2017-02-20
عێراقی (2017)
"ڕه‌وت و پێشهاته‌كان"
د. عەلی ئەکبەر ئەسەدی
وەرگێڕانی: جەلیل عەباس نادر
عێراق له بارودۆخی ئێستادا گیرۆده‌ی چه‌ندین گۆڕانكاریی چاره‌نووسسازه، وه‌كوو شه‌ڕی مووسڵ، كه كاریگه‌رییه‌كی گرنگی له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌م وڵاته و ته‌نانه‌ت ڕۆژاوای "ئاسیا"یش ده‌بێت . له كاتێكدا عێراق له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین ململانێ و كێشه‌ی سیاسی – ئه‌منی و ته‌نانه‌ت ئابووریی گرینگ بووه‌ته‌وه، به‌ڵام "زیاد بوونی" هێزی سه‌ربازیی عێراق و دوایین سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانیان به‌رامبه‌ر داعش، ده‌توانێت ئاسۆیه‌كی جیاواز بۆ ئه‌م وڵاته وێنا بكات.
له‌م ڕاپۆرته‌دا، به مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنی باشتر له ڕووداو و ئه‌گه‌ره‌كانی عێراق له ساڵی (2017)، پێداچوونه‌وه و شرۆڤه‌ی پێشبینییه‌كانی هه‌ندێ له گرینگ‌ترین دامه‌زاوه و سه‌نته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی بارودۆخی عێراق بۆ ساڵی ( 2017 ) ده‌كه‌ین. ئه‌م پێشبینییانه كۆمه‌ڵێك شیكردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرن له په‌یوه‌ندییه ناوچه‌یییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا، هه‌روه‌ها كێشه‌كانی ناوخۆی كورد تا كێشه ئابوو‌رییه‌كانی ئه‌م وڵاته.
دامه‌زراوه‌ی "ستراتفۆر " :
به‌پێی پێشبینیی دامه‌زراوه‌ی "ستراتفۆر"، توركیا له ساڵی ( 2017 )، كاریگه‌ریی خۆی له باكووری عێراق په‌ره پێ ده‌دات كه ناوچه‌كانی شنگال، مووسڵ، هه‌ولێر و كه‌ركووك له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌م وڵاته بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییی هێزه، كه پاش شكستی داعش دروست ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئێران ڕكابه‌ری ده‌كات . "به‌غدا"یش پاش شكستی داعش هه‌وڵ ده‌دات پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆنترۆڵ بكاته‌وه.
له‌م بارودۆخه‌دا توركیا بۆ ده‌رخستنی خۆی وه‌كوو ده‌وڵه‌تێكی پشتیوان بۆ سوننه‌كانی ناوچه‌كه، هه‌وڵ ده‌دات گرووپه‌كانی ژێركاریگه‌ریی خۆی به‌هێز بكات. زیندووكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی توركیا، مه‌ترسییه بۆ كاریگه‌ریی ئێران له باكووری سووریا و عێراق. "تاران"یش بژارده‌ی زۆری له‌به‌رده‌ستدایه بۆ كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر توركیا.
ئێران، هانی شیعه‌كانی به‌غدا ده‌دات بۆ خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ی كه به "داگیركاریی توركیا" ناوی ده‌بات. هه‌روه‌ها ئێران بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی "ئه‌نكارا"، پشت به میلیشیا شیعه‌كان ده‌به‌ستێت كه له ڕێگه‌ی به‌ده‌ستهێنانی زه‌وی و كه‌ڵكوه‌رگرتن له كه‌لێن و ناكۆكیی نێوان كورده‌كانی عێراق ڕوو ده‌دات. سعوودیا و وڵاتانی ئه‌ندام له "ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی فارس"یش كه كاریگه‌رییه‌كی كه‌متریان له عێراق هه‌یه، بۆ زیادكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سوننه، له‌گه‌ڵ توركیا ده‌بن.
هه‌روه‌ها كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، كورده‌كانی عێراق زۆرتر په‌رته‌وازه ده‌كات . هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنان و كۆنترۆڵی قه‌ڵه‌مڕه‌و و "دروستكردنی" كاریگه‌ریی زۆرتر ( له لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییەوە)، پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق كه توركیا پاڵپشتیی لێ ده‌كات، ڕووبه‌ڕووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كاته‌وه. گرژی و ئاڵۆزی له كه‌ركووكی پڕ له "نه‌وت"یش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك به‌ده‌ستی هێناوه، بیپارێزێت و "به‌غدا"یش هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه وه‌ری بگرێته‌وه؛ ئه‌مه‌یش هاوكاریی نه‌وتی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تووشی كۆسپ و ته‌گه‌ره ده‌كاته‌وه.
كه‌واته سه‌ره‌ڕای ئه‌و ده‌سكه‌وته زۆرانه‌ی كه كورده‌كان له جه‌نگی دژی داعش به‌ده‌ستیان هێناوه، ململانێكانی داهاتوو هه‌ر جۆره هه‌وڵێك بۆ یه‌كگرتن و یه‌كخستنی كورده‌كان ڕووبه‌ڕووی كێشه ده‌كاته‌وه.
دامه‌زراوه‌ی كاتهۆن:
دامه‌زراوه‌ی كاتهۆن له ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه پێشبینیی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژاوای ئاسیا و له‌وانه‌یش عێراق بۆ ساڵی 2017 ده‌كات. بە بڕواى نووسەر، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکى ڕێکخستەوەى جیۆپۆلیتیکى بنەڕەتيیە و دەوڵەتی ڕووسیا سەرقاڵى دروستکردنى هاوئاهەنگیى هێزە گەورەکانە لە نێوان خۆى و ئێران و تورکیا, بە مەبەستى کۆتایىهێنان بە جەنگى سووریا. بەڵام ئەم بەشداریکردنە، دەکرێت لەژێر کاریگەریى ئامانجە جیاواز و دژبەیەکەکانى ئێران و تورکیا لە عێراق سەرکەوتوو نەبێت.
ئێران و تورکیا لە عێراق ، پاڵپشتى لە چەند گرووپێکى جیاواز دەکەن کە "ئەم گرووپانە" لە بەرامبەر ئازادیى وڵات لە دەسەڵاتى داعش، ئامانجى سیاسیى جۆراوجۆریان هەیە. هەرچەندە حکوومەتى کوردستان بە پشتیوانیی تورکیا و، میلیشیا شیعییەکان بە پشتیوانیى ئێران لە شه‌ڕى مووسڵ هاوپەیمانن، بەڵام ئامانجى جۆراوجۆریان لەم بارەوە هەیە؛ کوردەکان چاویان لە سەربەخۆیی لە عێراقە لە پاش شەڕی مووسڵ، بەڵام شیعەکان لە ڕووى سیاسییەوە ئامانجێکى وایان نییە. کەواتە بە سه‌رنجدان لەوەی کە کوردەکان دەسەڵاتیان بەسەر هەندێک لەناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان (وەکوو ناوچەى دەوڵەمەند بە نەوتى کەرکووک) هەیە، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ سەربەخۆییى کوردەکان، دەبێتە هۆى دروستبوونى شەڕى ناوخۆیى لە عێراق. لەم بارەیەوە ڕێگەچارەیەک هەیە کە بریتییە لە جۆرێک لە "فیدڕاڵیزمى ناسنامه‌یى" بۆ هەر یەک لە پێکهاتە سەرەکییەکانى شیعە، سوننە و کورد لە عێراق، کە دەبنە چەند یەکەیەکى سیاسیى نیمچە-سەربەخۆ، کە سەربەخۆیییان لە یەکتر و لە بەغدا زۆر زیاد دەبێت. بەڵام ئەم ڕێگەچارەیە پێویستیى بە گەیشتن بە کۆدەنگییەک هەیە لەسەر داهات، سوپاى نەتەوەیى و سوپاى هەر "هەرێم"ێک و ... بۆ خۆپاراستن و ڕێگرىکردن لە جه‌نگى ناوخۆیى.
بە ئاوڕدانەوە لە نیگەرانییە هاوبەشەکانى ئێران و تورکیا لە ناسەقامگیرى لە سنوورە دوورودرێژەکانیان لەگەڵ عێراق، ئەم دوو وڵاتە دەبێت لەسەر ئەم بابەتە بگەنە ڕێککەوتنێک.
ئەلمانیتۆر:
شرۆڤەکارى ئەلمانیتۆر باوەرى وایە سەرەڕاى نزیکبوونەوەى داعش لە کۆتاییيەکانى لە عێراق، ململانێکانى عێراقى پاش داعش بەئاسانى چارەسەر ناکرێن. گرووپە ناوخۆیییەکان، ململانێ و ڕکابەرییان لەسەر قۆناغى پاش جەنگ دەست پێ کردووە. هەروەها هێزە ناوچەیيیەکان بۆ "دروستکردنى" کاریگەرى لەسەر ناوچەکە ڕکابەرى دەکەن.
مەسەلە و پرسى گرینگ لەم بارەیە، سیاسەتى ئەمریکایە لە سەردەمى ترەمپ؛ ئایا دەوڵەتى ترەمپ ڕێگە بە ئەکتەرە ناوچەییيەکان دەدات بۆ ڕۆڵگێڕان لە عێراق، یان کۆتایى بە ڕۆڵى ئەم ئەکتەرانە دێنێت. بارودۆخى هەنووکەییى عێراق، پێشبینى لەسەر دۆخى ئەم وڵاتە لە ساڵى ( ٢٠١٧ )، تا ڕاددەیەک ئاسان دەکات.
ئەم وڵاتە وەکوو ساڵانى ( ٢٠١٥ ) و ( ٢٠١٦ ) چاوەڕوانى گفتوگۆى سیاسیى نێوان ئەو لایەن و ڕەوتانە دەکات کە لەگەڵ گرووپە سەربازیيەکان پەیوەندییان هەیە؛ کەواتە عێراقییەکان نیگەرانى پێکدادانى سەربازیى گەورەن لە وڵاتەکەیان. هەروەها لە ساڵى ( ٢٠١٧) ناڕەزایەتیى زۆرتر دەبێت و قەیرانى ئابوورى، کاریگەریى لەسەر بارودۆخى باشوورى عێراق دەبێت، کە دەبێتە هۆى هاندانى دانیشتووانى پارێزگاى بەسره بۆ داواکاریى پشکى زۆرتر لە داهاتى نەوت. پارێزگاکانى دیکەیش لە باشوور، بە هۆى گرفتى ئابوورى و زۆربوونى ڕێژەى هەژارى، دەتوانن هەمان ڕیگەى دانیشتووانى بەسره بگرنە بەر.
پێكدادانى سەرەکى لە ساڵى ( ٢٠١٧) لە نێوان عەرەبەکان و کوردەکان لە "ناوچە کێشەلەسەرەکان" ڕوو دەدات. پێکدادانى توندوتیژانە لەناوچە کەمینەکانى عێراق (دەشتى نەینەوا و شنگال لە پارێزگاى نەینەوا) ڕوو دەدات. ئەم بارودۆخە، گەڕانەوەى مه‌سیحی، ئێزیدی و شەبەکە ئاوارەکان بۆ ئەم ناوچانە ئەستەم دەکات.
لە ده‌رەنجامى سەرنەکەوتن لە پاراستنى مافى کەمینەکان لە وتووێژەکانى ئاشتى، کەمینە عێراقییەکانى بەشداربوو لە پێکدادانەکان، ناتوانن بەشێک لە پرۆسەى چارەسەرکردنى پێکدادانەکان بن. کەواتە، لە کاتێکدا کە چارەنووسى ناوچەکانى کەمینەکان لە قۆناغى پاش داعش دیارى دەکرێت، بەڵام خۆیان لە پەڕاوێزى "دیاریکردنى چارەنووسیان"دا دەبن.
فۆریەن بریف:
ماڵپەرى ئینترنێتیى "فۆریەن بریف" لە پێشبینیی "جیۆپۆلیتیکی"ی خۆى سەبارەت بە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا، تاووتوێى هەندێک لە ڕووداوەکانى عێراق بۆ ساڵى (٢٠١٧) دەکات. پەرەسەندنى ناکۆکیى قەومى (ئیتنی) – مەزهەبى و دووبەرەکى و ململانێ سیاسییەکان، هەوڵى کوردەکان بۆ جێگیرکردنى خۆیان لەناوچە کێشەلەسەرەکان و زیادبوونى هێز و "توانا"ى بەڕێوەبردنى خۆیان، پەرەسەندنى چالاکییەکانى حەشدى شەعبى و ئەگەرى بەشەڕهاتن لەگەڵ سوننە و کوردەکان و بەردەوامیى چالاکییە لاوازەکانى گرووپە چەکدارە سوننەکان, لە گرینگ‌ترین پێشبینییەکانى ماڵپەرى "فۆرین بریف" دەربارەى عێراقى ( ٢٠١٧) یە.
بە بڕواى نووسەرى ئەم شیکردنەوەیه، سەرەڕاى هەوڵە یەکپارچەکانى میلیشیاکان و هێزەکانى ئاسایشى هاوپەیمانى دژى داعش لە جه‌نگى داعش، ئەم گرووپانە لە ساڵى ( ٢٠١٧) بۆ پڕکردەوەى ئەو بۆشاییى هێزە، کە لە دەرەنجامى نەمانى گرووپى تیرۆریستیى داعش دروست دەبێت، لەگەڵ یەکتر دەکەونە ململانێ. کەواتە عێراق و به‌تایبەت باکوورى ئەم وڵاتە بە شێوەیەکى بەرفراوان لەسەر بنەماى مەزهەبى، ئیتنی و سیاسی دابەش دەبێت . لەم ساڵە، گرژییەکانى نێوان دەوڵەتى ناوەندى و هەرێمى کوردستان زیاد دەبێت، کە زۆرتر لەسەر ناوچە دابڕاوەکان وەکوو کەرکووک چڕ دەبێتەوە.
لەم بوارەدا، هەرێم بۆ بەهێزکردنى داواکارییەکانى لەسەر ئەم ناوچانە، هەوڵ دەدات ژمارەى دانیشتووانى کورد لەم ناوچانە زیاد بکات و گرووپە ئیتنییەکانى تر بکاتە دەرەوە. ململانێیەکانى ساڵى ( ٢٠١٧)، لەسەر نەوت و خاک چڕ دەبێتەوە و، حکوومەتى هەرێم بێجگە لە کۆنترۆڵى خاک هەوڵ دەدات سەربەخۆییى خۆى (نەگەڕانەوەى بۆ بەغدا) لە بوارى بەرهەمهێنانى نەوت و بازرگانى، زۆرتر بکات.
لە ساڵى ( ٢٠١٧)، حه‌شدى شەعبى لەگەڵ دانیشتووانى خۆجێیی (محلی)ی سوننە و کورد، تووشى گرژى و ئاڵۆزى دەبێتەوە . هەروەها هەوڵ دەدەن لەناو هێزە ئەمنییەکانى عێراق، پێگەیەکى بەهێزتر و دیارتریان هەبێت. "بەغدا"یش مەبەستى کەمکردنەوەى دەسەڵاتى ئەم هێزانەى نییە. هەروەها سەرکردەکانى حه‌شدى شەعبى دەربارەى بەردەوامیى چالاکیى هێزەکانیان وەکوو هێزێکى تەنیا ناوخۆیى، یان بەشدار لە ئاستى ناوچەیى، وەکوو قەیرانى سووریا، تووشى دووبەرەکى دەبن.
کەواته، هەندێک لەم هێزانە لەوانەیە لەسەر داواکاریى "بەشار ئەسەد" بۆ ئامادەبوونیان لە سووریا وەڵامى ئیجابى بدەنەوە، بەڵام زۆرینەیان لەناو عێراق دەمێننەوە. هەڕەشەى شۆڕشگێڕانى سوننە، پاش ئازادکردنى مووسڵ لە ساڵى ( ٢٠١٧) هەندێک کەمتر دەبێتەوە. بنبڕکردنى داعش لە ناوچەکانى دەوروبەر ئەستەم دەبێت و کەمبوونەوەى هێزى داعش دەرفەتى گەشە بۆ گرووپە یاخییەکانی تر دابین دەکات؛ کەواتە میلیشیا بەعسییەکان وەکوو سوپاى نەقشبەندى بۆ سوننەکانى دژ بە حه‌شدى شەعبى سه‌رنجڕاکێش دەبن و هەندێک لە پیاوانى گەنج و بەئەزموون پەیوەندى بە گرووپە میلیشیا جۆراوجۆرەکانى سوننە دەکەن . هاوکات لە ساڵی ( ٢٠١٧)، ناکۆکى و دووبەرەکیى سیاسیى نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لە کاتى پڕۆسەى هەڵبژاردن زۆرتر دەبێت و ناڕەزایەتیى گشتى لە بەغدا و هەندێ لە شارەکانى تر‌ى عێراق چاوەڕوانکراو دەبێت.
ئیکۆنۆمیست:
ئیکۆنۆمیست لە پێشبینییەکانى خۆى سەبارەت بە عێراقى ( ٢٠١٧)، جەخت لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکى دەکاتەوە : ١- زۆربوونى دەسەڵاتى خۆجێیی (محلی)ی دانیشتووانی سوننە، ٢- تێکهەڵچوون و کێشەکانى میلیشیای شیعە، یان حه‌شدى شه‌عبى ٣- ململانێکانى مووسڵ پاش ئازادکردنى. بە بۆچوونى نووسەرى ئیکۆنۆمیست، لە کاتێکدا سووریا تا ڕاددەیەک سەرقاڵى جەنگ دەبێت، ساڵى ( ٢٠١٧) دەتوانێ سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەى عێراق بۆ دۆخى ئاسایى بێت.
سەبارەت بە عێراق، دەکرێت هاوکات چاوەڕوانى مەترسى و ئومێد بکرێت. دەوڵەتى "حەیدەر عەبادى" یاسای ڕادەستکردنى پەسەند کردووە. بەپێی ئەم یاسایە، دەرفەتى ڕادەستکردنى هەندێ لە دەسەڵات و کارەکانى حکوومەت و سەرچاوە دارایییەکان بۆ پارێزگاکان هەیە. ئەم بابەتە دەبێتە هۆى ئەوەى کە لە ساڵى ( ٢٠١٧) سێ پارێزگا لە سەنتەرى عێراق، کە زۆرینەیان سوننەن، توانا و دەسەڵاتێکى سنوورداریان ڕادەست بکرێت. ئومێد هەیە ئەم گۆرانکارییانە، ببنە هۆى کەمبوونەوەى گلەیى و ڕەخنەى خەڵکى سوننە.
کێشەى گەورەتر سەبارەت بە عێراق ئەمەیە: دەربارەى میلیشیای شیعە، یان حه‌شدى شه‌عبى، کە لە ساڵى (٢٠١٤) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى داعش دروست بوون، دەبێت چى بکرێت. لە کاتێکدا ئەوان کاری خۆیان بە ئەنجام گەیاندووە. یان دەبێت تێکەڵ بە سوپاى عێراق بکرێن، یان هەڵوەشێندرێنەوە. بە پێچەوانەى ئەمە، نزیکەى سەد هەزار میلیشیاى شیعە دەبنە هۆى ئازارگەیاندنى زؤرتر بە دانیشتووانى سوننە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵوەشاندنەوەى زیاتر لە سێ سەد گرووپى میلیشیاى بچووک و گەورە، کە هەندێکیان لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن، کارێکى ئاسان نییە.
بابەتى سێیەم، "چۆنیەتیی" کۆنتڕۆڵکردنى مووسڵ پاش ئازادکردنى و، پارێزگاى نەینەوایە. لەم پارێزگایە شیعە، کورد، ئیزدى، تورکمان و مەسیحییەکانى عێراق هەوڵ دەدەن تا چەند بەشێک لەم پارێزگایە بۆ خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن؛ لە کاتێکدا سوننەکان زۆرینەى دانیشتووانى نەینەوا پێک دێنن. لە ساڵى ( ٢٠١٧)، سوپاى عێراق لەم پارێزگایە هەوڵ دەدات پێشگیرى لە ئەگەرى جه‌نگ و خوێنڕشتن بە هۆى تێکهەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگە، بکات. هێزە کوردییەکان دەیانەوێت دەسەڵات بەسەر چەند بەشێکى ئەم پارێزگایە، وەکوو دەشتى نەینەوا و ناوچە نەوتییەکانى، بگرن . لە کاتێکدا کوردەکانى عێراق ڕووبەڕووى کۆت و بەند نەبنەوە، ئەگەری هەیە لەگەڵ میلیشیا شیعەکان بەشەڕ بێن. هەروەها هۆزە عەرەبە سوننەکان هەوڵ دەدەن ناوچەى تایبەت بە خۆیان لە نەینەوا دروست بکەن؛ بەمەیش ئەگەرى ململانێى ناوخۆیى لە نێوان سوننەکان هەیە.
دەرەنجام:
تاووتوێکردنى پێشبینییەکانى ئەم پێنج دامەزراوە دەربارەى بارودۆخى عێراق، دەری دەخات کە ئەم وڵاتە لە ساڵى ( ٢٠١٧) ڕووبەڕووى ڕووداو و پێشهاتى گرینگ و چارەنووسساز دەبێتەوە، کە لە چوارچێوەى خشتەى خوارەوە باس دەکرێت. بەگشتى و بە سەرنجدان لە پێشبینییەکانى سەرەوە و تاووتوێکردنى بارودۆخ و پرسەکانى وڵاتى عێراق، دەکرێت گرینگ‌ترین بابەتەکانى بەرامبەر عێراق لە ساڵى ( ٢٠١٧) بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:
لە گۆرەپانى سیاسى، گرینگ‌ترین پرسەکانی عێراق فراوانبوونى ململانێ لە نێوان ڕەوتە سیاسییەکان و گۆرانکارى لە هاوپەیمانیى نێوان حزبەکان لە سەروبەندى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق، هەروەها جەختکردنەوەى سوننەکان بۆ دروستکردنى هەرێمى سوننە لە پارێزگا سوننیەکان، بەتایبەت لە نەینەوا دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتى ناوەندیى عێراقیش ئامادەییى پێویستى تێدایە بۆ بەخشینى هەندێ دەسەڵات بە پارێزگا سوننەنشینەکان.
لە بوارى سەربازى و ئەمنى، گرینگ‌ترین گۆڕانکاری، سەرکەوتن بەسەر داعش و لاوازیى تەواوى دەسەڵاتى داعش دەبێت؛ بەڵام سەرەڕاى کەمبوونەوەى هەڕەشەى گرووپە چەکدارە سوننەکان، چالاکیى هەندێ گرووپى بچووکتر لە ناوچەکانى دەوروبەر تا ڕاددەیەک بەردەوام دەبێت. بەم شێوەیە، ئەگەرى ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى لە نێوان دەوڵەت و کوردەکان سەبارەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکان و، هەروەها پێکدادانى زۆر لە پارێزگاى نەینەوا لە پاش ئازادکردنى مووسڵ هەیە. لە هەمان کاتدا ڕۆڵى حەشدى شه‌عبى لە بوارى سەربازى و ئەمنى و ناڕەزایەتى و گرژییەکانى پەیوەندىدار بەم بابەتە، لە بابەتە سەرەکییەکانى ئەم گۆڕەپانە دەبێت.
لە بوارى ئابوورییش، سەرەڕاى هەندێ پێشکەوتن، بەڵام کێشەى سەرەکیى ئابوورى، بەردەوام دەبێت و ڕەخنە و ناڕەزایەتیى هاووڵاتیان بە دواى خۆیدا دێنێت. هەروەها عێراق لە ساڵى ( ٢٠١٧)، دەبێتە گۆڕەپانى ململانێى ئەکتەرە دەرەکییەکان و بەتایبەت پێشبینى دەکرێت ململانێى ئێران و تورکیا لەم وڵاتە توندتر و بەهێزتر بێت.
دامەزراوە |
ڕەوت و ڕووداوە پێشبینىکراوەکان بۆ عێراق لە ساڵى ( ٢٠١٧) |
ستراتفۆر |
|
کاتهۆن |
|
ئەڵمانیتۆر |
|
فۆرین بریف |
|
ئیکۆنۆمیست |
|