2017-01-07
ڕێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی: ١٦ وڵاتی دنیا، چه‌ک به میلیشیا شیعه‌کانی عێراق ده‌ده‌ن
وه‌رگێڕان و ئاماده‌کردنی: ساماڵ ئه‌حمه‌دی
ڕێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی (Amnesty International) له ڕاپۆرتێکدا ڕای گه‌یاندووه، میلیشیا شیعه‌کانی عێراق له لایه‌ن ١٦ وڵاتی دنیاوه چه‌کیان پێ ده‌گات. ئێران، ئه‌مریکا، ڕووسیا و وڵاتانی ئه‌وروپایی له‌و وڵاتانه‌ن که چه‌ک به میلیشیا شیعه‌کانی عێراق ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌و میلیشیا شیعانه گه‌لێک جار به بکه‌ری تاوانی جه‌نگی، له قه‌ڵه‌م دراون.
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی ڕێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و گرووپه چه‌کداره عێراقییانه‌ی که زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان شیعه‌ن و، ساڵی ٢٠١٤ بۆ پشتیوانیی ده‌وڵه‌تی عێراق له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا پێک هاتن، تاوانی جه‌نگییان له هه‌مبه‌ر خه‌ڵکی ناوچه سوننه‌نشینه‌کانی عێراقدا ئه‌نجام داوه.
ڕێکخراوه‌که ڕای گه‌یاند، ئه‌و گرووپه چه‌کداره شیعانه به‌بێ هیچ چه‌شنه دادگه‌یه‌ک سزای وه‌کوو له‌سێداره‌دانی نایاسایی، ئه‌شکه‌نجه، بێسه‌روشوێنکردن و گه‌لێک تاوانی دیکه‌یان له دژی خه‌ڵکی سوننه‌مه‌زهه‌بی عێراق به‌کار هێناوه.
پاتریک وایڵکن، توێژه‌ری کاروباری چاودێریی چه‌ک له ڕێکخراوی ''لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی''دا ده‌ڵێت: ''دابینكهرانی چه‌ک، له‌وانه ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ڕووسیا و ئێران، ده‌بێ وشیار بن و ئه‌و ڕاستییه له‌به‌رچاو بگرن، که ئه‌و چه‌کانه‌ی ده‌یاننێرن بۆ عێراق، مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره بکه‌ونه به‌رده‌ستی گرووپه میلیشیاکان؛ ئه‌ویش ئه‌و گرووپانه‌ی که پێشینه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان هه‌یه.''
ئه‌و گرووپه میلیشیا شیعانه‌ی به ''چه‌کدارکراوانی خه‌ڵک''ی عێراق (حشد الشعبی) ناسراون، به بیانووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێشڕه‌وییه‌کانی گرووپی ناسراو به ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراقدا، نزیکه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێک هێنران و، هه‌رچه‌ند له هه‌مبه‌ر داعشدا ده‌جه‌نگن، به‌ڵام هه‌تا ئێستا زیاتر له جارێک به بکه‌ری ئه‌و کرده‌وانه تۆمه‌تبار کراون، که وه‌ڕاستگه‌ڕانی ''تاوانی جه‌نگی''یان لێ وه‌دیار ده‌که‌وێت. بۆ نموونه، له پاییزی ڕابردوودا ڕێکخراوی ''لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی'' ڕای گه‌یاندبوو، ئه‌و گرووپه چه‌کداره شیعانه له ڕه‌وتی ئۆپه‌ڕاسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ له بنده‌ستی میلیشیاکانی ''حکوومه‌تی ئیسلامی''دا، به شێوه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه که‌سانێکیان به ''گومانی'' هاوکاری له‌گه‌ڵ داعش، له‌سێداره داون و ئه‌شکه‌نجه کردوون.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی، گرووپه توندئاژۆ سوننهمهزههبهکهی ''حکوومه‌تی ئیسلامی''یشی به جێبه‌جێکه‌ری گه‌لێک ''تاوانی به‌ربڵاو'' تۆمه‌تبار کردووه و، له ڕاپۆرتێکیدا که مانگی دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٥ بڵاوی کرده‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و چه‌کانه‌ی له لانی که‌م ٢٥ی وڵاتی دنیاوه به سوپای عێراق درابوون، که‌وتنه به‌رده‌ستی گرووپی داعش. له ڕاپۆرتێکی دیکه‌یشیدا گوتبووی، داعش ''به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیك و که‌موێنه، ده‌ستی کردووه به پاکتاوی نه‌ته‌وه‌یی'' له‌نێو گه‌لانی عێراقدا.
ئه‌و ڕێکخراوه باندهوڵهتییه، له ڕاپۆرته‌که‌یدا که ٥ی مانگی جانیوهریی ٢٠١٧ بڵاوی کرده‌وه، ده‌ڵێ، گرووپه میلیشیاکانی شیعه، تانک و چه‌کوچۆڵی ئۆتۆماتیک و نیشانشكێن (قه‌نناس) و گه‌لێک چه‌کی دیکه‌یش، به‌پێی مۆڵه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌کار دێنن و، سه‌رباری ئه‌وانه‌یش، ئه‌ندامانی ''چه‌کدارکراوانی خه‌ڵک''ی عێراق له ڕێی ''ئۆنلاین''ه‌وه له بازاڕی ئازاد، خه‌ریکی کڕینی چه‌کی جۆربه‌جۆرن.
ئێران، که له ڕاپۆرته‌که‌دا ناوی له‌گه‌ڵ ناوی وڵاتانی دیکه هاتووه و داوای لێ کراوه به ''وشیاری''یه‌وه چه‌ک به عێراق بدات، له لایه‌ن ڕێکخراوه‌که‌وه به سه‌ره‌کیترین پشتیوانی گرووپه میلیشیا شیعه‌کانی عێراق له قه‌ڵه‌م دراوه.
پاتریک وایڵکن ده‌ڵێ: ''له بری په‌سن و پێداهه‌ڵگوتن و بهپاڵهوانناساندنی میلیشیا شیعه‌کان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژی داعش ده‌جه‌نگن... کاربه‌ده‌ستانی عێراقی، ده‌بێ چاوپۆشی له‌و توندوتیژییه ئامانجدارانه نه‌که‌ن، که ئه‌و گرووپانه به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن؛ چونکه ئه‌و توندوتیژییانه ناکۆکیی زۆر توندیان لێ ده‌که‌وێته‌وه.''
سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه میلیشیا شیعانه له ساڵی ڕابردووه‌وه به‌فه‌رمی، بوون به به‌شێک له سوپای عێراق، که‌چی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی ڕێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌داوه‌ته‌وه، که له‌باره‌ی وه‌رده‌کارییه‌کانی میکانیزمی به‌رپرسیارێتیی ده‌وڵه‌ت له هه‌مبه‌ر ئه‌و گرووپانه‌دا لێی پرسیوه.
ڕێکخراوی ناوبراو داوای له وڵاتانی فرۆشیاری چه‌ک به عێراق کردووه، چاودێریی شێوه‌ی به‌کارهێنانی ئه‌و چه‌کانه بکه‌ن و نه‌هێڵن بکه‌ونه ده‌ست ئه‌و گرووپه میلیشیایانه‌ی که پێشینه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان هه‌یه.
سەرچاوەکان: