دەبێت چەند کوردستان هەبن؟

2017-03-12

دەبێت چەند کوردستان هەبن؟

 

ڤێردا ئوزێر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی 

ئایا دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ لە باکووری عێراق دروست دەکرێت؟ ئەم پرسیارە دەمێکە لە مێشکماندا دێ و ده‌ڕوا. هەرچەندە لە بەشی ڕا و بۆچوونی op-ed واشنتۆن پۆست لە ٢٢ی فێبریوەری ئەمساڵدا، "بیلال وەهاب" ئەم پرسیارەی پێ ڕاست نەبوو و، پرسیارەکەی بەم جۆرە داڕشتبووەوە و نووسیبووی "دەبێت چەند کوردستان دروست بکرێن؟ "

وەهاب لە درێژەی گوتارەکەیدا نووسیبووی "نزیکەی سەدەیەکە پرسیاری ئایا دەبێت دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی هەبێت، هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە. دوا بە دوای جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١، ئەم پرسە گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆوە بینی و زەمینەسازییەکی باشی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردەکان ڕەخساند. جەنگی ئازادکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ هەندێک جووڵەی خستە ناو پرۆسەی ئەم پرسەوە. دوا بە داوی جەنگی ناوخۆی سووریا و پشێوی و ئاڵۆزییەکانی عێراق، پرسەکە گۆڕانکاریەکی تری بەخۆوە بینیوە و، دەکرێت ئەم جارە بەم شێوەیە پرسیارەکە بکەین و بڵێین "دەبێت چەند کوردستان لە ناوچەکەدا دروست بکرێن؟ "

وا دەردەکەوێت، کە ئەم جارەیان بەم شێوازە نوێیەوە زۆر دووبارە بکرێتەوە، بەتایبەت لە ئەمریکادا. دوو ساڵ پێش ئێستا، ڕیچارد هاس(Richard Haass) ی سەرۆکی ئەنجومەنی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا پێی وتم واشنتۆن پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆی بچووک لە عێراق و سووریادا دەکات. بەڵام ئەو، کوردەکانی تورکیای نەخستە ناو ئەو چوارچێوەیەوە.

ئەوە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە هەندێک جار مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و، هەر دوو لقەکەی پەکەکە (یەپەگە و پەیەدە) لە باکووری سووریادا شیرەکانیان لێک دەسوون. پەیەدە هەمیشە هەوڵی داوه‌ لایەنگرانی بارزانی لە باکووری سووریا وه‌ده‌ربنێن. هەموو ناکۆکییەکی نێوان ئەم دوو لایەنە لەسەر ئەوەیە، کە دەبێت کێ دەست بەسەر باکووری ڕۆژاوای عێراق و باکووری سووریادا بگرێت. ئیدارەی ئۆباما هەوڵێکی زۆری دا کوردەکانی سووریا و عێراق یه‌ك بخات. ئەم هەوڵانە هەندێک جار بەرهەمیان هەبووە؛ بۆ نموونە لە مانگی تەمووزی پارساڵدا، بارزانی بە شێوەیەکی کاتی دەروازەی سیمالکای بە ڕووی کوردەکانی سووریادا کردەوە، کە دەروازەی سەرەکیی هاتنەناوەوەی کوردەکانی سووریایە بۆ ناو هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ دروستبوون و سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و شام، ئەم دوو لایەنە پێکەوە شان بە شانی یەک، ڕووبەڕووی داعش بوونەوە. هەر لە دوای داگیرکردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤، پەیەدە دەستبەجێ پشتیوانیی خۆی بۆ بارزانی نیشان دا و هاریکاریی کرد. بە هەمان شێوە لە دیسێمبەری ساڵی ٢٠١٤ کاتێک کۆبانێ دەورە درابوو، بارزانی بۆ هاوکاریکردن و یارمەتیدانی برا پێشمەرگەکانیان لە باکووری سووریادا، هێزی پێشمەرگەی ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کرد.

هەرچەندە وا پێ دەچێت لەگەڵ هەرچی زووتر ڕووخان و نەمانی داعشدا، ئەم یەکگرتوویییە بەردەوام نەبێت و کۆتاییی پێ بێت. لە ئێستادا دووبارە ئەو دوو لایەنە ناکۆکییان لە نێواندا دروست بووەتەوە؛ بە جۆرێک کە لە شنگال پێشمەرگە پەلاماری دووەم گەورەترین مۆڵگەی پەکەکەیان داوە. هەروەها دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا لە کەرکووک گرووپ و لایەنگرانی پەکەکە پەلاماری بۆڕییە نەوتەکانیان داوە کە لەژێر دەسەڵاتی بارزانیدان.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بیلال وەهاب دەڵێت کوردەکانی عێراق و کوردەکانی سووریا، ناتوانن پێکەوە بەیەکگرتوویی بمێننەوە و، دروستبوونی دوو کوردستان ڕێگە چارە و بارودۆخێکی چاوەڕوانکراوە. دابەشکردنی کوردستان و نووساندنی بە دەوڵەتەکانی ترەوە، وای کردووە کە کوردەکانی سووریا و عێراق تێکەڵی و نزیکییەکی زۆری لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە پێوەی نووسێنراون، عێراق و سووریا، هەبێت.

بەردەوامیی ئۆپه‌راسیۆنی بەرگریی فوراتی تورکیا، ڕێگریی لە پەیەدە کردووە لە یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی کوردستانی سووریا.  هەرچەندە داعش لەو ناوچانەدا وەدەر نراوە، بەڵام هێشتایش لە لایەن تورکیاوە دەورە دراوە و، دەستی بەسەر هەندێک ناوچەدا گرتووە. هەروەها، ئەو ناوچانەی باکووری سووریا، کە لەژێر دەستەڵاتی پەیەدە و یەپەژەدا لە لایەن ئەمریکا و ڕووسیاوە پشتیوانییان لێ دەکرێت و دەپارێزرێن. زیاد لەوەیش، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، کە هەر لە کۆنەوە دژی هەبوونی ئۆتۆنۆمیی کوردەکان بووە لە باکووری سووریا، ئێستا وا دەردەکەوێت کە ئەویش بەم ئۆتۆنۆمییە ڕازی بێت. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئەسەد ناوچەیەکیان لە "منبج" لە نێوان پەیەدە و ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات درووست کردووە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێکدادانی نێوانیان بكات.

هەروەها، وا دەردەکەوێت کە سوپای ئەمریکا زیاتر پشت بە پەیەدە ببەستێت و، هاوکارییەکانی خۆی لە جەنگی دژی داعش لە سووریادا پێشکەش بکات.  لە لایەکی ترەوە مۆسکۆیش خەریکە کارتی کوردەکان بەکار دەهێنێت: هەتاوەکوو ئانکارا زیاتر لە واشنتۆن نزیک ببێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن توندوتۆڵتر بکات، سیاسەتی ڕووسیایش لە پشتیوانیکردنی کوردەکان زیاتر و ڕوونتر دەردەکەوێت. "کۆنفرانسی ناچەی کوردستان" لە مۆسکۆ لە ١٥-٠٢-٢٠١٧ باشترین نموونەی ئەم شێوازەی سیاسەتی ڕووسیایە لە ناوچەکەدا. لە لایەکی تریشەوە، ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان لە کوردستانی عێراق تەنیا لەسەر کات وەستاوە و، بە تێپەڕبوونی کات، ئەویش دەکرێت.

لە دوای ئەم هەموو ڕووداوانەوە، کێ دەزانێت داخۆ "یەک کوردستانی بچووک"، یان دوو کوردستانی جیا دروست دەکرێن؟ هەموو هەوڵی تورکیایش پاراستنی سنوور و یەکگرتووییی خۆیەتی لەگەڵ دروستبوونی سنوورێکی ئارام لەگەڵ دەوڵەتە کوردییە دراوسێکەیدا. هەروەها، ئەمە تەنیا ڕێگەچارەیەکە بۆ تورکیا بۆ بەرگرتن و کۆتاییپێهێنانی "کارتی کوردەکان" کە لە لایەن زلهێزەکانەوە لە ناوچەکەدا گەمەی پێ دەکرێت.

بۆ ئەم مەبەستەیش، دەبێت یەکەمجار ئانكارا سیاسەتی ستراتیژی و بەرژەوەندیی کورتخایەنی لەگەڵ کوردەکان، بگۆڕێت بۆ سیاسەت و ستراتیژیەتی درێژخایەن و، دەبێت دووربینی بکات. بە واتایەکی تر، دەبێت ئانکارا ئەم شێوازەی سیاسەت و کاردانەوەی لەگەڵ کوردەکاندا بگۆڕێت. بۆ ئەمەیش، دەبێت تورکیا لەو قاڵب و شێوازە دەربچێت کە بە باکووری سووریا دراوە؛ کە بریتییە لە هەبوون و چالاکییەکانی پەیەدە و یارمەتی و هاوکاریکردنی ئەمریکا و ڕووسیا و هێنانەناوەوە و تێوەگلانی بارزانی لە باکووری سووریا و، دەبێت تورکیا بڕوای بە فرەجۆری لە ناوچەکەدا هەبێت.

دووەم، دەبێت ئانکارا پەیەدە لە باکووری سووریا لە پەکەکە پاک بکاتەوە و جیای بکاتەوە، وەک چۆن بارزانی سنوورێکی بۆ پەکەکە دانا و لە هەرێمی کوردستانی جیا کردنەوە و، هەر بەوەشەوە نەوەستا، لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکان بووەوە. دەبێت بە هەمان شێوە، وا لە پەیەدە بکرێت، ئەگەر بڕیارە لایەنێکی سیاسی و دوور لە توندوتیژی بێت، خۆی جیا بکاتەوە و، دەری بخات کە سەربە هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و، ئەوکات دەبێتەوە بە خاڵی دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان.

ئەم سیاسەتە، وا دەکات تورکیا بە بەهێزی لە بەرانبەر پەکەکەدا بهێڵێتەوە و، ڕێگریش لە دروستبوونی کوردستانێک بگرێت کە لەسەر بناغەی مەترسی بۆ سەر تورکیا دروست بکرێت. بە واتایەکی دیكه‌، دەکرێت کوردستانێکی سەربەخۆ هەبێت، کە هاوڕێ و هاوکارێکی باشی تورکیا بێت.

سەرچاوە:

http://www.hurriyetdailynews.com

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples