ئێران ئەندازیاری ڕاگوێزان و جێگۆڕکێی خەڵکی سووریایە

2017-01-22

ئێران ئەندازیاری ڕاگوێزان و جێگۆڕکێی خەڵکی سووریایە 

 

سوزان هەیدمۆوز

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی  

لەو شیو و دۆڵەدا، کە دەکەوێتە نێوان دیمەشق و لوبنانەوە و، بەهۆی جەنگەوە دانیشتوانی ناوچەکە شوێنەکانی خۆیانیان چۆڵ کردووە، گۆڕانکارییەك ڕوودەدات. لەو کاتەوەی کە جەنگ لەو ناوچانە کۆتایی پێ هاتووە، خەڵك دەستی کردووە بە گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە. بەڵام ئەمجارەیان خەڵکێکی تر لەو شوێنەدا نیشتەجێ دەکرێن و هەمان دانیشتوانی پێشووی ناوچەکە نین، کە شەش ساڵ لەمەوبەر بەهۆی جەنگەوە ناوچانەکەیان بەجێ هێشت.

ئەو خەڵکەی ئێستا لەو ناوچەیەدا جێگیر دەکرێن شیعەمەزهەبن و بەتەواوەتی لە موسڵمانە سوننەکان، کە دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکەن، جیاوازن. بەپێی وتەی ئەو کەسانەی ڕاگوێستنەکە ئەنجام دەدەن، ئەو خەڵکە نوێیە تەنیا شیعەکانی نێوخۆی سووریا نین، بەڵکو لە عێراق و لوبنانیشەوە خەڵکی شیعەمەزهەب دێنن و لەو ناوچەیە جێگیری دەکەن.

گۆڕانکاری لە نیشتەجێکردنی خەڵکدا، پلانێکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای بەشێك لە سووریا، کە بەهۆیەوە ئێران دەتوانێت ئاسانتر لەو ناوچانەدا بە مەرامەکانی خۆی بگات. هەروەها ئەم گۆڕانکارییە ڕێخۆشکەرە بۆ دروستکردنی پردێكی بەسترانەوە بە حزبوڵڵای لوبنانەوە و، بەرژەوەندییەکی بەتەواوەتی جیاوازە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا لەو ناوچەیەدا.

تورکیا و ڕووسیا هەوڵی ئاگربەستیان دا و ویستیان دەوڵەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنەکەی لێك نزیك بکەنەوە و بیانگەیەننە ڕێکەوتنێکی سیاسی. کەچی ئێران خەریکی پرۆژەیەکی دیکەیە و لەڕێی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییەوە دەیەوێت حزبوڵڵا و تاران پێکەوە گرێ بداتەوە و یارمەتیی حزبوڵڵا بدات و بە بەهێزی بیهێڵێتەوە. سەرکردەیەکی پێشووی لوبنانی دەڵێت، "ئێران نایەوێت لەنێوان دیمەشق و حومس و سنووری لوبناندا سوننەمەزهەب نیشتەجێ بن."

ئێران لە پرۆژەکەیدا، دوو شوێنی بەلاوە مەبەستە، ئەو دوو شوێنەش ‌ئەلزەبدانی و مەزایا (الزبدانی و مضایا)ن، کە لە ژێردەستی ئۆپۆزیسیۆندان. ئێران لە نێوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥وە لەگەڵ گرووپی ئەحرار ئەلشام (احرار الشام) خەریکی دانوستانە، کە ئەو گرووپە نەیارێکی سەرسەختی ڕێژیمەکەی ئەسەدە و ئەو دوو شوێنەیان لەژێر دەستدایە.

چەقی گفتوگۆکانی ئیستانبوڵیش لەمەڕ گوندەکانی ئەلفووعە و کفریاوەن (الفوعە و کفریا)، کە دەکەونە ڕۆژاوای حەڵەبەوە و، گرووپە جیهادییەکان و ئۆپۆزسیۆن دەورەیان داون و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب بخەنەوە ژێردەستی خۆیان. بەپێی وتەی ئەندازیارانی ڕاگوێستنەکە، ئەم ڕاگوێزانە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ خەڵکی باشوور و ناوچەی نێوجەرگەی عەلەوییەکان، کە بەرەو باکوور و بۆ دیمەشق ڕادەگوێزرێن.

لەبیب ئەلنەحاس، گوتەبێژی گرووپی ئەحرار ئەلشام دەڵێت، ئێران بۆ ئەو ناوچانە هەوڵ دەدات و، دەیەوێت کۆنترۆڵیان بکات، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت. ئێران بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ ئەوەی خەڵکی باکووری سووریا بەرەو باشووری ئەو وڵاتە ڕاگوێزێت. ئێران پێویستی بە ناوچەیەکی جوگرافیاییی هەیە، کە هەمیشە بە لوبنانییەوە گرێ بدات. جیاوازیدانانی مەزهەبی و دووبەرەکینانەوە لە ناوچەکەدا، هەمووی لەبن سەری ئێراندایە.

دەورەدانی ‌ئەلزەبدانی و مەزایا گرفتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنن و، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن نەتوانێت دەست بەسەر ئەلفووعە و کفریادا بگرێتەوە، کە دانیشتوانەکەیان شیعەمەزهەبن. حزبوڵڵا ئەم ناوچانە بە ناوچەی ئاسایش ناو دەبات و لە لایەن سەرکردەی ڕۆحیی ئێرانەوە داوایان لێ کراوە، بە هەرنرخێك بووە، دەبێت بەرگری لەو شوێنانە بکەن و بیانپارێزن.

ئێران لەڕێی داردەستەکەیەوە، کە حزبوڵڵایە، لەم ناوچانەدا زۆر چالاکە. بەم هۆیەشەوە حزبوڵڵا لە دۆڵی بیقاعەوە تا دەگاتە دیمەشق باڵادەستە و دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە، تا دەگاتە پایتەختی سووریا. هەروەها لە (وادی بەرەدەی)ەوە بەرەو باکووری ڕۆژاوا حیسابی بۆ کراوە و دەکەوێتە نێو پلانی ڕاگوێستنەوە.

ئەم پرۆژەی ڕاگوێستن و گۆڕێنی دیمۆگرافییە کاریگەریی خراپی لەسەر ناوچەکانی سووریا دەبێت، چونکە لەپێش جەنگەکەدا، بۆ ماوەی چەندین سەدە خەڵکی سەر بە ئایینزای جودا جودا لەم ناوچانەدا بەبێ گرفت ژیاون و لەنێو خۆیاندا جوداییان دانەناوە. لە ناوچەیەك کە پێی دەگوترێت داریا و دەکەوێتە باشووری خۆراوای دیمەشقەوە، زیاد لە ٣٠٠ خێزانی عێراقیی شیعەمەزهەب ڕاگوێزران بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە قەدەغە کرابوون. لەبەرانبەر ناردنی ئەو خێزانانەدا، هەرهەمان ڕۆژ ٧٠٠ جەنگاوەری گرووپە یاخیبووەکان نێردران بۆ ناوچەی ئیدلیب.  

هەبوونی نەزرگا و شوێنە پیرۆزە بەرچاوەکان لە داریا و دیمەشق نیشانەی هەبوونی شیعەن لەو ناوچانەدا. حزبوڵڵا چواردەوری مزگەوتی زەینەبی تەنیوە و خەڵکی شیعەمەزهەبیان لە چواردەوری مزگەوتەکە نیشتەجێ کردووە و ئێران لەو ناوچەیەدا خانوو و زەویی کڕیوە، کە بەشێکن لە پرۆژەکەی سووریا.

ئەبوومازن دارکۆش، کە فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئازادی سووریا بووە و لە ‌ئەلزەبدانییەوە هاتووە بۆ (وادی بەرەدەی) دەڵێت، "گەورەترین مزگەوتی دیمەشق، کە مزگەوتی ئەمەوییەکانە، ئێستا لە لایەن گرووپە داردەستەکانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. هەروەها دەڵێت، دەوربەری مزگەوتەکە خەڵکی سوننەمەزهەبی لێ نیشتەجێ بوون، بەڵام ئێستا ئەوان دەرکراون و خەڵکی شیعەمەزهەبیان لەو شوێنانە نیشتەجێ کردووە.

کاربەدەستانی باڵای لوبنان پێیان وایە، ئەمە جۆرێک کاولکاری و سوتاندنی زەوی و خاکی خەڵکە، بەتایبەت لەدوای ئەوەی ڕێژیمی ئەسەد ئەو شوێنانەی خستەوە بندەستی خۆی. هەرچەندە بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ـــ کە وێ دەچێت سوتێنرابن ـــ خەڵکی ناوچەکە ناتوانن خاوەندارێتیی خۆیان بەسەر مڵكەکانیاندا بسەلمێنن، بەتایبەتی لە ئەلزەبدان و داریا و حومس و قوسەیر کە لە ساڵی ٢٠١٣وە حزبوڵا دەستی بەسەردا گرتوون.

دارکۆش دەڵێت، کاربەدەستان ڕێگرییان لە خەڵکی حومس کردووە و نەیانهێشتووە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بە بیانووی ئەوەی بەڵگە و تاپۆیان بەدەستەوە نییە، کە بیسەلمێنێت ئەوان خەڵکی ئەو شوێنەن، یان ئەو خانوو و مڵك و ماڵە هی ئەوانە.

هەروەها دەڵێت، "ئێران هەنگاوی یەکەمی پرۆژەکەی جێبەجێ کردووە، کە دابڕاندنی خەڵکی ناوچەکەیە لە شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی خۆیان و، هەموو ئەو بەڵگەنامە و دۆکیومێنتانەیشی سوتاندووە، کە دەیسەلمێنێت ئەوان خەڵکی ئەو ناوچەیەن و ئەوەش مڵك و ماڵی ئەوانە. پڕۆسەی دووەمیش دەست پێ دەکات، کە ئەویش هێنانی خێزانە شیعەمەزهەبەکانی عێراقی و لوبنانییە و، لە شوێنی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نیشتەجێیان دەکات".

ئەمیر بەرهان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ‌ئەلزەبدانی گوتی: "ئەم جێگۆڕكێ و ڕاگوێزانە لە ساڵی ٢٠١٢وە دەستی پێ کرد و، لە ساڵی ٢٠١٥دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. ئێستا خەڵکێکی زۆری ئەم شارە بەرەو ئیدلیب ڕاگوێزراون و، ئەوەش بەڕوونی دیارە، کە دەیانەوێت سوننەکان لەنێوان حومس و دیمەشقدا نەهێڵن. دەستیان کردووە بە سوتاندنی مەزرا و ڕوخاندنی خانووەکانیان و پێیان دەڵێن، ئیتر ئەمە شوێنی ئێوە نییە. ئەم دابڕان و ڕاگوێزانەش دەبێتە هۆی دابڕانی خێزانەکان لە یەکتری و لە مڵک و شوێنی باب و باپیرانیان و، تێکدانی زیاتری کۆمەڵگای سووریای لێ دەکەوێتەوە".

لەبیب ئەلنەحاس دەڵێت: "ئەمە تەنیا گۆڕینی ڕەگەزنامە نییە، بەڵکو ئەمە گۆڕینی باڵانسی کاریگەری و بەرژەوەندییەکانە لەنێو سووریادا. هەموو سوورییەکان لەم بارەیەوە زەرەرمەند دەبن. جەنگ لەگەڵ ئێراندا جەنگی هەوێتی (identity) دەبێت. ئێران دەوڵەتێکی ملکەچی خۆی دەوێت، کە بۆ بەرژەوەندیی ئەو کار بکات. ئەم ناوچەیەش ئەوە قبووڵ ناکات."

 

 

سەرچاوە:

https://www.theguardian.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples