پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى - بەشی ٤ و کۆتایی

2017-02-22

سەردەمى نوێى پارێزوانى

پەلامارى ترامپ بۆ سەر ئەڵمانیا و ئابووریى جیهانى

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

دیر شپیگل، بەشی (٤ و کۆتایی)

بەرلین بە دواى ئەلتەرناتيڤاندا دەگەڕێ

بۆ ئەوەى پێش بەو داهێزرانە دراماتیكييەى ڕەوشەكە بگیرێ، ئێستە حکوومەت لە بەرلین بۆ ساتوسەودا و بازرگانى، لە ئەلتەرناتیڤەکانى ئەمدیوەى ئەتلەنتیک دەکۆڵێتەوە. سیاسەتکارانى بەرلین تەکەز دەکەنە سەر  پرسەکانى بازرگانى و گرنگیدان بە کاردانەوە لە بەرانبەر بڕیارەکەى ترامپ بە ڕاگرتنى وتووێژ لەبارەى  پرۆگرامىTPP کە ناوچەیەکى هەراوى ئاسيايیى بۆ بازرگانیى ئازاد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا پێک هێناوە.

ئوسترالیا و نیوزیله‌ندا ڕایان گەیاند کە دەیانەوێ بەبێ ئەمریکایش، بڕۆنە پێشێ و تەنانەت ئەگەرى ئەوەیش هەیە ناوچەى ئابوورى لەگەڵ "چین"دا پێک بهێنن. "بەرلین"یش بۆ دەستەبەرى کۆمپانیا ئەڵمانییەکان و تا ئەو جیێەى دەکرێ و لە توانادایە،  نەخشەگەلێک دادەنێ  تا کۆمپانیاکان قازانج لە سەودایەکى لەم بابەتە بكەن. ڕێى تێ دەچێ، زنجیرەیەک سەوداى بازرگانى لەگەڵ وڵاتانى  ئەمدیوى ئۆقیانووسى هێمندا بکرێ و ڕێگە بۆ کۆمپانیاکانى ئەڵمان بکەنەوە.

پێش شەش ساڵێک بەر لە ئێستە،  یەکێتیى ئەوروپى سەودایەکى سەرەتاییى بازرگانیى لەگەڵ کۆریاى باشووردا مۆر کرد. لەو دەمەوه‌، هەناردەى ئەڵمانى بۆ ئەو وڵاتە، دەوروبەرى ٥٠% زێدە بووە. لێ بەرەوپێشچوونى ڕایەڵکە و پێوەندى لەگەڵ چیندا، مژدەى گەلێک گەورەترى پێیە. هەڤاڵبەندییەکى نوێى پەکین- بەرلین، بە لانى کەمەوە، با بە شێوەیەکى "پاژەکى"یش بێ، جێگەى سیسته‌مى کۆنى ئەودیوى ئەتلەنتیک دەگرێتەوە.

گرینگى و بایەخى ئابووریى چین، چەند ساڵێکە لەنێو دراوسێکانیدا بەرەو سەر دەچێ. لەگەڵ هەڵبژاردنى ترامپ بە سەرۆک، بە لایەنى زۆرەوە، چین هەوڵ دەدا ئەو وڵاتانەى کە پێشتر هاوپەیمانى ئەودیوى ئۆقیانووسى ئەتلەنتیک بوون، بە لاى خۆیدا کێش بکا. بەس لە پرسگەلێکى وەک بابەتى گۆڕانى کەشوهەوا، بابەتى ڕۆژهەڵاتى ناڤین، یان بابەتى بەرنامەى نوکلیاریى ئێران، ئەوروپا لە چین نزیک نییە، بەڵکوو لەوانەیە بەم زووانە لە بوارى سیاسەتى بازرگانیش لێى نزیکتر ببێتەوە.

سەرۆکى چین، "شى ژینپینگ" (Xi Jinping) ، بەکردەوە خۆى وەک داکۆکیکارێکى بازرگانیى ئازاد نیشان داوە و،  بەم دوایییە لە داڤوس گوتى "دەبێ ئێمە دەس بە فرەیییەوە بگرین" و، تێرمێکى بەکار هێنا کە ترامپ  بەزۆرى وەک ڕەخنەیەک بە دەمییەوە گرتووە. سەرۆکى چین پەسنى "تۆڕى جیهانیى ڕێککەوتننامە بازرگانییەکان"ى دا و هۆشداریى دژى "پێکهێنانى گرووپگەلێکى تایبەتیى داخراو کە بە سروشت لەبەریەک دەرهاتوون" دا.

ئەمساڵ، دەبێ شەراکەتێکى توندوتۆڵى ئابووریى هەرێمایەتى RCEP مۆر بکرێ؛ ناوچەیەکى ئابوورى کە ٣ بلیۆن خەڵکى تێدایە و لە بەردەم وڵاتانى ڕۆژاواییشدا دەکرێتەوە. پێ دەچێ ئەڵمانیا حەزى لێ بێ ڕووى خۆى بەرەو ڕۆژهەڵات  وەرگێڕێ. "ئەوروپا دەبێ کار لەسەر ستراتیژییەکى نوێ لە ئاسیا بکا»، وەزیرى نوێى دەرەوەى ئەڵمانیا، سیگمار گابرییل Sigmar Gabriel لە سەرەتاى ئەم حەفتەیەدا گوتى: "دەبێ ئێمە ئەو بۆشایییەى ئەمریکا لە دواى خۆى لە ئاسیا جێی دێڵێ، پڕ بکەینەوە". سیگمار دەڵێ: چین "هێشتا هاوبەشێکى هاوشان نییە بۆ وەبەرهێنەرانى ئێمە" و ئاماژە بۆ ئەو کۆتوبەندانەیش دەکا کە چین بەسەر کۆمپانیاکانى ئەڵمانیاى داسەپاندوون. بەڵام سەرنجە ڕەخنەئامێزەکانیشى، شتى دڵخۆشکەریشیان تێدایە: ئەگەر دەستت بە بازاڕەکانى خۆت ڕابگا، دەتوانین سەودایەک بکەین.

تێکشکانى جیۆستراتیژى

ئێستە ناتەبایییەکى زۆر لە نێوان پەکین و برۆکسلدا لەبارەى ئاسنى هەرزانفرۆشى چینى و کۆتاى ئۆتۆمبێلى ئیلکتیریکى لە لایەن ئەو وڵاتەوە هەن. لێ پاش ئاخاوتنى لەبەر دڵان شیرینى سەرۆک شى ژینپینگ لە کۆڕبەندى جیهانیى ئابوورى لە داڤوس، کە تێیدا لایەنگیریى خۆى بۆ بازاڕى ئازاد و ئابووریى بازاڕ دەربڕى، نوێنەرانى ئابووریى ئەوروپى، بڕوایان وایە کە کەشى نێوان برۆکسل و پەکین بەم زووانە  خۆش دەبێ. سەرچاوەیەک لە حکوومەتى ئەڵمانى دەڵێ: "ئێمە قسە و ئاخاوتنەکانى وى  وەک خۆیان و بەهەند وەردەگرین." لە ڕۆژى چوارشەممە، ڕاوێژکارى ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرەکوەزیرانى چین، لى کیکیانگ  (Li Keqiang) قسەى کردووە و مێرکل پێشنیازى پێ کردووە کە هەر دوو وڵات بهەڤرا کارى هاوبەش بۆ ڕوبەڕووبوونەوەى "توخمگەلێکى نامسۆگەر"ى ناو ئابووریى جیهانى بکەن: "دەبێ، چین و ئەڵمانیا ئاماژەكانی سەقامگیرى بۆ بازاڕەکانى جیهان بنێرن و بهەڤرا لە ڕێگەى ئازادیى بازرگانى و وەبەرهێنانەوە، سیستەمى جیهان بپارێزن."

دەقاودەق ئەو جۆرە پەرەسەندنانە چەند مانگێک دەبنە بابەتى هۆشداریى نەیار و ناحەزەکانى سیاسەتى دژە- بازرگانیى ئازاد، کە لە لایەن ترامپ-ەوە جاڕى بۆ دراوە. کشانەوەى ترامپ لە TPP، وەک "مایکل فرۆمان" (Michael Froman)ى نوێنەرى بازرگانیى ئەمریکى لە سەردەمى ئۆبامادا، دەڵێ "لە بنەڕەتەوە، ئەوە ڕادەستکردنى کلیلەکانە بە چین و پێى دەڵێ ئێمە لە پێگە و پایەى ڕابەرایەتیى جیهاندا پاشەکشێ دەکەین." وەک مایکل تێبینیى کردووە، ئەمە "تێکشکانێکى جیۆستراتیژییە."

سیاسەتى چین تاکە توخمێکى جەوهەریى ڕێبازى ترامپۆنۆمیک نییە کە لەوانەیە خراپ بەسەر ئەمریکییەکاندا بشکێتەوە. ترامپ بەزۆرى شوێنەوارە ئابورییە بەرفراوانەکانى ئەم سیاسەتە شەڕانییەى فەرامۆش دەکا. پلان و نەخشەى ترامپ، بۆ دنەدانى ئابوورى کە لە ڕێگەى کەمکردنەوەى باجەکانەوە نەشونما و بەخۆداهاتنەوەى لێ بکەوێتەوە، بەس نابێتە سۆنگەى ڕابوونەوەى بازاڕەكانی دارایى، بەڵکوو دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەکانى سوود و، لە ئاکامیشدا بەهێزبوونى دۆلاریش. ئەمەیش وا دەکا، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لەبەر چاوى هەناردەکارانى بیانى زۆر شیرنتر بێ و لە هەمان کاتیشدا، کەلوپەلى هەناردەکراوى ئەمریکى بۆ دەرڤە، زۆر گرانتر بێ و ئیدى کەمتر لەمدیوەى دەریاکانەوە لاى لێ بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، لەوانەیە ئابوورى گەرموگوڕ ببێتەوە. بگرە ئابووریى ئەمریکى ئێستە بەو پەڕى وزە و تواناى خۆى لە گەڕدایە و ئەگەر لە ڕووى نەشونماوە بازێک بدا، ئەوا دەبێ سیاسەتى دراوى ئاسایى بکرێتەوە. فیلیپ هیلدبراند Philipp Hildebrandى جێگرى سەرۆکى گەورەترین کۆمپانیاى وەبەرهێن لە جیهاندا، کۆمپانیاى بلاک ڕۆک، هۆشدارى دەدا "ئەگەر ئەمە ڕوو نەدا، لەوانەیە ئێمە ڕووبەڕووى سیناریۆى گەشانەوە و بێبازاڕى بە جۆرێک ببینەوە کە پێشتر لە ئابوورییە پێشکەوتووەکاندا بینیومانە، ماوەیەک نەشونمایەکى خورت و زۆرى بەخۆوە دیوە و پاشان پاشەکشەیەکى توندى بەدوادا هاتووە." هەروا دەڵێ: لەوانەیە سیناریۆیەکى وا بێتە دى، ئەگەر ئەنجومەنى یەدەکى دراوى فیدراڵى، نەشیا  لە کاتى گونجاودا وەڵامى ئەو نەشونما زۆرە بداتەوە و لەناکاو بۆ پشتەوشارکردنەوەى هەڵئاوسان، ڕێژەکانى سوود بەرز بکاتەوە.

بانكى یەدەگى فیدراڵى نیگەرانە لەوەى کە ترامپ گوشارى بۆ بهێنێ تا ڕێژەکانى سوود نزم بن و دۆلاریش بەرز نەبێتەوە. لێ ئەگەرێکیش هەیە کە ترامپ شەڕێکى دراوان دەس پێ بکا. هەندێک کەس لە بانکى یەدەگى فیدراڵى، پێیان وایە کە ترامپ  لەوانەیە هەوڵ بدا گوشار بخاتە سەر بانكە ناوەندییەکانى دیکە لە سەرانسەرى دنیادا کە ڕێژەى سوود لە نێوان ئەمریکا و ئەوروپادا، یان لە نێوان ئەمریکا و ژاپۆندا جیاوازییەکى زۆرى هەبێ و دۆلاریش زۆر بەهێز ببێ. بەرپرسێکى یەدەگى فیدراڵى دەڵێ: "لە بارێکى وادا، لەوانەیە ترامپ داوایەک لە بانکى ناوەندیى ئەوروپى بکا، کە ڕێژەکانى سوود بەرز بکاتەوە."

داینامیکێکى نوێ

پرسیارى گرنگ و سەرەکى ئەوەیە کە داخوا چۆن ئەوروپاى متمانەبەخۆ و یەکگرتوو، باوەگۆى گوشارى لەم بابەتە کە لە واشنتۆنەوە بۆى دێ، دەداتەوە. نەک هەر ئەو گوشارەى کە پێوەندیی بە بەرزکردنەوەى ڕێژەکانى سوودەوە هەیە. لەم ڕۆژانەى ڕۆیى، لە ئاخاوتنێکیدا، ڕۆژى سێشەممە، کۆمیسیۆنەرى ئەوروپى بۆ بازرگانى، سەسیلیا مالمسترۆم  Cecilia Malmströmئامادەییى خۆى بۆ ئەم شه‌ڕە دەربڕى: "ترامپ  هەبێ یان نا، ئێمە لیستێکى درێژى وڵاتانمان هەن کە حەزیان لێیە مامەڵە لەگەڵ یەکێتیى ئەوروپیدا بکەن."

هەنووکە، یەکێتیى ئەوروپى لەگەڵ ٦٠ وڵاتدا، لەگەڵ CETAدا، له‌ وتووێژدایە و لە دانوستاندایە لەگەڵ کەنەدا، سەبارەت بە ڕێککەوتنێکى هەمەجۆر کە قسە و باس زۆر هەڵدەگرێ. پاشان بڕیاره‌ لە ئادار، سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن، شینزۆ ئابى، بێتە برۆکسل. یەکێتیى ئەوروپى لەگەڵ ژاپۆندا کە سێیەم ئابووریى هەرە گەورەى جیهانە لە ٢٠٠٣ەوە، سەبارەت بە پاکێجێکى مەودافراوانى ئازادیى بازاڕ، کەوتووەتە دانوستاندن. ئێستە مالمسترۆم هیوادارە بەم زووانە ئەو سەودایە بەکۆتا بێ.

دانوستاندن بۆ ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ ڤێتنامدا تەواو بووه‌؛ لە ئەمریکاى باشوور، یەکێتیى ئەوروپى خۆى وەک ئەلتەناتیڤێکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەخاتە ڕوو؛ لە شوباتدا شاندێکى کۆمیتەى بازرگانیى  نێونەتەوەیى  لە پەرلەمانى ئەوروپا دەچێتە مەکسیک، ئاخر مەکسیک بووەتە نیشانە و ئارمانجێکى دڵخوازى ترامپ. ئەوروپا پەیمانێکى نوێ و توندوتۆڵى بازرگانیى خستووەتە بەردەم مەکسیک. بیرنارد لانگ  Bernd Lange، سەرۆکى کۆمیتەى بازرگانیى نێونەتەوەیى لە برۆکسل دەڵێ: "لەپڕ هەست بە داینامیکێکى تەواو نوێ لە دانوستاندنەکاندا دێتە کردن."

لەوانەیە زۆر باش بێ کە پەلامارەکانى واشنتۆن، تەکان  بە پرۆژەى قەیراناویى ئەوروپى بدەن، چونکە ئەو پرۆژەیە زۆر پێویستیى بە پاڵدانێکى وەسا هەیە. بەلایەنى زۆرەوە ئابووریى ئەڵمانى، خۆى لە بازرگانى لەگەڵ شەریکە کۆن و نزیکەکانى خۆیدا دەبینێتەوە: لەگەڵ کۆمپانیاکانى فەڕەنسا، هۆلاند، نەمسا و ئیتاڵیادا. ٥٦%ى کاڵاى هەناردەکراوى ئەڵمانى دەچنە وڵاتەکانى دیکەى یەکێتیى ئەوروپى.

ئا بەم شێوەیە، ئەڵمانیا ناتوانێ بەتەواوى لەگەڵ مۆدێلێکى نوێى بێزنس بسازێ، پیتەر ستراوبهائار Peter Straubhaar ى ئابووریناس لە هامبۆرگ دەڵێ: لێ دەرەنجامێکى هەرە تایبەتى و گرنگى ڕوانگەى ترامپ بۆ ئەمریکایەکى گۆشەگیر و لاتەریک ئەوەیە کە: "زۆر لە پێشان پتر، پشت بە ئەوروپایەکى گەشاوە ببەستین. بازاڕى ناوخۆى ئەوروپا زۆر لە پێشان بۆ ئێمە گرنگترە."

 

تێبینی:

ڕیپۆرتەران:

Dietmar Hawranek, Martin Hesse, Alexander Jung, Christoph Pauly, Michael Sauga, Thomas Schulz, Gerald Traufetter and Bernhard Zand

سەرچاوە:

http://www.spiegel.de

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples