ئاوڕدانەوەیەك لە نەتەوەی کورد

2017-03-27

ئاوڕدانەوەیەك لە نەتەوەی کورد

 

بێرنارد هێنری-لێڤی*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی  

لە ڕووی مێژوویی و زمانەوە، ئەندامی یەکێك لە کۆنترین نەتەوەکانم، کە نەتەوەی فه‌ڕه‌نسایە. لە ڕووی ڕۆحییەوە، ئەندامی یەکێك لە خەڵکە هەرە دێرینەکانم، کە جوولەکەن و، ئەوانیش وەك نەتەوەی کورد یەکێکن لە کۆنترین نەتەوەکانی ئەم هەسارەیە، بەڵام دامەزرێنەری دەوڵەتێکی نوێن، کە دەوڵەتی ئیسڕائیلە. ئەو ئەزموونەی، کوردەکانیش بە هەمان شێوە دەیانەوێت دووبارەی بکەنەوە.

وەکوو خەڵك، کوردەکان زۆر لە دێرزەمانەوە بوونیان هەیە. کوردەکان لە ژیانیاندا بە شتگەلێکی هەژمارنەکراو مەحکووم کراون و، ڕووبەڕووی جۆرەها چاره‌نووسی ناڕوون بوونەتەوە و هەزاران جار داگیر کراون و داگیر کراونەتەوە. بەڵام ئەو ئیمپراتۆرییەتانە شکستیان خوارد، زاڵمەکان لەناو چوون، ئەوانەی کە قەتڵوعامی کوردەکانیان دەکرد، بوونە خۆڵ و کەوتنە ناو زبڵدانی مێژووەوە. لەناکاو کوردەکان جەژنیان گێڕا؛ جەژنی مانەوە و خۆڕاگرییان لە بەرامبەر ئەوانەی کە دەیانویست کورد نەهێڵن و بەیەکجاری بیسڕنەوە.

لەم ڕووەدا کوردەکان لە بەردی بناغە و خاڵی دەستپێکی نوێی ژیانیان نزیك بوونەتەوە، کە ئەویش ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی خۆیانە لە شێوازی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا؛ دەوڵەتێك تێیدا هاونیشتمانیانی، بەئازادی و سەربەرزی بژین و ملەکەچی هیچ کەس نەبن.

چەندین سەدەیە کوردەکان ئازار دەچێژن، بەڵام شانازی بە خۆیانەوە دەکەن. مێژووی پڕ لە ناسۆر و شانازیكردن بە خۆیان، کوردەکانی قاڵب داوە و، هەر ئەوەیشە وای کردووە کە ببنە لە شارستانیترین نەتەوەکانی جیهان و لە دژی ئیسلامییە توندڕەو و تیرۆریستەکان بوەستنەوە و ببنە جێگەی متمانە و  پێشەنگ لە دژی تیرۆر.

پێم وانییه‌ تەنانەت یەك پێشمەرگەیش لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو جەنگەی کە بۆ ئێمە و له‌ جیاتی ئێمه‌ دەیکات، بیر لە خەونی باوباپیرانی بکاتەوە، کە سەربەخۆییی کوردستانە. ئه‌وه‌ی له‌وکاته‌دا بۆ ئه‌و گرنگه‌، ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆره‌. مووسڵ ئازاد دەکرێتەوە و، داعش وەدەر دەنرێت و شکست دەهێنێت؛ ئەو کاتەیش کە کاتی ڕیفراندۆمە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، وەك مافێکی سروشتیی هەموو کوردێك باسی لێوە دەکات، کاتی خۆی دەگات و، هەموو هاونیشتمانییەکی کورد، ویست و مەبەستی خۆی دەردەبڕێت و ئامانجی خۆی نیشان دەدات.

تەنانەت هاوپەیمانە هەرە نزیکەکانی کوردیش وای دەبینن، دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی مەترسییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە. بەڵام من پێم وایە پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوە و بۆچوونەی ئەوان دروستە: کوردەکان دەبنە چەقی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە ڕەگەزپەرستی و تاكلایەنی و تیرۆر نادەن.

کوردەکان بۆ ئەوەی متمانەی هەتاهەتاییی خۆیان بپارێزن، هەوڵیان داوە لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکاندا بگونجێن و بەرگری لە خۆیان بکەن—ڕێزیان لە سنوورەکان گرتووە، ڕیزیان لە سەروەریی یاسا گرتووە، لە هەموو ڕوویەکەوە ڕێزیان لە مافەکانی مرۆڤ گرتووە—ئەم جۆرە کردارانەیش نیشاندەر و پاڵپشتن بۆ سەقامگیری و ئارامی. ئەوە زاڵمەکانی وەك سەددام حوسێن و بەشار ئەسه‌د بوون لەگەڵ کوردەکاندا ڕاستگۆ نەبوون و گاڵتەیان بە کورد دەکرد، نەك کورد یاسای شکاندبێت و ڕێزی لە یاسا نەگرتبێت. لە شوێنەکانی تر، دەوڵەتەکان دەبنە هۆکاری سەرلێشێوان و نەهامەتی و ئاوارەیی و پەنابەری، بەڵام کوردەکان کوردستانیان کردووەتە جێگەیەکی ئارام بۆ ئەو پەنابەرانەی کە لە دەوروپشتییەوە هەڵدێن و ڕووی تێ دەکەن و پەنای بۆ دەبەن.

لە ڕاستیدا کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نموونەیەکی جوانی دیموکراسییان بەرجەستە کردووە، بەوەی کە لێبوورده‌ن و، چەند کەلتوورێکی جیا دەتوانن پێکەوە بژین و ڕێز لە سەروەریی یاسا بگرن. کێ دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جوگرافیایەکی سیاسیی وەك کوردستان بدۆزێتەوە، وەك کوردەکان ئامانجیان ئاشتی و پێکەوەژیان بێت، ئامادە بن لەگەڵ ئەوانەی کە پێشتر زوڵمیان لێ کردوون و ڕقیان لێیان بووە ئاشت و تەبا بن، ڕێز لەوانە بگرن کە جەنگی شارستانییەت دەکەن؟

من لە ناخەوە دەڵێم و بڕوام وایە لە شوێنێکی تەمومژاویی ئاوادا کە ڕەشەبای نەهامەتی هەڵی کردووەتە سەری و، خراپترین ئایدیۆلۆژی بە توندوتیژی هەڕەشەی لێ دەکات، لەدایكبوونی نەتەوەیەکی کوردی سەربەخۆ و دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، دەبێتە نەشەمەی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون. دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی، نیشانەی بەرەوپێشچوونێکە، کە یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتن و سەرنگوونکردنی جنۆکەکانی گەندەڵی و پاشاگەردانی و خوێنڕێژی لە ناوچەکەدا.

دەبێت کوردەکان چ جۆرە دەوڵەتێك بنیات بنێن و، چ دەوڵەتێك دروست بکەن؟ دەکرێت بڵێین دەوڵەتێکی بچووك، کە لە چەند ملیۆن کەسێك پێك بێت، بەڵام ئەم بچووکییەی، وا ناکات کە دەوڵەتێکی لاواز بێت. مێژوو نموونەیەکی زۆری ئەم جۆرە دەوڵەتانەمان نیشان دەدات؛ وەك میلان کۆندێرا دەڵێت "نەتەوه‌یەکی بچووكن"، بەڵام جەربەزە و بەهێزن، چونکە خەڵکەکەیان لە بەرامبەر دراوسێ بەهێزەکانیاندا یەكڕیزن و یەکگرتوویییان تێدایە. هەر کاتێك گەیشتە کاتی بەرگریکردن لە نەتەوە، شمشێر دەوری گاسنێك دەبینێت. ئەو جۆرە نەتەوانە مێژوو و ڕۆح پێکەوەی گرێ داون و، یەکگرتووییی لە نێوانیاندا دروست کردووە، نەك قەومییەت و هەستی خۆبەزلزانی و شانازیپێوەکردن و ناسنامە.

کوردەکان خەڵکێکی وەهان، کە خۆبەخشانە کار دەکەن و دەنجەنگن و، دەزانن لە پێناوی چیدا دەجەنگن؛ خەڵکێکن لە سادەترین تا گەورەترینیان، لە پێشمەرگەیەکی ئاسایی تا گەورەترین فەرماندەیان، بەبێ دوودڵی بۆ بەرنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم، چەك لە شان دەکەن. ئەوان تەنانەت ڕێگە بەوە نادەن بە ناوی کوردیشەوە زوڵم و ستەم بکرێت. ئەوان سەربازی ئازادی و ئازادیخوازن. سەربازگەلێك کە بەرگرییان لە مەسیحییەکان کردووە و، لە مەترسیی لەناوچوون پاراستوویانن× لە شوێنێك کە تاوەکوو ئێستایش بە زمانی مەسیح دەدوێن. سەربازگەلێکن کە بەرگری لە پرەنسیپ و یاساکانی یەکسانیی نێوان نێر و مێ دەکەن، تەنانەت لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردنیشدا یەکسانیی نێوان نێر و مێیان ڕاگرتووە و، ئەمەیش نەشه‌مەی شارستانییەتێکی گەورەیە.  

لەبەر ئەم هۆکارانە، پێم وایە هەبوونی دەوڵەتێکی کوردی لەو ناوچە تەمومژاوییەدا، کە بەردەوام کەوتووەتە بەر شەپۆلە بێڕەحمەکانی ئایدیۆلۆژی و توندوتیژییەوە، هێزێك دەبێت بۆ پاراستن و بەرقەراربوونی ئاشتی، نەك پشێوی و نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێم وایە کوردەکان دەتوانن دەوڵەتێکی بەهێز و پته‌و دروست بکەن؛ دەوڵەتێك کە دەتوانێت خێو و دێو و درنجه‌کانی توندوتیژی و پشێوی و زاڵمەکان و ئاژاوەگێڕەکان لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ بێنێت.

زیاد لەوەیش، دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ، دەتوانێت هەموو ئەوانەی کە ساڵانێکە لە دەست جەور و ستەم و سەرکوتکردنی زاڵمانی ناوچەکە هەڵهاتوون و ئاوارەی شوێنەکانی تری دونیا بوون، بگەڕێنێتەوە سەر زێد و نیشتمانی خۆیان. ئەم دەوڵەتە کوردییە دەبێتە هۆکاری یەکگرتنەوەی کوردەکان، جگە لە یەكخستنەوەی ئەو کوردانە کە دوژمنەکانیان دووبەرەکییان تێ خستوون، بەڵکوو ئەوانەیش یەك دەخاتەوە کە لەسەر واتای کوردبوون ناکۆکییان هەبووە.

وەك یەکێك لە گەورەترین نەتەوەکانی دونیا، کە لە لایەن کەسانێکی گەورەوە سەرکردایەتی دەکرێت، دەوڵەتێکی نەتەوەییی کوردی، دەبێتە نموونەی دەوڵەتێکی درەوشاوە؛ دەوڵەتێك کە دەبێتە ئەستێرەیەکی درەوشاوە بۆ ئەو کوڕ و کچە کوردە ونبوو و بێسەروشوێنانەی سەردەمی ستەم و زوڵم و زۆر و، بۆ ئەوانەیش کە ئاوارەی شوێنەکانی تری دونیا بوون. بەم جۆرە، کوردەکان نابێت لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەیان بترسێن و، نابێت چیتر دەنگیان بە کپکراوی بهێڵنەوە.

دەنگی کوردەکان دەتوانێت دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی هەبێت. یەکێك لەو هۆکارانەی وای کردووە زۆر جار سەردانی کوردستان بکەم، فرەزمانیی کوردەکانە؛ کە دەتوانن بە زۆر شێوەزار و زمانی تر بئاخڤن. زیاد لە زمانی کوردی، کە زمانی دایکیانە و لە ڕووی کەلتوورییەوە زۆر دەوڵەمەندە، ئەوان دەتوانن بە زمانەکانی تری دونیایش بئاخڤن، کە لە تاراوگە فێری بوون. وەك نەتەوەی فەڕەنسا، کە زمان و کەلتوورەکەی بە هۆی پەنابەر و زوڵم و خەڵکی زوڵملێکراوەوە کە ڕوویان تێ کردووە و زمان و کەلتووری فەڕەنسایان دەوڵەمەندتر کردووە، نەتەوەی کوردیش یەك بنچینە و ڕەگوڕیشەی هەیە، بەڵام نەتەوەیەکی فرەڕەنگە. بۆ نموونە هەبوونی ئێزیدی و مەسیحییەکانی کوردستان، ڕاستیی ئەم فرەجۆرییەی نەتەوەی کورد دەسەلمێنێت.

لەم ڕۆژانەدا کۆمەڵێك خەڵکی نابەرپرسی ڕۆژاوایی، فرەجۆرییان پێ باش نییە، بەڵام بیرۆکەی فرەجۆری و فرەڕەنگی، بیرۆکەیەکی زۆر جوانە. بۆ ماوەی دوو سەدەیە نەتەوەی کورد جەنگی ئازادیخوازی دەکەن و هەستی ئازایەتی، بەرگریکردن، قوربانیدان، گەورەیی، بەخشندەیی، توانای دەربڕین و نووسین لە ناخیدا چەسپاوە. سەرەڕای ئەو گیروگرفت و تەڵەیەی کە بۆ فرەڕەنگی و فرەجۆری دانراوە و هەندێك جاریش تێ کەوتووە، بەڵام بیرۆکەی فرەڕەنگی و فرەجۆری بەجوانی ماوەتەوە و، دەوڵەتانی ڕۆژاوایش نیشاندەری ئەم ڕاستییەن.    

یەکێك لە بەهرە و توانا و تایبەتمەندییەکانی کوردستان، هێشتنەوەی ئەم فرەڕەنگییەیە لە شوێنێك کە تروسکاییی تێدا نەماوە و تاریکی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. بۆ ماوەیەکی کورت، جەنگی کوردەکان لە دژی داعش بێنە پێش چاوی خۆت، ئەو جەنگەی کوردەکان نەك تەنیا بۆ خۆیان و بۆ پاراستنی خۆیان دەیکەن، بەڵکوو ئەوان لە جیاتی هەموو دونیا و بۆ پاراستنی هەموو دونیا ڕووبەڕووی تاریکی و مەترسیی داعش بوونەتەوە. کوردەکان لە کردەوەدا وەك ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی لەو جەنگەدا بەشدارن، بەڵام لە ڕووی ڕۆحییەتەوە خۆیان وەك نەتەوەیەکی ناوچەکە دەبینن.

لەبەر ئەوە من پێم وایە و، هیوایش دەخوازم کە وا بێت، کوردەکان هەرچی زووترە دەبنە خاوەن کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. بەڵام لە دوای ئەوە، کوردەکان بە دەوڵەتگەلێکی بەهێزی دراوسێیان دەورە دەدرێن، کە هەر لەمێژە دژایەتیی هەبوونی کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکەن. دەوڵەتی کوردیی سەربەخۆ، دەبێتە جێگەی ناڕەزایی و گلەییی نەتەوەکانی تری ناوچه‌که‌؛ ئەو نەتەوانەی کە وەك بەندیخانەیەك وان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام کوردەکان دەتوانن بە خۆڕاگری و بەهێزی بمێننەوە.

لە دوای سەربەخۆیی، کوردەکان ڕووبەڕووی گرفت و کێشە دەبنەوە؛ کێشە و گرفتێك کە تەنیا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەس نییە بۆ سەرکەوتنیان و دەربازبوونیان لەو کێشە و گرفتانە. لەبەر ئەوە، دەبێت کوردەکان هەمیشە و وەك پێشتریش وا بووە، ئەوە بزانن و ڕەچاوی ئەوە بکەن کە تەنیا و بێكه‌سن. جارێکیان "چارلز دێ گاوڵ" گوتی: "کوردەکان هیچ هاوڕێیەکیان نییە و، هەر زووش ئەوەیان لا ئاشکرا دەبێت، کە ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە هاوڕێیان دەزانن، چیتر هاوڕێیان نابن و دەست لە هاوڕێیەتیی کوردەکان هەڵدەگرن." بەڵام لەوانەیشە وا نەبێت و هەست بە بەرپرسیارێتیی هاوڕێیەتی و دادپەروەری و ئارامی و سەقامگیری بکەن و، لەگەڵ کوردەکاندا بمێننەوە.

کوردەکان ئامادەییی ئەوەیان تێدایە و، ملیۆنان ژن و پیاوی کورد لە تاراوگەن؛ لە فەڕه‌نسا و لە دەوڵەتەکانی تری دونیادان. ئەوان بڕوایان بە دروستکردنی دەوڵەتەکەیان هەیە و، خۆشبەختانە هیچ دەوڵەتێکیش نابێتە ڕێگر لە بەردەم خواست و داواکەیاندا. ئەو ڕۆحییەتی هاوڕێیەتییەی، کوردەکانی تاراوگە لەگەڵ تاکی کۆمەڵگە و نەتەوەکانی تری دونیادا دروستیان کردووە هاوڕێیەتییەکی باشە و، ئەم جۆری هاوڕێیەتی قەت شکست ناهێنێت و سەرکەوتوو دەبێت.  

 

تێبینی:

* بێرنارد هێنری-لێڤی، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی فەیلەسووفە نوێیەکان و کۆمەڵێك کتێبی نووسیوە. وەك: Left at Dark Times: A Stand Against BarbarismAmerican Vertigo: Traveling America in the Footsteps of TocquevilleThe Genius of Judaism.”

سەرچاوە:

https://www.project-syndicate.org

  

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples