بۆچی دەبێت کورده‌کان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانیان هەبێت؟

2017-03-03

بۆچی دەبێت کورده‌کان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانیان هەبێت؟

 

ڕەیچڵ ئەڤراهام

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی  

ڕەیچڵ ئەڤرەهام، بەڵگەسازی لەبارەی سەربەخۆییی کوردستانەوە دەکات و دەیسەلمێنێت کە بۆچی دەبێت دەوڵه‌تانی جیهان، دان بە سەربەخۆییی کوردستاندا بنێن، بەتایبەت ئەو بەشانەی کوردستان کە بە ئێران و عێراق و سووریاوە نووسێنراون. شۆڕشگێڕێکی کورد دەڵێت "ئاسانترین ڕێگه‌ بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆریی ئێران لە ڕێی هاوکاریکردن و یارمەتیدانی ئەو کەمایەتییانەوە دەبێت کە دەکەونە ناو سنووری ئێران و لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرکوت کراون، وەك کورد و بەلوچی و عەرەبەکانی ئەهواز و تورکمانەکان و ئازەرییەکان."  

بۆ ماوەی سەدەیەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ستەمکار و دیکتاتۆرەکانەوە حوکم کراوە و، بەم شێوەیەیش کەمایەتییەکان ڕووبەڕووی تەنگژە و ژیانێکی زەحمەت بوونەتەوە. یەکێك لە باشترین ڕیگه‌کان بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم ستەمکارییە، پشتیوانیکردنە لە سەربەخۆییی کوردستان. وەك شۆڕشگێڕێکی کوردی سووریا، شێرکۆ عەباس، دەڵێت: "کوردەکان دەبنە بنچینە و نموونەی دیموکراسی لە ناوچەکەدا. ئەمەیشمان لە کوردستانی عێراقدا بینیوە، کە بووەتە پەناگەیەك بۆ پارێزگاریکردنی پەنابەران." بەپێی سەرچاوەیەکی عەرەبە سوننییەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نووری مالکی، ئەو سوننییە عەرەبانەی کوشتووە کە دژی ڕژێمی ئێران بوون. ئەو سوننییانە هیچ پەنایەکیان نەبووە ڕووی تێ بکەن. ئەگەر کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەوە بەدڵنیایییەوە دەبێتە پەناگەیه‌ك بۆ عەرەبە سوننەکان و خەڵکی تریش.

زیاد لەوەیش، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبێتە هاوپەیمانێکی ڕاست و دروستی ئیسڕائیل و ڕۆژاوا. کەسایەتییەکی کورد کە ناوی "عارف باوەجانی"یە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لە ئێستاوە پشتیوانیکردنێکی زۆر بۆ سەربەخۆییی کوردستان لە ئیسڕائیل نیشان دراوە. ئەو دەڵێت: "لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، سیاسەتمەدارانی ئیسڕائیل وەك "بنیامین نەتەنیاهۆ"ی سەرۆكوەزیری ئیسڕائیل و "شیمۆن پێرێز"ی سەرۆکی پێشووی ئیسڕائیل و "ئەڤیگدۆر لیبرمان"ی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل بەئاشکرا پشتگیرییان لە سەربەخۆبوونی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ڕاگەیاندووە." ئیسڕائیل، نەوتی کوردەکان دەکڕێت و، دەبێت کوردەکان ببنە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆیان و، ئیسڕائیل و دەوڵەتانی ڕۆژاوایش دەتوانن پێکەوە لەگەڵ کوردەکاندا هاوکار بن و، بەم شێوەیەیش دەستکەوتێکی باشی ئابوورییان دەبێت، زۆر باشتر وەك لەوەی کە ئێستا دەستیان دەکەوێت.

جیا لەوەیش، دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان باشترین ڕێگه‌یە بۆ ڕێگه‌گرتن لە توندوتیژییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. ئێمە پێمان وایە یەكێك لەو شتانەی کە ڕێگه‌ لە دروستکردنی ئەو ناوچە نیوەبازنەیییە شیعییە ده‌گرێ، کە لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات و دەگاتە سەر دەریای ناوەڕاست و ڕەنگە بگاتە سەر دەریای سووریش، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە لە ئێستای باکووری عێراق. باوەجانی، بە سایتی جروزلێم ئۆنلاین Jerusalem Onlineی ڕاگەیاند، کە "کوردەکان ڕووبەڕووی ڕژێمی ئێران وەستاونەتەوە و دژایەتیی ئەو ڕژێمەیان کردووە. ئاسانترین ڕێگه‌ بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆریی ئێران، لە ڕێی هاوکاریکردن و یارمەتیدانی ئەو کەمایەتییانەوە دەبێت کە دەکەونە ناو سنووری ئێران و لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرکوت کراون، وەك کورد و بەلوچی و عەرەبەکانی ئەهواز و تورکمانەکان و ئازەرییەکان."

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت، کە لە ناوچەکەدا تەنیا ڕژێمی ئێران نییە دژایەتیی سەربەخۆبوونی کوردستان دەکات، بەڵکوو هێز و لایەنی تریش هەن دژایەتیی درووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکەن. کوردێکی تر، کە ناوی "شێرکۆ عەباس"ە دەڵێت: "دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەبێتە بەرگر و گوشارێك لە بەردەم ستەمکاری لە ناوچەکەدا." هەروەها باس لەوە دەکات کە دەوڵەتی کوردستان تەنیا ڕێگر نابێت لە بەردەم توندوتیژییەکانی ڕژێمی ئێراندا، بەڵکوو بەرگرییەکیش دەبێت لە بەردەم دروستبوونەوەی ئیمپراتۆرییەتی نوێی عوسمانی و بەعسی و گرووپە ئیسلامییەکاندا. باوەجانی ئەوەی دووپات کردەوە، کەوا "دەوڵەتی کوردستان مانای ئاشتی و ئارامییە لە ناوچەکەدا. کوردەکان ژیاندۆستن و دەیانەوێت بەئاشتی بژین." ئەو ئەوەیشی خستە ڕوو کە کوردەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەبوو و، ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان مایەی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.

ئەگەر دەوڵەتانی ڕۆژاوا هاوکار و پشتیوان نەبن لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا، ئەوە بارودۆخەکە بەمەترسیداری دەمێنێتەوە و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرقەرار نابێت. وەك عەباس گوتی "ئێوە ناتوانن هەموو ناوچەکە چاك بکەن، بەڵام دەتوانن بەشێکی ناوچەکە چاك بکەن و کوردەکانیش باشترین بژاردەن کە هاوکاری بکرێن بۆ سەربەخۆبوونیان. ئەگەر هاوکاری نەکرێن، ئەوا دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە کوردەکان بچنە ژێر ڕکێفی براوەی ناوچەکە، کە ئێرانە. ئەگەر بێت و کەمە نەته‌وایەتییەکانی ناوچەکە پشتگوێ بخرێن و هاوکاری و پشتیوانییان لێ نەکرێت، ئەوە دەبێت بە حوکمی براوەکان ڕازی بن، ئه‌گەرنا جینۆساید دەکرێن."

عەباس ئەوەی پێ ڕاگەیاندین، کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە شۆڕشی قامیشلی و لە ساڵی ٢٠٠٩ جووڵانەوەی سەوز و لە شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، کوردەکان بێهیوا کران. ئەو جەختی لەوەیش کردەوە کە خەمساردیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەهاناوەنەهاتنی کەمایەتییەکانی ناوچەکە، ئەوە دەگەیەنێت كه‌ "دەوڵەتانی ڕۆژاوا گوێ بە مافی مرۆڤ و دیموکراسییەت ناده‌ن." هەروەها چیتر کەمایەتییەکان هیوایان بە دەوڵەتانی ڕۆژاوا نامێنێت و، ناچارن لە پێناو مانەوەی خۆیاندا بچنە پاڵ ڕژێم و زلهێزەکانی ناوچەکە. "زۆربەی مەسیحییەکان بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی خۆیان لە سووریادا، لەگەڵ ئێرانن. بە هەمان شێوە هەندێك بەشی "پەکەکە"یش وا دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە دەنگ، ئه‌گەرنا ئێران دەست بەسەر ناوچەکەدا دەگرێت."    

سەرچاوە:

http://www.jerusalemonline.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples