پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى

2017-02-02

 

سەردەمى نوێى پارێزوانى

پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى

٢٨ى کانوونى دووەم ٢٠١٧

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

دیر شپیگل (1)

سەرۆکى ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، دەیەوێ ئابووریى ئەمریکا بێتەوە سەرخۆ، لێ هیچ حەز و مەیلێکى بۆ ساتوسەوداى ئاراى بازرگانى، یان بۆ بنەواشە بنەڕەتییەکانى ئابوورى نیشان نەداوە.  ئەوەیش کۆکتیلێکى مه‌ترسیداره‌ بۆ پیشەسازیى ئەڵمانى.

بەم دوایییە زۆر دیمەن لە تاوەرى ترامپ، کە دەکەوێتە سەر جادەى پێنجەمینى نیویۆرک، کەوتنە بەرچاو: کەرنەڤاڵى بێپچڕانەوەى مارسێدسى گوللەنەبڕ و شیک و بەدەنگودۆى جۆرى ئێس، خۆیان بەناو بینای تاوەرى ناوبراودا دەکەن. ئاخر بەڕێوەبەرە کارهەڵسووڕێنەکانى کۆمپانیاکانى فۆرد، تسێڵا، بۆینگ و دەیان کۆمپانیاى دیکە، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ چوونە ئه‌وێ. سەرۆک، بەردەوام  لەبارەى ئەو کۆبوونه‌وه‌ گەورەیەوە، هەژدەر هەژدەر دەدوا، بەڵام شتۆکێکى کەم لە لایەنەکەى دیکە دەبیسترا.

لە پشت پەردەکانەوە، ئەوە خویاتر بووە: ئەوان بۆ دانوستاندن نەهاتبوون، تەنانەت بۆ ئەوەیش نەهاتبوون کە ڕێنوێنى و ئامۆژگاریى سەرۆکى نوێ بکەن. ئەوان هاتبوون تا ساتوسەوداکانى خۆیان بپارێزن. ئەوان لە پێگەى داکۆکیکردن لە خۆ بوون، بەو ئومێد و هیوایه‌ی کە ترامپ لەبەر ئەو کەسانەى ئاشنایەتیى لەگەڵدا هەبوون، لەگەڵ ئەواندا کەمتر تووڕە و تووش بێ.

چەند بەڕێوەبەرێکى باڵا و کارهەڵسووڕێنى ئەڵمانیا، کە لە نزیکەوە لە پێوەندیدا بوون لەگەڵ ژمارەیەک لەو میوانانەى بۆ دیمانەى ترامپ چووبوون، تەواو نیگەران و پەست و دڕدۆنگ بوون کە داخوا  ئاییندە، چى لەگەڵ خۆیدا دێنێ. ئەو بەڕێوەبەرانە خۆیان لەوە لا دەدەن کە ڕاستەوڕاست لەبارەى ترامپەوە بئاخڤن، بەڵام لەنێو خۆیاندا هەر لەبارەى ئه‌وەوە دەدوێن.

ئەوان ترسى گەورەیان لەوەیە،  نەبنە نیشانە و ئارمانجى ترامپ. هیچ کەس نازانێ لەم سەردەمە نوێیە سیاسییەدا، داخوا بنەما و بنەواشە پێڕەولێکراوەکان، چیی دی کاریان پێ دەکرێ؛ سەردەمێک کە بە وریتەیەک، لەوانەیە بلیۆنان بەها لەبەین بچن. سەردەمێک کە ڕوون نییە کێ دۆستە و کێ دوژمن...

سەردەمێک کە بە ڕۆژى یەکەم، دۆناڵد ترەمپ پێى نایە ناو کۆشکى سپى-یەوە، دەس پێ دەکا، کاتێ کە ترامپ ڕووى لە بزوێنى هەرە گرنگى ئابووریى جیهان وەرگێڕا: بارزگانیى ئازاد و جیهانگیرى، هیچ جێگە و ڕێگەیەکیان لەناو پۆپۆلیزمى نوێى ئەمریکیدا نییە. ترامپ پشتی کردە شەراکەتى ئەودیوى ئۆقیانووسى پاسیفێکەوە (TPP)و، بەنیازە دانوستاندن لەبارەى بنەماکانى دیکەى وەک ساتوسەوداى بازرگانیى ئازاد، ساتوسەوداى كرێت و ناحەز،  بکاتەوە؛ کە پێی وایە سەرچاوەى داکشان و داخورانى ئەمریکان. "ئەم شەپۆڵەى جیهانگیرى، تەواوى، بەڵێ تەواوى چینى ناوەڕاستى ئێمەى ڕاماڵى"؛ ترامپ لە سەروەختى هەڵمەتى هەڵبژاردندا وای گوت.

هەر لە دووشەممەدا، ترامپ بەڕێوەبەرە کارهەڵسووڕێنەرە هەرە بەرچاو و نوێنەرە هەرە گرنگەکانى سەکتەرە پێشەنگەکانى ئابووریى وڵاتی بینی. ترامپ  ناوى لەو دیمانە نابوو "دیمانەى گوێگرتن"،  بەڵام وا دەرنەچوو کە ترامپ حەزى لە گوێگرتن بێ. بەڵکوو ئەوە پێشەنگەکانى بێزنس بوون کە دەبێ بنەما نوێیەکانى سەردەمى تازەیان گوێ لێ بێ. "هەوەڵ ئەمریکایە"، تاکە فەلسەفەى دیمانەکە بووە؛ ئەو کەسانەى لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەدا بڕۆن، ئەوا لە ڕێگەى وەبەرهێنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی باجیان، پاداشتیان دەدرێتەوە.

هەر كه‌سێكیش بەرەنگارى بکا، ئەوا بە تاریفەى گومرکى، بە سەپاندنى باجى تایبەت، بە تۆڵە و تۆڵەکاریى حکوومى و لە هەموویشى زێتر، بە کەرب و تووڕەییى سەرۆک، سزا دەدرێ- ئەوە لە تویتەر ڕاگەیەنرا و دوا بە دواى ئەویش بەهاى پشکەکان لە وۆل ستریت هاتە خوارێ.

پەلاماردانى مۆدێڵى ئەڵمانى

حەفتەى یەکەمى ترامپ، نیشاندانێکى دەسەڵات بوو، تژى هەوڵ و تەقەڵڵاى خوڕین و هەڕەشە بوون. حەفتەیەک کە چەندین پرسیارى بنەتاى تێدا قوت بوونەوە: ئەرێ بەڕاست، ترامپ بنەواشە بنەڕەتییەکانى ئابوورى بەلاوە دەنێ، کە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان ناچار بکا قازانج و سوودى خۆیان تا ئەوپەڕ زێتر بکەن و نرخەکانیش تا دەکرێ کەمتر بکەنەوە؟ ئایا دەکرێ بەجیهانیبوون لە ڕێگەى چەند وریتە وریتێکەوە، هەڵبگێڕدرێتەوە؟ لە هەمووى گرنگتر، ئایا سەرۆکى ئەمریکا کە هەڕەشەى نانەوەى شەڕێکى بازرگانیى جیهانى ده‌كات، بۆ ئەوەیە تا ئەجێنداى خۆى لەناو ئەمریکادا بسەپێنێ؟ پێ دەچێ، بۆ تاوێک، وەڵامى ئەم پرسیارانە "بەڵێ" بێ.

ئەنجامەكانی ئەم لادانە سیاسییە ڕادیکاڵە، هەر لە سنوورى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ناوەستێ، کاتێ کە ئابووریى هەرە گەورە و بەنفووزى دونیا، گۆڕانکاریى تێ دەکەوێ، ئەوا لە هەموو جێیەکدا هەست بە هەژان و بەملا و ئەولاداکەوتن دەکرێ. نیزامێکى نوێى ئابووریى جیهانى خەریکە دێتە ئاراوە؛ نیزامێک کە پەلاماردانى مۆدیڵى ئەڵمانییە.

ترامپ لە ئاخاوتن و کۆڕ و باسەکانى سەروبەندى هەڵمەتى هەڵبژاردندا دژى جیهانگیرى، قامکى بۆ چین و مەکسیک، وەک دوو دژمن و نەیارى خۆى، ڕاکێشا، لێ ئەڵمانیا، وەک وڵاتێکى کاڵافرۆش لە دەره‌وه‌ی ئەڵمانیا، پێ دەچێ سێیەمین وڵات بێ لە لیستى ئه‌ودا. هیچ ئابوورییەکى زەبەلاحى دیکە، بێ لە ئابووریى ئەڵمانیا نییە کە پشت بە ئاڵوگۆڕى ئازادانەى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، پشت بە بازرگانیى ئەودیو سنوور و هەناردەى کەلوپەل و کاڵاى بێکۆسپ و کۆتوبەند، ببەستێ.

خويايە کە سەرۆکایەتیى ترامپ، هەڵوەستەیەک لە پێوەندییەکانى ئەودیو زەریاى ئەتلەنتیک دەکاتەوە، ئەوەیش بۆ خۆى جۆرێکە، کە لە جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌ەوە شتى وا نەبیندراوە. لە تەک سەرۆکێکى وادا، کە ڕاستەوڕاست هەڕەشە لە کۆمپانیاکانى ماشێنسازیى ئەڵمانى بکا، بە دانانى تاریفەی ٣٥%ى سزائاسا، لە تەک سەرۆکێکدا کە هۆشدارى بدا و بڵێ ئەڵمانیا "زۆر لەگەڵ ئەمریکادا ناڕاست بووە"، دەکرێ وەرچەرخانێک بێ، لە دۆستایەتییەوە بۆ ناحەزى و دژمنایەتى. لە بنکە و بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکان و لە ڕاوێژکاریى ئەنگێلا مێرکل و لە بارەگاى بەڕێوەبەرە کارهەڵسووڕێن و کاربەدەستانى حکوومەتدا، لەوە دەکوڵرێتەوە کە چۆن بە باشترین شێوە بەرەوڕووى ئەو تەحەدییە بوەستنەوە. باشتر وایە هێمن و لەسەرەخۆ بن و خۆ تێک نەدەن و پشت بە ئەقڵانییەت، پشت بە توندوتۆڵیى پێوەندیى دەیان ساڵە و پشت بە بنەماکانى ئابووریى جیهانى ببەستن. یان باشتر وایە خۆ بۆ  دژەڕێوشوێن، ساز و ئامادە بکەن و بە دواى هاوپەیمانى نوێدا، بۆ نموونە لە ئاسیا بگەڕێن و، تەنانەت دەکرێ سوود لەو بۆشایییەیش وەربگرن کە هاتووەتە ئاراوە؟

هەر کامێکیان بێ،  بە بەراورد بە ماوەیەک لەمەوبەر، جیهان زۆر لەبەریەکترازاو دێتە بەرچاو؛ زۆر شت لە مەحەکدان. ئاکامەکانى قەیرانێکى ئابوورى، یان تەنانەت شەڕێکى بازرگانى، پێ دەچێ بۆ ئەڵمانیا کارەساتهێن بێ، بەتایبەتى لە کاتێکدا کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین لە پاییزى دادێ. پۆپۆلیستەکانى باڵى ڕاست، پێیان خۆشە ترامپیزم هاوردە و پەلکێشى ئەڵمانیا بکرێ، تا لەوە خاترجەم بن کە سوود لە هەر داکشانێکى ئابوورى ببینن لە ڕێگەى خۆنمایشکردن وەک داکۆکیکارى قوربانییەکانى بەجیهانیبوون.

زۆر شت لەسەر ڕێنوێنی و ڕاچێتە ئابوورییەکان کە ترامپ لە دیماهیدا پێکەوەیان هەڵدەشێڵێ و لەسەر شوێنەوارەکانى ئەو ڕێنوێنییانە ڕادەوەستێ- جا ئابووریى ئەمریکا دەست بە هەژان و داکشان و لاربوونەوە بکا، یان لەڕاستیدا و بە لایەنى کەمەوە بۆ ماوەیەک بەگوڕتر ببێتەوە.

باجکەمکردنەوە و کەمکردنەوەى خەرجیى زێدەى حکوومەت، مزگێنیى هاتنى ماوەیەک دەدەن کە تێیدا نەشونماى ئابووری، بەردەوام ببێ. بە لانى کەمەوە سەرۆکى نوێ، هەرێیەکى لەم بابەتەى داوە و پێ دەچێ بازاڕى بۆرسە باوەڕی بەم هەرێیە کردبێ. گەشبینان و خۆشباوەڕان پێیان وایە کاتێکى خۆش بەڕێوەیە و، ئەگەر ئابووریى ئەمریکى بێتەوە سەر خۆى، ئەوا هەڕەشەکانى ترامپ خێرا و بلەز دەپوکێنەوە.

سەرچاوە:

http://www.spiegel.de

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples