2017-01-07
جهنگێکی جیاواز لە عێراق
شیکردنەوەیەکی ناوەندی ستراتفۆرە
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
لێکدانەوە:
پێشینەی کاری حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2017دا ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ه. بەڵام کە ئەم جەنگە کۆتایی هات، دەبێت خەریکی چارەسەرکردنی کێشەگەلێکی تر بێت کە تا ئێستایش بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.
پێشبینی:
لێکدانەوە و شیکارکردن:
لەگەڵ ئەوەی جەنگی مووسڵ کۆتاییی پی هات و لە دەستی داعش ئازاد کرا، ڕەشەبای جەنگێکی نوێی سیاسی لە موسڵەوە بەرەو باشووری بەغدا هەڵدەکات. لە دوای چەند جار دواخستن و گفتوگۆکردن، پەرلەمانی عێراق لە 7ی کانوونی یەکەمدا یاسای بودجەی ساڵی 2017ی تێ پەڕاند. هەرچەندە لە ئێستادا بەشێك لە ململانێ و ناکۆکییەکان لەبارەی بودجەی ساڵی 2017وە کۆتایییان پێ هاتووە، بەڵام هێشتایش کێشە و ئاڵۆزیگەلێکی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت. بە هەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو لە ساڵی 2017دا، بە هۆی نزمیی نرخی نەوتەوە، عێراق ڕووبەڕووی هەمان کێشەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو دەبێتەوە، بەڵام هێشتا جەخت لەسەر کێشە و جەنگی داعش دەکاتەوە و، پێشینەی عێراق کارکردنە لەسەر نەهێشتنی داعش لەناو عێراقدا.
ساڵێکی تر لە نەهامەتی و ناخۆشی:
لەبارەی چۆنیەتیی خەرجکردنی بودجەوە، عێراق لە نێوان دوو جەمسەری سەختدا گیری خواردووە. لە عێراقدا بێهیوایی و دڵتەنگی، باڵی بەسەر خەڵکەکەدا کێشاوە، بەڵام لە نێوان عێراق و بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا هێشتا هیوایەك ماوە و سنوورێك بۆ بڕینی خەرجییەکانی عێراق دانەنراوە. عێراق لە دوای سعوودیای عەرەبییەوە، دووەم دەوڵەتی بەرهەمهێنی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپیك (OPEC)ه و یەکێکە لەو دەوڵەتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە زۆری پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستێت. لە ساڵی 2015 دا ڕێژەی %85ی داهاتی عێراق لە هەناردەکردنی نەوتەوە بوو. سەرەڕای بڕیارەکەی ئۆپێك، کە بڕیاری داوە لە ساڵی2017دا بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت کەم بکاتەوە، بەڵام پێ ناچێت ئەم کەمکردنەوەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گەڕانەوەی بۆ ئاستی جارانی. شارەزایانی ئابووری و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دایان ناوە ئهمساڵ نرخی بەرمیلێك نەوت 42$ بێت؛ بەم شێوەیە داهاتی ئەمساڵی عێراق 100.7 تریلیۆن دیناری عێراقی دەبێت کە دەکاتە نزیکەی 85 بلیۆن دۆلار. ئەگەر بەم شێوەیەیش بێت، هێشتا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، داهاتی عێراق 6% کەمی کردووە.
لە داهاتی ئەمساڵی عێراقدا، گەورەترین بەشە بودجە، کە دەکاتە 12 تریلیۆن دینار، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و بنیاتنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش تەرخان کراوە. بەغدا دەیەوێت زیاتر جەخت لەسەر ئەو ناوچانە بکاتەوە کە ئەگەری سەرهەڵدانی کەس و گرووپی توندڕەویان تێدا هەیە و، دەیەوێت هێزی خۆی لەو شوێنانە جێگیر بکات و دەسەڵاتی خۆی دووبارە لەو ناوچانەدا بسەپێنێتەوە. ئەو ناوچەیەی کە ناوچەیەکی تێکەڵە لە ئایین و زمان و کهلتووری جیاواز و ئەو ناوچەیەی کە شاری مووسڵیشی تێدا هەڵکەوتووە و داعش داگیری کردووە، لە دوای ئازادکردنەوەی شارەکە، دەبێتە گەورەترین بەربەست و کۆسپ بۆ حکوومەتی عێراق. ئەو ناوچانەیش کە دەکەونە پارێزگاکانی سەلاحەددین و دیالە و ئەنبارەوە و پێشتر لە لایەن داعشەوە داگیر کرابوون، هەر لە ئێستاوە هەوڵی باشتربوونی گوزەرانی خۆیان دەدەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە باری ئاساییی جارانیان.
بەپێی پێوەرێکی بانکی نێودەوڵەتی، ڕێژەی 41.2%ی خەڵکی ئەو ناوچانەی لە ساڵی 2015دا لەلایەن داعشەوە داگیر کرابوون لە ئاستی هێڵی هەژاریدا ژیاون، بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە 14.5%ی خەڵکی عێراق بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی هەژاریدا گوزەران دەکەن. سەرەڕای ئەو قەیرانە دارایییەی عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێت لە ساڵی 2017دا لە ڕێی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و پەروەردە و تەندروستی و بە دابینکردنی بڕە بودجەی پێویست، كار لەسەر ئەو ناوچانە بکات و بیانگەڕێنێتەوە سەر باری ئاساییی خۆیان. ئەم کردەیەی بەغدا جگە لە یارییەك لەناو نەهامەتیدا هیچی تر نییە. بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام یارمەتی لە بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت، بەپێچەوانەوە، دەبێت لەمساڵدا خەرجییەکانی کەم بکاتەوە نەک زیادیان بکات.
ڕاستییهكهی، بودجەی نوێ قەرزەکان وەك خۆیان دەهێڵێتەوە و وا دەکات کە عێراق لە پرۆژەکانی بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی خۆیدا بەردەوام چاوی لە یارمەتییەکانی ئەڵمانیا و بریتانیا و ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ گەشەسەندنی نێودەوڵەتی (USAID) بێت. بەپێی یاسای بودجەی حکوومەت، ئهمساڵ بە ڕێژەی3.8% لە مووچەی مانگانەی کارمەندانی حکوومەت کەم دەکاتەوە و، بەپێی یاسایەکی نوێ ساڵانە کارمەندانی حکوومەت بڕێک لەو موچەیەی کە لێیان بڕاوە، وەری دەگرنەوە. لە هەمان کاتدا نرخی ئاو و هەندێك پێداویستی زیاد دەکرێت و، ئەمەیش دەبێتە مایەی نیگەرانی و بێهیواییی خەڵك. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکوەزیران، حەیدەر عهبادی، بە بیانووی جەنگی داعش خەڵکی قایل دەکرد، بەڵام چیدی ئەو تاکتیکە کاریگەر نابێت و خەڵک بەوە قایل نابێت. لەگەڵ ئەوەی کە هێزی هاوپەیمانان داعشیان تێک شکاند و ناوچە داگیرکراوەکانیان ئازاد کردەوە، خەڵکی ئەو ناوچانە کە لە ئاستێکی نزمی هەژاریدا گوزەرانیان کردووە، چیدی نایانەوێت لەو بارودۆخەدا بژین و خواستی بەکاربردن لەو ناوچانەدا زیاد دەکات.
کێشەی کوردستان:
هەر لە ئێستاوە بودجەی ساڵی 2017، لە کوردستانی عێراقدا بووەتە کێشە. وەک هەمیشە، ڕێژەی 17%ی بودجەی عێراق بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە. هەر بەپێی ڕێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی ئەو ڕێژەیە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا دەڵێت تەنیا مووچەی 650,000 فەرمانبەر خەرج دەکات و، لە بەرانبەر ئەمەدا، دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 550,000 بەرمیل لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ حکوومەتی ناوەند بنێرێت. ئەم ڕێککەوتنەیش هەمان ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە مانگی دووی ساڵی پار و مانگی 2014/12 دا گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام ئەم بڕیارە تا ئێستایش بەهەڵواسراوی ماوەتەوە و، حکوومەتی هەرێم دوودڵە لەوەی کە خۆی نەوت بفرۆشێت، یان ئەم بڕە ڕادهستی بەغدا بکات. جیاواز لە یاسای بودجەی ساڵانی ڕابردوو، پلانی بودجەی ئەمساڵ، بەغدا لە ناردنی ڕێژەی 17% ڕزگار دەکات، ئەگەر بێت و حکوومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوەتەی، ڕۆژانە ڕادەست نەکات.
بەپێی ئەو بەندوبارانە، بودجەی ساڵی 2017 هەموو بەندوبارەکانی بەغدا لەخۆ دەگرێت و، بە تەکنیکێکی تایبەت دانراوە کە چۆن داهاتی نەوت لەگەڵ هەولێردا بەش بکات. هاوکات گەورە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتوندی ڕەخنەیان لەم ڕێککەوتنە گرتووە. لە لایەکی ترەوە پارتە سیاسییەکانی تری وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەیارانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەم ڕێککەوتنە ڕازین و تەنانەت دەستخۆشی لە ئەنجومەنی یاسادانانی داراییی بەغدا دەکەن. ئەم تێڕوانینە جیاوازەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەبێتە هۆکاری دوورکەوتنەوەی زیاتر و دابەشبوونی ئەم دوو حزبه. پارساڵ هەر دوو حزبهکە هاوڕا بوون لەسەر ڕێککەوتنەکەی مانگی دوو و هەمان تێڕوانینیان هەبوو، بەڵام ئێستا پارتی تەنیایە و، جیاواز لە یهكێتی، بەم ڕێککەوتنە ناڕازییە و نایەوێت داهات بەم جۆرە لە ژێردەستی بەغدا بێت. لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەژێر دەسەڵات و ڕکێفی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبهكانی دیكه گلەیی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن لەوهی کە لەگەڵ بەغدا پێک نایەت و، دەڵێن ئەمە وا دەکات هەولێر لە داهاتی نەوتی عێراق بێبەش بێت. ئەگەر ڕێتێچوونێك هەبووبێت کە هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەسەر بودجە لەگەڵ بەغدا پێک بێت، ئەوا ئەمساڵ ئەو ڕێتێچوونەیش نابێت و، هیچ شتێک هەرێمی کوردستان بەوە قایل ناکات کە لە ڕێگەی ترەوە و جگە لە بەغدا نەوت هەناردە نەکات.
سەرەڕای هەبوونی ئاڵۆزی کێشە لە نێوان بەغدا و هەولێردا، هێشتاش دەبێت بەغدا و هەولێر ڕێگەیەك بدۆزنەوە بۆ وتووێژ و دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک لەسەر کەم کردنەوەی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق، کە ئۆپیک OPEC دایناوە و عێراق دەبێت ڕۆژانە 210,000 بەرمیل لە هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژانە کەم بکاتەوە. هەرچەندە هەرێمی کوردستان خۆی یەکلایی نەکردوەتەوە لەسەر کەم کردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام ئەم بابەتە بابەتێکی کراوەیە و دەکرێت لە گەڵ بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و بگەنە ئەنجامێک. بۆ ئەمەش دەبێت یەکەم جار هەردوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نێوان خۆیاندا پێک بێن و جیاوازییەکانیان کەم بکەنەوە و زیاتر لێک نزیک ببنەوە.
مانەوە لەگەڵ ئەم بودجەیە:
تائێستایش ئەو بودجەیەی بۆ لایەنی سەربازی تەرخان کراوە، کێشەی لەسەرە و یەکلایی نەبووەتەوە. لە ئێستادا یاسایەکی نوێ دەرچووە و بەپێی ئەو یاسایە هێزە چەکدارە خێڵەکییەکان کە لەناو بازنەی سوپای عێراقدا نین، لە بودجەی ساڵی 2017 مووچەی زیاتر لە 110,000 جەنگاوەریان بۆ دانراوە. ئەم هێزە چەکدارە، جەنگاوەری سوننیشی تێدایە، بەڵام سەرکردە سوننەکان لەوە بەئاگان کە زۆرینە و بنچینەی هێزەکە میلیشیا شیعەکانن و دەڵێن شیعەکان لەم هێزە سوودمەند دەبن و لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بەکاری دەهێنن. لە هەمان کاتدا، ئەم جووڵانەوەیە سەرکردە کوردەکانیشی نیگەران کردووە و، ئەوانیش دەیانەوێت بودجەی تەواو بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکرێت. بەپێی یاسای بودجەی نوێ، مووچەی ئەو هێزە چەکدارانە بەپێی داتا و سەرژمێری، دابین دەکرێت. بە هەمان شێوە بودجەی پێشمەرگەیش بەپێی ئهو داتا و سەرژمێرییەی کە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی دەکات، دابین دەکرێت. ئەوەی بە لای عێراقەوە گرنگە، ئەوە نییە کە ژمارەی پێشمەرگە چەندە، بەڵام ئەو پلە سەربازییانەی کە وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی داعشەوە بە پێشمەرگەی بەخشیوون، سوپای عێراق دانیان پێدا نانێت و ئەو پلە سەربازییانەی قبووڵ نییە، بەتایبەت ئەو پلە سەربازییانەی کە لە سەردەمی داعشەوە بە پێشمەرگە بەخشراون و، سوپای عێراق مووچەی ئەو پلە سەربازییانە دابین ناکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، لە 2016/12/8 لەم بارەیەوە گلەییی کردووە و دەڵێت ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە بەغدا هێزی پێشمەرگە و کوردی پشتگوێ خستووە. بارزانی دڵنیاییی ئەوەی دووپات کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هاریکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبن، بەڵام ئەو هاریکاریکردنە بەو شێوەیەیش ئاسان نییە کە بارزانی بیری لێ دەکاتەوە. پێشتر واشنتۆن بڕیاری دابوو کە بە بڕی 415 ملیۆن دۆلار یارمەتیی سەربازیی پێشکەشی پێشمەرگە بکات و، ئەم هاوکاریکردنەیش بۆ بەرهنگاربوونەوەی داعش بوو. بەغدا ئەم هاوکارییەی وەك چاوپۆشینێک دەبینی لە دەستبەسەراگرتنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە لایەن کوردەکانەوە. زیاد لەوەیش، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ مانهوە و گەڕانەوەی دەسەڵاتی عێراقن لەو ناوچانەدا، بەتایبەت کە جەنگی مووسڵ تەواو بوو. بەڵگەیش بۆ ئەم مەبەستە، ئەوەیە کە لەم دوایییانەدا کاربەدەستانی واشنتۆن جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە دوای جەنگی مووسڵ، دەکرێت واشنتۆن ئەو هاریکارییانەی پێشمەرگە کۆتایی پێ بهێنێت و چیتر یارمەتی پێشکەشی پێشمەرگە نەکات. هەر کاتێکیش جەنگی مووسڵ کۆتایی هات و جەنگ لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان دەستی پێ کرد، هەولێر و بەغدا هەردووکیان ڕوو دەکەنە واشنتۆن و داوای یارمەتی لەو دەکەن.
کاتێك بەتەواوەتی یاسای بودجە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، یەکەم کاری عێراق بەرهنگاربوونەوەی داعشە، بەڵام کە جەنگی داعش تەواو بوو، دەبێت بەغدا ئاوڕ لە کێشە چارەسەرنەکراوەکان بداتەوە و، لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا بێت.
سەرچاوە: