پێشبینییەکانی ساڵی ٢٠١٧ی ناوەندی ستراتفۆر لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە

2017-01-22

پێشبینییەکانی ساڵی ٢٠١٧ی ناوەندی ستراتفۆر لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە

 

شیکردنەوەیەکی ناوەندی ستراتفۆر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

ساڵی ٢٠١٧ش هەروەک ساڵی ٢٠١٦ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێوەگلان و دەستوەردانی دەبێت. لەبەر ئەوەی ناوچەکە بووەتە جێگەی ململانێی دەوڵەتانی تر، لەم ساڵدا ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەر تێوەگلان و دەستوەردانێکدا وردتر و بەئاگاتر لە ساڵانی ڕابردوو هەنگاو دەنێت. ئەو شوێنەش کە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی دەوڵەتەکان عێراق و سووریایە و، ئەمەش وای کردووە زیاتر سەرنجی دەوڵەتان بەرەو ململانێی نێوان خۆیان ڕابکێشێت. بەرەوپێشچوونەکانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکان لەنێو عێراق و سووریادا دەبنە هۆی ئاڵۆزی و پێکدادانی زیاتر لەنێوان مەزهەب و کەمینە و گرووپە جیاوازەکانی ناوچەکدا و دەبێتە هۆکارێك بۆ برەودان بە بەردەوامیی ململانێی نێوان ئێران و تورکیا لەو ناوچەیەدا.

خۆلێلادان و بەرنگاربوونەوەی کەلکەلەی سووریا

لەو ڕووەوەی کە تا ئێستا لایەنگرانی ئەسەد لە بەرەوپێشچووندان و شاری حەڵەبیان خستووەتەوە ژێردەسەڵاتی خۆیانەوە، ئەگەر پێمان وابێت لە ساڵی ٢٠١٧دا جەنگی نێوخۆی سووریا کۆتایی پێ دێت، خۆگێلکردنە. لەڕاستیدا، چەند شارێکی گەورە و گرنگیان خستوەتەوە ژێردەسەڵاتی خۆیان و، ئێستا ئاهەنگی ئەو دەستکەوتانەیان دەگێڕن. بەڵام هەرجۆرێك بێت لانی کەم لەم ساڵدا (٢٠١٧) پێکدادان و گرژییەکان کۆتایییان پێ نایەت. لایەنگرانی ئەسەد لە چەندین قۆڵەوە هاتوونەتە نێوەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنە دەدەن، کە بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دراوە. بێجگە لەو شوێنانەی تا ئێستا دەستیان بەسەردا گرتوونەتەوە و ئەو شوێنانەی کە دەبێ لە باکووری سووریاش دەستییان بەسەردا بگرنەوە، پێویستە ناوچانەکانی نێوان دیمەشق و حەڵەب و دەوروبەری دیمەشقیش لە شۆڕشگێران و ئۆپۆزسیۆن پاك بکەنەوە. لایەنگرانی ئەسەد دەبێ بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریاش پەل بهاوێن و شاری دێرەلزوور، کە لە لایەن داعشەوە گەمارۆ دراوە و، ناوچەکانی دەوروبەری تەدمیریش Palmyraبخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. بە واتایەکی تر، هێشتا زۆریان لەبەردەمدا ماوە و دەکرێت هەر هۆکارێکیش باڵانسی دەسەڵات لەو وڵاتەدا بگۆڕێت.

هەرچەندە لایەنگرانی ئەسەد فشاریان لەسەرە، بەڵام هێشتا هۆکارێك هەیە، کە بووەتە کۆسپ لەبەردەم چارەسەری ئەم جەنگ و پێکدادانانەی نێوخۆی سووریا. بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، لە ساڵی ٢٠١٧دا هەبوونی دەسەڵاتە دەرەکییەکان لەنێو سووریادا گۆڕەپانی جەنگەکە ئاڵۆزتر دەکەن. هەروەها وێدەچێت ئەمریکا گۆڕانکاری لە ستراتیژیی تێوەگلانی لە سووریادا بکات و، زیاتر یارمەتیی ئەو گرووپانە بدات کە لەگەڵ داعش دەجەنگن، نەک ئەوانەی ڕووبەڕووی حکوومەتەکەی ئەسەد دەبنەوە. بۆ نموونە، واشنتۆن لە یارمەتیدانی کوردەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام چی دی لە پارێزگای ئیدلب یارمەتیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نادات. ئەمەش دەرەنجامێکی سێ لایەنەی لێ دەکەوێتەوە: یەکەم، تورکیا و قەتەر و سعوودیەی عەرەبی یارمەتییەکانیان بۆ یاخیبووەکان زیاد دەکەن و تەنانەت یارمەتیی ئەو یاخیبووانەش دەدەن، کە ئەمریکا لەگەڵیاندا کۆك و هاوڕا نییە. دووەم، لە لایەکەوە ئەم هاوکاریکردنە وا دەکات ئەو گرووپانە ببووژێنەوە و، لە لایەکی ترەوە ناڕەزایی ئەمریکا و بەهەڵەتێگەیشتنی لەو گرووپانە کەم دەکاتەوە. سێیەم، ڕووسیا بە تاکتیک هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات، بۆ ئەوەی بگات بەو ئیمتیازانەی دەیەوێت لە سووریادا وەدەستیان بێنێت و، هەوڵ دەدا بتوانێت زیاتر لەگەڵ ئەمریکا نزیك ببێتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر کەمکردنەوەی ئەو گەمارۆیانەی لەسەری دانراون.

بە واتایەکی تر، مۆسکۆ تا ئەو ڕادەیە هاوکار دەبێت، کە بە ئامانجەکانی خۆی لە سووریادا بگات. بەڵام بەو پێیەی مۆسکۆ ئەمانجگەلێکی دیاریکراوی لە سووریادا هەیە، گەلێک ڕێگا و زۆر شت هەیە، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕەچاویان بکات. بەڵام ڕووسیا نایەوێت هیچ کەسێكی تر بکاتە جێگرەوەی واشنتۆن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سووریاوە.

سەرقاڵیی هێزەکانی دیکە بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەوە هەلێك بۆ زیادکردن و بەرفرەوانکردنی هێز و قورسایی تورکیا لە باکووری عێراق و باکووری سووریا دەڕەخسێنێت، بەمەش بەر بە پەلهاویشتن و فرەوانبوونی دەسەڵاتی کوردەکان دەگرێت. بەڵام ئێستا هەبوونی هێزەکانی ڕووسیا بەر بە تورکیا دەگرن و دەبنە بەربەستێك بۆ ئەوەی نەتوانێت لە ئەلباب بەرەو خوارتر پەل بهاوێت. تورکیا دەیەوێت لە ئەلبابەوە بەرەو ڕۆژاوا و بەرەو مەنبیج پەل بهاوێت بۆ دابەشکردن و ڕێگرتن لە یەکگرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکاندان و، بەمەش دەیەوێت دەسەڵاتی کوردەکان لاواز بکات. هەروەها تورکیا دەیەوێت دژی دەسەڵاتی داعش لە ڕەققە بجەنگێت و نیشانی بدات کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا بەشدارە. بەم شێوەیە تورکیا هێزی زیاتر ڕەوانەی نێو سووریا دەکات، هەم بۆ ڕێگرتن لە پەلهاویشتنی کوردەکان و، هەم بۆ سەرکوتکردنی داعش.

بەڵام دەبێت لەوە دڵنیابین، کە ئەم ستراتیژییەی تورکیا بێ کێشە و بێ کەموکورتی نابێت. یەکێك لە کێشانەکان ئەوەیە کە تورکیا لەم نەخشەڕێیەیدا ڕووبەڕووی هێزە کوردییەکان و هێزەکانی ڕووسیا دەبێتەوە. لەم بارەشدا دەبێ ئەنکارا پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا پتەوتر بکات، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی ڕوونەدات، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکان، کە واشنتۆن یارمەتییان دەدات، دەبێتە کێشە لەبەردەم ئەنکارادا.

لە باکووری عێراقیشدا تورکیا دێتە نێوەوە و دەیەوێت قورسایی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان بوون، کە موسڵ و شەنگال و هەولێر و کەرکوك دەگرێتەوە. بەم جۆرە تورکیا کێبڕکێ لەگەڵ ئێران دەکات، بەتایبەت لەو ناوچانەدا کە لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون. ئەمە لەکاتێکدایە، کە عێراقیش لە لای خۆیەوە دەیەوێت لەدوای جەنگی موسڵ دەست بەسەر پارێزگاکەدا بگرێتەوە و بیگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. بەڵام تورکیا دەیەوێت لەڕێی داردەستە سوننەکانییەوە قورسایی خۆی لە ناوچەکەدا بهێڵێتەوە.

بەم جۆرە دەرکەوتنی تورکیا لە ناوچەکدا مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران و گەلێک ڕێ هەن، بۆ ئەوەی تاران بتوانێت بەرنگاری تورکیا ببێتەوە. بۆ وێنە، ئێران دەتوانێت شیعەکانی بەغدا هان بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داردەستەکانی تورکیا. هەروەها دەتوانێت میلیشیا شیعەکان بەکار بهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا بەبیانوی دەستوەردان و بەزاندنی سنوور و یارمەتیدانی کوردەکان بۆ دابەشکردنی عێراق. بەڵام دیسان سعوودیەی عەرەبی و دەوڵەتانی کەنداو، کە هیچ بەرژەوەندییەکیان لەو ناوچەیەدا نییە، یارمەتیی تورکیا دەدەن بۆ مانەوەی قورسایی سوننەکان لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئێران و شیعەکان.

جەنگی موسڵ دەبێتە هۆی دابەشکردن و پەرتبوونی زیاتری کوردەکان. ئەمەش لەبەر ئەوەی تورکیا لایەنگریی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لەدژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە زیاتر لە ئێرانەوە نزیکە. لەم نێوەندەدا، شاری کەرکووک و هەموو پارێزگاکە دەبێتە جێگەی کێبەرکێ و ململانێ. پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پارێزگاکە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا کە بەغدای لایەنگری ئێرانیش دەیەوێت پارێزگاکە بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. ئەمەش دەبێتە هۆی ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و دابەشکردنی داهاتی نەوت لە نێوانیاندا.

تورکیا: بێکێشە نابێت و هیچ لە کێشەکانی کەم ناکات

سەرەڕای هەبوونی ئەو کێشە و ئاڵۆزییانەی کە لەدەرەوەی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی تورکیا دەبنەوە، لە نێوخۆشدا بێکێشە نابێت و ڕووبەڕووی کۆمەڵێك گرفت دەبێتەوە. یەکێك لەو گرفتە بەرچاو و دیارانە، هێرشی چەکدارە کوردەکانە (پەکەکە) و، لە ساڵی ٢٠١٧دا جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وا دەکات، تورکیا ببێتە ئامانجی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش. بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە حزبی دەسەڵات (ئاك پارتی) بە سەرکردایەتیی ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان دەتوانێت چاکسازی لە دەستووری تورکیادا بکات و خاڵە لاوازەکانی چارەسەر بکات. لە لایەکی ترەوە، هەرچەندە ئاك پارتی تاڕادەیەك دامەزراوە و، بە سیستمی دەنگدان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە کێشەی دێتە بەر، چونکە ئابووریی تورکیا زۆر تۆکمە و جێگیر نییە و گەلێک بەرز و نزمیی بە خۆیەوە دیوە. هەرکاتێك دراوی دۆلار لەڕووی ئابوورییەوە بەرز بووەوە و بەهێزتر بوو، قەرزی تورکیا زیاد دەکات و بەمەش لیرە ناجێگیر دەبێت و دەبێتە مەترسی بۆ وەبەرهێنەران، کە دەزانن تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی بووەتەوە و ئەمەش زەرەر لە کەرتی وەبەرهێنان دەدات. هەروەها قەیرانی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی نێو تورکیا ڕێگر دەبن لە نزیکبوونەوەی تورکیا بە ئەورووپا و گفتوگۆکانی لەگەڵ یەکییەتیی ئەورووپا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لەو یەکییەتییەدا. ئەوەی کە لەدەستی تورکیادا مابێتەوە گفتوگۆکردنە لەسەر کێشەی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا و تەنیا شتێکە دەتوانێت لە ڕێگەیەوە خۆی بە ئەورووپاوە گرێ بداتەوە و لە بازاڕەکانیاندا بازرگانی بکات. 

تاقیکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران

ساڵی ٢٠١٧ تاقیکردنەوەی ماوەی مانەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە. وا دەردەکەوێت کابینەی نوێی حکوومەتی ئەمریکا زۆرشت لە ئێران قبووڵ نەکات، کە دەسەڵات و تووڕەیی ئێران دەردەخەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئێران برەو بەسیستمە ئەتۆمییەکەی نەدات و چەکی ئەتۆمییش دروست نەکات، هێشتا ئەمریکا لە تاقیکردنەوەی مووشەك و مانۆڕە سەربازییەکانی نیگەرانە. لە دیدگای ئێرانەوە، کاردانەوەی ئەمریکا بەرانبەر بە تووڕەیی ئێران لە ناوچەکەدا تەنیا پاشگەزبوونەوەیە لە بەندەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و، ئێرانیش کاتێك کاردانەوەی دەبێت کە یەکەمجار ئەمریکا پەیماننامەکە بشکێنێت. (ڕووسیاش، گوێقوڵاخ ڕاوەستاوە و دەیەوێت لە ئاڵۆزی و گرژیی پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سوود وەربگرێت. ئەگەر بێت و ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێوەندییەکانی خرابتر ببێت، ڕووسیا دەیەوێت خۆی بنوێنێت و سەرنجی ئێران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و بازرگانیی لەگەڵدا بکات و بیکاتە هاوپەیمانی خۆی).

سەرباری مەترسی و هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، بە هەرجۆرێك بێت ئێران دەتوانێت ئەمساڵ خۆی ڕابگرێت و لەبەرانبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانەدا بوەستێتەوە. سەبارەت بە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەمریکا بەرژەوەندییەکی ئەوتۆی نییە، خۆی بۆ بخاتە نێو گێژاوی گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە و، خۆی بە شتگەلێکی کەمبایەخەوە سەرقاڵ بکات. بەتایبەت بەرژەوەندیی لەگەڵ ئێراندا، کە لای ئەمریکا بایەخێکی زۆری نییە. بەهەمان شێوە ئێران بەرژەوەندیی بازرگانیی ئەوتۆی لەگەڵ ڕۆژاوادا نییە و تەنیا دەیەوێت لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا برەو بە هەندێك کەرتی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی خۆی بدات و، دەتوانێت ئەمە بەبێ گرێبەست و ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی و بازرگانیکردن لەگەڵ ڕۆژاوا جێبەجێی بکات.

لەڕاستیدا ئابووریی ئێران بە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێرانەوە بەستراوە، کە بڕیارە لە مانگی پێنجدا ئەنجام بدرێت. سەرۆك حەسن ڕۆحانی، کە بەپێی ستانداردەکانی ئێران کەسێکی میانەڕەوە، دەیەوێت گفتوگۆ لەبارەی ئابووریی ئێرانەوە بکات و بڵێت بەهۆی لابردنی بەشێك لە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران و جێگیریی هەڵاوسانی ئابوورییەوە، ئابووریی ئێران لە بارێکی باشدا دەبێت و ئەمەش بۆ هەموو ئێرانییەکان سوودی دەبێت. بەڵام ڕکابەرەکانی کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئیسلامیی ئێرانن، حەسن ڕۆحانی بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە لەگەڵ ئەمریکادا زۆر نەرمە.

بەدەر لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێران هەر لەژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێك سیاسیی کۆنەپەرستدا Conservative دەمێنێتەوە. ئەو سیاسەتمەدارانەش ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی سەرۆكدا دەبن، ئەو سەرۆکەی کە بڕوای بە ئەمریکا نییە، بەڵام لەوە تێ دەگات کە دەبێ تێکەڵ بە ئابووریی جیهان ببێتەوە. لەم بارەدا، وردەوردە زیادبوون و گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوت یارمەتیدەر دەبێت، بەڵام ناسەقامگیریی ڕێککەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبێتە کۆسپ بۆ گەیشتنی ئەو وڵاتە بە ئامانجە ئابوورییەکانی.

ڕێڕەوی چاکسازیی لە کەنداودا

سعوودیەی عەرەبی چێژ لە گرژیی پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبات. هەرچەندە ڕیاز ڕووبەڕووی گرفتی نێوخۆیی بووەتەوە سەبارەت بەو فشارەی کە لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا هەیە، بەڵام وەك تورکیا بە کەڵکوەرگرتن لە داردەستەکانی جەنگی دژ بە ئێران دەکات. سعوودیەی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٦دا سەرمایەیەکی زۆری لە کەرتی گشتیدا وەگەڕ خست، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا وەگەڕخستنی سەرمایە لە بواری کەرتی گشتیدا کەم دەکاتەوە و کورتهێنانی بودجەی پێ چارەسەر دەکات. هاوکات، ئەم ڕێوشوێنە کاتێکی زۆری دەوێت و وێ ناچێت، بگات بەو پلانانەی کە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٣٠ دایناون و ڕووبەڕووی گرفتی کەرتی تایبەت دەبێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٧دا چوار ئەوەندەی ساڵی پێشوو پارە بۆ گەیشتن بە پلانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی پاشەکەوت دەکات و فشارێکی زۆر لەسەر کەرتی تایبەت دروست دەکات، بۆ زیادکردنی کار لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕیاز ئامادەکاری بۆ پێشکەشکارییە سەرەتایییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا پێشکەش دەکرێن و سەرمایەیەکی زیاتر دەخاتە گەڕ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە دارایییەکان و گەڕانەوەی سەرمایە بۆ گەنجینەی دەوڵەت. سعوودیەی عەرەبی لاسای دەوڵەتی کوێت و شانشینی عەرەبیی ئیمارات دەکاتەوە و سەرمایەکەی بەسەر کۆمەڵێك بەشی تەکنیکیدا دابەش دەکات و، بەمەش لە ماوەیەکی درێژخایەندا سوود و قازانجی بۆ دەگەڕێتەوە. لە بواری وەگەڕخستنی سەرمایەدا، شانشینی عەرەبیی ئیمارات پێشەنگی دەوڵەتانی کەنداو دەبێت و ئامادەکاریی تەکنیکی دەکات و سیستمی باج وەگەڕ دەخات و ڕێژەی %5باج لەسەر سەرمایەی وەگەڕخراو دادەنێت.

هەرچەندە سعوودییەکان داوای چاکسازیی کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام حکوومەتەکەیان پێشینەی بۆ چاکسازیی ئابووری داناوە و دەیەوێت یەکەمجار لە چاکسازیی ئابوورییەوە دەست پێ بکات. دەبێت ئەوەش لە یاد نەکرێت، کە بچووکترین گۆڕانکاری لە سیستمی کۆمەڵایەتیدا کار دەکاتە سەر ئایین و، ئەمەش ئەگەری مەترسی و سەرهەڵدانی گرووپی جیهادیی لێ دەکەوێتەوە.

ئەنجوومەنی هاوکاریی وڵاتانی کەنداو بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابوورییە گشتییەکانی خۆیان دەکەن و ڕێ نادەن ئێران بەسەر کەنداودا زاڵ بێت. بەڵام لە ڕووە دیارەکەیەوە وا دەردەکەوێت، دەوڵەتانی کەنداو یەکییەتییەکی بەهێزیان نەبێت. بۆ نموونە، سعوودیەی عەرەبی لە لایەکەوە دەیەوێت جووڵانەوەکانی نێو یەمەن بە ئاقاری گفتوگۆ و دانوستاندا بەرێت و، لە لایەکی ترەوە شانشینی عەرەبیی ئیمارات دەیەوێت بارودۆخی باشووری یەمەن هەروا بمێنێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، کە دەوڵەتێکی وەك عوممان بێلایەنیی خۆی بەرانبەر بە ئێران و بارودۆخی ناوچەکە نیشان دەدات و، لە ئەنجوومەنی هاوکاریی وڵاتانی کەنداودا GCC بەشدار نابێت.

باکووری ئەفریقا

لە دەوڵەتەکانی باکووری ئەفریقاشدا هەمان سیاسەتی ئەنجوومەنی هاوکاریی وڵاتانی کەنداو GCC دووپات دەبێتەوە. لە لایەکەوە سعوودیەی عەرەبی لەڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە یارمەتیی هاوپەیمانەکانی لە سووریا و یەمەن دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی لەو ناوچانەدا. لە لایەکی ترەوە شانشینی عەرەبیی ئیمارات بە شێوەیەکی میانەڕەو دەردەکەوێت و بەم میانەڕەوییەشی لە بەرژەوەندییەکانی سعوودیەی عەرەبی دەدات و پەکیان دەخات.  

لە ساڵی ٢٠١٧دا وڵاتی میسر لەڕووی ئابوورییەوە سەقامگیرتر دەبێت و دەتوانێت بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی سعوودیەی عەرەبی لە ناوچەکەدا سەربەخۆ کارەکانی خۆی بکات. بەم جۆرە میسر دەتوانێت سەرنجی دەوڵەتانی تر بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و یارمەتیی بدەن بۆ ئەوەی چی تر پشت بە سعوودیەی عەرەبی نەبەستێت. ئێستا دراوی میسر ئاستێکی نزمی ئابووریی هەیە، بەڵام ڕازییە بەوەی گرێبەست لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا بکات و دەست دەکات بە گۆڕانکاری و چاکسازیی بنەڕەتی و بۆ ئەمەش خەرجییە گشتییەکانی کەمتر دەکاتەوە و باج زیاد دەکات. لەم ڕوانگەیەوە وێ دەچێت حکوومەتەکەی عەبدولفەتاح سیسی زۆر سەرکەوتوو نەبێت و بەهۆی خەڵکەکەی و ئەنجوومەنی یاسادانانی وڵاتەکەیەوە سنوورێکی بۆ دابنرێت و نەتوانێت هەموو پلانەکانی جێبەجێ بکات. لە ساڵی ٢٠١٧دا میسر بەرەدەوام دەبێت لە دەستوەردانەکانی لەنێو لیبیادا، بەڵام جێنراڵ خەلیفە بلقاسم حفتەر Khalifa Hifter، کە میسر و ئیمارات یارمەتییان دەدا و سەرکردایەتیی سوپای نیشتمانیی لیبیای دەکرد، خەریکە سەردەکەوێت. حفتەر دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیادا بسەپێنێت و بەرەو ڕۆژاوای لیبیاش بڕوات، بەڵام هەموو ئەمەی پێ جێبەجێ ناکرێت. سوپای نیشتمانیی لیبیا خەریکە هەموو میلیشیاکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام هەمووشیان بۆ حفتەر ناچنە جەنگەوە و جەنگی بۆ ناکەن. جیا لەوەش، هەوڵەکانی جێنراڵ حفتەر کاریگەریی نەرێنیان لەسەر هەوڵەکانی یوئێن UN دەبێت بۆ دانوستان و دروستکردنی حکوومەتێکی یەکگرتوو. بەم جۆرە لیبیا لە ساڵی ٢٠١٧دا وەك گۆڕەپانی جەنگی نێوان میلیشیاکان دەمێنێتەوە. هەر گرووپ و میلیشیایەك لە کێبڕکێکەدا سەرکەوتوو بێت، دەبێتە خاوەنی نەوتی لیبیا.

هاوکات دەوڵەتی ئیسلامی دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات و بۆ هێشتنەوەی خۆی پەنا بۆ هاوپەیمانە لیبییەکانی دەبات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو میلیشیایانەی کە پێوەندییان بە ئەلقاعیدەوە هەیە، ژێربەژێر دەسەڵاتی خۆیان فرەوان دەکەن.

بارودۆخی دەوڵەتی ئیسلامی

بە هەمان شێوە دەوڵەتی ئیسلامی لە شوێنەکانی تریشدا دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات. لە عێراق و سووریا هاوپەیمانان وەك سوپایەکی سەربازی ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەتەوە، نەك وەك هێزێکی یاخیبووی تیرۆریستی. لەو شوێنانەدا کە لەژێر دەستی داعشدا بوون، خەڵکانێکیان لێ بەجێ ماون و دەکرێت لە هەر بارێکی نائاساییدا، یان لە ململانێ مەزهەبی و خێڵەکییەکاندا سەر هەڵبدەنەوە. بەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییەکان لە عێراقدا بەردەوام دەبن و سەر هەڵدەدەنەوە. (هەرچەندە لە عێراقدا بە شێوەیەکی چڕوپڕ هێرش دەکرێتە سەر داعش، بەڵام دەرەفەتی سەر هەڵدانەوەیان لە عێراقدا زیاترە، تا سووریا).

ئەو هێرشانەی داعش بۆ سەر ناوچەکانی تری جیهان کەم دەبێتەوە و مەترسییەکان بەم جۆرە نامێننەوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین، پاش ئەوەی داعش لە عێراق و سووریادا کۆتایی پێ هات، چەکدارەکانی ئەو ناوچانە بەجێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و بەمەش مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکانیان دروست دەکەن و، پێویستە زۆر بەوردی و ژیرانە چاودێریی بارودۆخەکە بکرێت. لەبەر ئەوەی تیرۆریستەکان دەتوانن بەبێ هەبوونی تۆڕێکی تیرۆریستیش کردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەم شێوازی کردەی تیرۆریستی بەرۆکی دەوڵەتانی ڕۆژاوا دەگرێت و دەبێتە مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە.

لەکاتێکدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە داعشەوە سەرقاڵە و زۆرترین تەرکیزی لەسەر ئەوانە، ئەلقاعیدە ئەم بارودۆخەی وەك هەلێك قۆستووەتەوە و دەیەوێت لەم کاتەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی داعشە، ئەو دەست بە نوێبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی خۆی لە شوێنە جیا جیاکانی دنیادا بکات. ئەمساڵ، وەك ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو، ئەلقاعیدە دەیەوێت لە شێوازی جیاواز و لەژێر ناوی جیاوازدا خۆی دەربخاتەوە، بەتایبەت لە دەوڵەتانی وەك لیبیا و جەزایر و مالی و تونس و میسر و یەمەن. ئەوەی جێگەی سەرنج بێت سەرهەڵدانەوەی ئەلقاعیدەیە لە نیمچەدوڕگەی عەرەبیدا. ئەو ڕێککەوتنە تاکتیکییەی کە لە یەمەن لەگەڵ سعوودیەی عەرەبی هەیبوو، کۆتایی پێ هات و، ئەمەش وای کرد شانشینی یەمەن ببێتە ئامانجی گرووپە جیهادییەکان.

گرووپە جیهادییەکان بە چالاکی دەمێننەوە، بەڵام چالاکی و هێرشەکانیان لە ئاستێکی ناوچەییدا دەبێت. ئەگەر هات و هێرشەکانیان لە دەوڵەتانی وەك ئەندەنۆسیا و بەنگلادیش بەردەوام بوو، ئەوە مانای ئەوەیە چەکدارەکانیان لە گەڕانەوەیاندا، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بەرەو وڵاتەکانی خۆیان سەرکەوتوو بوون.

لە نایجیریا، ویلایەتی سودانی ڕۆژاوا کە بە بۆکۆحەرام ناسراوە، وادەکات ئامانجی ستراتیژی ئەلقاعیدە بگۆڕێت و لە ئامانجی سەربازی و هێرشکردنە سەر ڕۆژاواوە بیگۆڕێت بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و موسڵمانەکان. ئەو بەشەی کە ئەبووبەکر شێکاو  Abubaker Shekau سەرکردایەتیی دەکات، بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر مزگەوت و موسڵمانان و بازاڕ و هاووڵاتیان.

ئیسرائیل بەهێز دەبێت

ساڵی ٢٠١٧ ساڵی بەختی ئیسرائیل دەبێت و یەکێك لە هەرەگرنگترین بەختەکانیشی ئەوەیە کە ئەمریکا گەرەنتیی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەکات. بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی کابینە نوێیەکەی حکوومەتی ئەمریکا لە کۆمارییەکان پێک دێن، جڵەوی ئیسرائیل شل دەبێت و، هەرچی بخوازێت دەیکات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی هیچ لایەك هەبێت. ئیسرائیل لە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران سوود وەردەگرێت و لەڕێگەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە فشاری زیاتر لەسەر ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروست دەکات. ئەمریکا زیاتر دەرگاکانی خۆی بۆ هەندێك لایەن دەکاتەوە، بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و دۆزینەوەی هەرشتێك، کە لەگەڵ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێراندا نەیەتەوە، تاوەکو بتوانێت کۆتایی بە ڕێککەوتنەکە بێنێت. ئەمساڵ ئیسرائیل برەو بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە وێست بانک دەدات، تەنانەت گوێ نادات بەوەی کە چەکدارە فەلەستینییەکان نیگەران و ناڕازی بن. بەهۆی کاڵبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، پێوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ ئۆردن و میسر ڕووبەڕووی گرفت و کێشە دەبێتەوە. (کێشەی فەلەستین دەبێتە سەرچاوەی ململانێ و کێبڕکێ لەنێوان تورکیا و میسردا. ئەنکارا هەوڵ دەدات هەم لەگەڵ گرووپە فەلەستینییەکان و هەم لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندی دروست بکات.)

بەڵام دیسان ساڵی ٢٠١٧ کۆمەڵێك کێشە و گرفت ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەکاتەوە. لە باکوورەوە ڕووبەڕووی حزبوڵڵا دەبێتەوە، کە گرووپێکی بەهێز و بەئەزمونە لە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەدا، هەرچەندە دەکرێت ئێستا بەهۆی چوونە نێو جەنگی سووریاوە هێزەکەی جارانیان نەمابێت. بەڵام حزبوڵڵا دەست بەتاڵ نییە. لە سووریادا یارمەتیی یەکگرتنەوەی ناوچەکان دەدات بۆ کەوتنە ژێر دەسەڵاتی لایەنگرانی ئەسەد، کە لە لایەکەوە گرفتە سیاسییەکان لە لوبنان دوور دەخاتەوە و، لە لایەکی ترەوە چاوی لەسەر ئیسرائیل دەبێت. بەڵام ئیسرائیل هەست بە مەترسی بەهێزبوونی حزبوڵڵا دەکات و هێرش و ئۆپەڕاسیۆنەکانی بۆ سەر لوبنان و سووریا چڕتر دەکاتەوە و بەر بە بەهێزبوونی حزبوڵڵا دەگرێت.

سەرچاوە:

https://www.stratfor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples