مێژوو و ڕووداوەکانى ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان

2017-03-11

مێژوو و ڕووداوەکانى ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان

 

ئاماده‌کردنی: شیفا جومعه‌

وه‌رگێڕانی: چرا عومه‌ر 

لە هەشتى ئازارى ساڵى 1975دا نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمجار بە بۆنەى ڕۆژى جیهانیى ئافرەتانەوە ئاهەنگى گێڕا؛ ئەو ساڵەیشى بە ساڵى نێودەوڵەتى بۆ ئافرەتان ناو برد. لە دواییدا په‌یمانی (1976-1985)ى ڕاگەیاند، کە په‌یمانێکی تایبەتمەند بوو بە لێکۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخى ئافرەتان لە دەوڵەتان و کۆمەڵگەکاندا. 

کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارى ژمارە (142/32)ى ساڵى 1977دا، داواى لە دەوڵەتان کرد، بۆ ڕاگەیاندنى ڕۆژێک لە ڕۆژەکانى ساڵ، وەک ڕۆژى مافەکانى ئافرەتان و ئاشتیى نێودەوڵەتى و، دیاریکردنی ئه‌و ڕۆژه‌یش له‌سه‌ر بنه‌مای داب و نەریتى مێژوویى و نیشتمانى بێت. هەر ئەوە، بووە هۆى ئەوەى زۆربەى دەوڵەتان، ئەم ڕۆژەیان کردە جەژنێکى نیشتمانى.

کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان داواى ئەوه‌یشی لە دەوڵەتان کرد، کە بەشدارى بکەن لە بنیاتنانى بارودۆخى پێویست بۆ بنەبڕکردنى جیاکارى دژى ئافرەتان و پشتگیریکردنیان لە بەشداریکردن لە گەشەسەندنى کۆمەڵگەدا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پیاواندا هاوسەنگ بێت.

ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان (8ى ئازار) بۆنەیەکە تێیدا ئافرەتان، وەک بەشێکى گرینگى کۆمەڵگە لە سەرتاسەرى جیهان، ئاهەنگ دەگێڕن؛ بێجگە لە ئاهەنگگێڕانى ساڵانەى نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ڕۆژەدا.

ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان، خۆى لە چیرۆکى ئافرەتى ئاساییدا دەبینێتەوە، کە مێژوو دروستى کردووە؛ ئەویش بریتییە لە تێکۆشانى ئافرەتان بە درێژاییى سەدەکان لە پێناوى بەشداریکردنێکى یەکسان لە کۆمەڵگەدا، شان بە شانى پیاوان.  لە سەرتاسەرى جیهاندا، ئافرەتان کۆ دەبنەوە، به‌ شێوه‌یه‌ک تەنیا سنوورى وڵاتەکانیان لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، سەره‌ڕاى جیاوازییان لە ڕەچەڵەک و زمان و ڕۆشنبیرى و بارودۆخی ئابوورى و سیاسیدا، به‌ڵام پێکه‌وه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێڕن بۆ پیشاندانى مێژووى پڕ لە خەباتى  ئافرەتان لەپێناوى یەکسانى و دادپەروەرى و ئاشتیدا، بە درێژایى سەدەکان.

داواکردنى یەکسانى لە لایەن ئافرەتانەوە تەنیا لە سەدەى بیستەمدا نەبووە، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگەیەک مێژوویەکى نادیارى سەبارەت بە ڕۆڵەکانى ئافرەت لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، وەک بوارى سیاسى و ئابوورى و مێژوویى و هتد.

بیرۆکەى ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان، بۆ یەکەمجار لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا سەرى هەڵدا؛ کە لە ڕێگەیەوە، بێجگە لە گەشەسەندنى دانیشتووان و سەرهەڵدانى ئایدیۆلۆژیى ڕادیکاڵ، جیهانى پیشەسازى، بەرفراوانبوونێکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینى؛ ئەمانەیش گرینگترین ڕووداوى مێژویین، کە بەپێى مێژووى ڕوودانیان ڕێک خراون:

ساڵى 1909:

بەپێى ڕاگەیاندنى حزبى سۆسیالیستی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار لە 28ى شوباتدا بە بۆنه‌ی ڕۆژى نیشتمانیى ئافرەتانەوە، لە سەرتاسەرى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاهەنگ گێڕدرا؛ دواى ئەوەی ئافرەتان هەموو یەکشەممەیەکى کۆتاییى ئەم مانگە، تاکوو ساڵى 1913، ئاهەنگیان دەگێڕا.

 ساڵى 1910:

ئەنترناسیۆنالیستی سۆسیالیستی، کۆمەڵەیەک بوو لە کۆپنهاگن، ڕۆژى ئافرەتانى ڕاگەیاند. ئەم ڕۆژە سروشتێکى نێودەوڵەتیى هەبوو؛ ئەمەیش وەک ڕێزگرتنێک لەو جووڵەیەى کە هەبوو و، بۆ کاراکردنى ئافرەتان بۆ خۆپاڵاوتنیان لە هەڵبژاردندا داواى مافەکانى ئافرەتان و یارمەتیدانیانى دەکرد. بۆ ئەمەیش کۆنگره‌یه‌ک بەسترا، کە زیاتر لە سەد ئافرەتى هەڤدە وڵات بەشدارییان تێدا کرد. لە نێوان ئەوانەدا سێ ئافرەتى یەکەم، بە ئەندامى پەرلەمانى فنلەندا هەڵدەبژێردران، بەڵام کۆنگرەکە هیچ ڕۆژێکى وەکوو ڕۆژى ئافرەتان دەستنیشان نەکرد.

ساڵى 1911:

دەرەنجامى ئەو بڕیارەى کۆبوونەوەى کۆپنهاگن لە ساڵى پێشوودا، بۆ یەکەمجار لە هەر یەک لە ئەڵمانیا و دانیمارک و سویسرا و نەمسا بە بۆنەى ڕۆژى جیهانیى ئافرەتانەوە، لە 19ى ئازاردا ئاهەنگ گێڕدرا، کە زیاتر لە ملیۆنێک ئافرەت بەشدارییان تێدا کرد. ئافرەتان سەرەڕاى داوای مافى دەنگدان و کارکردن لە پۆستە گشتییەکاندا، داواى مافى کارکردن و ڕاهێنانى پیشەیى و کۆتاییهێنان بە جیاکارییان لە کارکردندا کرد. هەفتەیەکى نەبرد، سووتمانە تراژیدییەکەى  شارى نیۆیۆرک، لە 25ى ئازاردا ڕووی دا، کە بووە هۆى گیانلەدەستدانى (140) ئافرەتى کرێکار، کە زۆربەیان لە کۆچبەرەکانى ئیتاڵیا و جووه‌کان بوون. ئەم ڕووداوە، کاریگەرییەکى زۆرى لەسەر گفتوگۆکردن لەبارەى یاساى کارى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ڕەخنەگرتن لە بارودۆخى کارکردنەوە هەبوو، کە بووە هۆى ڕوودانى ئەم کارەساتە.

ساڵى 1913-1914:

وەک بەشێک لە بزاڤی ئاشتى، کە کاتى سەرهەڵدانى جەنگى جیهانیى یەکەم سه‌ری هه‌ڵدا، ئافرەتانى ڕووسى، بە بۆنەى ڕۆژى جیهانیى ئافرەتانه‌وه ئاهەنگیان گێڕا‌؛ که‌ بۆ یەکەمجار لە یەکشەممەى کۆتاییى مانگى شوباتى ساڵى 1913دا،  لە چەند شوێنى دیکه‌ی ئەوروپا لە 8ى ئازار، یان پێش ئەم ڕێکەوتە، یان دواتر، ئاهەنگیان دەگێڕا.

ساڵى 1917:

لە بەرامبەر ئەم زیانه‌ زۆرەى کە ڕووسیا لە جەنگدا بەری کەوت، کە دەگەیشتە زیاتر لە ملیۆنێک سەرباز، ئافرەتانى ڕووسیا کۆتا یەکشەممەى مانگى شوباتیان دەستنیشان کرد بۆ ڕێکخستنى ناڕەزایییەک لە پێناوى "نان و ئاشتى"دا، کە گەورە سیاسییەکانى ڕووسیا ڕەخنەیان لەم ڕێکەوتە هەبوو. لەگەڵ ئەوەیشدا ئافرەتان پاشگەز نەبوونەوە؛ به‌ جۆرێک کە مێژوو دەڵێت، سیزەر (قەیسەر) ناچار بوو، خۆى بەدەستەوە بدات. ته‌نیا دواى تێپەڕبوونى چوار ڕۆژ، حکوومەتى کاتى، مافى دەنگدانى بە ئافرەتان دا؛ ڕۆژى یەکشەممە، 25ى شوبات، بە ڕۆژژمێرى یۆلیۆسى، کە ئەوکات کارى پێ دەکرا، لە ڕووسیا بوو بە ڕۆژێکى مێژوویى.

لەم ساڵانەوە ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان بۆ ئافرەتانى وڵاتە پێشکەوتوو و تازە پێگەیشتووەکان بەجیهانیبوونێکى نوێى بە خۆیەوە بینى و، بووە یارمەتییەک بۆ بزاڤی نێودەوڵەتیى ئافرەتانى پێشکەوتوو. ئەمەیش خۆى لەم چوار کۆنگرە جیهانییەدا بینییەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە پرسى ئافرەتان ئەنجامی دان. ئەم ئاهەنگگێڕانەیش بەم بۆنەیەوە یارمەتییەک بوو بۆ ئافرەتان، کە بە هۆیەوە دەنگیان بگەیەنن و لە بوارە جیاجیاکانی وەکوو بوارى سیاسى و ئابوورىدا داواى مافەکانیان بکەن و، بانگهێشتێکیش دەبێت بۆ ئەو گۆڕانکارییانەى کە ئافرەتانى ئاسایى بە هۆى کۆڵنەدان و ئازایەتییەوە بەدەستیان هێناوە.

ڕۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکان:

هەموو ئەو کەیسانەى کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیى کردوون، بە شێوەیەکى چڕوپڕ و چوارچێوەفراوان، بۆ ئەوەیە مافى یەکسان بۆ ئافرەتان دابین بکات. هەروەها پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ساڵى 1945 لە سانفرانسیسکۆ واژوو کرا، یەکەم ڕێککەوتنامە بوو کە وەکوو مافێکى سەرەکى لە مافەکانى مرۆڤ، یەکسانیى لە نێوان هەر دوو ڕەگەزدا ڕاگەیاند. ئەمە بوو بە سەرەتایەک بۆ دانانى دامەزراوەیەکی مێژوویى، بە ستراتیژی و بەرنامەوە، کە هاوبەش بێت بۆ دەوڵەتان، بە مەبەستى بەرەوپێشبردنى بارودۆخى ئافرەتان لە جیهاندا.

بە درێژاییى ساڵان، کارى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەوتنى ئافرەتان، بە چوار ئاراستەدا بووە:

١- بەهێزکردنى سیسته‌مه‌ یاسایییەکان.

٢- کۆکردنەوەى ڕاى گشتى و کارى نێودەوڵەتى.

٣- ڕاهێنان و توێژینەوە، کۆکردنەوەى سەرژمێریی پۆلێنکراو بەپێى جۆرى ڕەگەز.

٤- پێشکەشکردنى هاوکاریى ڕاستەوخۆ بۆ کۆمه‌ڵگه‌ بێبەشکراوەکان.

ئێستا کارى نەتەوە یەکگرتووەکان پشت بە پرەنسیپێکى سەرەکیى ڕێکخراو دەبەستێت، کە دەڵێت: ''ناتوانین بگەینە هیچ چارەسەرێکى هەمیشەیى بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورى و سیاسییەکان، تەنیا بە بەشداریکردنى ئافرەتان و تواناکانیان نەبێت، لەسەر هەر دوو ئاستى ناوخۆیى و جیهانیدا.''

 

سەرچاوە:

 http://www.qsm.ac.il/userfiles/nas/a7dath%20leom%20almraa.doc

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples