ئایا كوردستانی عێراق به‌ره‌و جه‌نگی ناوخۆیی ده‌ڕوات؟

2017-03-15

ئایا كوردستانی عێراق به‌ره‌و جه‌نگی ناوخۆیی ده‌ڕوات؟

نووسه‌ر: دێنیز ناتالی (Denise Natali)

کورتەیەک لە وتارەکە

پێنووس: هه‌ڵمه‌ت یاخود جه‌نگی دژی داعش له‌ مووسڵ، ئاراسته‌ی ڕای گشتیی له‌سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆیییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراقی، كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی پاش جه‌نگ هه‌یه‌، گۆڕی. ته‌نیا له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا، تیرۆری ڕۆژنامه‌نووسێكی كورد، كوژرانی قوتابییه‌كی زانكۆ له‌سه‌ر كێشه‌ی شه‌ره‌ف و ئابڕوو (نامووس)، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌‌ ئه‌ندامێكی ئافره‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك له ‌به‌رده‌م بنكه‌ و باره‌گای حزبێكی كوردی ئێرانی، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی حه‌وت كه‌س و، چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ پارێزگای سلێمانی، ڕوویان داوه‌. له‌مه‌یش زیاتر، پێویسته‌ ئاماژه‌یش به‌ خۆپێشاندانه‌كانی كارمه‌ندانی حكوومه‌ت بۆ پێدانی مووچه‌ی دواكه‌وتوویان، په‌رله‌مانێكی ناچالاك (ناكارامه)‌، زیادبوونی ڕێژه‌ی په‌نابه‌ر و ئاواره‌كان، فراوانخوازیی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و هێرشی ئاسمانیی سوپای توركیا بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانیان له‌ باكووری عێراق، بكه‌ین. ئه‌م كێشه‌ و گرفتانه‌، نه‌ك ته‌نیا ده‌ستكه‌وته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ساڵی 2011ه‌وه‌ تاوه‌كوو ئێستا، بۆ دواوه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ و پاشه‌كشه‌ی پێ كردووه‌، به‌ڵكوو هه‌رێمی كوردستانی له ‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری داڕمانی ئابووری و جه‌نگی ناوخۆیی، لاوازتر كردووه‌.

له ‌جیاتی "به‌ده‌وڵه‌تبوونی حه‌تمیی كوردستان" له‌ پاش جه‌نگی داعش، سیناریۆی ئۆتۆنۆمییه‌كی كرچوكاڵ و لاوازبوو، پشێویی سیاسی و پێكدادانی چه‌كدارانه،‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه‌. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌كردنی سه‌ربه‌خۆی "نه‌وت"ی له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام ئێستاكه‌ ئابووریی كوردستان له‌ دۆخێكی ناڵه‌باردایه‌. قه‌رزه‌كانی حكوومه‌ت‌ 22 ملیار دۆڵاری تێ په‌ڕاندووه‌. گه‌یاندن و دابینكردنی كاره‌با بۆ ئاستی ساڵی 2005 دابه‌زیوه‌ و، له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان ئه‌گه‌ر "مۆلیده"‌ی كاره‌بای تایبه‌تیان نه‌بێت، ئه‌وه‌ ته‌نیا 4 كاتژمێر كاره‌بایان هه‌یه‌. به‌ ده‌یان هه‌زار گه‌نج له‌ هه‌وڵی به‌جێهێشتنی ناوچه‌كه‌ و كۆچكردندان. كه‌رتی وزه،‌ كه‌ سه‌ده‌مانێك جێگه‌ی شانازییه‌كی زۆر بوو، به‌ هۆی گرفت و كێشه‌ سیاسی و یاسایییه‌كان پاشه‌كشه‌ی كردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م هه‌نارده‌كردنه‌ی جێگه‌ی مشتومڕه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ گرێدراوی توركیا و، له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ دێت، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێگه‌ی ناكۆكییه‌ و هێشتاكه‌ به‌ به‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان داناندرێت. كۆمپانیا نه‌وتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌م دوایییه‌دا 19 مه‌یدانی نه‌وتیی هه‌رێمی كوردستانیان به‌جێ هێشتووه،‌ كه‌ 6 له‌مانه‌ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

نفووزی ڕوو له ‌زیادبووی په‌كه‌كه‌ له‌ باكووری عێراق ئه‌م قه‌یرانانه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات و ململانێ (جه‌نگ)ی نێوان كورده‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی هێز به‌رزتر ده‌كاته‌وه‌. په‌كه‌كه‌ بێجگه‌ له‌ بنكه‌كانی له شاخه‌كانی‌ قه‌ندیل، ئێستاكه‌ له‌ شاخه‌كانی ناوچه‌ی شنگاڵ جێگیر بووه‌ تاوه‌كوو ئێزدییه‌كان له ‌به‌رده‌م هێرشه‌كانی داعش و ناوچه‌ی ستراتیژیكی خۆی بپارێزێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ یه‌كێتیی نشتیمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پشتیوانی له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن یاخود لانی كه‌م له‌ به‌رامبه‌ریدا بێده‌نگن، به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ بۆ وه‌ده‌رنانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگاڵ له‌وانه‌یه‌ هێزی سه‌ربازی به‌كار بێنن. هه‌روه‌ها ئانكارا‌ هۆشداریی داوه،‌ كه‌ ئه‌گه‌ر تاوه‌كوو وه‌رزی به‌هار هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نه‌توانن هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگاڵ وه‌ده‌رنێن، ئه‌وه‌ خۆی له‌ شنگاڵ ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ "موراد قه‌ره‌یلان"، ڕێبه‌ری جێبه‌جێكاری په‌كه‌كه‌، ڕای گه‌یاندووه‌ كه‌ هێزه‌كانی، خه‌ریكی خۆئاماده‌كردنن بۆ پاشه‌كشه‌كردن له‌ ناوچه‌كانی ئێزدیی شنگاڵ، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ به‌ته‌واوی له‌و ناوچه‌یه‌ بكشێنه‌وه،‌ لاوازه‌. ناكۆكیی نێوان لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و نه‌یاره‌كانیان له‌ باكووری عێراق زۆر به‌رچاو و هه‌ستپێكراوه‌. بۆیه‌ نیگه‌رانی له‌ دروستبوونی جه‌نگێكی ناوخۆیی تری كوردی (براكوژی)، ده‌رده‌بڕدرێت.

ڕاستییه‌كه‌ی، وێناكردنی جه‌نگێكی ناوخۆیی له‌ نێوان كورده‌كان یاخود ناسه‌قامگیریی ناوخۆیی، له‌وانه‌یه‌ چاوه‌ڕوانكراو نه‌بێت. هه‌لومه‌رجه‌كان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ جه‌نگی ناوخۆییی چوار ساڵه‌ی نێوان ساڵانی 1994-1998 گۆڕانكاریی ئه‌رێنیی به‌سه‌ردا هاتووه‌. هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ گه‌شه‌ی كردووه‌، پێگه‌یشتووییی سیاسیی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌، وه‌كوو به‌شێك له‌ عێراقی فیدراڵ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ دانی پێنراوه‌ و قبووڵ كراوه‌ و، ئێستایش وه‌كوو هاوپه‌یمانێكی ناوچه‌یی له‌ جه‌نگی دژی داعش ده‌ركه‌وتووه‌ یاخود ده‌بینرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ مشتومڕ له‌ نێوان حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام ڕیسك (مه‌ترسی)ی درێژه‌كێشانی توندوتیژییه‌كان بۆ ڕێبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی قووڵی ئابووریشیان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، زۆر له‌سه‌ره‌وه‌یه‌.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، به‌شێك له‌ قه‌یرانه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن و جیاوازییه‌كی زۆر و ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و "فاكته‌رانه‌"دا كه‌ بوونه‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ناوخۆی كوردستان، نییه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌، كوردستانی عێراق، سه‌ره‌ڕای دۆخه‌ ئاسایشییه‌ پارێزراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی، له ‌ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ ناسه‌قامگیر بوو‌. ده‌رچوونی عێراق له‌ باكووری عێراق له‌ پاش جه‌نگی كه‌نداو له‌ ساڵی 1990 و ئابڵووقه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دژی عێراق، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ حكوومه‌تی ساوای هه‌رێم نه‌توانێت مووچه‌ی كارمه‌ندانی حكوومه‌ت بدات، هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزارییه‌كان دابین بكات و سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ری كورد ڕێك بخاته‌وه‌ و گونده‌ وێرانكراوه‌كان له ‌لایه‌ن ڕژێمی سه‌ددام له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال- هه‌روه‌ها هێرشه‌ كیمیایییه‌كانی له‌خۆ ده‌گرت- دووباره‌ بنیات بنێته‌وه‌ و ئاوه‌دانیان بكاته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ بارزگانه‌ كورده‌كانی نزیك له‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ڕێوشوێنی گونجاویان بۆ سوودوه‌رگرتن و قازانجكردن له‌ شكاندنی ئابڵووقه‌كان دۆزیبووه‌وه، به‌ڵام زۆرینه‌ی كورده‌كان هه‌ژار بوون و پێویستییان به‌ یارمه‌تییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌بوو.‌

ململانێی هێز له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نشتیمانیی كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی ڕێبه‌رایه‌تیكردن و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌ داهات و دارایییه‌كان، به‌رچاو بوو. ئه‌م بارگرژییانه‌یش بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێران و توركیا و حزبه‌ نه‌یاره‌كانی وه‌كوو په‌كه‌كه،‌ بێنه‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌‌؛ ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ ئیمڕۆكه‌یش ڕوو ده‌دات و ده‌یبینین. ئه‌گه‌ڕ ئیمڕۆكه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ی ڕابردوو، بۆ نموونه‌، بۆ كۆنترۆڵی شۆرشه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا و، هه‌روه‌ها ده‌ستكه‌وتنی داهاتی قاچاغی شتومه‌ك له‌ سنووری خابوور، پارتی دیموكراتی كوردستان دانوستاندنی له‌ بواری ئاسایشی و ئابووریدا له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌نجام داوه‌‌. ئانكارایش له ‌لای خۆیه‌وه‌ چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی سنووری له‌ نێوان ساڵانی 1992 تاوه‌كوو 1997 بۆ به‌ئامانجگرتنی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان ئه‌نجام دا، كه‌ له‌وانه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنی پۆڵای 1 و ئۆپه‌راسیۆنی چه‌كوش (Steel-1 and Hammer) بكه‌ین. له‌ قۆناغێكدا، ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له‌ ڕێگه‌ی 35 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ بوو و، به‌ قووڵاییی 35 میل هاته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی كرا و پشتی په‌كه‌كه‌ی گرت. گرووپه‌ ئیسلامییه‌كانیش سوودیان له‌م ده‌رفه‌ته‌ ناسه‌قامگیرییه‌ وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ بڕۆن ڕێكخستنی توندڕه‌و و گرووپی خۆیان پێك بێنن، بۆ نموونه‌: زه‌مینه‌ی پێكهاتنی ئه‌نسارولئیسلام.

ئه‌م نموونه‌ یاخود مۆدێلانه،‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا خۆیان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسانی حزبه‌ كوردییه‌كان له‌م ناكۆكییه‌ ناوخۆیییانه‌دا‌ زیانێكی زۆر بكه‌ن، به‌ڵام لایه‌ن و گرووپه‌كانی تر به‌م شێوه‌یه‌ نین و له‌وانه‌یه‌ له‌‌ لاوازبوونی ئه‌م هه‌رێمه‌ی عێراق و بوونی خه‌ڵكی تووڕه‌ و ناسه‌قامگیریی كۆنترۆڵكراو، خۆشحاڵ ده‌بن. له‌ درێژه‌دا، له‌ دۆخێكدا كه‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ به ‌رۆژ زیاتر به‌ توركیاوه‌ گرێ ده‌درێت، پرسی كورده‌كان له‌ توركیا هێشتا به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه‌؛ كورده‌كان له‌ سووریا خوازیاری به‌ده‌ستهێنانی ئۆتۆنۆمین و، په‌كه‌كه‌ نفووزی خۆی زیاتر په‌ره‌ پێ ده‌دات و، به‌م پێیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ میراتگری كێشه‌ و گرفته‌ سنوورییه‌كانی په‌كه‌كه‌. په‌كه‌كه‌یش له ‌لای خۆیه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات‌ سوود له‌و‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ سیاسییانه‌ی شه‌قامی كوردستانی عێراق وه‌ربگرێت؛ شوێنێك كه زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌ حزبێكی ڕه‌سه‌نی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردی ده‌زانن. په‌كه‌كه‌ و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌یش سوود و قازانجیان هه‌یه‌؛ به‌تایبه‌ت ئێران كه‌ به‌ دوای هێزێكه‌وه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیادا‌.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بارگرژی و قه‌یرانانه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام زیان به‌ گه‌شه‌ی ئابووری و سه‌قامگیریی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نن (ته‌نانه‌ت له‌ پاش كۆتاییهاتنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ) و، توانای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ركه‌وتن وه‌كوو هاوبه‌ش (شه‌ریك)ێكی كاریگه‌ر و شوێندانه‌ری ناوچه‌یی (هه‌رێمی) له‌ شكستپێهێنان به‌ داعش، لاواز ده‌كات. بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگی و سه‌ر‌نجی جددیتر بدرێته‌ به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق، له‌نێویشیاندا: وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌رێوبه‌رایه‌تیی پارێزگاكان، فره‌ییی ئابووری، هاوبه‌شی له‌ داهات له ‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، ئاسایشی سنووری و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و و ئانكارا‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها پێویسته‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ باكووری عێراق، له‌ ڕێگه‌ی دووباره‌ جێگیركردنه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنی ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ ئانكارا‌ و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌ توركیا و سووریا، چاره‌سه‌ر بكرێت.

 

سه‌رچاوه‌:

http://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples