پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى - بەشی دووەم

2017-02-07

سەردەمى نوێى پارێزوانى

پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

دیر شپیگل (2)

ئاماژەیەکى ڕوون

بە هەر حاڵ، زۆربەى ئابووریناسان پێیان وایە کە سیاسەتى دژە- جیهانگیرى، تەنیا دەتوانێ جه‌نگێکى بازرگانیى جیهانیى لێ بکەوێتەوە و داهێنانى کۆمپانیاکان بکوژێ و  تەواوى ئابووريى جيهان بەرەو کارەسات و داهێزران ببا. ڕەشبینان لەوە نیگەران و سەغڵەتن. چەندە ئابووریى ئەمریکا خراپ و دابهێزرێ، هێندە ئەو ڕێوشوینانەى سەرۆک ترامپ دەستیان بۆ دەبا، ڕادیکاڵتر دەبن.

لە هەفتەى یەکەمى سەرۆکایەتیى خۆیدا، ترامپ تیمەکەى خۆى کۆ کردەوە و، ڕای سپاردن کە  گوتە و ئاخاوتنەکانى کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنى، بۆ بکەن بە نەخشە و پلانگەلێکى ڕوون بۆ سیاسەتى دارایى و باجوه‌رگرتن، بۆ سيستەمى یەدەکى فیدراڵى، بۆ سیاسەتى پیشەسازى و بازرگانى.

بۆ بەئەنجامدانى ئەم کارە، ترامپ، ئابووریناسە هەرە تێگەیشتووەکانى وڵاتى، تەباى سەرۆکەکانى پێش خۆى،  لە دەوری خۆى خڕ نەکردەوە. ئەمەیشیان  ئاماژەیەکى زۆر ڕوونە. لەبرى ئەوە، ترامپ بگرە هەر پشت بە "بزنسمانان" دەبەستێ؛ بەو کەسانەى کە لە بازاڕى ئازاددا بیلیۆنان، یان بە لانى کەمەوە ملیۆنانیان پێکەوە ناوە. ئەوانە هەموویان سەر بە یەک ڕێچکە و ڕێبازى ئایدیۆلۆژیک نین. بەپێچەوانەوە، هەندێکیان پاراستنى بازاڕى ناوخۆیان لە هەمبەر کاڵاى بیانى پێ باشە، کەچى هەندێکى دیکەیان بە لایەنگرى بەئاووتاو و سەرسەختى جیهانگیرى هه‌ژمار دەکرێن. هەندێک بەرنامەى ژێرخانى ئابوورییان گەرەکە، کە  دەوڵەت سپۆنسەرى بکا، کەچى هەندێکى دیکەیان پێیان باشە حکوومەت خەرجییەکانى خۆى کەم بکاتەوە. هەندێک دەیانەوێ بازاڕ بەرهەڵدا بکرێ، کەچى هەندێکى دیکەیان پێیان باشە دەوڵەت پیشەسازییە سەرەکییەکان ڕێک بخاتەوە و ڕێنوێنییان بکا. هەندێکیان کۆنزەرڤاتیڤى سەرسەختن و هەندێکیشیان لیبراڵ.

ئیدى-بەئانقەست- ڕوون نییە کێ لە کۆتادا سەر دەکەوێ. سەرۆک، كاریگەرى و نفووزى ڕاوێژکار و شیرەتکارانى خۆى بەسەر چەند ناوەندێکى هێزدا دابەش کردووە و، دواجار ته‌نیا یەک کەس بڕیار دەدا چۆن بچنە پێشەوە؛ پێ دەچێ بە لایەنى زۆرەوە ترامپ لەسەر بنەمایەکى کاتەکى بڕیار بدا و تا ڕاددەیەکى زۆریش پشت بە گێول و مەزاجى خۆى دەبەستێ. تواناى  پێشبینینەکردن، یەکێ لە نيشانەکانى ترامپیزم-ە. بەئانقەست، دنەى دژبەرى و پێکناکۆکى و ململانێ دەدرێ.

وەک بنەتا، دەکرێ تیمەکەى ترامپ، بێ گوێدانە خولياى ئایدیۆلۆژییان، بەسەر دوو بەرەدا بێنە دابەشکردن. لە سەرێکەوە گردبوونەوەیەکى هەڕەمەکییانەى موزارەیەچى و سوودوەرگر لە قەیران و کێشان، دنەدەر و سەرەڕۆیەکانە. سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاوێژکارە ئابوورییەکان، دەڵێى خانەخوێى بەرنامەیەکى تەلەڤزیۆنییە. لەبارەى پرسەکانى سیاسەتى دراوییەوە، پشت بە لۆبیستێکى کۆنزەرڤاتیڤى سەرسەخت دەبەستێ کە دەیەوێ ستاندارد و پێوانەى زێڕ بگێڕێتەوە. بلیۆنێرێکى پیشەسازیى نەوت لەبارەى سیاسەتى وزەوە ئامۆژگارى و ڕاسپاردەى پێ دەدا.

لە سەرەکەى دیکەوە، وۆڵ ستریت، شاییى بە ڕابوونەوەى سیاسیى خۆى دێ. Steven Mnuchin دەبێتە وەزیرى گەنجینە، ئەو پیاوە  لەمێژە شەریکەبەش و ئەندامى بۆردە لە بانکى گۆلدمان ساکس (Goldman Sachs). سەرۆکى ئەنجومەنى ئابووریى نیشتمانى، گارى کۆهن (Gary Cohn)ه‌، کە تا ماوەیەک پێش ئێستە، سەرۆکى کاربەڕێوەبەر بووە لە بانکى گۆلدمان ساکس. گەورە ستراتیژیزانى سیاسی، ستیفن بانون (Stephen Bannon)، یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرەکانى گۆلدمان ساکس.

لە ماوەى هەڵمەتى هەڵبژاردندا، ترامپ، بەردەوام پەلامارى هیلارى کلینتۆن-ى دەدا، لەبەر وەى  پێوەندیى نزیکى بە پیشەسازیى دارایییەوە هەبووە. زۆر لە شوێنکەوتووانى ترامپ پێیان وایە وۆل ستریت، کاکڵە و تیشکۆى پیلانگێڕییە دژى هاووڵاتیانى ئەمریکا و، هێزیکى سەرکێش بووە لە پشت دامەزراوەى قێزەونى دەسەڵاتڕانییەوە.

ئەم دژبەرى و ناتەبایییە هیچانە، نیشانى دەدەن کە ئەمریکییەکان چەندە قووڵ لە نەشونماى لەسەرەخۆى ئابوورى ناڕازى بوون، کە ساڵەکانى حوکمڕانیى ئۆباماى پێ جیا دەکرێتەوە. ئەوان له‌مێژە بەتەماى گەشە و قەڵەمبازیکى خێراى ئابوورى و ڕێژەگەلێکى نەشونمان تەباى دەیەکانى ڕابردوو- و،  ئیدى ئامادە و سازن هەر شێوازێکى پێویست بۆ ئەم مەبەستە پەسند بکەن.

وێ دەچێ بازاڕى بۆرسە و بەکاربەران، باکیان نەبێ کە زۆرێک لە توخمە سەرەکییەکانى پلانى ئابووریى ترامپ پێکەوە ناسازێن، یان تەنانەت یەکیان ئەوى دیکە دەسڕێتەوە. چوارشەممە، داو جۆنز (Dow Jones بۆ ئاستێکى مێژوویى، بەرز بووه‌وە. متمانەى بەکاربەر  لە پێش پەلامارى تیرۆریستانەى ١١ى ئەیلوولى ٢٠٠١ەوە  تا ئێستە، وا بەرز نەبووە.

ئەو حەماسەتە، بەتایبەتى لاى کۆمپانیاکان، لە سۆنگەى ئەو تریلیۆنان دۆلارەوەیە کە چاوەڕوان دەکرێ بە هۆى باج دەستیان بکەوێ. گریمانەى وا دەکرێ ئەم کەمکردنەوەى باجە، هەم هانى کۆمپانیاکان بدا و هەم تاکەکان، کە پارەى خۆیان بخەنە گەڕ و خەرجى بکەن، بەو ئومێدەى کە نەشونماى ئابووریى بەرکەوتە، لە بەرانبەر ئەو باجکەمکردنەوەیەدا داهاتێکى باشى باجى لێ بێتە دى. لارى کۆدلۆ (Larry Kudlow)، کە بووە بە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاوێژکارە ئابوورییەکان، هەرێ دەدا کە کەمکردنەوەى باج "لە ڕاستیدا ڕۆکێتێک لەبن ئەم ئابوورییە دادەنێ" و ڕێژەى نەشونماى تا ٥%ى  لێ دەکەوێتەوە.  نەشونما، ئەو دەڵێ، هەموو ئاریشەکان، بە کورتهێنانى بودجەیشەوە، چارە دەکا.

ئەم چەمکانە نوێ نین. ڕۆنالد ڕێگان، ئابووریى خستنەڕوو (supply side economics)ى لە سەرەتاى هەشتاکاندا کردە باو، بەڵام وەک نەخشەی بۆ کێشرابوو، بەتەواوى هۆى نەدایەوە و سەر نەکەوت.

مسۆگەر، کەمکردنەوەى بڕێکى زۆرى باج، ڕێژەگەلێکى نەشونماى ئابووریى لە سەرووى ٣% ى لێ دەکەوێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، قەرزى سەروەرانەى سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەر جێیەکى دیکەى ئەم دنیایەدا زۆرترە لە تەک کورتهێنانى بێحیسابى بودجەدا. پاشان یەکێ لە ئەرکیتێکتەکانى (ڕێگانۆمیک)، کە ڕاوێژکارێکى سیاسەتى ناوخۆى سەرۆک بوو لە هەشتاکاندا، کتێبێکى لەبارەى لەفەلاقەدانى ميتۆدى supply side economics ەوە نووسیى و گوتى: ئەم ستراتیژییایە سەرنەکەوتوو بوون. جۆرج ئێچ دەبلیۆ بۆش، تەنانەت ناوى لە سیاسەتەکانى ڕێگان نا "ئابووریى دەجەل و خەرافەت" (voodoo economics). بۆش هەستی کرد کە ناچارە و، دەبێ باج بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بکاتەوە.

ئا ئاوا، ئابووريناسان، وێڕاى جیاوازیى ئینتیماى سیاسییان، تا ئەوپەڕى نیگەران و سەغڵەتن کە ترامپۆنۆمیک، تەباى ڕێگانۆمیک لە دوورمەودا کارەساتهێن بێ- بە کورتهێنانى زەبەلاحى بودجەیشەوە، کە تەنانەت ببێتە هۆى کورژبوونەوەی زێترى چینى ناوەند و ئابوورییەکى زامدارى قووڵ. لەوانەیە بازاڕێکى بۆرسەیش بڕووخێ و هەرەس بهێنێ...

نیکۆس ڤۆن بومهارد، سەرۆکى ئەنجومەنى کاربگێریى کۆمپانیاى زەبەلاحى بیمەکردنەوە لە میونیخ ڕى، پێی وایە هەستانەوەى بازاڕى بۆرسە، زێدەڕۆییى تێدایە و لەو باوەڕەدایە کە مخابنە "بەشێکى جووڵە و بزاوى نرخ، بە گران و لەسەر حیسابى ڕوبەڕووبوونەوەى دژ بە گۆڕانى کەشوهەوا و دەرەنجامەکانى تەواو ببێ." ئەو دەڵێ  ئەگەر ترامپ پەرە بە وەبەرهێنان لە بوارى ژێرخان بدا و باجەکان کەم بکاتەوە و، لە هەمان کاتیشدا پارێزگارى لە بازاڕى ناوخۆ لە هەمبەر کاڵاى دەرەکیدا بکا، ئەوا وا دەکات قەرزوقۆڵەى سەروەرانەى سەر ئەمریکا و هەڵاوسان زێدە ببێ و نەشونماى خوازراوى ئابوورى نەیەتە دى. "ئیدى بێئومێدییەکى زۆر دێتە دى" ئەدمۆند فیلیپس، هەڵگرى خەڵاتى نۆبل لە بوارى ئابوورى و بەڕێوەبەرى سەنتەرى سەرمایەدارى و کۆمەڵگە لە زانکۆى کۆلۆمبیا وا دەڵێ. ئەو پیاوە، هۆشدارى دەدا و دەڵێ لەوانەیە "بێبازاڕى و بێڕەواجییەکى زۆر قووڵ" بێتە ئارا.

هەرچەند ئابووریى ئەمریکا خراپ و دابهێزرێ، ئەوا ترامپ لەوانەیە زێتر پەلامارى دوژمنە گریمانەیى و دەرەکییەکانى خۆى بدات. سیاسەتەکانى، لەوانەیە زۆر تووش و شەڕانى ببن و ڕێوشوێنى سزایى دژ بەو بێگانانە پێڕەو بکات کە بازاڕ تژى کاڵا و کەلوپەلى هەرزان دەکەن و، پەلامارى ئەو کۆمپانیایانەیش بدات کە فابریقە و کارخانەى خۆیان، لە جیاتى میلووکى  Milwaukeeساز بکەن، دەچن لە مەکسیک کارگە دادەنێن.

پیتەر ناڤارۆ  (Peter Navarro) کە پرۆفیسۆرێکى زانکۆى کالیفۆرنیایە لە ئیرڤین Irvine، بەرپرسى پەرەپێدانى ئەم سیاسەتانەیە. ئەو پرۆفیسۆرە سەرۆکى ئەنجومەنى بازرگانیى نیشتمانییە کە بەم دوایییە پێک هێنراوە.

ناڤارۆ پیاوێکى نامۆ و لایدەیە لە چەندین بواردا. ئەو، تاکە ئابووریناسە لە تیمەکەى ترامپدا. بگرە تاکە ئابووریناسى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایشە کە بڕواى وایە بازرگانیى ئازاد ئایدیا و هزرێکى چەوت و خراپە و لەگەڵ سەپاندنى تاریفەى گومرکیى توند و سزاییدایە. ناڤارۆ دەڵێ چین خەتەرێکە، وڵاتێکە گوێ بە هیچ ڕێسا و بنەمایەک نادا. تەنانەت ناڤارۆ، فیلمێکى دۆکیومێنتەریى بەرهەم هێناوە و ناوى "مەرگ لەلایەن چینەوە"ى لێ ناوە.

ئەو ناڤارۆیە، وەزیرى نوێى بازرگانى، ویلیر ڕۆس (Wilbur Ross)  پشتى دەگرێ و بە ملیاران دۆلارى لە بازاڕى بانکەنۆتى دارایى بەدەست کەوتووە و  ڕێککەوتننامەکانى بازرگانیى ئازاد، لەگەڵ بەندایەتى بەراورد دەکا.  ناڤارۆ و وەزیرى بازرگانى، پێکەوە وتارێکیان لەبارەى ڕێکخراوى جیهانیى بازرگانى (WTO)  نووسیوە و، ئەو ڕێکخراوە بە پلەى یەکەم لە داهێزرانى پیشەسازیى ئەمریکى بە بەرپرس دەزانن. هەر لە وتارەکەدا، داوا دەکەن ڕێککەوتننامە گرنگەکانى بوارى بازرگانیى ئازاد بەرتەسک بکرێنەوە بۆ نەهێشتنى کورتهێنانى بازرگانى کە ئێستە لە سەرووى ٥٠٠ ملیار دۆلارەوەیە.

زۆربەى شارەزا و کارناسانى بوارى ئابوورى، نەخشە و پلانەکانى دژ بە بازرگانیى ئازاد، بە لانى کەمەوە بە سادە و ساویلکەیى دەزانن و ڕەنگە پێشیان مه‌ترسیدار بێ.  فیلپس دەڵێ: "کۆسپ و تەگەرەدانان بۆ بازرگانیى دەرەکى، زەرەر و زیانى گەورە لە ئابوورى دەدا." وەک ئەو دەڵێ، ئەنجامى یەکجێ و خێراى ئەو پلانە، ئەو کەسانە هەستى پێ دەکەن کە ترامپ هەرێى پێ دابوون، کۆمەکیان بکا: ئەو کەسانەى بە هۆى جیهانگیرییەوە، کەوتنە دواوە. ئەوانە بەتایبەتى پشت بە کاڵاى هەرزان دەبەستن. لێ ئەگەر تاریفەى گومرکى لەسەر کەلوپەلى هاوردەکراو دابندرێ، ئەوا یەکجێ ژیان و بژێوى ئەوان زەحمەتتر دەبێ.

ترامپ، وێڕاى ئەوەیش، هەندە ڕێز لە بیر و ڕاى شارەزا و کارناسان ناگرێ و بەڵێنى دابوو کە گەشە و ڕەونەق بۆ شارە پیشەسازییە ژەنگگرتووەکان بگێڕێتەوە و لەو چەند هەفتەى دواییدا، وا هاتە بەرچاو کە ترامپ ساز و ئامادەیە گوشار بخاتە سەر هەر کۆمپانیایەک کە ئەرک و فەرمانەکانى خۆى بۆ دەره‌وه‌ی ئەمریکا بگوێزێتەوە.

یەکەمین قوربانیى ترامپ، گرووپى "یۆنایتد تەکنەلۆجیز" بوو، کە پلانى ئەوەى دانابوو سەدان دەرفەت و هەلى کار لە ویلایەنى "ئیندیانا"وە بۆ مەکسیک وەگوێزێ. لە تویتەر، ترامپ کەوتە دووى ئەو کۆمپانیایە. ئێستە ئەو کۆمپانیایە بەتەمایە هەندێ کار و فەرمانى خۆى لە چەند کۆمپانیایەکى دیکەى ئەمریکا بپارێزێ وەک (فۆرد و جەنەراڵ مۆتۆرز و چەند کۆمپانیەکى دیکە)، هەروا ئەو کۆمپانیایە دەڵێ ئێستە پێوەن سەبارەت بە گواستنەوەى چەند بەشێکى کار و بەرهەمى خۆیان بۆ مەکسیک، بە پلانەکانیاندا بچنەوە، چونکە پاش هێرش و پەلامارەکانى ترامپ نرخ و بەهاى پشکەکانیان کەوتووەتە بن گوشارەوە..

"پێ دەچێ ئەو پلانە ئابوورییە، وەک سەردەمى فاشیزم بێ"، هەڵگرى خەڵاتى نۆبڵ، فیلیپس وا دەڵێ. "دەبێ پێشەوا و ڕابەر لە ئابووریش بەرپرس بێ و ئەو بە کۆمپانیاکان بڵێ چ بکەن و چ نەکەن."

فيليپس دەڵێ گەورەترین مه‌ترسی لەسەر داهێنانى کۆمپانیاکانە. «ئەگەر داهێنەرێک هزر و بیرى بەرهەمێکى نوێ، یان کۆمپانیایەکى نوێى بە زەیندا بێ، لێ نیگەران بێ کە داخوا دەبێتە نیشان و ئارمانجى کار و کردەى سزایییانە، یان لە لایەن سەرۆکى حکوومەتەوە دەکەوێتە بەر هەڕەشە، ئەوا دووجار بیر دەکاتەوە کە ئایا پارە و تواناى خۆى بەگەڕ بخات یان نا."

نیشانە و ئارمانجى نوێ

یەکێ لەو پیشەسازییانەى کە بەو دوایییە کەوتنە بەر شاڵاوى ترامپ، کۆمپانیاى دەرمانسازى بوو. سەبارەت بە داخوازیى کەمکردنەوەى نرخى داودەرمانان، ترامپ بار و ڕەوشێکى نادڵنیایى لەنێوان کۆمپانیاکانى دەرمانسازى و دامەزراوەکانى بایۆتەکنیکدا نایەوە. چ دەبێ ئەگەر لە ئاییندەدا حکوومەت نرخى داودەرمانان جێگیر بکا؟  لەوانەیە باشتر بێ کە بۆ ماوەیەک وەبەرهێنان لەو بوارەدا سڕ بکرێ؟

ترامپ بەو قسانە گریانى نایێ و باکى بە دڕدۆنگیى ئەم و ئەو نییە. بەپێچەوانەوە ترامپ دەیەوێ بلەز نیزامە نوێیە ئابوورییەکەى خۆى هەم لەناو ئەمریکا و هەم لە دنیادا بەرەو پێشەوە تاو بدا. بێ لەوە زۆر بلەز و بەزیشە (به‌په‌له‌یه‌) کە کۆمپانیاکانى ئەڵمانیا بکاتە ئارمانج و نیشانەى دیکەى خۆى. بۆ نموونە، ترامپ هەڕەشە لە BMWبە دانانى تاریفەى ٣٥% دەکا ئەگەر ئۆتۆمبێلسازیى ئەڵمانى، کارگەیەکى نوێى ئۆتۆمبێلسازى لە مەکسیک بکاتەوە. لە دوا پۆستى تویتەردا، ترامپ دەنووسێ: "کۆمپانیاکانى ئۆتۆمبێل و ئەوانى دیکەیش، ئەگەر بیانەوێ لە وڵاتى ئێمەدا بزنس بکەن، ئەوا دەبێ لێرەیش شتگەلێک بکەن."

سەرۆکى ئەمریکا لە پەلامارى خۆى بۆ سەر ئۆتۆمبێلسازیى ئەڵمانى، قامکى بۆ کۆمپانیایەک ڕاکێشا کە ڕاستییه‌كه‌ی، دەکرێ وەک نموونەیەک بۆ وەبەرهێنى سەرڕاست و کامڵى بیانى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا چاوى لێ بکرێ.  بى ئێم دەبلیۆ، ٢٠ ساڵ زێترە لە سپارتنبرک لە ویلایەتى ساوس کارۆلینا، ئۆتۆمبێل دروست دەکا.  لە ٢٠١٦دا،  لەوێ  لە سەرووى ٤١١٠٠٠ ئۆتۆمبێل دروست کراوە، زۆر لەو بى ئێم دەبلیۆیانەى کە  لە ئەمریکا دێنە فرۆشتن، زۆرترە. کۆمپانیاى بى ئێم دەبلیۆ  و ئەوانەى شتى لێ دەکڕن، دەوروبەرى ٧٠٠٠٠ خەڵکى ئەمریکا کار پێ دەکەن و نەخشە و پلانیان ئەوەیە کە زۆر لەوە زۆرتر کار بە خەڵک بکەن.

کۆمپانیاى بى ئێم دەبلیۆ بەشداریى لە کەمکردنەوەى کورتهێنانى بازرگانیى لە ئەمریکا دەکا. ٧٠%ى ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە کۆمپانیاى بى ئێم دەبلیۆ لە ئەمریکا بەرهەمیان دێنێ، دەنێردرێنە دەره‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ی، بایى ١٠ بلیۆن دۆلار ئۆتۆمبێل هەناردە دەکرێ، کۆمپانیاى باڤاریا لە ئەمریکا بە گەورەترین کۆمپانیاى هەنارده‌ دادەنرێ. بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بى ئێم دەبلیۆ  هیرالد کرۆگەر (Harald Krüger) دەڵێ: "ئێمە ئاماژە بۆ ئەمریکا وەک نیشتمانى دووەم دەکەین."

تا ئێستە هەڕەشەکەى سەرۆکى ئەمریکا  زۆر کارى  لە بنکەى سەرەکیى کۆمپانیاى بى ئێم دەبلیۆ لە میونیخ نەکردووە.  کۆمپانیاى بى ئێم دەبلیۆ لەسەر دروستکردنى کارگەکەى خۆى لە مەکسیک بەردەوامە و وەک نەخشەى بۆ کێشراوە لە ٢٠١٩دا تەواو دەبێ و ئیدى کۆمپانیاى ئۆتۆمبێلسازى  دەتوانێ بەئاسانى  ئۆتۆمبێلی ٣ى سریەسى  سیدان 3-Series sedans بەرهەم بهێنێ و لەوێوە، جگە لە ئەمریکا، بۆ وڵاتانى دیکەى بنێرێ.

بە هەر حاڵ، کۆمپانیاکانى دیکەى ئۆتۆمبێلسازیى ئەڵمانى، بە بەراورد بەو ئۆتۆمبێلانەى لە مەکسیک، لە بابەتى دایملر و ڤۆلکسواگن بەرهەم دەهێنرێن و تاریفەى گومرکیى زێتریان دەخرێتە سەر، لە پێگەیەکى لاوازتردان. دایلمر، هەڵبەت، لەمێژە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و لۆرى لە ئەمریکا دروست دەکا و، ئێستە ئەو کۆمپانیایە  بوونى خۆى لە ئەمریکا بەرفرە کردووە لە ڕێگەى گواستنەوەى بەرهەمهێنانى Sprinter van لە "دۆسلدرۆف"ەوە بۆ "ساوس کارۆلینا". لێ نیوەى زێترى ئەو لۆرییانەى کە دایلمر لە ئەمریکا دەیانفرۆشێ، لە مەکسیک دێنە سازکردن. دانانى تاریفەیەکى ٣٥%، وا دەکا ئەم بەشەى کۆمپانیاکە، لێرە بەدواوە بێسوود و مفا بێ.

 

سەرچاوە:

http://www.spiegel.de

بەشی یەکەم:

پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples