ڕێگه‌گرتن له‌ ڕووخانی ده‌وڵه‌ت له‌ سووریا

2017-02-16

ڕێگه‌گرتن له‌ ڕووخانی ده‌وڵه‌ت له‌ سووریا

پێنووس: ئه‌م نووسراوه‌یه‌ كه‌ له ‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی هزریی "ڕاند"بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، چه‌ند پێشنیاز و ڕاسپارده‌یه‌ك ده‌رباره‌ی قه‌یرانی سووریا پێشكه‌ش به‌ ئه‌مریكا ده‌كات، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌تواندرێت ڕێگه‌ له‌ ڕووخان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ پاش سه‌رده‌می كۆتاییهاتنی جه‌نگی ناوخۆیی بگیرێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌نگ و پێكدادان تا ئاستێكی زۆر، كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و، ده‌تواندرێت شكست به‌و گرووپه‌ تیرۆریستییانه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا به‌هێز بوونه‌ و كۆنترۆڵیان به‌سه‌ر به‌شێكی زۆر له‌ سووریادا هه‌یه‌، بهێندرێت.

به‌ بڕوای نووسه‌رانی ئه‌م ڕاسپارده‌یه،‌ ئه‌م سێ ئامانجه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێت به‌ باشترین شێوه‌ له‌ ڕێگه‌ی كاركردنی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، جێبه‌جێ بكرێت و بێته‌ دی. به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكی ناوچه‌یی بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگی حه‌وت ساڵه‌ی سووریا نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌ و بوونی نه‌بێت. بێجگه‌ له‌وه‌یش كه‌لتووری سیاسیی سووریا و مێژووی هاوچه‌رخی سووریا، ده‌ربڕی ناوه‌ندگه‌رایی و نه‌ته‌وه‌گه‌رایی (ناسیۆنالیزم)‌ه‌ له‌و وڵاته‌دا، كه‌ پێویسته‌ و ده‌بێت له‌ داڕشتنی پلان و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی قۆناغی پاش جه‌نگ، له‌به‌رچاو بگیرێت. 

له ‌به‌رامبه‌ردا، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ چ به ‌شێوه‌ی به‌مه‌به‌ست و ئاگایانه‌ و چ به ‌شێوه‌ی بێمه‌به‌ست و به‌هه‌ڵه،‌ به‌ دوای دابه‌شكردنی سووریا و لاوازكردن و دروستكردنی ناسه‌قامگیری له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تیدان، له‌وانه‌یه‌ ئاكام و ده‌رهاوێشته‌ی زیانبه‌خش به ‌دوای خۆیاندا بێنن و، له‌ كۆتاییشدا ببنه‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌نگ و پێكدادانه‌كان له‌و وڵاته‌دا. به‌م پێیه‌یش، گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی وه‌كوو پاڵپشتی و پشتیوانی و یارمه‌تیدانی ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر حكوومه‌تی ئێستا و له‌وانه‌یه‌ حكوومه‌تی داهاتووی سووریا، یاخود ئه‌و  پلان و به‌رنامانه‌ی كه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئاوادانكردنه‌وه‌ی سووریا، جه‌خت له‌سه‌ر یارمه‌تی و به‌هێزتركردنی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیییه‌كان له‌سه‌ر حسابی لاوازكردنی حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موویان كاریگه‌ری و شوێنه‌واری زیانبه‌خشیان هه‌یه‌ و  له‌وانه‌یه‌ ببنه‌ هۆكاری هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی دووباره‌ی ئاگری جه‌نگی ناوخۆیی له‌ سووریادا.

شرۆڤه‌ و پێشنیاز و ڕاسپارده‌كانی ئه‌م نووسراوه‌یه،‌ ده‌توانێت له‌ لایه‌ن سیاسه‌تداڕێژه‌ران و ڕاگه‌یاندنه‌كان و ئه‌و توێژه‌رانه‌ی كه‌ له‌ بواره‌كانی سیاسه‌تی ده‌روه‌ی ئه‌مریكا و كاروباری سووریا و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگ، هه‌روه‌ها به‌سوود و به‌كه‌ڵك بێت.

ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌

یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رده‌م ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ سووریادا، بڵاوبوونه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌.

  1. ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریادا، كه‌ چاره‌سه‌ركردنی سیاسیی قه‌یرانی سووریا و شكستپێهێنانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی وه‌كوو داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ (جبهه‌ النصره- لقی ڕێكخراوی القاعده‌ له‌ سووریا) له‌خۆ ده‌گرێت، له ‌ڕێگه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ باشترین شێوه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت؛ به‌تایبه‌ت كه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكی ناوچه‌یی بۆ كۆتاییهێنان به‌و جه‌نگه‌ حه‌وت ساڵه‌یه‌ له‌ ئارادا نه‌بێت.
  2. یه‌كگرتوویی و هه‌ماهه‌نگیی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌هێزبوونی حكوومه‌تی داهاتووی سوووریا هه‌بێت و، له‌ دابینكردنی ئاسایش و خێراتركردنی پرۆسه‌ی ئاوادانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا ڕۆڵێكی ئه‌رێنی و كاریگه‌ری هه‌بێت.
  3. گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆك كۆماری ئێستای سووریا،‌ بۆ حكوومه‌تی نوێ و گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنێكی سیاسیی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه‌، ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی دانوستاندنه‌كان و میانگیریی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌ به‌شداریی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و شه‌ریك و هاوپه‌یمانه‌ ناوچه‌یییه‌كانی سووریا، واته‌ ئێران و ڕووسیادا، ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. به‌م پێیه‌یش، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وت و كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ هۆی توندتربوونی بارگرژی و پێكدادانه‌كان یاخود درێژتربوونه‌وه‌ی جه‌نگ، دوور بكه‌ونه‌وه‌ و خۆیانی لێ ببوێرن.

له ‌ئه‌گه‌ری دابه‌شبوون یاخود هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سووریا، جێگیركردنی سه‌قامگیری له‌ قۆناغی پاش جه‌نگ زۆر ئه‌سته‌م و سه‌خت ده‌بێت.

  1. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌بێت دژایه‌تیی هه‌ر چه‌شنه‌ سیاسه‌تێك  بكات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و دابه‌شبوون یاخود ڕووخانی ده‌وڵه‌تی سووریا. له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه،‌ یان ڕووخانی سووریا، ئه‌م وڵاته‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی ناسه‌قامگیری و توندڕه‌ویی زیاتر  له‌ ناوچه‌كه‌دا و، ئاسه‌وار و پریشكی ئه‌م ناسه‌قامگیری و توندڕه‌وییه‌یش هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌.
  2. ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییی تا ڕادده‌یه‌ك  به‌هێز و، بوونی حكوومه‌تێكی ناوه‌ندی، ده‌توانێت ببێته‌ هۆی دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو و یه‌كپارچه،‌ یاخود ئه‌گه‌ره‌كانی گه‌یشتن به‌م هه‌لومه‌رجه‌ به‌هێز ده‌كات.
  3. ئه‌زموونه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی جه‌نگ و پێكدادانه‌كان، به‌تایبه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ئه‌فغانستان، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ دابینكردنی ئاسایش له‌ قۆناغی پاش جه‌نگ و به‌ڕێوه‌بردن و ئاوادانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا، پێویستیی به‌ بوونی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تیی به‌رده‌وام و جێگیر و ناوه‌ندی هه‌یه‌.

ڕاسپارده‌ و پێشنیازه‌كان (بۆ ئه‌مریكا)

  1. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ڕووسیا، ده‌توانن له ‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ چه‌ندین به‌ربه‌ست و سنوور بۆ  حزب و گرووپه‌ ناوچه‌یبیه‌كانی سووریا پێناسه‌ بكه‌ن و، ڕه‌وایه‌تیی پێویست بۆ پلان و به‌رنامه‌كانی جێگیركردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ دوای قۆناغی جه‌نگ له‌ سووریادا فه‌راهه‌م بكه‌ن.
  2. هاوكارییه‌ سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌ به‌رفراوانه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیا به‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تیكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش و به‌ره‌ی نوسره،‌ پێویسته‌ به‌ شێوازێك بێت كه‌ ڕێگه‌ له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ زیاده‌ڕه‌وی بگرێت له‌ بۆردوومانكردن یاخود پێشێلكاری له‌ هه‌مبه‌ر خه‌ڵكی سڤیل له‌ لایه‌ن ڕووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ جه‌نگی سووریادا، وه‌كوو سوورییه‌كان و ئێرانییه‌كان و هێزه‌كانی حزبوڵڵای لوبنان.
  3. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، پێویسته‌ نیگه‌رانییه‌كانی توركیا ده‌رباره‌ی ڕۆڵی حزبه‌كانی كوردی سووریا ڕه‌چاو بكات. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌مریكا، ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)  هان بدات بۆ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستاندنه‌ سیاسییه‌كانی نێوانیان.
  4. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، پێویسته‌ ڕێگه‌ له‌و پلان و به‌رنامانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و دابه‌شكردنی سووریا، یان ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ زیاتر له‌ پێویست حكوومه‌ته‌ خۆجێیییه‌كان له‌سه‌ر حسابی لاوازكردنی حكوومه‌تی ناوه‌ندی، به‌هێز ده‌كه‌ن، بگرێت؛ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رنامه‌ و هه‌وڵی له‌م چه‌شنه،‌ ئاسۆكانی جێگركردنی سه‌قامگیریی درێژخایه‌ن له‌ سووریادا لاواز ده‌كات.
  5. گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌ بۆ حكوومه‌تی نوێ، پێویسته‌ به‌ ڕێككه‌وتن و ڕه‌زامه‌ندیی هه‌موو لایه‌نه‌ ناوچه‌یییه‌كان بێت. هه‌روه‌ها ڕێوشوێنه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ڕێبه‌رایه‌تیكردنی ئه‌م ڕه‌وته و یارمه‌تیدانی جێگیركردنی بارودۆخ و سه‌قامگیری له‌ سووریای پاش قۆناغی جه‌نگ، ‌ پێویسته‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌م جه‌نگه‌دا بێت.

 

سه‌رچاوه‌:

http://www.rand.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples