ئاگری ناكۆكیی ناوخۆیی له‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستانی عێراق. هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی نه‌وت دابنێت و، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه،‌ ئه‌م ململانێیانه‌ ده‌توانێت ببێته‌ هۆی به‌هێزتربوون و، داواكاریی كورده‌كانی سووریا و توركیا بۆ سه‌ربه‌خۆیی زیاتر، له ‌كاتێكدا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت توركیا دژی ئه‌م كاره‌ بوه‌ستێته‌وه‌.

كۆریای باكوور:

ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی كۆریای باكوور، به‌نهێنی، پێنج تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمیی له‌ ماوه‌ی ده‌یه‌ی ڕابردوودا ئه‌نجام داوه‌. له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئۆبامادا چوار جار تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌ و، ته‌نیا له‌مساڵدا دوو تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌وڵ و جووڵه‌یه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دایه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی باڵستیكی. تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌تۆمیی كۆریای باكوور، بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئابڵووقه‌كانی سه‌ر‌ ئه‌و وڵاته‌ ته‌وندوتۆڵتر بكات. له‌وانه‌یش ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كه‌ له‌ مانگی 11ی 2016دا په‌سند كرا، تاوه‌كوو به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ داهاتی هه‌نارده‌كردنی ئه‌و وڵاته‌ بۆ یه‌ك له‌سه‌ر چوار ¼ دابه‌زێندرێت. به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك نابیندرێت كه ڕێبه‌ری گه‌نجی پیۆنگ یانگ، كیم جۆنگ ئون، ئاماده‌ی كۆنترۆڵكردنی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و موشه‌كییه‌كه‌ی بێت.

ئێران:

ترامپ زۆر به‌توندی ڕه‌خنه‌ی له ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی ڕێكه‌وتی 14ی جولای ساڵی 2015 له ‌نێوان ئێران و شه‌ش هێزی گه‌وره‌ی جیهان، گرت. زۆربه‌ی كۆمارییەکان، به‌تایبه‌ت له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكادا، به‌ به‌ڵگه‌ی هاوشێوه‌ی ترامپ، بڕوایان وایه‌ كه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ كه‌ ڕووسیا و چین و ئه‌ڵمانیا و بریتانیا و فه‌ره‌نسایش تێیدا به‌شدارن، پێویسته‌ بدڕێندرێت. له‌ كاتێكدا ڕه‌خنه‌ی ترامپ له‌م ڕێككه‌وتنه‌، به‌ مانای پێشێلكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نییه‌.

پرسێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسانی ئیسڕائیلی، زۆر به‌بێده‌نگی ده‌ڵێن كه‌ پێیان باشه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌رده‌وام بێت و، له‌ژێر خاڵه‌كانی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌دا ده‌رباره‌ی سنووره‌كانی ئه‌م ئاڵووێره‌ دانوستاندن بكرێت و ڕێوشوێنی ڕوون له‌ به‌رامبه‌ریدا بگیرێته‌ به‌ر. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی و ڕزگاربوونی هه‌ردوو لایه‌ن له‌م ڕێككه‌وتنه‌، به‌ مانای هه‌وڵدان و ده‌ستپێكردنی كێبڕكێیه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌، بكه‌وێته‌ ژێر لۆمه‌ی هێزه‌كانی تره‌وه‌، ئه‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ كه‌ بتوانێت جارێكی تر پاڵپشتیی هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كانی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئابڵووقه‌كانی سه‌ر ئێران، وه‌ده‌ست بخاته‌وه‌.

چین:

"ڕێكس ته‌یلۆرسۆن"، له‌وانه‌یه‌ خۆی له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانێكدا ببینێته‌وه،‌ كه‌ ترامپ خۆی له ‌ڕێگه‌ی وته‌ توندوتیژه‌كانی له‌ هه‌مبه‌ر چیندا، دروستی كردووه‌. گۆڕانكاری له ڕوانگه‌ و سیاسه‌تی ترامپ و ئه‌مریكا له ‌هه‌مبه‌ر تایوان، وه‌كوو به‌شێك له‌ چینی یه‌كگرتوو، په‌یوه‌ندیی چین و ئه‌مریكای تووشی قه‌یران كردووه‌.

 ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیی چوار ده‌یه‌ی ڕابردووی ئه‌مریكا تێك بچێت، ترامپ ئه‌و مه‌ترسییه‌ی قبووڵ كردووه‌ كه‌ چین ببێته‌ دوژمن و نه‌یارێكی ئه‌مریكا؛ كه‌ ئه‌مه‌یش، ده‌توانێت هاوكارییه‌كانی ئیستا بخاته‌ ژێر گوشاره‌وه‌ یاخود زۆر سنوورداریان بكات. ئه‌م پرسه‌یش ده‌توانێت ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له سه‌ر‌تاسه‌ری‌ جیهاندا ‌پێچه‌وانه‌ بكاته‌وه‌. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ چین، به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی به‌رفراوانی هه‌یه‌. چین به‌ سێیه‌مین وڵات داده‌ندرێت كه‌ كاڵاكانی ئه‌مریكا بۆی هه‌نارده‌ ده‌كرێت و، ئه‌مریكایش گه‌وره‌ترین و یه‌كه‌مین بازاڕی هه‌نارده‌كردنی كاڵاكانی چینه‌. هه‌روه‌ها چین گه‌وره‌ترین خاوه‌نی قه‌رزه‌كانی ئه‌مریكایه‌.

ئۆكراین:

ئۆكراین و ئه‌مریكا و زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی، بڕوایان وایه‌ كه‌ مۆسكۆ لایه‌نگرانی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكراین له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ چه‌كدار ده‌كات و هانیان ده‌دات. پێكدادانه‌كانی نێوان هێزه‌كانی ئۆكراین و لایه‌نگرانی مۆسكۆ له‌ ساڵی 2014ه‌وه،‌ ژیانی زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌سی تێك داوه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ڵمانیا و  فه‌ڕه‌نسا سه‌ركه‌وتنێكی بچووك و كه‌میان هه‌بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو لایه‌ن بۆ ئاشتی و دانوستاندن بانگهێشت و هان بده‌ن.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌ هۆی پێوه‌لكاندنی نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا بۆ سه‌ر ڕووسیا و پێكدادانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكراین، چه‌ندین ئابڵووقه‌ی ئابووریی جۆراوجۆریان بۆ مه‌به‌ستی سزادانی ڕووسیا، سه‌پاندووه‌. به‌ڵام ترامپ به‌ دوای دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نزیك و باشتر له‌گه‌ڵ ڕووسیادایه‌ و، بڕوای وایه‌ كه‌ خۆی و كاندیدكه‌ی بۆ پۆستی وه‌ز‌یری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌، ده‌بێت به‌ ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئابڵووقه‌كانی سه‌ر ڕووسیا كار بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌:

http://www.reuters.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples