دەنگی ناڕاستەوخۆ، کۆڵەکەی سیستەمی هەڵبژاردن لە ئەمریکا

2017-02-21

دەنگی ناڕاستەوخۆ، کۆڵەکەی سیستەمی هەڵبژاردن لە ئەمریکا

 

ئامادەکردنی: ماڵپەڕی ڕادیۆ فەڕەنسا/ بەشی فارسی

وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، خەڵک ڕاستەوخۆ یەکێک لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری هەڵنابژێرن، بەڵکوو ٥٣٨ ''هەڵبژێرەری باڵا'' هەڵدەبژێرن، کە دەبێ ئەوان سەرۆککۆمار هەڵبژێرن. هەڵبژاردن بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، کە پتر لە دوو سەدەیە، لە ئەمریکا کاری پێ دەکرێت، بە بۆچوونی زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە، کۆن بووە و سواوە.

بەگوێرەی دەستوور (یاسای بنچینه‌یی)ی ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکا، هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە یەکەمین سێشەممەی دوای یەکەم دووشەممەی مانگی نۆڤەمبەردا بەڕێوە دەچێت. واتە لە حاڵەتێکی وەکوو هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦دا، کە ڕۆژی یەکەمی نۆڤەمبەر بکەوێتە سێشەممەوە، هەڵبژاردن لە سێشەممەی دواتردا، واتە لە هەشتەمی نۆڤەمبەردا بەڕێوە دەچێ. دەستووری ئەمریکا ساڵنامەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەی بەپێی هەلومەرجی کردەکیی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاری کردووە و، بەئاسانی ناگۆڕدرێن.

هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممە نەریتێکی مێژوویییە، کە لە ڕاستیدا بەگوێرەی بەرنامەی ژیانی وەرزێڕان دانراوە، کە دەبوو بۆ دەنگدان لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە بچن بۆ شارەکان. وەڕێکەوتن لە ڕۆژی یەکشەممەدا، کە ڕۆژی خوداپەرستی و کلیسایە، لەگەڵ بەرنامەی ژیانیان یەکی نەدەگرتەوە و، پێیان باشتر بوو کە ڕۆژی دووشەممە وەڕێ بکەون، بۆ ئەوەی سێشەممە لە شوێنەکانی دەنگدان ئامادە بن.

بە شێوەیەکی گشتی، ناکرێ شێوازی هەڵبژاردن و سیستەمی سیاسیی ئەمریکا لە پێکهاتە فیدراڵەکەی جودا بکرێتەوە. حزبە گەورەکانی ئەمریکا هەمیشە سەرێتی بە ڕەهەندی ناوچەیی و ویلایەتی دەدەن و، بەشی هەرە گەورەی بەرنامەی چالاکییەکانی خۆیان بەگوێرەی یاسا و پێداویستییە ویلایەتییەکان دادەڕێژن. بەڵام هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، دۆخێکی جودایە، کە حزبەکان بەرەو جووڵە لە سەرانسەری وڵاتدا هان دەدات.

دەنگدانی پێشوەختە

لە سی و حەوت ویلایەت لە پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکا، دەکرێ پێش ڕێکەوتە گشتییەکە (هەشتەمی نۆڤەمبەر)، دەنگدانی پێشوەختە بەڕێوە ببردرێت. بۆ نموونە، چوار ساڵ لەمەوبەر، ئەنجامی پتر لە یەک لەسەر سێی دەنگەکان، زووتر لە ڕۆژی سەرەکیی دەنگدان وەدیار کەوتبوو. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦دا، سەرۆککۆمار، باراک ئۆباما، خۆی ڕۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر دەنگی دا. بەڵام پێکەوە دەست بە ژماردنی سەرلەبەری دەنگەکان دەکرێت، بە شێوەیەک کە مەزندەی ئەنجامەکان لە شەوانی هەشت و نۆی نۆڤەمبەردا ڕادەگەیەنرێن.

سندووقەکانی دەنگدان، كاتژمێر شەش و نیوی بەیانی بە کاتی ناوچەیی دەستبەکار دەبن. بەپێی جوداوازیی کات لە ئەمریکا، دەنگدان لە لۆسانجلێس سێ كاتژمێر درەنگتر لە نیویۆرک دەست پێ دەکات.

دەنگدانی ناڕاستەوخۆ: شێوازێک بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی

سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا لەسەر بنەمای دەنگی گشتی، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دانراوە. خەڵک ''کۆلێژێکی هەڵبژاردن''، یان ''ئەنجومەنێکی هەڵبژێرەران'' هەڵدەبژێرن، کە ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ئەنجومەنە.

ئەم سیستەمە کۆنە، کە هێڵە سەرەکییەکانی، هاوتەمەنی دەستووری ئەمریکان، بە مەبەستی پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییە ویلایەتی و سەرانسەرییەکاندا و، بۆ دانانی بەربەستی دەستڕانەگەیشتنی کەسانی نەشیاو بە پلەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا داڕێژراوە. دانەرانی یاساکان ویستوویانە، لە لایەکەوە بەر لە خاوی و ''نائاگایی''یەکانی دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک بگرن و، لە لایەکی دیکەیشەوە نەیەڵن ''کۆڕ'' و ''دەستە''گەلی خاوەن بڕشت و نفووز، هەڵبژاردنەکان لە دەستی خۆیاندا پاوان بکەن. ئەم سیستەمە پێچەڵپێچە بەرە بەرە هەموار کراوەتەوە و گۆڕانی تێدا کراوە، بەڵام بنەما گرینگەکانی، پتر لە دوو سەدەیە نەگۆڕاون.

کۆلێژی هەڵبژاردن یان ئەنجومەنی هەڵبژێرەران

ڕۆژی هەشتەمی نۆڤەمبەر، دەنگدەری هەر ویلایەتێک، ژمارەیەک ''هەڵبژێرەری باڵا'' هەڵدەبژێرن. بەکردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر دوا بە دوای دەنگدانەکان ڕادەگەیەنرێن. بەڵام بە شێوەی فەرمی، هەڵبژێرەرانی باڵا، کە بەسەریەکەوە پێیان دەگوترێت ''کۆلێژی هەڵبژاردن''، دەبێ ڕۆژی ١٢ی دیسامبەر سەرۆککۆمار هەڵبژێرن.

هەموو ویلایەتەکان بەسەریەکەوە ٥٣٨ هەڵبژێرەری باڵایان هەیە. ئەمانە کەسانێکن، کە پتر بە هۆی خزمەتەکانی ڕابردوویانەوە، یان بە هۆی متمانەپێکراوییان لە ناوچەکەی خۆیاندا، لە لایەن یەکێک لە حزبە گەورەکانەوە پێشنیار دەکرێن و بە خەڵک دەناسێنرێن. بەڵام مەرجی بەربژێرایەتی و وەرگرتنی شیاوەتی لە هەر ویلایەتێکدا جودایە.

هەر ویلایەتێک، بەپێی ژمارەی جەماوەرەکەی، ژمارەیەک ''هەڵبژێرەری باڵا''ی دەبێت، کە لەگەڵ ژمارەی نوێنەرانی ئەو ویلایەتە لە کۆنگرێسدا، یەکسانە. بۆ نموونە، ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە جەماوەرەکەی نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەسە، ٥٥ هەڵبژێرەری باڵای هەیە و، ویلایەتی وایۆمینگ، کە جەماوەرەکەی لە شەش سەد هەزار کەس کەمترە، تەنیا سێ هەڵبژێرەری هەیە. بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێت، کە لە ویلایەتێکی کەمجەماوەری وەکوو وایۆمینگدا بۆ ٢٠٠ هەزار کەس، یەک هەڵبژێرەری باڵا هەیە، کەچی لە کالیفۆرنیا، هەڵبژێرەرێکی باڵا، نوێنەرایەتیی ٨٠٠ هەزار کەس دەکات. بەم پێیە دەتوانین بڵێین، ویلایەتە کەمجەماوەرەکان قورسایییەکی ڕێژەییی زیاتریان هەیە. دیارە یەکەمین داڕێژەرانی سیستەمەکە بیریان لەم بابەتە کردووەتەوە و لەسەر ئەو باوەڕە بوون، کە بەم شێوازە، مافی ویلایەتە بچووکەکان پێشێل ناکرێت. سەرباری ئەمانەیش، چوار ویلایەتی گەورەی وەکوو (کالیفۆرنیا، فلۆریدا، نیویۆرک و تێگزاس) پتر لە یەک لەسەر چواری سەرلەبەری هەڵبژێرەرانی باڵایان پێ بڕاوە.

هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و بنەمای ''براوە هەموو شتێک دەبات''

هەر بەربژێرێکی سەرۆککۆماری بتوانێت دەنگی زۆرینەی کۆلێژی هەڵبژاردن، واتە ٢٧٠ دەنگی کۆلێژەکە وەدەست بێنێت، دەبێتە براوەی هەڵبژاردن. بۆ نموونە، ئەگەر لە کالیفۆرنیا، کە ٥٥ نوێنەری هەڵبژێرەری باڵای هەیە، لەسەدا ٤٠ی خەڵک دەنگ بە لیستی پێشنیارکراوی دیموکراتەکان بدەن و لەسەدا ٦٠یش دەنگ بە لیستی کۆمارییه‌کان بدەن، لەم بارەدا ئەگەر بنەمای ڕێژەییی دەنگەکان ڕەچاو بکرێت، دەبێ لەسەدا ٤٠ی کۆلێژی هەڵبژاردن ـــ واتە ٢٢ کەس لە دیموکراتەکان هەڵبژێردرێن و، ئەوانەی دیکەیش، یانی ٣٣ کەس لە لیستی کۆمارییه‌کان هەڵبژێردرێن.

بەڵام بەگوێرەی بنەمایەکی زاڵ بەسەر یاساکانی ئەمریکادا، کە بە  Winner takes all ناسراوە، کە لە ویلایەتێکدا حزبێک زۆرینەی دەنگەکان دەباتەوە، سەرلەبەری بەشە هەڵبژێرەری باڵای ئەو ویلایەتە بۆ خۆی دەبات. لەو نموونەیەدا کە باسی کرا، هەر ٥٥ هەڵبژێرەرە باڵاکەی کالیفۆرنیا لە لیستی کۆمارییەکان هەڵدەبژێردرێن. هەڵبەت بنەمای ''براوە هەموو شتێک دەبات''، لە دوو ویلایەت کاری پێ ناکرێت. لە ویلایەتەکانی ''نێبراسکا'' و ''مەین'' ڕێژەی دەنگەکان ڕەچاو دەکرێن.

لە سۆنگەی ئەم ڕێسایەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە زۆربەی ویلایەتەکاندا هەر لەپێشدا تاکوو ڕاددەیەک ڕوونە و بڕاوەتەوە. کەواتە، بەکردەوە تەنیا چەند ویلایەتێکی ''دڕدۆنگ''، یان ئەوەی کە لە باری سیاسییەوە لە دۆخێکی نادیاردان، چارەنووسی کۆتاییی هەڵبژاردن دیاری دەکەن. لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا (ساڵی ٢٠١٦)، دۆخی پێنج ویلایەتی کارۆلینای باکوور، نێڤادا، ئۆهایۆ، فلۆریدا و پێنسلڤانیا نادیار و، لە ئاکامدا چارەنووسساز بوون.

شیمانەیەکی دووریش هەردەم لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا هەبووە: ئەگەر هەڵبژێرەرێکی باڵا، کە خۆی بە لەبەرچاوگرتنی لایەنە سیاسییەکەی خۆی هەڵبژێردراوە، بەپێچەوانەی ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرێت، دەنگ بە بەربژێرێکی دیکە بدات، چی ڕوو دەدات؟ لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکادا هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ ئەم کارە نییە و، تەنیا دەروەستیی ئەخلاقی و ناوبانگی سیاسیی ئەو هەڵبژێرەرە، ئەگەری هاتنەگۆڕێی دۆخێکی پێشبینینەکراو لاواز دەکات. سەرباری ئەمەیش، لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، چەند جارێک ڕەفتاری کتوپڕ و نەخافڵ لە هەڵبژێرەرانی باڵا وەبەرچاو کەوتووە.

دەنگدانی ناڕاستەوخۆ: شێوازێکی سواو؟

بەگوێرەی ڕاپرسییەکان، لانی کەم لە شەست ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی ئەمریکییەکان دژی دەنگدانی ناڕاستەوخۆ و هەبوونی ''کۆلێژەکانی هەڵبژاردن'' بوونە. بەشێکی زۆری پسپۆڕانی ئەمریکی، ئەم سیستەمە بە سیستەمێکی کۆن لە قەڵەم دەده‌ن، کە لەگەڵ سه‌رده‌م یەک ناگرێتەوە، بەڵام گۆڕینی ئەم سیستەمە، پێویستیی بە گۆڕینی دەستوور و بەشێکی گەورەی داب و نەریتە سیاسییەکانی ئەمریکا  هەیە، کە لە سەرەتای سەربەخۆبوونی ئەمریکاوە بەرە بەرە پێک هاتووە. بێجگە لەمەیش، هەر کام لە حزبەکان دەترسێت، گۆڕانی سیستەمی هەڵبژاردنەکان بە قازانجی خەنیم (حه‌ریف)ەکەی ببڕێتەوە.

 

 

سەرچاوە:

http://fa.rfi.fr

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples