2017-02-10
سەردەمى نوێى پارێزوانى
پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم
دیر شپیگل بەشى (٣)
پشتئەستورى بە بازرگانیى ئازاد
هەر بەو شێوەیە ئەنجامەکان بۆ کۆمپانیاى فۆلکس واگن-یش کارەساتهێنن. یەکێ لە کارگە هەرە گرینگەکانى ئەو کۆمپانیایە لە پۆیبلا-ى مەکسیکە، کە لەوێ ئۆتۆمبێلى گۆلف و جیتا و بیتل و بەم دوایییەیش تیگوان ساز دەکرێن. کۆمپانیاى فۆلکس واگۆن، ٦٠%ى ئەو ئۆتۆمبێلانەى لە پۆبیلا دێنە سازکردن، بە ئەمریکایان دەفرۆشێ. ئێستە ئەم کۆمپانیایە، کارگەیەکى دیکەى ئۆتۆمبێلسازى لە سان خۆزێ چیاپا (San José Chiapa) دروست دەکا کە لەوێ کۆمپانیاى ئۆدى بە تەمایە ئۆتۆمبێلى ٤ پستنىQ5 ساز بکا و زۆربەیشیان بۆ ئەمریکاى بنێرێ.
لە ئاهەنگى دانانى بەردى بناغەى کارگەکەدا، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى ئۆدى (Audi)، ڕۆپرت ستادلەر (Rupert Stadler)دروشمى "بژى مەکسیک، بژى ئۆدى"ی گوتەوە. ئێستە ستادلەر نایەوێ کۆمێنت و سەرنج لەبارەى پەلامارەکانى سەرۆکى ئەمریکا بۆ سەر مۆدێلى بێزنسى کۆمپانیاکەى دەرببڕێ. هەر ستادلەر نا، بەڵکوو بەڕێوەبەره جێبەجێکارەکانى دیکەى دیملر و بى ئێم دەبلیۆش خۆ لە قسان دەبوێرن.
کرۆگەرى بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى بى ئێم دەبلیۆ دەڵێ: "ئەوە ڕاستییەکە و هەر وایش دەمێنێتەوە و ئۆتۆمبێلسازیى جیهانى، هەر پشت بە بازاڕى ئازاد دەبەستێ." دیتەر زیتش (Dieter Zetsche)ی بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى دایلمر دەڵێ: "من پێم وایە بەگشتى یەکدی تەکاموڵکردن لە بازرگانیى جیهانى، قازانج و سوودێکى سەرەکیى بۆ هەموو لایەنە پێوەنددارەکان هەیە." کەس نایەوێ ترامپ بورووژێنێ. میتۆدى کار ئەوەیە، خۆت لە هەڕەشەکانى کۆشکى سپى لا بدەى. لەودیو پەردەکانەوە، کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن پێوەندى بە کەسە نزیکەکانى سەرۆکەوە بکەن و ئەو کەناڵانە بەکار بێنن بۆ دڵنیابوون لە وەى کە فاکتەکان وەک خۆیان سەبارەت بە چالاکیى بێزنسمانەکانى ئەڵمان لە ئەمریکا، بە گوێى ترامپ بگەن.
ڕاستییهكهی، دەکرێ هەندێ کۆمپانیاى ئەڵمانى کە لە بازاڕى ئەمریکیدا چوست و چالاکن، سوود لە سیاسەتى ترامپۆنۆمیک وەربگرن. بەتایبەتى ئەگەرى وەبەرهێنانى گەورە و زۆر لە بوارى ژێرخاندا هەیە. هەروا دەشێ سوود لە ڕێنیوێنییە کز و بێكاریگهرییەکانى پاراستنى ژینگەیش وەربگرن.
«ڕوانگە و تێڕوانینی کۆمپانیاکانى ئێمە ئەوەیە کە خۆیان تێکەڵى سیاسەتى ئەمریکا نەکەن و نە پەسنى قازانج و سوودە گریمانەیییەکانى سیاسەتى ئۆتۆریتانەى ئابووریى ئەوێ بکەن و نە بە شان و باڵیدا هەڵبدەن»، مایکل ڤاسیلیادس Michael Vassiliadisى سەرۆکى یەکێتیى کارگوزارانى ئەڵمانیا لە بوارەکانى پیشەسازیى کانزایى، کیمیایى و وزەدا (IG Bergau) دەڵێ: «ئەو کەسانەى ساڵەهاى ساڵە بانگەشە بۆ کۆسمۆپۆلیتانیزم و بەجیهانیبوون دەکەن، ئێستە سووک و ئاسان و بەبێدەنگى بە شان و باڵى سیاسەتى پاراستنى بازاڕى ناوخۆى ئەمریکى لە هەمبەر کاڵاى بیانى، هەڵناڵێن».
بەڕێوەبەرانى ئەڵمانیا، دەبێ هەرچۆنێک بووە واز لە بەپارێزبوون بهێنن و لە سیاسەتەکانى ترامپ بکۆڵنەوە کە چۆن نوێنەرایەتیى پەلامارى لەپێشەوەى مۆدێلى ئەڵمانیى هەناردەكردنی کاڵا دەکەن. ئابووریى ئەڵمانى تا ڕاددەیەکى زۆر پشتى بە بازرگانیى ئازاد بەستووە و، یەک لەسەر چوارى کار و وەزیفە و پیشەى خەڵک بە بێزنسى دەرەکى بەستراوەتەوە. گەلێک لە کۆمپانیاکان، سەد ساڵ زێترە کە تەکەز لەسەر بازاڕى جیهانى دەکەن.
ئابووریى ئەڵمانى هەمیشە ڕاستەڕێ و بەگوڕ و بەهێز بووە، کاتێ کە بازاڕى جیهانى ئاواڵا بووە و کەلوپەڵ و کاڵا بهبێ کۆسپ ڕۆیشتووە و هاتووە. ژمارەیەکى کەمى ئابووریى پیشەسازیى وڵاتان، تەباى ئەڵمانیا، نەمازە لە نیوەگۆى ڕۆژهەڵات و بەتایبەتتر چین، قازانجیان لەو کرانەوەى بازاڕى ئازادى جیهانى کردووە. لێ سەرۆکایەتیى ترامپ، لەوانەیە ئەو ئاراستەیە بۆ ماوەیەکى کاتى دابخات.
ناهاوسەنگیى گەورە
بەم دوایییە، ئەڵمانیا لە بوارى بازرگانیى جیهانیدا هۆى دایەوە و نمرەیەکى گەورەترى تۆمار کرد؛ بایى ٢٦٠ بلیۆن یۆرۆ زێتر شتى هەناردووەتە دەرەوە، بە بەراورد بە هێنانى کەلوپەل لە دەرەوە- ئەم بڕە پارە و پوڵە دەکاتە ٨%ى تەواوى بەرهەمى ناوخۆى ئەڵمانیا. سەودا و بازرگانى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا گەشەى کردووە و دەوروبەرى ٥٤ بلیۆن یۆرۆ لەو ٢٦٠ بلیۆن یۆرۆیەى سەرهوه، لە ئەمریکا بەدەست هاتووە. ئەم ناهاوسەنگییە زۆروزەبەندە، ماوەیەکى زۆرە و بەر لەوەى ترامپ ببێتە سەرۆکى ئەمریکا، بووەتە سەرچاوەیەکی(نەفەس)تەنگیى ئەمریکا. لێ چاوا دەکرێ ئەم ناهاوسەنگییە ڕاست بکرێتەوە؟
ناکرێ لۆمە و سەرزەنشتى پیشەسازیى ئەڵمانى بکرێ لە سۆنگەى زۆریى هەناردنەدهرهوهی کاڵا و بەرهەمى چاک، بەڵکوو دەبێ ڕەخنە لە سیاسەتە ئابوورییەکانى حکوومەتى ئەڵمانیا بگیرێ کە داخوازیى ناوخۆیى لەسەر کاڵا و کەلوپەلى بیانى کز و لاوازە. بەکاربەران و کۆمپانیاکان لە ناوخۆى ئەڵمانیادا پارەیەکى کەم خەرج دەکەن. کارل کریستیان ڤۆن فایتسکەر (Carl Christian von Weizsäcker)، کە ئابووریناسێکە و لە پەیمانگهى ماکس پلانک بۆ لێکۆڵێنەوە لە کاڵاى دەستەجەمعى لە بۆن کار دەکا، ئەو بۆچوونەى خۆى هێناوەتە گۆڕێ کە دەکرێ برەو به هێنانى کەلوپەل لە دەرهوهى ئەڵمانیا بدرێ، بەبێ ئەوەى هەناردنەدهرهوهى کەلوپەلى ئەڵمانى کز و لاواز بکرێ.
پێشنیازەکەى فایتیسکەر، بە جۆرێک میکانیزمێکى "برێکگرتن"ە بە هاوسەنگیى حیساباتى ئێستەی ئەڵمانیا. پهرلەمان باجى زێدە بەهاى (کاڵاى فرۆشراو و خزمەتگوزارى) کەم بکاتەوە و بەکاربەران هان بدا کە پارەى زۆرتر خەرج بکەن و کاڵاى هاوردەکراوى بیانى بکڕن و ئیدى بەم شێوەیە هاوکاریى ئابووریى ئەو وڵاتانە بکەن کە کاڵا و خزمەتگوزارى بۆ ئەڵمانیا دەنێرن. "برێکگرتن بە هاوسەنگیى حیساباتى ئێستە، دەبێتە چەکێکى بەهێز و دەکرێ دژى سیاسەتى تازە و بەرەوژوورچووى پارێزوانى بەکار بهێنرێ، چونکە سیاسەتى پاراستنى بازاڕى ناوخۆ لە هەمبەر کاڵاى بیانى، هەڕەشەیەکە بۆ سەر بووژانەوە و گەشانەوەى ئەڵمانیا." هەڵبەت، حکوومەتى ئەڵمانیا دەبێ مۆدێلێک پەسند بکات- هەنگاوێکە پێ ناچێ بهاوێژرێ.
کۆتاییى بەجیهانیبوون
سيناریۆى هەرە ڕێتێچوو ئەوەیە كه زەحمەتە پیشەسازیى ئەڵمانى بتوانێ باڵادەستیى خۆى لە بوارى هەناردنەدهرهوهی کاڵادا، لە ساڵانى دادێ بپارێزێ؛ ئەو جیاوازییە زۆرەى نێوان هەناردەکردن و هاوردەکردن وردە وردە دەتوێتەوە. بەجیهانیبوون تین و تاوى خۆى لەدەست دەدا و بەلانس لە ئابووریى جیهانیدا دەگۆڕێ. باڵادەستیى ڕۆژاوا – بۆ نموونە ئەوروپا و ئەمریکا- لە ڕووى نفووز و کاریگەریدانانەوە، بەسەر ئاسیا- ناوچەى ئۆقیانووسى هێمندا پاشەکشە دەکا و، جیهان بەرەو فرەجەمسەرى و ئاڵۆزیى زێتر هەنگاو دەنێ.
ئابووریناسان لە بانکى کرێدى سویس لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەى ڕەوشى گۆڕاوى جیهان وایان نووسیوە: "تێڕوانینى ئێمە ئەوەیە کە ئێستە بەجیهانیبوون لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و هێواش هێواش جیهانێک جێگەى دەگرێتەوە کە چەند جەمسەرێکى لێکجیا لە ڕووى ئابوورى و جڤاکى و ئیتنى و سیاسییەوە، دێنە ئارا." ئەمە بەم مانایەیە کە سیستهمى ئابووریى جیهانى کە تا ئێستا ناسراوە و زانراوە، ئێستە بووەتە مێژوو و لە هەر ساتێکدا بڕمێ، دەڕمێ، پرۆفیسۆرى ئابوورى، تۆماس ستراوبائار (Thomas Straubhaar) لە زانکۆى هامبۆرگ دەڵێ: دابەشبوونى جیهانیى کار لە بارى خۆڕێکخستنەوەدایە و، دەبێ ئەڵمانیا شوێن و جێگەى خۆى لە سیستهمى نوێدا ببينێتەوە.
سیاسەتوانان لە بەرلین بە نیگەرانییەکى قووڵەوە سایەدیى پەرەسەندنەکانى واشنتۆن دەکەن. لەناو وەزارەتى ئابووریى ئەڵمانیدا، سيستەمەكانی کۆمپیوتەر لەوەتەى ترامپ لە هەڵبژاردن دەرچووە حەجمانیان لێ هەڵگیراوە و لە بزاودان. بە بەکارهێنانى مۆدێلەکانى بەلانسى گشتى و ڕەمەکى، کاربەدەستان دەیانەوێ کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانى ئاخاوتن و ڕاگەیەنراوە بەدەنگودۆیەکانى ترامپ و کاریگەریى کارە فەرمی و بەرایییەکانى ترامپ وەک سەرۆک بۆ سەر ئابووریى ئەڵمانى، دەستنیشان بکەن.
سیاسەتکاران پێیان وایە: ئەگەر پیاوە هەرە بەهێزەکەى دنیا، بازاڕى ناوخۆى ئەمریکا داببڕێ، ئەوا نەشونماى ئابووریى ئەڵمانى بە پشتبەستن بە مەوداى کۆسپ و تەگهرەکانى ترامپ لە هەمبەر بازرگانیدا، بە ڕێژەى ٠.٧٥% دادەکشێت و دادەبەزێ. شارەزا و کارزانان لە وەزارەتى ئابووریى ئەڵمانى، لە ئەگەرى کشانەوەى ترامپ لە نافتا، ڕێککەوتننامەى بازاڕى ئازاد لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا، کە دوو دەیە زێترە وتوویژیان لەبارەوە کردووە، ترسیان لێ نیشتووە. ئەگەر ترامپ ئەو ڕێککەوتننامەیە هەڵوەشێنیتەوە، ئەوا ماوەیەکى ڕاگوزەرى شەش مانگى هەیە، بەر لەوەى تاریفەى گومرکى بێتە جێبەجێکردن وەک لە خوڵى دانوستانەکانى ئۆرۆگواى لە ڕێکخراوى جیهانیى بازرگانى، ڕێککەوتنى لەسەر کراوە.
هێشتا کاربەدەستان لە بەرلین، بەو هیوایەن کە حکوومەتى واشنتۆن لەوە زێتر نەڕوا. ئەو کاربەدەستانە گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە هەر بزاڤێک بۆ کشانەوە لە نافتا، ئەوا ئەو کۆمپانیایانەى ئەمریکا کە کارگەیان لە ئەمریکاى باشووردا هەیە و ڕایەڵکە و پێوەندیى توندوتۆڵیان بە هاوەڵە مەکسیکییەکانیانەوە هەیە، دڕدۆنگ دەکا. سەرچاوەکانى وەزارەتى ئابوورى دەڵێن "کۆنگرێسمانەکانى کارۆلیناى باکوور، یان ئالاباما ئەنجامەکانى ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بۆ ترامپ ڕوون دەکەنەوە." ئەگەر ترامپ لەسەر قسەکانى خۆى سوور بێ، ئەوا دەبێ پیشەسازیى ئەڵمانى کە کاڵاى خۆى بۆ دەرهوه دەنێرێ، خۆى بۆ داکشانێکى خێرا و زۆر ئامادە بکا.
سەرچاوە: