2017-04-04

تورکیای 2017

"ڕەوت و سیناریۆکان"

نووسینی: وەلی گوڵ محەمەدی

وەرگێڕانی: جەلیل عەباس نادر

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦دا، سیاسەت و حکوومەت لە تورکیا کۆمەڵێک ڕەوتی ئاڵۆزیان لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەکیدا تاقی کردووەتەوە. کۆی گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠١٦، بەتایبەتی سێبەری شوومی تیرۆریزم و ناسەقامگیریی سیاسی لەو وڵاتەدا، لە جاران زیاتر سیمایەکی ئەمنییەتیی بە تورکیا بەخشیوە؛ واتە بارودۆخێکی تایبەت، کە بە تیرۆری باڵوێزی ڕووسیا و کردەوەی تیرۆریستیی یانە شەوانەکەی ئەستەمبوڵ له یەکەمین کاتژمێرەکانی ساڵی نوێی زایینی (٢٠١٧)دا، گه‌یشته‌ لووتکەی خۆی.

لەم نووسینەدا، دەمانەوێت پشت بە کۆمەڵێک بەڵگەنامە و شرۆڤەی بەشێک لە باوەڕپێکراوترین خانە هزرییەکانی ڕۆژاوا ببەستین، تا بزانین کام ڕەوت و شێوازانە بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧)دا شیاوی دەستنیشانکردنن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەم ڕاپۆرتە لە ڕوانگەی ئەم دامەزراوانەوە، پێداچوونەوە و شرۆڤەی ڕەوتەکان و سیناریۆکانی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧) دەکات.

پێشەکی:

سیاسەت و حکوومەت لە تورکیا لە ساڵی ڕابردوو (٢٠١٦) پڕوسەیەکی پڕ لە کێشە و پشێویی تاقی کردەوە. لە گۆڕەپانی ناوخۆییدا: لادانی "ئەحمەد داوودئۆغڵوو" لە پێکهاتەی دەسەڵات و هاتنەسەرکاری "بيناڵی یەڵدرم" بۆ پێکهێنانی حکوومەتی پاش هەڵبژاردنەکانی ١ی نۆڤەمبەر، ڕوودانی کۆدەتا سەرنەکەوتووەکەی ١٥ی جوولای، بەردەوامیی بارودۆخی نائاساییی پاش کۆدەتا و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی لایەنگرانی سەر بە جەماعەتی "گویلەن" لە دامودەزگه‌کانی حکوومەت، دادوەری و سوپای تورکیادا، دەستبەسەرکردنی بێوێنەی ڕۆژنامەنووسان، ڕوودانی ١٣ هێرشی تیرۆریستی و کوژرانی زیاتر لە ٢٧٠ هاووڵاتیی تورک و پەسەندکردنی ڕەشنووسی دەستوور بۆ گۆڕانکاری له سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتەدا، گرنگترین ڕووداوەکانی ناوخۆی تورکیا بوون.

لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەیشدا، چەند ڕووداوێکی وەکوو: ناردنی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازی بۆ نێو سووریا بە ناوی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی داعش و هێزە کوردییه‌كانی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD)، چوونەژوورەوەی سەربازی بۆ باکووری عێراق و دامەزراندن و پڕچەککردنی بنکەی باشیک، ئاڵۆزبوونی پێوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا بە هۆی قەیرانی پەنابەرانەوە، ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئیسڕائیل و پاشەکشەکردنی فه‌رمی لە سیاسەتی ڕووخاندنی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریا، لە چوارچێوەی هاوکاریی سێلایەنە لەگەڵ ڕووسیا و ئێراندا، وەک گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردووی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ئەژمار دەکرێن.

بەم پێشەکییە، {دەکرێت پرسیار بکرێت} چ ڕەوت و سیناریۆیەک بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧) شیاوی دەسنیشانکردنن؟ ئەم ڕاپۆرتە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەیه‌کە بۆ ڕووداو و سیناریۆکانی پێشبینیکراوی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧)، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو پێشبینییانەی لە لایەن سەنتەر و شرۆڤەکارانی جۆراوجۆر خراونەتە ڕوو.  

سیناریۆکان لە سیاسەتی ناوخۆیی:

"دامەزراوەی ستراتفۆر" له ڕاپۆرتێکدا بۆ داهاتووی بارودۆخی ناوخۆییی تورکیا دەنووسێت:

  • بە لەبەرچاوگرتنی لێدوان و ڕاگەیاندراوەکانی داعش، کردەوە تیرۆریستییەکان لە شارە گەورەکانی تورکیادا بەردەوام دەبن؛  
  • ڕووداوی گرنگی ئەمساڵ، ڕیفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستوور و سیستەمی سیاسیی تورکیا، لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی دەبێت؛
  • پێوەرە ئابوورییەکان ڕوو لە دابەزین دەکەن و قەبارەی قەرزی دەرەکیی تورکیا زیاد دەبێت؛
  • بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی لیرە تووشی ناسەقامگیری دەبێت؛ کە ئەم بابەتە سەرمایەگوزاریی دەرەکی کەم دەکاتەوە و نرخی گەشەی ئابووریی تورکیا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەم دەکاتەوە؛
  • پڕۆسەی وتووێژ لەگەڵ یەکیتیی ئەوروپا، وەکوو پێشتر سنووردار دەبێت، بەڵام تورکیا لە بەرامبەر وڵاتانی ئەوروپیدا کەڵک لە کارتی قەیرانی پەنابەران وەردەگرێت.

ڕاپۆرتی دامەزراوەی مۆدیز، کە بڵاوکردنەوەی ئاماری بازرگانی و پڕۆسەی داهاتووی ئابووریی تورکیا لە لایەن ئەو دامەزراوەیەوە، کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێنا، زستانێکی ساردی بۆ ئابووریی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧)دا پێشبینی کردووە.

  • قەبارەی قەرزی دەرەکی، دەگاتە ٤٢١ ملیار دۆلار؛
  • نرخی گەشەی "تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی" لە سەدا (٣،٣) بۆ سەدا (٣) دادەبەزێت؛
  • بە گۆڕانی سیستەمی سیاسیی تورکیا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، پێوەرەکانی حکوومەتی تۆتالیتاری لەم وڵاتەدا بەرز دەبنەوە و، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی سەرمایەدارانی بیانی، وا بیر بکەنەوە کە سەرمایەگوزاری لەو وڵاتەدا ڕیسک و مەترسییەکی گەورەیە.

بەپێی شیکردنەوەی ئەم دامەزراوانە، پیشبینی دەکرێت سیاسەتی ئابووریی ترامپ، ڕاکێشانی سەرمایەی داراییی ئابوورییە تازە بەدەرکەوتووانی وەکوو تورکیا بێت، کە سەرمایەگوزاری لەم وڵاتانەدا تووشی مەترسی بووەتەوە. لە ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە، بە هۆی وابەستەییی بازرگانیی تورکیا بە سەرمایەی داراییی دەرەکی، پێوەری ئابووریی تورکیا زۆر ڕوو لە دابەزین دەکات.

دامەزراوەی گرووپی ئۆراسیا (نیویۆرک)  لە ڕاپۆڕتێکدا بە ناونیشانی "دە ڕیسکی یەکەمی ٢٠١٧؛ وەستانی جیۆپۆلیتیک"، بڕوای وایە لەژێر کاریگەریی ئەم دە ڕیسکە جیهانییەدا، سیستەمی نێودەوڵەتی تووشی وەستانی جیۆپۆلیتیکی دەبێت، کە ڕیسکی هەشتەم دەربارەی گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانی تورکیایه‌ لە ساڵی (٢٠١٧)دا:

هەوڵی ئەردۆغان بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا، زۆربەی گوشارەکانی سەر سیاسەتی ناوخۆیی، ئابووری و پێوەندییەکانی دەرەوەی تورکیا توندتر دەکات.

پێشبینیی ئەم دامەزراوەیە، ئەوەیە کە ڕیفراندۆم بە قازانجی لایەنە ئیسلامگەراکان دەشکێتەوە و، دەبێتە هۆی گۆڕینی سیستەمی سیاسیی تورکیا و باڵادەستیی یاساییی ئەردۆغان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە.

نەبوونی دەزگه‌كانی چاودێری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی بێڕکابەری ئەردۆغان، دەبێتە هۆی لاوازیی کەرتی تایبەت لە بەرامبەر ویستی سیاسیی سەرکردەکانی تورکیادا و، مەترسیی بوونی تورکیا بۆ وڵاتێکی دەسەڵاتخواز، دەباتە سەر. هەروەها نزیکایەتیی ئیسلامگەراکان و ناسیۆنالیستەکان بۆ وەڕێخستنی ڕیفراندۆم، دەرەنجامێکی ڕووخێنەری لەسەر ئاییندەی مەسەلەی کورد و بەردەوامیی ناسەقامگیریی سیاسی لەو وڵاتەدا دەبێت.

ئەم ڕەوتە لە ساڵی (٢٠١٧)دا وردە وردە، لە لایەکەوە دەبێتە هۆی پتەوبوونی سیستەمێکی توتالیتێر لە ناوخۆدا و، بەرزبوونەوەی تێکهەڵچوونی قەومی لە سنوورەکانی باشووری تورکیا و، لە لایەکی دیکەیشەوە تورکیا لە پڕۆسەی بەئەوروپیبوون و بنەمای بەدامەزراوەییبوونی ڕۆژاوا دوور دەخاتەوە و، لە هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نزیک دەکاتەوە.

دامەزراوەی واشنتۆن سیناریۆکانی ئاییندەی تورکیای تاووتوێ کردوون و، باوەڕی وایە لە نێوان ئەم سیناریۆیانە، (فرەڕەنگیی سیاسی، ئیسلامگەراییی نالیبڕاڵ و سێکیولاریزمی نالیبڕاڵ)، دەوڵەتی تورکیا بەرەو دروستکردنی  دەوڵەتێکی ئیسلامگەرای نالیبڕاڵ هەنگاو دەنێت؛ بێ گومان، دیار نییە کە ئەم سیناریۆیە لە ڕێی پاڵپشتی و ڕەزامەندیی هاووڵاتیانەوە بەدی دێت، یان لە ڕێی چڕبوونەوەی دەسەڵاتی بێڕکابەری ئیسلامگەراکانی حزبی داد و گەشەپێدانەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە پێشبینی دەکرێت:

  • پێوەندیی تورکیا لەگەڵ دراوسێکانی، تووشی ئاڵۆزی و گرژی دەبێت؛
  • گەشەی ئابووریی تورکیا بەرامبەر ئابووریی جیهانی، ڕووبەڕووی تەنگژە و گوشار دەبێتەوە؛
  • مشتومڕی نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی تورکیا توندتر دەبێت و، پێکهاتەی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو وڵاتەدا دەبێتە دووجەمسەری، کە جەمسەرێکیان لایەنگرانی ئیسلامخوازیی ئەردۆغان و جەمسەرەکەی دیکەیشی نەیارەکانی دەبن، کە لە سێکیولارەکان، کاربەدەستانی سەربازی، کوردەکان، عەلەوییەکان و ڕۆشنبیران پیک دین؛
  • حزبە ئۆپۆزسیۆنه‌كان، بەتایبەت حزبی کوردیی دیموکراتی گەلان لاواز دەبن و، سڕینەوەیان لە پێکهاتەی فەرمیی دەسەڵات دوور لە چاوەڕوانی نییە؛
  • بە هۆی نەبوونی بەدیلێکی ڕكابه‌ر، کە بتوانێت لە بەرامبەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئیسلامخوازەکانی حزبی داد و گەشەپێداندا بەرەنگاری بکات، قەیرانی نەتەوەیی لە تورکیا زۆرتر بەردەوام دەبێت.

ئەو شیکردنەوانەی لە لایەن شرۆڤەکاران و شارەزایانی تورکیشەوە خراونەتە ڕوو، بە هەمان شێوە ڕەوت و پڕۆسەیەکی ئەرێنی بۆ تورکیا لە ٢٠١٧ پێشبینی ناکەن:

مستەفا ئاکیول، ڕۆژنامەنووسی تورکی نیویۆرک‌تایمز، پێشبینی دەکات لە ساڵی (٢٠١٧)دا ڕۆژانێکی دژوار چاوەڕوانی لیبڕاڵ و سێکیولارەکان دەکات. بێ گومان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بە دەستوورێکی نوێ، سیستەمی سەرۆککۆماری دەکاتە فەرمی؛  کە لە دەرەنجامی ئەمەدا، دۆخێکی دووجەمسەری بەسەر کۆمەڵگه‌دا دەسەپێت و، ئەگەر بارودۆخی نائاساییی پاش کۆدەتا هەروا بەردەوام بێت، دەسەڵاتێکی بێچاودێری لە تورکیادا دەچەسپێت. لەم نێوانەیشدا، ئەگەر جه‌نگ لەگەڵ هێزەکانی "په‌كه‌كه‌" بەردەوام بێت، پێگەی سیاسیی لایەنە ناسیۆنالیستەکان، بەتایبەتی "مه‌هه‌په‌" بەرز دەبێتەوە و، گرتن، کۆنتڕۆڵکردن و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەیامنێران بەردەوام دەبێت.

عەلی بایرام ئۆغڵوو،  نووسەری یەنی‌شەفەق، ساڵی (٢٠١٧) بە خاڵی وەرچەرخان لەو سیستەمە سیاسییە نوێیەدا دەزانێت، کە خەریکە لە تورکیادا سەر هەڵدەدات. سیستەمێک کە تێیدا ئەردۆغان باڵادەستیی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی دادوەری، جێبەجێکردن و یاساداناندا دەبێت.

مەحموود بوز ئەرسەلان،  شرۆڤەکارە کوردەکەی ئەلمانیتۆر و کەناڵی ئەلجەزیرە، ساڵێکی دژوار و زەحمەت بۆ کوردەکانی تورکیا، بەتایبەت لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە پێشبینی دەکات و، بڕوای وایە گرنگترین بەرنامەی کاری سیاسیی ساڵی (٢٠١٧) دۆزی کورد دەبێت؛ لەبەر ئەوەی حزبی دەسەڵاتدار هەوڵ بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات دەدات و پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئەم دۆزە نییە و، تاکە کردەوەیان فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هێزە کوردەکان دەبێت. ئەم ڕەوتەیش دەبێتە هۆی بەردەوامیی کردەوە و چالاکییە تیرۆریستییەکانی گرووپە کوردەکان لە شارەکانی تورکیادا.

سێناریۆکانی سیاسەتی دەرەوە:  

تاشتکین، شرۆڤەکاری کاریگەر و میانڕەوی تورک پێی وایە:

  • نادەستەبەربوون لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا بەردەوام دەبێت و، گۆڕانکارییەکانی سووریا و عێراق، ئانکارا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی دژوار دەکەنەوە؛
  • ئەگەر دیمەشق بە پشتیوانیی ڕووسیا بەرەو "ئیدلب" پێشڕەوی بکات، گرژییە سەربازییەکان لە سنوورەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا زیاد دەبن؛
  • پێکدادانی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی تورکیا و هێزە کوردییەکان (پەیەدە) نزیکە و، بە چوونەژوورەوەی تورکیا بۆ "مه‌نبج" دەست پێ دەکات.

بە شێوەیەکی گشتی، تورکەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە دۆزی سووریا و عێراق گرنگترین بەرنامەی کاری سیاسەتی دەرەوەی تورکیان بۆ ساڵی (٢٠١٧). هاوکات هەوڵدان بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکای سەردەمی ترامپدا و، بەردەوامیی پێوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا و، پاراستنی هاوسەنگی لە بەرامبەر پێگەی بەهێزی جیۆپۆلیتیکیی ئێراندا، هەڵسوکەوت و ڕەفتاری دەرەوەی ئانکارا پێک دێنن.

دامەزراوەی ستراتفۆر له ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، گرنگیی بە ململانێ ستراتیژییەکانی نێوان تورکیا و ئێران لە ناوەندەکانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە. بەپێی پێشبینییەکانی ئەم دامەزراوەیە:

  • ململانێی ئەو دوو وڵاتە لە گۆڕەپانی باکووری سووریا و باکووری عێراقدا توندتر دەبێت؛
  • تورکیا بۆ ڕێگری لە دروستبوونی قەڵەمڕەوێکی  یەکدەستی کورد لە باکووری سووریا و عێراقدا، هەوڵ بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی ژێر ڕکێفی خۆی دەدات؛ لە بەرامبەردا ئێران پارێزگاری لە قەڵەمڕەوی ئیستای ژێر کاریگەریی خۆی دەکات؛
  • شان بە شانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ کردنەدەرەوەی داعش لە عێراق و سووریا و ئازادکردنی خاکی ژێر دەسەڵاتی داعش، تورکیا بۆ ئەوپەڕی ئامادەبوونی سەربازی – سیاسیی خۆی لەم دوو وڵاتەدا کەڵک لە سەرچاوە و کاریگەریی لۆکاڵی خۆی وەردەگرێت و، ئەم مەسەلەیه‌ کەشی پڕ لە ململانێی نێوان تورکیا و ڕکابەرە ناوچەیییەکانی، بەتایبەتی ئێران، توندتر دەکات.

دامەزراوەی ستراتفۆر پێشبینی دەکات لەبەر ئامادەبوونی مەیدانیی ڕووسیا لە سووریادا، جموجووڵی سەربازیی تورکیا لە گۆڕانکارییەکانی سووریادا سنووردار بێت. تا ڕاددەیەکی زۆر ئامادەبوونی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا، ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بۆ بەشەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەلباب دەکات؛ بەڵام تورکیا بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد و کەمکردنەوەی هەڕەشەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی دژی داعشدا، بەتایبەتی لە "ڕەققە"، ڕۆڵێکی بەرچاو و دیاری دەبێت و، لەم حاڵەتەیشدا لە لایەکەوە ڕێگری لە فراوانبوونی خاکی بندەستی کوردەکانی سووریا دەکات و، له لایەکی دیکەیشەوە هەڕەشەکانی سەر سنوور و کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوخۆی تورکیادا کەم دەکاتەوە.

بەپێی پێشبینیی ئەم دامەزراوەیە:

  • تورکیا لە "عێراق"یش ڕوانگەیەکی تایبەتی دەبێت بۆ سنوورە کۆنەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، وەکو شنگال، مووسڵ، هەولێر و کەرکووک؛ هۆکارە سەرەکییەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئەو بۆشاییی هێزەی پاش دەرچوونی داعش لە عێراقدا بەدی دێت. ئەم مەسەلەیە بە شێوەیەکی خۆزایی، ململانێی نێوان ئێران و تورکیا توندتر دەکات؛
  • سعوودیا و وڵاتانی کەنداو بۆ بەهێزکردنی پێگەی گرووپ و لایەنە سوننەکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتی عێراقدا، بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لەگەڵ تورکیا کار دەکەن.

دامەزراوەی توێژینەوەی بى. ئێم. ئای: ئەم دامەزراوەیەیش ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی ئەمنی و بەرگریی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧)دا ئامادە کردووە و، هەروەکوو ئامار و پێوەرە ئابوورییه‌كان، بارودۆخی ئەمنی لەم ساڵەدا بۆ تورکیا، بەردەوامیی کردەوە تیرۆریستییەکان و گرژی لە پێوەندییەکانی دەرەوە دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوەیە:

  • لە ساڵی (٢٠١٧)دا، تێچووی بەرگری و ئاسایشیی تورکیا دەگاتە 12,858 ملیار دۆلار، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٣,٥% زیاد دەکات؛
  • بارودۆخی نائاسایی، کە پاش کۆدەتاکە چەندین جار درێژ کراوەتەوە، لە ساڵی (٢٠١٧)یشدا بە هۆی ڕوودانی کردە تیرۆریستییەكانه‌وە بەردەوام دەبێت؛
  • گرنگترین ململانێی ئاسایشی (ئه‌منییه‌تی)ی تورکیا لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، چالاکیی هێزەکانی سەر بە داعش بۆ جێبەجێکردنی کردەوەی تیرۆریستی دەبێت و، ڕەفتاری دەرەکیی تورکیا لە سووریایشدا بەرامبەر کوردەکانی باکووری سووریا، کاریگەریی لەسەر ناسەقامگیرتربوونی سیاسی لە تورکیا دەبێت، ئەمەیش بارودۆخی ناوخۆ زۆرتر ئەمنی دەکات؛
  • لە بەر توندتربوونی بۆشایییە ئەمنییەکان لە ناوخۆی تورکیادا، ڕای گشتیی ناوچەکە شایەتی نەرمینواندنی زیاتری هەڵوێستەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان سەبارەت بە بەشار ئەسەد دەبێت؛
  • پەرەپێدانی پێوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ، تیلئەبیب، دیمەشق و بەغدا ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧)دایە. کە ئەم بابەتە پێوەندییەکی زۆری بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتەوە هەیە؛
  • گرنگترین دەرەنجامی ڕەوتێکی ئەمنیی وه‌ها لە تورکیادا، دانانی کاریگەرییەکی نەرێنییە لەسەر کەرتی گەشتیاریی تورکەکان، کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی (٢٠١٧)دا بۆ ژمارەیەکی کەمتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ساڵێکدا دابەزێت.

کۆبەندی و هەڵسەنگاندن:

تاووتوێکردنی پێشبینییە ئەنجامدراوەکان سەبارەت بە بارودۆخی تورکیا لە لایەن ناوەندە هزری و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان، نیشان دەدەن کە ئەم وڵاتە لە ساڵی (٢٠١٧)دا ڕووبەڕووی ململانێی گرنگ و، لە هەمان کاتدا گۆڕانکاریی چارەنووسساز دەبێتەوە، کە بەشێک لە گرنگترینیان لە چوارچێوەی خشتەی بەرەوەدا شیاوی دەربڕینە. بە سەرنجدان لەو ئەو پێشبینییانەی باس کران، دەکرێ بڵێین جێبەجێبوون و پراکتیزەبوونی سیاسەتی ناوخۆیی، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕەفتاری سیاسەتی دەرەوەی تورکیاوە هەیە و، بەپێچەوانەیشەوە.

بە واتایەکی دیکە، ڕووداوەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا زۆریان کاریگەرییان لەسەر ڕەوتەکانی سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە هەیە. بە شێوەیەکی گشتی، لە ساڵی (٢٠١٧)دا هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان، گۆڕینی سیستەمی سیاسیی وڵات بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و کەمکردنەوەی هەڕەشەکان بە هۆی پێشڕەویی هێزە کوردییەکان لە باکووری سووریا، بۆ نزمترین ئاستی خۆی، وەکوو سیاسەتی لەپێشینەی تورکیا دەبن. بەگشتی، ڕەوت و سیناریۆکانی ئاییندە لە ئاسمانی سیاسەتی ناوخۆ و گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا، لە چوارچێوەی بڕگەکانی خوارەوە شیاوی کۆکردنەوەن:

  • ئەگەری زۆرە گرنگترین ڕووداوی ساڵی (٢٠١٧) لە گۆڕەپانی ناوخۆییی تورکیادا، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستوور و پەسەندکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە بێت. حزبی داد و گەشەپێدان لە پێناوی هێنانەدیی ئەم سیناریۆیەدا، بە زەقکردنەوەی هەڕەشەکانی دۆزی کورد، حزبی ناسیۆنالیستیی مه‌هه‌په‌ی لەگەڵ خۆی هاوئاهەنگ کردووە. بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، حزبی دەسەڵاتدار، کە ٣١٦ کورسیی پەرلەمانی هەیە، پێویستیی بە ٣٣٠ کورسی هەیە؛ کەواتە ئەوەی کە دەمێنێتەوە، لە ڕێی کورسییەکانی مه‌هه‌په‌وە دابین دەکرێت. تەنانەت لە کاتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ٣٦٧ نوێنەر، بەبێ ئەوەی پێویست بە ڕیفراندۆم بێت، دەستوور شیاوی گۆڕانە.
  • بە سەرنجدان لە قەبارەی زۆرى دەستگیرکردنى نوێنەرانى حزبى دیموکراتى گەلان، بەتایبەتی سەرکردەکانى ئەو حزبە (دەمیرتاش و فیگەن یۆکسکداغ) و، پڕۆپاگەندەى ڕاگەیاندن لە لایەن حزبى دەسەڵاتدارەوە بۆ هاندانى هەستى نەتەوایەتى لە دژى گرووپە کوردەکان، پێشبینى دەکرێت کوردەکان لە پێکهاتەى فەرمیى دەسەڵاتی تورکیا بچنە دەرەوە، یان کاریگەرییان بگاتە کەمترین ئاست. ئەم پڕۆسەیە بارگرژیى ناوخۆییى نێوان هێزە کوردەکان و حزبى دەسەڵاتدار زیاتر دەکات و، دەبێ چاوەڕوانى کارى تێکدەرانەى زیاتر لە لایەن په‌كه‌كه‌ و هەڵۆکانی ئازادیى کوردستانەوە دژى سوپا و پۆلیسى تورکیا بین.
  • لە ئەگەرى هاتنەدیی سیناریۆى گۆڕینى دەستووردا، دەسەڵات و هێزى ئیسلامخوازەکان لە دامەزراوەكانی حکوومی، دادوەرى و سوپادا زیاتر دەبێت و، حزبى دەسەڵاتدار، بە سەرۆکایەتیى ئەردۆغان، بەرەو دەسەڵاتخوازیى زۆرتر دەچێت. ئەم مەسەلەیە لە لایەک پێوەڕەکانى دیموکراسى، مافى مرۆڤ و ئازادیى مەدەنى لە تورکیادا سنووردار دەکات و، لە لایەکى دیکەیشەوە کەشێکى دووجەمسەرى لە نێوان هێزە ئیسلامخوازەکان و کەمالیستەکان (سێکیولارەکان)دا دروست دەکات. یەکێک لە دەرەنجامەکانى ئەم ڕەوتە، دەرچوونی نوخبەی زانستى و پیشەسازییە لە تورکیا، کە لە شەش مانگى دووەمى ساڵى (٢٠١٦)دا دەستى پێ کردووە.
  • لە ڕووى ئابوورییەوە، هاتنەژوورەوەى دراوی بیانی بۆ تورکیا لەبەر ناسەقامگیریى بارودۆخى سیاسى و نەمانى ویستى سەرمایەگوزارى، کەم دەبێتەوە؛ کە دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى پاشەکەوتى بانکى ناوەندیی ئەو وڵاتە. دابەزینى بەهای لیرە، نرخى هەڵاوسان لە تورکیا دەباتە سەر. پێشبینى دەکرێت لە ساڵى (٢٠١٧)دا هەڵاوسان بۆ له سەدا (٩،٦%) بەرز ببێتەوە و داهاتەکانى کەرتى گەشتیارى، ڕوو لە دابەزین بکەن.
  • لە گۆڕەپانى سیاسەتى دەرەوەدا، ڕەفتارى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا لەگەڵ دراوسێکانى لە باشوور، واتە (سووریا و عێراق) پێوەندیى ڕاستەوخۆى بە دۆزی کورد لە کانتۆنەکانى باکوورى سووریا و چالاکییەکانى په‌كه‌كه‌ لە باکوورى عێراقدا هەیە. بە سەرنجدان لە ڕێککەوتنى نێوان تورکیا و ڕووسیا، ئەگەرى زۆرە ئۆپەراسیۆنى قەڵغانى فۆرات بەرەو مەنبج پێشڕەوى بکات.
  • بە سەفەرى "بیناڵى یەڵدرم" بۆ بەغدا لە (٨ی جانیوەریى ٢٠١٧)دا داڕشتنەوەى پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بەشێک لە ئەولەوییەتەکانى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا دەبێت؛ بەڵام لە ئەگەرى دەرچوونى داعش لە مووسڵ و ڕەققە لە ساڵى (٢٠١٧)دا، ڕکابەریى ستراتیژیى نێوان ئێران و تورکیا بە هۆی دروستبوونى بۆشاییى هێز لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعشدا بەرز دەبێتەوە. لەژێر کاریگەریى نیگەرانیى ئەمنى لە کوردەکانى باکوورى سووریا و بەردەوامیى تیرۆریزم لە ناوخۆى تورکیادا، هەروەها لە پێناوی نیشاندانى نییەتپاکى بۆ هاوکارى لەگەڵ ڕووسیا، تورکیا لە لایەک هەڵوێستى توندى سیاسی سەبارەت بە دەوڵەتى بەشار ئەسەد کەم دەکاتەوە و، لە لایەکى دیکەشەوە پێوەندیى لۆجێستیکى و پاڵپشتیى خۆى لە هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆن کەم دەکاتەوە.
  • پێوەندى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و زیندووکردنەوەى پێوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پێوەندیی بە چۆنییەتیى بەرنامەکانى دەوڵەتى ترامپەوە دەبێت، بەڵام لێدوانەکانى مایکڵ فلین، گەورەڕاوێژکارى ترامپ، دەربارەی پشتگیرى لە گرنگترین هاوپەیمانى ستراتیژیى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵگەیە بۆ هەوڵى داڕشتنەوەى پێوەندییە ستراتیژییەکانى نێوان ئانکارا و واشنتۆن. ئەم سیناریۆیە لە ئەگەرى گەڕاندنەوەى "فەتحوڵڵا  گویلەن" لە لایەن "ترامپ"ەوە، نزیکە لە ڕوودان.
  • وا دیارە پێوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیى ئەوروپا بە هۆى بەردەوامیى قەیرانى پەنابەران و، ڕەخنەکانى مافى مرۆڤ لە زۆریى قەبارەى دەستگیرکراوەکان لە تورکیا، ڕەوتێکى ئەرێنى نەبێت؛ بەتایبەتی لە ئەگەرى گەڕاندنەوەى بڕیارى لەسێدارەدان لە ڕیفراندۆمی داهاتوودا، پڕۆسەى دوورکەوتنەوە لە یەکێتیى ئەوروپا توندتر دەبێت. لەژێر کاریگەریى ئەم ڕەوتە و نزیکایەتیی ڕەفتارى تورکیا لە هەڵوێستەکانى ڕووسیا، پێوەندییە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ "ناتۆ"یش گۆڕانکارییەکى ئەرێنیی تێدا نابێت.
  • دەربارەى داهاتووى پێوەندییەکانى تورکیا و ئێرانیش لە ساڵى (٢٠١٧)دا، دەبێت بگوترێت بە هۆى چەند فاکتەرێکی وەکوو: جیاوازى و نەبوونى خاڵى هاوبەش لەمەڕ ئاییندەى سیستەمى سیاسیى سووریاوە، بیرکردنەوەى تێکەڵاو بە هەڕەشە دەربارەی دۆزی کورد لە لایەن سەرکردەکانى تورکیاوە سەبارەت بە ئێران، هەستیاریى ئێران بە ئامادەبوونى سەربازیى تورکیا لە سەنتەرى قەیرانەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، هەستیاریی پێوەندییەکانى تورکیا و وڵاتانى ئەندامی ئەنجومەنى هاوکاریى کەنداو، بەتایبەتی پێوەندییە ستراتیژییەکانیان لە سووریا و عێراقدا، ئاسۆ و داهاتوویەکى زۆر ئەرێنى نابێت و، لە ڕاستیدا ڕەوتەکانى داهاتوو، هەر بەردەوامیى پێوەندییە ململانێئامێزەکانى ساڵانى ڕابردوو دەبێت.

هاتنەدیی زۆربەى ئەم ڕەوتانە، پێوەندییەکى زۆریان بە بوونى ئەردۆغان لە گۆڕەپانى سیاسیى تورکیادا هەیە و، نەبوونى ئەو، بە هەر هۆکارێک، دەتوانێت مانەوە و ڕەواییى ڕەوت و سیناریۆکانى باسکراو (لەم ڕاپۆرتەدا)  پێچەوانە بکاتەوە. حزبى داد و گەشەپێدان، چارەنووسى تورکیای بە چارەنووسى ئەردۆغانەوە گرێ داوە؛ کەواتە سیناریۆى تورکیاى بێ ئەردۆغان، تەنانەت دەتوانێت بوار بۆ جەنگ و گرژیى ناوخۆییش خۆش بکات.

دامەزراوە

گرنگترین ڕووداو و ڕەوتە پێشبینیکراوەکان سەبارەت بە تورکیاى     ( ٢٠١٧ )  

ستراتفۆر

  • بەردەوامیى کردەوە تیرۆریستییەکان لە شارە گەورەکاندا
  • دابەزینى پێوەرە ئابوورییەکان و کەمبوونەوەى گەشەى ئابوورى
  • کێبرکێى ستراتیژیى تورکیا و ئێران لە قەیرانەکانى ناوچەکەدا
  • سنوورداربوونى چالاکى و جموجووڵى سەربازیى تورکیا لە سووریا

مۆدیز

  • بەرزبوونەوەى قەرزى دەرەکى و دابەزینى پێوەرە ئابوورییەکانى تورکیا

گرووپى ئۆراسیا

  • گۆڕانى سیستەمى سیاسیی تورکیا لە دەرەنجامى ڕیفراندۆمدا
  • زۆربوونى دەسەڵات و تواناى یاساییى ئەردۆغان
  • توندبوونەوەى تێکهەڵچوونى نەتەوەیی لە سنوورەکانى باشوورى تورکیادا

دامەزراوەى واشنتۆن

  • چوونى تورکیا بەرەو دروستکردنى دەوڵەتى  ئیسلامخوازی نالیبڕاڵ
  • زۆربوونى گرژى و قەیرانى ناوخۆیى و فراوانبوونى ئاڵۆزى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ

دامەزراوەى بى . ئێم . ئای

  • بەردەوامیى کردەوەى تیرۆرستى و زۆربوونى تێچووى بەرگرى و ئاسایشیی تورکیا
  • نەرمینواندنى زۆرترى ئەردۆغان سەبارەت بە بەشار ئەسەد
  • کەمبوونەوەى داهاتى گەشتیاریى تورکیا

شرۆڤەکارانى تورک

  • پێکهێنانى سیستەمى سەرۆکایەتى و زاڵبوونى ئەردۆغان بەسەر وڵاتدا
  • توندبوونەوەى تێکهەڵچوونى کوردەکان لەگەڵ دەوڵەت و زۆربوونى گوشار و توندوتیژیی ناوخۆیى
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples