2017-01-14
چی ده‌توانێت ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست بكات یاخود شكستی پێ بێنێت؟
ئۆفرا بێنگیۆ
پێنووس: له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆییی خۆی له عێراق به‌ده‌ست بێنێت، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌ی سه‌ندووه و به‌هێز بووه. سێ قوتابخانه یاخود ڕوانگه‌ی هزری له‌سه‌ر ئه‌م پرسه دروست بوونه و، مشتومڕیانه. ڕوانگه‌ی یه‌كه‌م، باس له‌وه ده‌كات كه كوردستان هه‌موو سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی هه‌یه و ته‌نیا پرسی كاته، كه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ڕابگه‌یه‌نێت. ڕوانگه‌ی دووه‌م، زۆر ڕه‌شبینه و ده‌ڵێت كه باسكردن له سه‌ربه‌خۆیی ته‌نیا شتێكی تاكتیكییه و، هه‌ڵگرتنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی و زاڵبوون به‌سه‌ریاندا زۆر ئه‌سته‌مه. ڕوانگه‌ی سێیه‌م، بڕوای وایه كه به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان له مانه‌وه‌یه‌تی وه‌كوو به‌شێك له عێراق و، ئه‌مه هه‌ڵبژارده‌یه‌كی زۆر گونجاوه بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامیی هه‌رێمی كوردستان.
ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی دوایییان له‌ناو خودی كورده‌كاندا زۆر لایه‌نگر و پشتیوانی نییه، به‌ڵكوو ئه‌م ڕوانگه‌یه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته دراوسێكانی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پشتیوانیی لێ ده‌كرێت كه به شێوه‌یه‌كی سروشتی دژی دابه‌شبوونی ده‌وڵه‌تانن و، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی كورد له عێراق، ده‌بێته هۆی دروستبوونی ناسه‌قامگیریی زیاتر له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ئه‌نجامی ئه‌رێنیی لێ كه‌وته‌وه و ده‌وڵه‌تانی سه‌ربه‌خۆی نوێی باڵتیك، چوونه پاڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپا. هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانی دژی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق ئه‌م ڕاستییه له‌به‌رچاو ناگرن یاخود خۆیانی لێ گێڵ ده‌كه‌ن كه پێشووتریش تاوه‌كوو ئێستا ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ناوچه‌یه‌كی له‌رزۆكه، كه ده‌وڵه‌تانی شكستخواردوو، به عێراقیشه‌وه، له‌خۆ دگر‌ێت.
ئه‌و هۆكارانه‌ی كه ڕوانگه‌ی دووه‌م بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی باسی لێوه ده‌كه‌ن، زیاتر له لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌وه باس ده‌كرێت و به‌رز كراوه‌ته‌وه كه دژایه‌تیی ڕۆڵی "پارتی دیموكراتی كوردستان" ده‌كه‌ن كه بانگه‌شه و دروشمی سه‌ربه‌خۆییی هه‌ڵگرتووه؛ كه ئه‌مه‌یش له لایه‌ن ئه‌كادیمییه‌كان و شرۆڤه‌كاران و ڕۆژنامه‌نووسانیشه‌وه لایه‌نگری و پشتیوانی ده‌كرێت. لایه‌نگرانی ڕوانگه‌ی دووه‌م ده‌ڵێن كه كوردستان وڵاتێكی داخراوه و، مانه‌وه و ژیانی كوردستان په‌یوه‌سته به دراوسێكانییه‌وه، كه ئه‌و وڵاتانه‌یش هیچ كاتێك ڕیگه‌ی ئه‌وه ناده‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان دابمه‌زرێت به هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ست به‌و مه‌ترسییه ده‌كه‌ن كه ئه‌مه ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تی و ناسه‌قامگیری له‌ناو ئه‌و كوردانه‌ی كه له‌نێو سنووره‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا ده‌ژین. هاوشێوه‌ی ئه‌م بۆچوونه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش حه‌زی له‌وه نییه كه له ده‌ره‌وه‌ی ڕێككه‌وتن، پاڵپشتی له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان بكات، به هۆی ئه‌وه‌ی كه نیگه‌رانن كه ئه‌مه ببێته هۆی دروستبوونی ناسه‌قامگیری له ده‌وڵه‌تانی دراوسێی كوردستانی عێراقدا.
هۆكاره‌كانی تر كه ڕوانگه‌ی دووه‌م له دژی ئه‌گه‌ری دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان باسی لێوه ده‌كه‌ن بریتین له: دۆخی ناڵه‌باری ئابووری، بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی به‌رفراوان، به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌یه‌كی ناكارامه و نادیموكراتیك و، هه‌روه‌ها گرێدراوبوونی دارایی و ئابووریی هه‌رێم به به‌غداوه. هه‌روه‌ها له درێژه‌دا ڕه‌شبینه‌كان شكیان له بڕوا و مه‌به‌ستی باشی ڕێبه‌رایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه، به‌م مانایه كه "پارتی" پرسی بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، به‌و مه‌به‌سته به‌كار دێنێت كه سه‌رنجی ڕای گشتی له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان به لاڕێدا ببات، هه‌روه‌ها بۆ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و، سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان كه له‌وانه‌یه له جولای 2017 به‌ڕێوه بچێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن كه "مه‌سعوود بارزانی" زۆر لاواز و دوودڵه له ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییدا.
له كاتێكدا كه هه‌موو ئه‌م هۆكارانه له‌وانه‌یه بڕواپێهێنه‌ر بێنه به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه چاویان له‌وه پۆشیوه (ئه‌وه نابینن) كه گۆڕانكارییه‌كی به‌رفراوان و هه‌مه‌لایه‌نه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ڵكوو له هه‌موو جیهان له ئارادایه، كه له‌وانه‌یه به شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه چاره‌نووسی كوردستان ده‌ستنیشان بكات. له به‌شێكی به‌رچاوی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، جه‌نگ كاریگه‌رییه‌كی وێرانكه‌ری بۆ كورده‌كان هه‌بووه به‌ڵام له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا سێ جه‌نگ ئاسۆیه‌كی نوێیان بۆ كورده‌كان كرده‌وه یاخود نیشانی دان. له جه‌نگی كه‌نداوی ساڵی1991دا ئۆتۆنۆمییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یان له باكووری عێراق دامه‌زراند و، جه‌نگی ساڵی 2003 بووه هۆی گرێدان و پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مریكا و، بووه هۆی دروستبوون و پێكهاتنی سیسته‌می فیدراڵیی عێراق له پاش سه‌رده‌می سه‌دام و، جه‌نگ له دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) كه له ساڵی 2014دا سه‌ری هه‌ڵدا؛ ئه‌مانه هه‌موویان كوردیان خسته سه‌ر نه‌خشه‌ی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌م جه‌نگه‌ی دوایییان له‌وانه‌یه بتوانێت په‌نجه‌ره‌یه‌ك بۆ ده‌رفه‌تی سه‌ربه‌خۆیی دروست بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌م جه‌نگه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی خوڵقاند كه پێشمه‌رگه كۆنترۆڵی ناوچه‌ی كه‌ركووك بكات كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دانوستاندنه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌توانێت به‌كاری بێنێت و، هه‌روه‌ها حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌لماند كه ئه‌كته‌ر و هێزێكی كاریگه‌ر و سه‌ره‌كییه له جه‌نگ له دژی داعشدا.
له لایه‌كی تره‌وه، گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و جه‌نگی دژی داعش، لاوازیی سێ ده‌وڵه‌تی هه‌رێمیی له ناوچه‌كه‌دا ئاشكرا كرد: عێراق، به هۆی بوونی جه‌نگ و لێكترازان له‌نێو خودی خۆیدا و، له‌نێو شیعه-سوننه‌دا؛ توركیا، به هۆی كێشه و گرفته ناوخۆیییه‌كان و خراپبوون و ناڵه‌باریی بارودۆخی ئابووری و تێوه‌گلان له كێشه ناوچه‌یییه‌كان و، هه‌روه‌ها سووریا، به هۆی ئه‌وه‌ی كه له جه‌نگێكی چه‌ندلایه‌نه‌دا تێوه گلاوه.
پرسیار ئه‌وه‌یه كه كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی دراوسێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كوردستان ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بگرێته به‌ر؟
ده‌وڵه‌تانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان، یه‌ك شێوه نین و لێك ناچن. توركیا په‌ره‌ی به مامه‌ڵه‌كردنێكی دووانه‌یی داوه؛ واته كوردی باش له عێراق و كوردی خراپ له توركیا و سووریادا. به‌م پێیه، ده‌تواندرێت ئه‌وه وێنا بكرێت كه به‌پێی بارودۆخه‌كه توركیا ده‌توانێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستان له عێراق بژیت، له كاتێكدا له‌گه‌ڵ كورده‌كانی تر له جه‌نگدا بێت. به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژی و ئابوورییه‌كانی توركیا له‌وانه‌یه دۆخێكی دژبه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئانكارا‌دا بسه‌پێنێت، وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه ئانكارا به هۆی نه‌وت و غازه‌وه پێویستیی به ده‌وڵه‌تی كورده‌كانی عێراق ده‌بێت، هه‌روه‌ها بۆ هاوسه‌نگی له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا و، هه‌روه‌ها وه‌كوو قه‌ڵغانێك له به‌رامبه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی میحوه‌ری شیعی.
له‌وانه‌یه سووریا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌روا به لاوازی بمێنێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت چاوه‌ڕوانی سه‌رئێشه و كێشه‌كانی ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان له‌وێدا بكه‌ین، وه‌ك "جبهة فتح الشام" و، ته‌نانه‌ت "یه‌په‌گهـ كه له‌وانه‌یه هه‌وڵ بده‌ن كێشه و گرفت بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست بكه‌ن. سه‌باره‌ت به به‌غدا، ئه‌وه چاوه‌ڕوان ناكرێت كه عێراق ده‌ستپێشخه‌ری بكات بۆ به‌رپاكردنی جه‌نگێك له دژی هه‌رێمی كوردستان، له كاتێكدا خۆی له‌ناو جه‌نگدایه. ئێستاكه ملیشیا شیعه‌كان (حه‌شدی شه‌عبی) كه له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌هێز بووه و، له لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت، له‌وانه‌یه بڕیاری ئه‌وه بدات كه به‌ره‌یه‌كی جه‌نگ له دژی كورده‌كان بكاته‌وه.
ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه ئێران گه‌وره‌ترین كێشه و گرفت بێت بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان. چونكه به‌رده‌وام و هه‌میشه دژایه‌تیی خۆی بۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه ڕاگه‌یاندووه و، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه هانی "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان" و "بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" بدات كه له دژی ئه‌و بیرۆكه‌یه بوه‌ستنه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌موو ئامرازه‌كان بۆ ڕووخان و ڕێگه‌گرتن له دروستبوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته به‌كار بێنێت. له ڕاستیدا ئێران به هۆكارێك دژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه، كه توركیا به هه‌مان هۆكار پاڵپشتیی لێ ده‌كات. ئه‌م هۆكاره‌یش بوونی ده‌وڵه‌تی سوننه‌یه، كه ئه‌وه‌یش نفووز و كاریگه‌ریی توركیا له ناوچه‌كه‌دا به‌هێزتر ده‌كات و، دواجار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و هێزی شیعه له عێراق ده‌بێت.
پرسیاره گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا ئێران له هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له دژی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێت؟ ئه‌و شته‌ی كه لێی دڵنیان ئه‌وه‌یه كه ئێران هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م ده‌وڵه‌ته لاواز بكات و، له‌م كاته‌دا ئه‌وه ئه‌مریكایه كه ده‌توانێت ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و كاریگه‌ر له پشتیوانیی كورد بگێڕێت؛ ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئه‌وله‌وییه‌تی ئیداره‌ی نوێی ترامپ ڕاده‌وستێت.
ئه‌ی ده‌رباره‌ی نیگه‌رانییه ئابوورییه‌كان چی ده‌بێت؟ دۆخی ناڵه‌باری ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، هه‌میشه وه‌كوو به‌ر‌به‌ستێك له به‌رده‌م پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئاماژه‌ی پێ كراوه. له ڕاستیدا دوای ده‌یه‌یه‌ك له گه‌شانه‌وه‌ی ئابووری، هه‌رێمی كوردستان به‌گژ چه‌ندین قه‌یرانی جۆراوجۆری ئابووریدا چووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌یش ده‌رهاوێشته‌ی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی نیشته‌جێكردنی زیاتر له دوو ملیۆن ئاواره و خه‌ڵكی بێماڵوحاڵی ناوخۆیی، دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه به‌ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان پێیه‌وه گرێدراوه، تێچووی زۆری هێزی چه‌كداری و له‌مانه‌یش گرنگتر، مشت‌ومڕ و ناكۆكیی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پرسی بودجه و ڕێككه‌وتننامه‌ی دابه‌شكردنی داهاته‌كان. كاتێك كه هه‌رێمی كوردستان له جونی 2014دا كۆنترۆڵی كه‌ركووكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وتی كرد، بووه هۆی توندتربوونه‌وه‌ی بارگرژی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كه پێشتر به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له كۆتایییه‌كانی 2013 بڕیبوو. ئه‌مانه ئه‌و پرسانه‌ن كه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بڕوایان وایه تاوه‌كوو چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه ئابوورییانه له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌رێمی كوردستان نابێت سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئه‌م هۆكارانه به‌ڵگه‌یه‌كن بۆ لایه‌نی تر كه به هۆی ئه‌م قه‌یرانه تاوه‌كوو ئێستا چاره‌سه‌رنه‌كراوانه له‌گه‌ڵ به‌غدا، سه‌ربه‌خۆیی، تاكه ڕێگه‌یه‌كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه. بارزانی زۆر ڕاشكاوانه ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی ده‌ربڕیوه و گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر ئێمه ناتوانین ببینه شه‌ریكی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ به‌غدا، وه‌رن با هه‌وڵ بده‌ین كه ببینه دوو دراوسێی باش."
ئه‌وانه‌ی كه بڕوایان وایه ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ته‌نیا پرسی كاته‌كه‌یه‌تی، ئه‌م به‌ڵگه و ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه بۆ قسه‌كانیان ده‌هێننه‌وه: زۆرینه‌ی كورده‌كان له هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی و پشتیوانی له سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، سەرکردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌م بزاڤ یاخود بزوتنه‌وه‌یه ئاراسته ده‌كات و، بڕوایان وایه كه ئێستا زه‌مینه له‌بار و ئاماده‌یه، هه‌روه‌ها كات ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه؛ ئه‌م گۆرانكارییانه‌یش له عێراق و كوردستان شوێنی خۆیان گرتووه و ڕوویان داوه (واته كه‌شتییه‌كه به‌ڕێ كه‌وتووه). ئه‌وه‌یش كه په‌یوه‌ندیی به ڕای گشتیی خه‌ڵكی كورده‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه نزیكه‌ی 85% له خه‌ڵك، پاڵپشتی له سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن. ئه‌م پاڵپشتی و پشتیوانییه، به تێپه‌ڕینی كات، زیاتر و زیاتریش بووه، به هۆی ئه‌و ئه‌زموونه خوێناوییه‌ی كه كورده‌كان له‌ژێر حوكمڕانیی یه‌ك له دوای یه‌كی ڕژێمه‌كانی عێراقدا بینیویانه. تێچووی ئه‌مه‌یشیان دا: له ساڵی 2014، گیانی زیاتر له 1400 پێشمه‌رگه‌یان له جه‌نگی دژی داعش به‌خت كرد. بێجگه له‌مه‌یش، نه‌وه‌ی نوێ، خوێنده‌وار و خاوه‌ن بروانامه‌یه و بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌نێویاندا زیاتر سه‌ری هه‌ڵداوه و به‌رز بۆته‌وه.
بارزانییه‌كان زیاتر پێداگری له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن و یه‌كگرتوون، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌رامبه‌ریان. كاتێك كه هه‌ندێ كه‌س به‌گاڵته‌وه باس له ڕاستیی نییه‌ت و پاڵنه‌ره‌كانی بارزانی ده‌كه‌ن، ئه‌وه سه‌رۆك بارزانی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه (سوێندی خواردووه) كه سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچار بێت ته‌نیا له گوندێكی كوردستانیش بێت. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕاستییه‌یش هه‌یه كه له‌نێو ئه‌ندامانی ئۆپۆزیسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیشدا پاڵپشتیی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، بوونی هه‌یه. "كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ"، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه "سه‌ربه‌خۆییی كوردستان چیتر خه‌ون نییه". ئه‌ندامێكی تری سەرکردایەتی "جێگری دووه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌رهه‌م ساڵح گوتی: "ئه‌مه مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه، كه سه‌ربه‌خۆییی خۆیان به‌ده‌ست بێنن."
هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێشخستنی ئه‌و ئه‌جێندایه، چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌یی یاخود پراكتیكیشیان هه‌ڵگرتووه. یه‌كێك له‌وانه كاركردن و یه‌كخستنی ڕای گشتیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بوو. بۆ نموونه، ئه‌و كۆنفراسه‌ی كه له كۆتایییه‌كانی مانگی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 2016 له زانكۆی ئه‌مریكی له كوردستان بۆ تاووتوێكردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه چوو: كه نێچیروان بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و، مه‌سرور بارزانی، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی حزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانیش به‌شداریبان تێدا كرد. هه‌روه‌ها پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستپێشخه‌ریی بۆ چه‌ندین خولی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه، بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه سیاسییه كۆنه چه‌ندین ساڵه‌كه‌ی نێوانیان، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ئیفلیج كردووه.
یه‌كێكی تر له‌و پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه زۆر گرنگانه، بریتی بوو له دانوستان و گفتوگۆی نێوان مه‌سعوود بارزانی و نێچیروان بارزانی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له مانگی سێپته‌مبه‌ر و ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2016دا. ئه‌جێندای بارزانی (مه‌سعوود بارزانی و نێچیروان بارزانی) بۆ گفتوگۆ، به‌رگری له بیرۆكه‌ی "جیابوونه‌وه‌ی دۆستانه" بوو؛ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه باوه‌ڕپێهێنان و ڕازیكردنی به‌غدا باشترین ڕێگه‌یه بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی. له‌م دوایییه‌یش حه‌یده‌ر عه‌بادی گوتی كه كورده‌كان "مافی بێموناقشه‌یان" هه‌یه بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان. هه‌ر له‌م كاته‌یشدا مه‌سعوود بارزانی له خولێكی گه‌شت بۆ پایته‌خته‌كانی جیهان، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا كه پاڵپشتیی دیپلۆماسیی گه‌وره بۆ سه‌ریه‌خۆییی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات.
له كۆتاییدا، هه‌وڵێكی گشتگیر و هه‌ماهه‌نگ هه‌یه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گشتگیر و ڕیشه‌یی له ڕیفۆرم له سیسته‌می گه‌نده‌ڵیی ئابووریدا، كه پرۆگرامی ده‌ستپێوه‌گرتن یاخود سكگۆشینی ئابووری له‌خۆ ده‌گرێت، كه خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت كه‌م ده‌كاته‌وه له ڕێگه‌ی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیای Deloitte كه گه‌وره‌ترین كۆمپانیای پرۆفێشناڵی بواری پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی دارایییه له جیهاندا، بۆ چاودێری و پێداچوونه‌وه له بواری ژمێریاری و به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن و داهاته‌كانی نه‌وتی كوردستان.
به‌دڵنیایییه‌وه ڕێگه‌ی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست ده‌بێته‌وه یاخود چه‌ندین به‌ربه‌ستی له به‌رده‌مدایه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تاوه‌كوو ئێستا سه‌ره‌ڕای بوونی كۆمه‌ڵێك مه‌ترسیی ژینگه‌یی، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی ژینگه‌یی ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بكاته ئه‌مری واقع و ڕاستی؛ ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌وستێته‌وه كه ڕێبه‌رانی كورد چۆن بتوانن به‌باشی له‌م كاته‌دا سوود له كارته‌كانی به‌رده‌ستیان وه‌ربگرن.
By:
Ofra Bengio is a Senior Research Fellow at the Moshe Dayan Center for Middle Eastern and African Studies (MDC), Tel Aviv University.
سه‌رچاوه: