2017-03-15
ئایا چیتر ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزترینی هێزە دەرەکیییەکان نییە؟
ڕیچارد فۆنتەین و میشێڵ سینگ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
کاتێك ڕووسیا لە پاییزی ساڵی ٢٠١٥دا دەستێوەردانێکی سەربازیی بەهێزی لە سووریادا دەست پێ کرد، بەم کردەوە سەربازییەی، جیهانی سەرسام کرد و ڕای گەیاند جارێکی تر ئاوڕی بە لای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوەتەوە و، دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها، ئەم گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتوانانی ئەمریکایشی تووشی تێڕامان کرد؛ بەتایبەت ئەوەی کە ماوەیەکی کەم بوو، پێکەوە لەگەڵ ڕووسیادا کاریان لەسەر داماڵینی سووریا لە چەکی کیمیایی کردبوو و، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم پێکەوەکارکردنەیان ئاشتی و ئارامیی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. بەڵام ڕووسیا بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر نەیارانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، هۆشداریی ئەوەی دا کە ئەم جارەیان بەتەواوەتی و بە بڕیارێکی یەكلاکەرەوە، گەڕاوەتەوە ناو دەستێوەردانی گەمەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دووبارە هاتنەوەی ڕووسیا بە جۆرێكە، کە لە دوای سەردەمی ئەنوەر سادات و دەرکردنی ڕاوێژکارەکانی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٢ و جەنگی یوم کیپور (حرب) یوم الغفران- Yom Kippur War)، بەم جۆرە نەهاتووەتەوە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بەم شێوەیە تێوەگلانی لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەکردووە. هەروەها، لە دوای جەنگی ساردەوە، بۆ یەکەم جار دەبێت، بۆ کۆتاییهێنان به هەر کێشە و ئاڵۆزییەك، ڕۆڵی ڕووسیا لە ناوچەکەدا لەبەرچاو بگیرێت و حسابی بۆ بکرێت.
ئەم دەستێوەردانە دەرەکییەی بەرەی ڕۆژهەڵات بۆ ناو سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێیە، بەڵام ڕووسیا تەنیا هێزێکی ئەو بەرەیە نییە خۆی خستبێتە ناو کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، "چین"یش پەرەی بە تێوەگلانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە. تەنانەت دەوڵەتانی وەك هندستان و ژاپۆن و ئەوروپایش کە لە ناوخۆی خۆیاندا تووشی قەیران بوون، هەوڵی زیادکردنی ڕۆڵی خۆیان و هاتنەناوەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە و، هەستیان بە دوورکەوتنەوەی ئەمریکا لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. یەکەم هۆکارێك بۆ ئەم هاتنەناوەوە و تێوەگلانەی زلهێزەکانی تری دونیا، ناڕێکی و پشێویی ناوچەکە و جەنگی عێراق و بەهاری عەرەبی بوون؛ کە بوون بە هۆکاری دەرکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك گۆڕهپانێك بۆ ململانێ و پێشبڕکێی ئەو زلهێزانە. وەك ئەوەی کە واشنتۆن بەدواداچوون و گفتوگۆ لەسەر چۆنێتیی مانەوە و بەردەوامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، دەبێت بەناو ئەو یارییە جوگرافیا سیاسییەدا (Geopolitical Game) بڕوات، کە زلهێزەکانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیکەن و، ناسەقامگیرترین ناوچەی جیهانە.
ئەم یارییە سیاسییە هەڵگری هۆکارگەلێکی ترە، جیا لەوەی ئەمریکییەکان بیری لێ دەکەنەوە و، دەبێت سیاسەتوانانی ئەمریکایش لە کاتی هەر ڕووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزییەکدا لە کاتی چوونەناو یارییەکەوە هۆکارەکانی تریش لەبەرچاو بگرن. بەتایبەتی لە دوای گوتەکەی سەرۆك جیمی کارتەر (Jimmy Carter) لە ساڵی ١٩٨٠، کە دەڵێت نابێت ئەمریکا بیر لەوە بکاتەوە و ڕێگە بە هیچ هێزێکی تر بدات بیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی بسەپێنێت و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا دەربخات. بەڵام لە کاتێکدا زلهێزەکانی تر مەبەست و ئامانجیان دیارە و دەیانەوێت بەو ئامانجانەیان بگەن، گۆڕانکارییەکی گرنگ لە ناوچەکەدا بەڕێوەیە؛ خەریکە پێگەی بێهاوتای ئەمریکا، کە ساڵەهایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێڕکابەرە، لەق دەبێت و دەگاتە ئاستی کۆتاییهاتنی.
تێوەگلان و هاتنەناوەوەی زلهێزەکانی تر، مەبەست لە زلهێزەکانی تری دونیا ئەو دەوڵەتانەن کە لە ڕووی سەربازی و ئابووری و توانایییەوە لە ئاستێکی باڵادان و، بەم هۆیەوە دەیانەوێت لە ئاستی جیهانیدا دەسەڵاتی خۆیان نیشان بدەن و بسەپێنن— بە هیچ شێوەیەك بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووداوێکی نوێ نییە. بۆ نموونە، دەوڵەتانی وەك چین و هندستان ئەگەر هەزاران ساڵ نەبێت، ئەوە بەدڵنیایییەوە سەدان ساڵ دەبێت تێوەگلان و پەیوەندییان لە ناوچەکەدا هەیە. ئیمپراتۆرییەتی ئینگلیز، زۆرینەی جەنگەکانی لە ناوچەکەدا بە هێزە سەربازیییە ئیمپریاڵیستەکانی (داگیرکەرەکانی) هندستانی کردووە. هەروەها ئێستایش منداڵانی قوتابخانەکانی ئوسترالیا، بەشداریکردن و تێوەگلانی وڵاتەکەیان لە جەنگی بئر السبع (Be’er Sheva) و گەلیپۆلی (Gallipoli) دەخوێنن و دەیزانن. هەروەها، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ئەوەی دەبینی، کە چۆن بریتانی و فەڕەنسییەکان لە نێوان جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا بە داردەستەکانیان جەنگی یەکتریان دەکرد و، ناوچەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرد و، دەیانویست دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکەدا بسەپێنن. هەر کە بریتانییەکان لە ساڵانی شەستەکاندا ناوچەکەیان بەجێ هێشت، دەمودەست یەکێتیی سۆڤیەت هاتە ناوەوە بە بیانوی پشتیوانیکردن له دەوڵەتانی وەک میسر، سووریا، عێراق و جەزائیر، کە بوونە هاوپەیمانی. دوای ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەتیش دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا کەم بووەوە، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیادیان کرد و، دواتر زیادبوونی خواست لەسەر وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی وەك نەوتی ناوچەکە، دووبارە سەرنجی زلهێزەکانی بەرەو لای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاكێشایهوه.
لەگەڵ ئەوەی کە لە ماوەی جەنگی سارددا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیان کرد، ئەمریکا بوو بە یەکەم هێزی دەرەکی لە ناوچەکەدا و، توانیی ڕۆڵێکی بەچاوی هەبێت و، لە دوای جەنگی ساردیش هەر بەم شێوەیە بەبێ ڕکابەری لە ناوچەکەدا مایەوە. بەڵام دەستێوەردانی لاوەکی هەر هەبوون، وەك ئەو بەشداریکردنەی یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیا کە بە گرووپی چوارلایەنە (Quartet) ناو دەبردرێت و، کاریان لەسەر پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین دەکرد. هەروەها، هندستان و ئەڵمانیایش بوونە ئەندامی P5+1 (مەبەست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە چین و فەڕهنسا و ڕووسیا و بریتانیا و ئەمریکا پێك هاتووه و، دواتر ئەڵمانیایش بووە ئەندام) و دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێران کرد. بەڵام ئەم بەشداری و گفتوگۆیانە بە حوکمکردنی ناوچەکە لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە هەژمار ناکرێن. هەتا ئەم دوایییانە، بابەتەکە تا ڕاددەیەك گۆڕا و، ڕووسیا سەرقاڵی هەندێك کێشەی نێوخۆیی و سنووری بووەوە و، چین بە هەمان شێوە ئاوڕی بە لای ناوچەکانی خۆیدا دایەوە و لە هەندێك کێشە و گرفتی جیهانیدا تێوه گلا و، ڕۆڵی ئەوروپایش لە یارمەتیدانی گەشەسەندن و فرۆشتنی چەك و دەستێوەردانی دیپلۆماتی، بەرتەسك کرایەوە.
دووبارە کاتێك ئەو زلهێزانە لە ناوچهکەدا کشانەوە، ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گەشەی سەندەوە. لە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئیدارەی جیمی کارتێر هێزێکی هاوبەشی سەربازیی دامەزراند و، دواتر بوو بە فەرمانگەی ناوەندیی ئەمریکا و، ئهوجا ئەمریکا هێزی ئاشتیپارێزی بۆ سینا و مارێنزی بۆ لوبنان و هێزی دەریاییی بۆ کەنداوی فارس نارد. هەروەها، جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١، بووە هۆی زیادبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە و، ئەمریکا بۆ پاراستنی سعوودیای عەرەبی لە دەستی سەددام، هێزی سەربازیی نارد، کە ئێستایش هەر لەوێ ماونەتەوە. لەم ڕۆژانەیشدا، ئەمریکا، یان هێزی سەربازیی جێگیرکراو، یان کەشتیگەلی سەربازیی ئامادە، یان ئۆپهراسیۆنی سەربازی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا وەك عێراق، سووریا، لیبیا، ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، بەحرێن، میسر، یەمەن، قەتەر و شوێنەکانی تردا هەیە.
لە سەرەتاوە ئەمریکا لە لایەن بریتانیاوە دەستی بەسەردا گیرابوو و بەڕێوە دەبرا، بەڵام لە دوای ئەوەوە ساڵانێکە ئەمریکا بە سەرکردەی ئاسایش و دیپلۆماتکاری لە جیهاندا ناسراوە. وەك یەکێك لە هەرە بەکاربەر و کڕیارەکانی نەوت، ئەمریکا لایەنی ژیانی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و، بۆ پاراستنی ئەم بەرژەوەندییەیشی، هەر کاتێك پێویستی کردبێت هێزی بەکار هێناوە. هەروەها، ئەمریکا بووەتە چەقی ئاسایش بۆ چارەسەری هەر گرفتێك و، بۆ ئەم مەبەستەیش ئەمریکا هێزی بەرگریی خۆی و هێزی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی وەك میسر و ئۆردن و ئیسڕائیل و تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو بەکار هێناوە.
ئەو دەڵەتانە گرنگی و پێشینەیییان بۆ ئەو پەیوەندییە دووقۆڵییەی نێوان خۆیان و ئەمریکا داناوە و، کەمتر لەگەڵ دەوڵەت و زلهێزەکانی تردا پەیوەندییان بەستووە؛ تەنانەت لە بواری ئابوورییشدا هەر گرنگییان بە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا داوە. هەروەها، لە ڕووی کاری دیپلۆماتییشەوە سەبارەت بە کێشە و گرفتە دەرەکییەکان بە بەراورد لەگەڵ گرووپی چوارلایەنە و ئەندامانی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (P5+1) و ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (Gulf Cooperation Council) و هاوڕێکان لە عێراق (Friends of Iraq) و دەوڵەت و زلهێزەکانی تریش، هەر ئەمریکا پێشەنگە. زلهێز و دەوڵاتانی بێگانە، زۆر بەوە ڕازین کە وەك دوا بژاردەیان ئەوە هەڵبژێرن، کە ئەمریکا ئاسایشی ناوچەکە بپارێزێت—کە ڕێگه ئاوییەکانی کردووەتەوە و سنووری دەوڵەتەکان دەپارێزێت و جەنگی تیرۆر لە ناوچەکەدا دەکات، لە سەروو هەموو ئەمانەیشەوە کار لەسەر پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین دەکات.
سەرچاوە: